لە شاری هەولێر پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بە کارتی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و ئەمڕۆ لە 21 بەنزینخانەی شارەکە بەنزین بەم شێوازە نوێیە دابەش دەکرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری هەولێر 21 بەنزینخانە بە کارتی ئەلیکترۆنی بەنزین بەسەر شۆفێراندا دابەش بکەن. ئامانج لەم هەنگاوە نەهێشتنی نۆرە و دابەشکردنی بەشە سووتەمەنییە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.
لەم بارەیەوە سالار محەممەد، لێپرسراوی هۆبەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت "پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزین وەک قۆناغێکی ئەزموونی و تاقیکردنەوە سەرکەوتوو بووە، بۆیە لە داهاتوودا لە سەرجەم بەنزینخانەکان کاری پێ دەکرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو بەنزینخانانە زیاد دەبێت کە بەنزینی حکوومی بە کارت دابەش دەکەن"
لە سیستەمە نوێیەکاندا بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 40 لیتر بەنزین دابەش دەکرێت و پێویستە شۆفێران لە کاتی وەرگرتنی بەشەبەنزینەکەیان، کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی لەگەڵ خۆیان ببەن. هەروەها ئەو شۆفێرانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەنزینیان وەرگرتووە، ناتوانن جارێکی دیکە بەنزین وەربگرنەوە تاوەکوو ئەو کاتەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
لەبارەی ئەوانەتی بازرگانی بە کارتەکەوە دەکەن، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر هۆشداریی توند دەداتە شۆفێران کە کڕین و فرۆشتن بە کارتی ئەلیکترۆنییەوە قەدەغەیە؛ هەر کەسێک ئەو سەرپێچییە بکات، کارتەکەی لێ دەسەندرێتەوە و بێبەش دەبێت لە هەموو بەشە سووتەمەنییەک"