بهڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئاگادارییهكى لهبارهى هاتنى شهپۆلێكى بارانبارین بڵاو كردهوه. ئەمڕۆ یهكشهممه 25/4/2021، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئاگادارییهكى له پهیجى فهرمیی خۆى، له تۆڕى كۆمهڵایهتیی (فهیسبووك) بڵاو كردهوه، تێیدا هاتووه: "سبەى دووشەممە ئاسمانى هەرێمى كوردستان بە گشتى نیمچەهەور و هەورى تەواو دەبێت، پێشبینیى بارانبارین لە هەندێ کات بۆ سەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەرزەکانى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى كوردستان لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ ههیه، سەرەتا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک دهبێت، پاشان بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دهبێت، لەگەڵ زیادبوونى خێرایى با ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ بۆ زۆربەى ناوچەکان دهبێت، کە دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى مەوداى بینینى ئاسۆیى و ستوونى، خێرایی باى پێشبینیکراو لە نێوان 20 تا 35 كیلۆمهتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، هەندێ ناوچە بۆ سەرووى 35 كیلۆمهتر لە کاتژمێرێکدا دهبێت". ئهوهش خراوهته ڕوو، ڕۆژى سێشەممه کاریگەریى ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەى کەشى ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت، پێشبینیى بارانبارین له ههندێك كاتدا لە سەنتەرى پارێزگاكانى هەولێر، سلێمانى، دهۆک و هەڵەبجە بەشێوەى نمەباران هەیە، ههروهها بارانبارین له ناوچە شاخاوییەکاندا زیاتر دهبێت، ههورهتریشقهش له كاتى بارانباریندا دروست دهبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/4/25 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ مستەفا کازمی ، پرسە و هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوی دڵتەزێنی نەخۆشخانەی ( ابن الخطيب) ی بەغدا دەربڕی و ئامادەیی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاریی و یارمەتییەک ڕاگەیاند و هیوای خواست، کارەساتی وا دووبارە نەبێتەوە. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوخەمی و پەرۆشی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی .
پۆلیسی دهۆک لەبارەی رووداوەکەی دوێنێ شەوی کۆمەڵگەی چڕە-ی سەر بە قەزای شێخان ڕایگەیاند، چەند کەسێک دەستگیرکراون و ئافرەتێکی 30 ساڵانی تێدا کوژراوە. هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی نیسانی 2021، لە بارەی رووداوەکە لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێ" لەو شەڕە تەقەی دوێنێ شەو لە نێوان ژمارەیەک جووتیار و خاوەن موڵک لە کۆمەڵگەی چڕە روویدا، ئافرەتێکی 30 ساڵی کە بەسەردان گەڕابووەوە بۆ ماڵی باوکی، گیانی لەدەستداوە". هەروەها دەڵێ" پۆلیس گەیشتۆتە شوێنێ رووداوەکە و ژمارەیەک تۆمەتباری لە هەردوو لایەن دەستگیرکردووە و شەڕەکە کۆنتڕۆڵ کراوە".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی عێراق کرد بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ( ابن الخطيب)ی بەغدا و ڕایگەیاند " حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست ڕادەگەیەنێت ، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و پێشوازیکردن لە بریندارانی ڕووداوەکە و هەر یارمەتییەکی دیکە کە پێویست بێت". دەقی ڕاگەیەنراوەکە بە داخێکی زۆرەوە ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ( ابن الخطيب)ی بەغدا -م بیست کە بووە هۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی دەیان کەس. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و بیانخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست ڕادەگەیەنێت ، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و پێشوازیکردن لە بریندارانی ڕووداوەکە و هەر یارمەتییەکی دیکە کە پێویست بێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت هەرێمی کوردستان 2021/4/25
بەهۆی تەقینەوە بوتڵی ئۆکسجین ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب لە بەغدا کەوتەوە و بەهۆیەوە 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکێک لە گەنجە ژیر و گوێڕایەڵەکانی مەنتکاوە، دوای ئەوەی لەگەڵ باوکی دەبێتە دەمەقاڵێیان، لەلایەن باوکیەوە بە فیشەک دەکوژێت.ڕووداوەکە لەسەر خانوو و میرات بوە، ناچمە ناو وردەکاری ئەوە بەڵام کەمێک باسی سۆرانتان بۆ دەکەم.سۆران چوار ساڵ پێش ئێستا برایەکی بەناوی سیروان بەنەخۆشی دەمرێت،ساڵی ڕابردووش هەرمانی برای بەنەخۆشی دەمرێت، مانگێک دواتر زەینەبی دایکیشی بەنەخۆشی دەمرێت. دواتر سۆران و گۆران و سامانی برای دەمێننەوە. ماوەیەک پێش ئێستا سامانی برا گەورەی توشی نەخۆشی گورچیلە دەبێت و دکتۆر گورچیلەکانی فڕێ دەدا، بەناچاری سۆران گورچیلەیەکی خۆی دەداتە سامان، بۆئەوەی کۆتایی بەژیانی براکەی نەیەت. کەچی ئەمڕۆ خۆی و بەدەستی باوکی کۆتایی هات. ئێستا لە خێزانێکی حەوت کەسی، سۆران و هەرمان و سیروان و زەینەبی دایکیان مردوون. گۆران و سامان و محەمەدی باوکیان لەژیاندان، باوکیشیان دوای کوشتنی سۆران دچێتە زیندان. دوو براکەی بەتەنیا دەمێننەوە. زانیارییەکانم لە زاری کەسوکارەکەیان گێڕاوەتەوە.ئەیوب وەرتی - هەولێر
بەهۆی تەقینەوە بوتڵی ئۆکسجین ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب لە بەغدا کەوتەوە و بەهۆیەوە 3 کەس گیانیان لەدەستداوە 13کەس تووشی هەناسە تەنگی بوون.
کتێبێک دەربارەی بیرەوەیی و گەشتنامە چاپکرا و نووسەری کتێبەکەش دەڵێت: “ کتێبەکە لە دوو بەش پێکهاتووە کە (ئەزموونی ژیان لە ئیستانبووڵ و گەشتی وڵاتان)ـە. نووری بێخاڵی، نووسەری کتێبی “بە هەردوو دیوی بۆسفۆردا” بە باڵکێشی ڕاگەیاند، ئەم کتێبە بریتییە لە گێڕانەوەی سەربووردەی ژیانی گەشت و گەڕان و مانەوە لە ژمارەیەک وڵاتی دونیادا، کە تیایدا تیشک دەخاتە سەر لایەنە کولتووری و مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو شوێنانە. وتیشی: ئەزموونی ساڵ و شتێک مانەوە لە تورکیا، بەشە هەرە گرنگەکەی کتێبەکەیە، کە بەهۆی تێکەڵبوون و بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی نووسەر لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا، جگە لە خستنەڕووی کونجە پەنهانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، غەریبزەدەیی کورد و بوونی بە ئاردی ناو دڕکی شارەکانی تورکیا و دوا نەوەی ئاخێوەری زمانی کوردی، ڕووداوگەلی سیاسیی گرنگیش کە لەو ماوەیەدا لەو وڵاتەدا ڕوویان داوە (ڕیفراندۆم بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ڕێپێوانی دادپەروەری، گرتنی پەرلەمانتارانی تورک) دیوێکی دیکەی گێڕانەوەکانن بە زمانێکی ئەدەبیی خەیاڵ ئامێزی نزیک لە (ڕۆمان). دواجار هەموو ئەو ڕووداوانە (تەنانەت بە دیاردە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانیش) بە سەرەداوێک بە ئێرەی نیشتمان گرێ دراونەتەوە کە لە بیرەوەریی نووسەردا زیندوو بوون. ئاماژەی بەوەشدا، کە خاڵێکی جیاکەرەوەی ئەم کتێبی یادەوەریی و گەشتنامەیە ئەوەیە، کە جگە لە زمان و فەزا ئەدەبییەکەی، لە گێڕانەوەدا سوود لە تەکنیکی فلاش باک وەرگیراوە، ئەویش بە تێکهەڵکێشکردنی ڕووداوەکانی ئەوێ و ئێرە، هاوکات قۆستنەوەی وردترین شت و ڕووداو بۆ کردنە بیانووی خودنووسینەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی وێستگەکانی تەمەن و ئەزموونی ژیانی نووسەر. کتێبەکە دەزگای (فام) ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە و دوای جەژنی ڕەمەزان دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە گەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر، ڕووداوێکی کوشتن ڕووی دا، کە کەسێک بەناوی (سۆران.م.ص) تەمەن ٣١ سال لەلایەن باوکیەوە کوژرا.پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە، دواتر زانیاریی وردتر لەوبارەیەوە دەخەینە ڕوو.
پۆلیسى تووندوتیژى دهۆك لهبارهی كوشتنى ئهو كچ و كوڕهی كه له ڤیدیۆیهك دهردهكهون روونكردنهوهیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگهیاند، كچ و كوڕەکە ههردووکیان له ژیاندا ماون و ئێستا کەس و کاریان له گفتوگۆدان كه كێشهكه چارهسهربكهن. دوای ئەوەی گرتەی ڤیدیۆیی گهنجێكى دانیشتووى قهزای سێمێل به ناوى (ی.ك) لهگهڵ كچێكى هاورێی له تۆڕه كۆمەڵایهتییهكان بڵاوبووەوە، كاردانهوهی بەدوای خۆیدا هێنا و وا بڵاوکرایەوە کە کچ و کوڕەکە کوژراون. ئارام محەممەد، موقەدهمى مافپهروهر به رووداوی راگهیاندووە، كچەکە ئێستا لاى ئەوانە و ژیانى پارێزراوە، كوڕهكهش خۆى شاردووەتەوە، "بەڵام 100% ئهویش سەلامەتە".ههروهها موقەدهم ئارام رایگهیاند، ههردوو خێزانەکە له گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی كێشهكه.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕەتەقەیەک لە نێوان دوو لایەن لە (دریم ستی) ڕووی دا، دەستبەجێ بەشی پۆلیسی ناوشار/رۆژئاوا ،بنکەی پۆلیسی بەختیاری سەربە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانییان سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیر بکەن.هەرسێ تۆمەتبارەکە لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەڕاگیراون.
بەشی پۆلیسی شارەوانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان و لیژنەی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، لە هەڵمەتێكی تردا دەستیان بەسەر چەندین نێرگەلەدا گرت، کە لە پارک و شوێنە گشتییەکان لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەکاردەهێنران. پۆلیسی هەولێر دەڵێ" مەبەست لەنەھێشتنی ئەم دیاردەیە پاراستنی ئەم شوێنانەیە لە شێواندن و لەناوچوون ، لەلایەکی تریشەوە ، ئەم دیاردەیە بووەتە ھۆی بێزارکردنی ئەو خێزانانەی بۆ کات بەسەربردن ڕوو لەم شوێنانە دەکەن".