کوردستان

نووری مالیکی: مووچە رەوانە دەکرێت

14-09-2023
نووری مالیکی: مووچە رەوانە دەکرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

لە درێژەی کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لە بەغدا ، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە دۆخی خراپی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد بەهۆی نەناردنی مووچەی مانگانەیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە لەکاتێکدا مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرجکراوە، بەڵام سێ مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، بۆیە جەختی لە گرنگیی و پێویستی ناردنی شایستە داراییەکان و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئامادەیی نیشاندا هاوکاربێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

دواتر نووری مالیکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند کراوە، مووچەی مووچەخۆران رەوانە دەکرێت".