پشت بەو دەسەڵاتەی کە بە پێی بڕگە (3)ی ماددە (2) لە یاسی ژمارە (10)ی ساڵی 1997 پێمان دراوەو لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی 11-11-1999یدا یاساکاری کردووە، ئەم یاسایەمان دەرهێنا:
یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 1999
یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستانی عێراق
ماددە یەکەم:
هەرێمی کوردستانی عێراق ئاڵایەکی دەبێت بە شێوەی لاکێشەیی، کە پانیەکەی دوو لەسەر سێی درێژیەکەی دەبێت و، دابەش کراوە لەسەر سێ لاکێشەی ئاسۆیی یەکسان لە درێژی و پانی داو، پێکهاتەکەی بەم شێوەیەیە:
1-لاکێشەی سەرەوە رەنگی سورەو، هێمای شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی کوردە.
2-لاکێشەی ناوەراست رەنگی سپی دەبێت، هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و لێبوردنە (تسامح)، کە خەڵکی کوردستان ئاواتە خوازیەتی.
3-خۆرێکی زەرد دەکەوێتە ناوەراستی لاکێشە سپییەکەوەو، چەقەکەی خاڵی یەکتر بڕینی تیرەی لاکێشە سپیەکە دەبێت و، تیرەی خۆرەکە ئەوەندەی پانایی لاکێشە سپیەکە دەبێت و، (21) بیست و یەک تیشکی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێگۆشەی دوو لا یەکسان و، بنکەکانی () یەک لسەر بیست و یەک لە چێوەی گۆی خۆرەکە دەبێت و، درێژیشیان بگاتە نیوەی هەردوو لاکێشە سوورو سەوزەکە. خۆرە زەردەکە هێمای بەردەوام بوونی ژیان و زانست و هیوا و ئومێدەو، (21) بیست و یەک تیشکەکەیش هێمای جەژنی نەورۆزی نەتەوایەتییە، رۆژی بەرخودان و راپەڕین و شۆرش رزگاریی دژ بە زوڵم و زۆرو چەوساندنەوە.
4-لاکێشەی خوارەوە رەنگی سەوز دەبێت و، هێمای کشتوکاڵ و سروشت و ژینگەی کوردستان.
ماددەی دووەم:
ئەو جێگایانەی کە ئاڵاکەی لەسەر هەڵدەدرێت لە (پەیڕەو)دیاری دەکرێت.
ماددەی سێیەم:
هەڵکردنی ئاڵا لە کاتی خۆرهەڵاتن دا دەبێت و، هاتنە خوارەوەشی لە کاتی خۆرئاوا بوندا.
ماددەی چوارەم:
دروست و چاپ و دابەش کردنی ئاڵا بە رەزامەندی وەزارەتی رۆشنبیری دەبێت.
ماددەی پێنجەم:
نابێت ئاڵا لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوایەتی و ئاهەنگەکاندا بەرز بکرێتەوە یان بە کاربێت، ئەگەر هاتوو کەم و کۆری هەبوو لە مەڕ گۆڕانی رەنگەکانی و پاک و پوختی و دڕانی.
مادەی شەشەم :
هەلدانی ئاڵا شان بە شانی ئاڵای عیراق دەبێت لەو بۆنانەی کە ئاڵای عیراقی تێدا هەڵدەدرێت و، تا قەوارەی دەستوری فیدڕالیەت دەچەسپێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە عیراقدا.
ماددەی حەوتەم:
ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە پەیڕەوێکی تایبەتی دەربکات بۆ ئاسان کردنی جێ بەجێ کردنی بەندەکانی ئەم یاسایە.
ماددەی هەشتەم:
کار بە هیچ دەقێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا هاو دژ بێت.
ماددەی نویەم:
دەبێ ئەنجومەنی وەزیران ئەم یاسایە جێ بەجێ بکات.
ماددەی دەیەم:
ئەم یاسایە لە مێژووی دەرهێنانیەوە جێ بە جێ دەکرێت و لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاو دەکرێتەوە.