ئابووری

لیستی مووچەی مانگی 10 دەنێردرێت بۆ بەغدا

20-10-2026
لیستی مووچەی مانگی 10 دەنێردرێت بۆ بەغدا
قەبارەی نووسین:
A A 21px

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی راگەیاند، ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول لە قۆناخی کۆتایی دان، کۆتایی ئەم هەفتەیە رەوانەی بەغدا دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی وردبینی لە بەغدا زوو تەواو بکرێت و شایستە داراییەکان بنێردرێن.

رۆژی دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەموو هەوڵێک دەدەین کە چوارشەممە لیستەکە و تەرازوووی پێداچوونەوە بنێرین؛ ئەگەر چوارشەممەش نەمانتوانی، بە دڵنیاییەوە پێنجشەممە دەینێرین، بۆ ئەوەی لە بەغدا زوو وردبینییەکەی تەواو بکرێت و بە زوویی مووچەی مووچەخۆران بنێردرێت."

بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئابیان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردبوو.

دواتر رۆژی 8-10-2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و هەر ئەو رۆژەش خشتەی دابەشکردنی مووچە راگەیێندرا.

بەپێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی، رۆژی 11-10-2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب کرا و دابەشکردنەکە تاوەکو 14ـی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو.