جیهان

سی ئێن ئێن: ئەمریکا گەورەترین بۆمبی نائەتۆمی دژی ئێران بەکار دەهێنێت

15-10-2026
سی ئێن ئێن: ئەمریکا گەورەترین بۆمبی نائەتۆمی دژی ئێران بەکار دەهێنێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە: ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی بۆمبی "جی بی یو-43/بی" ناسراو بە دایکی بۆمبەکان دژی ئێران دەکات.

تۆڕەکە دەڵێت: سوپای ئەمریکا پلانی هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزە و پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ئامادەکردووە. جێبەجێکردنی ئەم پلانە پەیوەستە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

بەرپرسان بە سی ئێن ئێنیان گوتووە، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە فەرماندە سەربازییەکان کردووە بژاردەی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران ئامادە بکەن، کە لەنێویاندا لێدانی ژێرخانە گرنگەکانی ئەو وڵاتە هەیە.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنی راگەیاند، ئەو ئامانجانەی دژی ئێران دیاریکراون، پێویستیان بە بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" هەیە.

سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، بەکارهێنانی ئەم بۆمبە کە گەورەترین چەکی نائەتۆمییە لە جبەخانەی ئەمریکادا، دۆخەکە دەگەیەنێتە ئاستێکی مەترسیدار. سەرەڕای ئەمەش، ئەو بەرپرسانەی لە وردەکاریی پلانە سەربازییەکان ئاگادارن، گومانی خۆیان لەبارەی کاریگەریی ئەم بۆمبە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانی واشنتن نەشاردووەتەوە و هێشتا ئەم پرسە بەکراوەیی ماوەتەوە.