بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو پڕۆژەی رێگاوبان لە سنووری قەزای کفری جێبەجێ دەکرێن، کە داواکاری سەرەکی دانیشتوانی سنوورەکەیە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی دا بە دروستکردن و قیڕکردنی رێگای 12 ئیمام – قەرەبڵاغ، کە تێچووەکەی شەش ملیار دینار و 21 ملیۆن و 555 هەزار دینارە، کە یەکێکە لە داواکارییەکانی دانیشتووانی قەزای کفری، ئەو رێگایە رێگایەکی سەرەکییە و کۆمەڵێک گوندی ناوچەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
هاوکات سەرۆکی حکومەت، رەزامەندی دا لەسەر دروستکردنی رێگای دێلێژە – سەنگاو، لە قەزای کفری، بە بڕی یەک ملیار دینار، کە ئەمەشیان یەکێک بوو لە داوا سەرەکییەکانی دانیشتوانی قەزای کفری.
لە سەرەتای مانگی تەممووزی 2023، دانیشتوانی قەزای کفری مانگرتنیان راگەیاند و کەموکوڕی و پێداویستییەکانی ناوچەکەیان خستەڕوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەڵێنی بە خەڵکی کفری دا کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک پێکهێنرا و سەردانی کفریان کرد، دواتر ژمارەیەک لە داواکارییەکانی خەڵکی کفری جێبەجێکران.