کوردستان

وەزارەتی کارەبا: کارەبای 10 گەڕەکی هەولێر ئاسایی دەبێتەوە

22-10-2026
وەزارەتی کارەبا: کارەبای 10 گەڕەکی هەولێر ئاسایی دەبێتەوە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

کارەبای 10 گەڕەکی شاری هەولێر پچڕاوە و 172 هەزار هاووڵاتی بێ کارەبا بوون. ئەمەش بەهۆی کاری تیمەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی کارەبای نووسەران و پاڕک لە هەولێر بوو. وەزارەتی کارەبا دەڵێت، ئەمشەو بە ئەگەرێکی زۆرەوە کارەبای ئەو گەڕەکانە دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە 19ی ئەم مانگەوە بەهۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کاری سازدانەوە و شارستانیی، 12 کێبڵی کارەبای 132 کەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز زیانییان بەرکەوت و بووە هۆی پچڕانی پێدانی کارەبا بە وێستگەکانی نووسەران و پاڕک لە هەولێر.

دەشڵێت، بەو هۆیەوە کارەبای گەڕەکەکانی نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەڵاحەددین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد پچڕاوە.

لەبارەی کاتی گەڕانەوەی کارەبا: وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، تیمەکانی چاککردنەوەی وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی ڕووناکی، کار دەکەن لەسەر ئەوەی بەزووترین کات چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن و پێشبینی دەکرێت، ئەمشەو دۆخی کارەبای ئەم ناوچانە ئاسایی دەبێتەوە.