کوردستان

عەلی زەیدی واژۆی لەسەر ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کرد

05-11-2026
عەلی زەیدی واژۆی لەسەر ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کرد
قەبارەی نووسین:
A A 21px

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و نووسراوەکە گەیشتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان. بڕیارە هەفتەی داهاتوو ڕێککارەکانی  دابەشکردن دەستپێبکات.

سەرچاوەیەک لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: بەئەگەری زۆرەوە 100 لیتر نەوت بە هەر خێزانێک دەدرێت، ئەگەر لەسەر پارێزگاکاندا ئەو میکانیزمە جێبەجێ بکرێت، بەشی 500 هەزار خێزان دەکات.

-
ڕێککارەکان چەند ڕۆژێکی پێدەچێت، چونکە ئەو کۆمپانیایەی پرۆسەی هاوردەکردنەکەی بۆ دەردەچێت، دەبێت لە بەغدا ڕێکارەکانی باج و ڕسوومات بەتەواوی جێبەجێ بکات، کە ئەوەش چەند ڕۆژێکی پێویستە.

حکومەتی فیدراڵ لیتری ئەو نەوتە بە 250 دینار لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار دەکات، بەڵام تێچووی گواستنەوەشی دێتە سەر. بەو پێیەش بە ئەگەری زۆرەوە هاوشێوەی ساڵی پار، 100 لیتر نەوتی سپی بە 31 تا 32 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتیان دەکەوێت.

بەپێی بەدواداچوونەکان، بڕی 50 ملیۆن لیترەکە بەپێی پێداویستیی بەسەر ناوچەکان دابەش دەکرێت:

-
سلێمانی و هەڵەبجە: 22 ملیۆن لیتر
-
هەولێر و سۆران: 18 ملیۆن و 200 بۆ 400 هەزار لیتر
-
دهۆک و زاخۆ: دەورووبەری 10 ملیۆن لیتر

بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بە هەژمارکردنی 200 لیتر نەوت بۆ هەر خێزانێک، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 268 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی هەیە، ئەو بڕەی بڕیارە لەلایەن بەغداوە بنێردرێت تەنیا بەشی 18٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات.