کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: رێگرییەکان نەمان و ھەموو کاروبارێک دەبێت بەڕێگای راستەقینەی یەکێتی نوێدا بڕوات

29-07-2021
بافڵ تاڵەبانی: رێگرییەکان نەمان و ھەموو کاروبارێک دەبێت بەڕێگای راستەقینەی یەکێتی نوێدا بڕوات
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پێشوازیکرد لە د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.

لەدیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی پشتگیری یەکێتی لە تیمی پەرلەمان و حکومەت و ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتر لەنێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک و کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە.

بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، ئێمە لە یەکێتی نوێ بەگرنگییەوە لە کاری پەرلەمان دەڕوانین و وەک باڵاترین دەسەڵاتی تەشریعی چاودێری، پشتیوان و ھەماھەنگ دەبین تاوەکو سەربەخۆیانە کارەکانی بکات و ئەو بەربەستانەشی بۆ مەرامی تایبەت لەبەردەم کارەکانتان دروستکرابوون نەھێڵران. دڵنیام لەداهاتوودا بە توانا و لێھاتوویی تیمی یەکێتی لە پەرلەمان و حکومەت خزمەتی زیاتر دەکەن و بەکارکردن لەسەر ئەو یاسا و پرۆژانەی کاریگەری لەسەر باشترکردنی ئەزموونی ھەرێم ھەیە دەتوانن نموونەیەکی باشتری حکومڕانی پێشکەش بکەن.

ھاوسەرۆک ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکیشی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دووپاتکردەوە رایگەیاند، ئیتر رێگرییەکان نەمان و ھەموو کاروبارێکی حیزبی و نوێنەرەکانمان لە دەسەڵاتەکاندا دەبێت بەڕێگای راستەقینەی یەکێتی نوێدا بڕوات، کە ئەویش رێگای خزمەتکردن و سیاسەتکردنی تەندروستە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا.