ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، باندێکی دزینی ئۆتۆمبێلیان ئاشکراکردووە و ئەندامەکانیان دەستگیرکردوون کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکیان “فریوداوە و کاری تاوانکاری”یان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، هاووڵاتییەکی بە بنەچە عەرەب بە ناوی “حەیدەر جەلال” ئاگاداریی کردوونەتەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری (تۆیۆتا هایلۆکس 2022) لەنێو سلێمانی دزراوە.
وەک ئاسایش دەڵێت، رەزامەندی دادوەریان وەرگرتووە و لە چەند کاژێرێکدا ئەندامانی ئەو باندە دەستگیرکراون.
تۆمەتبارەکان سێ کەسن، بە ناوەکانی: (ع. ع. م)، (هـ. ح. ح)، (پ. ک. ح). ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکان بە بنەچە کوردن و تەمەنیان 30 بۆ 35 ساڵە.
بەگوێرەی ئاسایشی سلێمانی، کاری باندەکە “فریودانی” ئەو کەسانە بووە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلەوە دەکەن.
ئاسایش باس لە نموونەیەکی کاری “فریودانی” باندەکە دەکات و دەڵێت، فرۆشیارێکیان لە شاری کەربەلاوە هێناوەتە سلێمانی و لە کاتی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیدا لێیان دزیوە.
ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و تۆمەتباران رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە. ئاسایشی سلێمانی گوتی، دوای تەواوبونی رێکارە یاساییەکان ئۆتۆمبێلەکە بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێندرێتەوە.