لە ساڵی 2020دا وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1.935 ملیار دۆلاری بۆ چاککردنەوە و دروستکردنی سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ تەرخانکردووە.
کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانى و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2020دا وەزارەتی شارەوانی بڕی 1ملیار و 935 ملیۆن دۆلاری بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ خەرجکردووە، کە پرۆژەکان هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەگرنەوە.
کوردۆ شابان وتی" بەشێكی پڕۆژەكان پەیوەستن بە گرێبەستی جایكای ژاپۆنی كە بە قەرزی درێژخایەن گرێبەستەكە لەگەڵ عێراق كراون و پشكی كوردستان لەو گرێبەستە بەر وەزارەتی شارەوانی كەوتووە".
پرۆژەکان و خەرجییەکان بەمجۆرەن
-تەواوکردن و جێبەجێکردنی بەشی دووهەمی پرۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاو.
-جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە بە گوژمەی زياتر لە ١٧٦ مليۆن دۆلار لەلایەن ئاژانسى جايكاى یابانی بەشێوەى قەرزى درێژخايەن.
-واژۆكردنی دوو گرێبەستی باشتركردنی پرۆسەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، بە پاڵپشتی قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوەی چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر(تەیراوە، سێتاقان، منارە، سەیداوە) لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی بازنەی ناوەوەی شەقامی 30 مەتری، دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەی ئاوی ئیفراز/3ی شاری هەولێر.
-جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی بارزان و ٥١ گوندی دەوروبەری بە گوژمەی ١٣٠ مليار دينار بەڕێژەی 76٪.
-پڕۆژەی جێبەجێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە کەسنەزان و دەوروبەری بە گوژمەی ١٠ مليۆن دۆلار بە ڕێژەی ٦٠٪.
-جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر (٤) و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بە گوژمەی مليارێك و ٢٠٠ مليۆن دۆلار بە رێژەی ٧٪ بەشێوەی قەرز.
-جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی ٢٠ مليۆن دۆلار بە رێژەی ٦٠٪.
-جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی ٩٠ مليار دینار بە ڕیژەی ٥٩٪.