کوردستان

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بڵاوکرایەوە

14-10-2026
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بڵاوکرایەوە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دەڵێت، مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەرخان کراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکیی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهات و ئەنجامەکانی دانوستانەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2027 خرایە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.

لەم بارەیەوە، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و ئەو دەق و پێشنیازانەی تا ئێستا خراونەتە ڕوو، پێشکەش کرد.

دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکان، ئەنجوومەنی وەزیران تێبینی و نیگەرانییەکانی خۆی لەسەر هەندێک لە دەق و ئاراستە پێشنیازکراوەکان دەربڕی و جەختی لە پێویستیی ڕەچاوکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی دانیشتووانی ساڵی 2024، بریتییە لە 14.14% و دەبێت ئەم ڕێژەیە، ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵیدا.

 ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەخانکراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکیی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.

٠ ئەنجوومەنی وەزیران، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستووری، کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی بپارێزێت و چارەسەرێکی هەمیشەیی و جێگیر و دادپەروەرانە بۆ کێشە داراییەکان دابین بکات.

 لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە مەرجێک لە ماوەی 90 ڕۆژی کاردا، تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە بە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

٠ مەبەست لەم بڕیارە، ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکاران و هاندانیانە بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و زیادکردنی داهاتەکانی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە داهاتەکانی ئەم سندووقە، بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاردەهێنرێت.