بافڵ لەگەڵ دەرباز دەبێتە شەڕیان و پاسەوانێکی نزار ئامێدی بەر شەق دەدا
رۆژنامەنووسێک، کێشەیەکی گەورەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئاشکرا دەکات و دەڵێ، دوای هەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمان، دۆخی ناوخۆیی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی بەتەواوی تێکدەچێت.
میران بەکر پاڵانی رایگەیاند، "وەک بڕیار بوو، ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠ـی بەیانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ لەسەر دۆخی یەکێتییەکانی هەولێر، گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە و لە تەلەفۆنەوە قسەی زبر و ناشرینیان بەرامبەر یەکتر کردووە."
دەشڵێ، لەو ناوەندەدا بافڵ وتوویەتی: "بەهیچ جۆرێک دەرباز کۆسرەت بۆی نییە بێتە ناو کۆبوونەوەکە و ڕێگەی پێنادەم بێتەوە سلێمانی."
دوابەدوای ئەوەش قوباد تاڵەبانی ناوبژیوانیی نێوانیانی کردووە و هەر بەهۆی ئەم دۆخەشەوە، کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر ٣:٠٠ـی پاشنیوەڕۆ دواخرا.
بەپێی زانیارییەکانی میران پاڵانی، بەر لە چوونەژوورەوەی بۆ کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی تووڕەیی و ڕقی خۆی بەسەر پاسەوانێکی نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراقدا بە ناوی ( شاسوار حەمە) دەڕێژێت و دەیداتە بەر شەق و بۆکس و بەسەختی برینداری دەکات.