لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەگەری هەیە لە قۆناغەکانی داهاتووشدا بڕێکی دیکە بنێردرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: نوێنەری ئەو کۆمپانیایەی نەوتە سپییەکە دەگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە بەغدایە بە مەبەستی تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە کارگێڕییەکانی گواستنەوە، کە پێشبینی دەکرێت دوو ڕۆژ بخایەنێت.
٠ ئەگەر ئەمڕۆ مامەڵەکان تەواو بکرێن، نووسراوە فەرمییەکان ئاراستەی بازگەکان دەکرێن تاوەکو هیچ ئاستەنگێک بۆ گواستنەوەکە دروست نەبێت، هەفتەی داهاتوو باردەکرێت و دەگاتە هەرێمی کوردستان.
٠ ئەگەر ڕۆژی شەممە نەوتەکە بار بکرێت، ئەوا ڕۆژی یەکشەممە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی دەکرێت، بەڵام ئەگەر ڕۆژی یەکشەممە بار بکرێت، شەوەکەی دەگاتە هەولێر و ڕۆژی دووشەممە پرۆسەی دابەشکردنەکە دەستپێدەکات.
لە قۆناغی یەکەمدا، بۆ هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوت دابین دەکرێت و سەرەتای دابەشکردنەکەش لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات؛ ئەو خێزانانەشی لەم قۆناغەدا بەریان ناکەوێت، لە قۆناغی دووەمدا نەوتیان پێدەدرێت.
پشکی پارێزگاکان لە بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتەکە بەم شێوەیە دابەش کراوە:
٠ هەولێر: 18 ملیۆن و 750 هەزار لیتر
٠ سلێمانی: 19 ملیۆن و 314 هەزار لیتر
٠ دهۆک: 10 ملیۆن و 792 هەزار لیتر
٠ هەڵەبجە: یەک ملیۆن و 154 هەزار لیتر
ژمارەی ئەو خێزانانەی تۆمارکراون و دەبێت لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت سوودمەندبن، کۆی گشتییان یەک ملیۆن و 343 هەزار و 553 خێزانە و بەسەر پارێزگاکاندا بەم جۆرە دابەش بوون:
٠ هەولێر: 503 هەزار و 553 خێزان
٠ سلێمانی: 519 هەزار خێزان
٠ دهۆک: 290 هەزار خێزان
٠ هەڵەبجە: 31 هەزار خێزان