ژمارەیەک ئافرەتی چالاکی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەک دژی پێشنیازێک لەبارەی سلێمانییەوە دەردەبڕن و دەڵێن" ئەم پێشنیازە بە نەجەف و کەربەلاکردنی سلێمانییە و سەد هەنگاو شارەکە بۆ دواوە دەگەڕێنێتەوە.
پەیامێک بۆ ڕای گشتی
لە ٢٣ی مانگی دیسێمبەری ٢٠٢٠، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار و کۆمەڵێک ژنی هاوحیزبی، سەردانی نەهرۆ کەسنەزانیان کرد و داوایان لێکرد کە گڵکۆی باوکی ببێتە شوێنی گەشتیاران و ساڵانە دە بۆ بیست ڕۆژ تەرخان بکرێت بۆ ڕەدووکەوتوانی تەریقەت بێنە سلێمانی، و ئەم شارە هاوشێوەی نەجەف و کەربەلای لێ بکرێت.
سەرۆکی ئەم دەستەیە پێشتر لە (ئەنجومەنی خانمان) بۆ ساڵانێکی زۆر پێگەی هەبوو، ئێستا کراوە بە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، کە هەردوو ئەم پۆستانە بەهۆی حیزبیبوونیەوە پێی بەخشراوە. ئەوەش حاشاهەڵنەگرە کە ئەم خانمە ئەجێندای سیاسی حیزبەکەی دەباتە پێش، بەڵام بەبێ بیرکردنەوە لە دەرئەنجامە ترسناکەکانی ئەو ئەجێندایە بۆ دۆزی ژن و ئازادی و پرسی عەلمانیەت لە کوردستاندا. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە، کە چۆن ژنێک کە پێشتر لەسەر دۆزی ژن هەژمارکراو بوو، بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک، پێشنیاری ئەم بە (بەکەربەلابوون) و (بەنەجەفبوونەی) شاری سلێمانی دەکات؟! دەکرێت پێمان بڵێت؛ نەجەف و کەربەلا لە ڕووی ئازادی تاک و ژنان و کرانەوەی کۆمەڵایەتی و کولتوریەوە لە چ ئاستێکدان، تاوەکو ئەو پێشنیاری لەجۆرە بۆ شاری سلێمانی بکات؟ کامەیە باشیەکانی مۆدێلی نەجەف و کەربەلا، وا دەپاڕێنەوە لە شێخێک لە سلێمانیدا زیندووی بکاتەوە؟ ئایا حیزبەکەی سیاسەتی گۆڕیوە لە ڕۆشنبیرییەوە بۆ تەریقەتخوازی و زەرگ لەخۆدان؟ کامە جیهانبینی جێندەری و کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی، لە پشت ئەم پێشنیارەوە وەستاوە؟!
گومان لەوەدا نییە کەئەم بە نەجەف و کەربەلاکردنەی سلێمانی دەبێتە هۆکاری گەڕانەوەی کۆنەپارێزی و زاڵکردنی کەشی ئاینی بەسەر فەزای گشتی شاردا. لێرەوە لەقبوونی زیاتری پێگەی ژن و باڵادەستبوونی کولتوری خێڵ و ئاین بەسەر کۆی کۆمەڵگەدا پەرەدەسێنێت.
ئەمە یەکەم جار نییە، ژنانی حیزبی لەسەر حسابی دۆزی ژن، پێگە و پۆستی باڵا وەردەگرن و دواتریش هەرخۆیان دەبنەوە بەرهەمهێنەرەوەی کولتوری خێڵ و ڕاگرتنی پایەکانی پیاوسالاری. ئێمە ساڵانێکی زۆرە، شاهیدی بەشێکی زۆر لە ژنانی پەرلەمانتار، وەزیر و سەرۆک ڕێکخراو و دامەزراوەی حیزبی و ناحیزبین، کە بە پشتیوانی سەرکردە سیاسیەکان لەوێدا دادەمەزرێن، کە بە ئاشکرا زەرەر بە دۆزی ژن دەگەیەنەنن. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم ژنانە کە دادەنرێن لە شوێنەکاندا، بەپێی توانایی و لێهاتووی و دونیابینیان نییە، بەڵکو ملکەچیی تەواویانە بۆ حیزب و تەنانەت سەرکردە سیاسیەکانیان. هەربۆیەش قسە و ڕەفتاریان کارەساتبارە بۆ پرسی ژن بەتایبەتی و بۆ مەدەنیبوونی کۆی کۆمەڵگە بە گشتی. بۆ نموونە؛ لەم ماوەیەی پێشوو بڕیاری (قەدەغەکردنی منداڵ لەباربردن) لە پەرلەمانی کوردستاندا هەموارکرایەوە بەبێ ئەوەی یەک ژنی پەڕلەمانتار دژایەتی بکات و ڕای گشتی و ژنان بەتایبەتی، لەم کارەساتە ئاگادار بکەنەوە. ئەمە و چەندین بڕگە و بەندی تری یاسایی کە دژە ژنە لەو پەڕلەمانەدا بەسەر ئەم ژنانەی ناو پەرلەماندا تێپەڕیوە و بەهەند وەریان نەگرتووە و بۆیان گرنگ نەبووە. دواتریش دوای خانەنشین بوونیان تەنانەت بە دوو وشەش باسی دۆزی ژن ناکەن.
بەداخەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ئەم جۆرە ژنانە دەبنە بار بەسەر دۆزی ژنەوە، بەهەمان شێوەی پیاوانی سیاسی و هاوشانی ئەوان دۆزی ژنیان بە چەق بەستووی گەیاندووە. خەونی پلە و پایە و سامان کۆکردنەوە زاڵە بەسەر هەموو خەونێکی تریاندا. ئەمانە بێجگە لە موچەی گەورە و خانەنشینی و شوقە و سەیارە و ئیمتیازاتێکی زۆر لەسەر سامانی گشتی وڵات، لەولاشەوە بەردەوامن لە قایمکردنی پایەکانی نێرسالاری و کۆنەپارێزی و کولتوری خێڵەکی لە کوردستاندا.
ئێمە دەمێکە خۆمان لاداوە لە ڕەخنەی ڕاستەوخۆ و ناوهێنانیان، بەڵام لەگەڵ هەموو هەڵەیەکی ئەمانەدا کۆی دۆزی ژن دەکەوێتە بەر هێرشی خەڵک و هەموو ژنانی بوارەکە تاوانبار دەکرێن. ئێمە کەسانێکین هیچ بەرژەوەندیەکمان لەگەڵ ئەمانەدا نییە و بە گرنگی دەزانین ئەو ڕاستیە بخەینە ڕوو؛ کە ئەم جۆرە ژنانە و بەشێک لە ژنانی ڕێکخراوەکان و دام و دەزگاکان هۆکارن بۆ بە بنبەست گەیاندنی دۆزی ژن.
نەبوونی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوە و کاری هەرەوەزی و خۆبەخشانە، لەگەڵ نەبوونی دونیابینیەکی ژنانە و سەربەخۆ، وایکردووە ژنان زیاتر لە دۆزی ژن دووربکەونەوە و خەڵکیش بەیەک چاو سەیری هەموو ئەوانە بکەن کەلەم دۆزەدا کاردەکەن. لە کاتێکدا ژمارەیەکی کەم سوودمەندن و بوونە هۆی ناوزڕاندنی پرسی ژن و ڕێگر لەبەردەم دروستبوونی بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و سەربەخۆی ژناندا. بەشێک لەم ژنانە بە تێوەگلان لە سیاسەت و ئەجێندای حیزبی و بەشێکیش بەسەرقاڵ بوون بە پرۆگرام و فەندی ئیمپریالیستی، دۆزی ژنیان وێران کردووە.
کاتی ئەوە هاتووە دەنگ هەڵبڕین بەڕووی ئەو ژنانەی کە دەسەلاتخواز و بە هەڵپەن بۆ بەدەستهێنانی پلە و پۆستی حکومی و حیزبی و دامەزراوەیی، لەسەر حسابی دۆزی ژن و دواتریش لێدان لە خودی ئەم دۆزە لەبەر خاتری پێگەی خۆیان.
ئێمە چۆن دەوەستینەوە لە بەرامبەر بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گشتی کوردستان، سەرکوت و نیپۆتیزم و نادادپەروەری لەلایەن پیاوە سیاسیەکانەوە، بەهەمان شێوەش بەرامبەر ئەو ژنانە دەوەستینەوە کە بە بەهانەی (کۆتای ژن و باڵانسی جێندەری و بەشداری سیاسی ژن) دەکرێنە دەمڕاست و لە ڕیزی پیاوانی گەندەڵ و خێڵەکیدا زەرەر بە دۆزی ژن دەگەیەنن.
کاتی ئەوە هاتووە خەڵکیش ئەو ڕاستیە بزانن، کە ئێمەی ژنان لەگەڵ ئەو جۆرە لە دەسەڵاتخوازی و هەلپەرستی ژناندا نین، بەڵکو خەبات بۆ ڕزگاری ژنان و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەر و یەکسان دەبێت ئامانجی سەرەکی بێت، نەک پلە و پۆست بۆ چەند کەسێک.
ئیمزاکان: