بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری شارۆچکەی خورماتوو، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی حەشدی شەعبی و هێرشەکەیان تێکشکێنرا.
لەم بارەیەوە لیوای 63ی حەشدی شەعبی دەڵێت: "ژمارەیەک لە تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی سەربازیمانیان داوە لە دەوروبەری چیای هەنجیرە لە سنووری خورماتوو. هێزەکانمان دەستبەجێ رووبەڕوویان بوونەتەوە و دوای شەڕ و پێکدادان، تیرۆریستان ناچار بە هەڵاتن کراون."
دانیشتووانی ناوچەکەش ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەتا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز و دواتر دەنگی تەقەیەکی زۆر لە سنووری چیای هەنجیرە بیستراوە، ئەوەش بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتیان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای هێرشەکە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە کەوتوونەتە ئامادەباشی و کێوماڵی سنوورەکەیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی چەکدارە هەڵاتووەکان.
هەر بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی هاوبەش لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بەرفراوانیان لە دەوروبەری چیاکانی مورسی عەلی و ناوچە شاخاوییە سەختەکانی سنوورەکە دەستپێکرد، بە ئامانجی راوەدوونان و لەناوبردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.