وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10ـی رادەستی بەغدا کرد، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو پارەکە خەرج بکرێت.
سەرچاوەیەک: شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10 و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـیان بە فەرمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان: چاوەڕوان دەکرێت ناوەڕاست یان کۆتایی هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی مانگی 10 خەرج بکرێت. هەر لە سەرەتای هەفتەی داهاتووشەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچە ئامادە دەکات.
هەروەها بڕیارە دەستبەجێ دوای گەیشتنی پارەکە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی فیدراڵ، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەست پێبکات.