کوردستان

ئەمریکا دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان

21-10-2026
ئەمریکا دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان
قەبارەی نووسین:
A A 21px

سەرۆک بارزانی و ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە پیرمام کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا شاندی ئەمریکا پابەندیی خۆیان بەرانبەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکەدا کە گوێندەلن وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەیبوو، ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی عێراق و باڵیۆز ستیڤ فەیگن سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە لە نزیکەوە پشتیوانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بووە.

- لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا لەسەر بنەمای دەستوور و پڕەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق ڕێکخستۆتەوە، هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد کە ئەگەر حکومەتەکانی پێشووتری عێراق پابەندی ئەم بنەمایانە بوونایە دەستکەوتی زۆر زیاتر بۆ عێراق و هەموو پێکهاتەکان بە گشتی دەهاتنەدی.

- سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق دەکەن لە چوارچێوەی دەستوور و پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان کە لە دەستووردا هاتوون. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی پێکهاتەکانی کوردستان بە تایبەت خوشک و برایانی کریستیان لەسەر بنەمای ڕێز و مافی دەستووری و شەڕاکەتیان کردەوە و هێمای بەوەدا کە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بایەخی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان کرد بۆ ئەوەی خوشک و برایانی کریستیان ئیرادەی خۆیان لای خۆیان بێت و کەس لە جێگەی ئەوان بڕیار نەدات.

- لە درێژەی دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی ناوچەکە کرا و سەرۆک بارزانی جەختی لەوەکردەوە کە سیاسەتی ئێمە هەر لەسەرەتاوە ڕوون و ئاشکرابووە و ئێمە بەشێک نەبووین لە ئاڵۆزییەکان و بەشێکیش نابین لە ململانێ و کێشەکان. لەگەڵ ئەوەشدا پێمان باشە هەموو لایەک بە گفتوگۆ و دیالۆگ و ڕێگەی دیپلۆماسی کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

 لای خۆیانەوە شاندی ئەمەریکی پابەندیی خۆیان بەرانبەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕاشیانگەیاند کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بەمانای کۆتاییهاتنی پابەندیی ئەمەریکا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و عێراق نییە. هەروەها لە ڕابردوو هاوپەیمانان لەسەر داوای حکومەتی عێراق لێرەبوون و بە هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی داعشیان تێکشکاند. جەختیشیان لەوە کردەوە ئەمەریکا لە رووی ئاسایش و ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە لە چوارچێوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا پابەندە بە پاراستنی سەقامگیری و هاوپەیمانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.