وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی ناردن و دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵانی بۆ پارێزگاکان ئاشکرا کرد و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆکەوە دەست پێ دەکات.
پرۆسەی ناردنی نەوتی سپیی ماڵان لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات؛ بەپێی خشتەی نوێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، سەرەتا نەوتەکە بۆ پارێزگای دهۆک دەنێردرێت و ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە ئەگەری زۆرەوە سبەی یەکشەممە نەوت لە بەغداوە بۆ سنووری پارێزگای دهۆک دەنێردرێت؛ لە بەیانییەوە نەوتەکە لە تانکەرەکان بار دەکرێت و تاوەکو ئێوارە دەگاتە هەرێمی کوردستان، ئیدی ڕۆژی دواتر واتە دووشەممە لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
سەبارەت بە پشکی پارێزگای هەولێر، سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاشکرای کرد کە دووسبەی واتە ڕۆژی دووشەممە، نەوتەکە بۆ هەولێر بار دەکرێت و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕاستەوخۆ لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی ئەو پارێزگایەش دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
بڕیارە پشکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش هەر لەم یەک دوو ڕۆژەی داهاتوودا لەلایەن بەغداوە ڕەوانە بکرێت و هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنیان بکرێت.
سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان باسی لەوەشكرد؛ سلێمانی تاوەکو ئێستا نووسراویان بۆ وەزارەت بەرز نەکردووەتەوە بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان لە وەزارەت و ئاراستەکردنی نووسراوەکانیان بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی ڕێکارە ئەمنییەکانی تانکەرەکانی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتەکە و کاروباری تانکەرەکان ڕێکبخرێن بۆ بارکردن.