Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13789 بابەت
هەواڵ
17-02-2021

" ڕۆژنامەنووسەکان بەپێی یاسای سزای عێراقی سزادراون"

لە وەڵامی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: تاوانباران بەپێی یاسای سزای عێراقی هەموار كراو سزا دراون دوێنێ دادگای تاوانەكانی هەولێر چوار كەسی سەر بە گروپێكی پێنج کەسی بە (6) ساڵ زیندانی سزادا، كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان رەخنەی لەم بڕیارەی دادگا گرت و داوای هەڵگرتنی ئەو تۆمەتانەی دەكاتە كە ئەو چوار كەسە پێی سزا دراون. لەم بارەوە نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی دەركرد ئەمە دەقەكەیەتی: سەبارەت بەو سزایانەی كە رۆژی 16/2/2021 لە دادگای تاوانی دوو هەولێر دەرچوون بۆ چوار كەس، بەپێی ماددەی (125) ی یاسای ئەنجامدانی دادگاكان ژمارە (23)ی ساڵی 1971، سزا تێهەلچوونەوەی بۆ دەكرێ بۆ ئەوەی پێداچوونەوە و دووبارە هەڵسەنگاندنی كەیسەكە بكات بە گشتی لەوانەش وردبوونەوە لە بەڵگەكان و ئیفادەی گومانلێكراوان. ئەم تاوانبارانە بەپێی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە (23)ی ساڵی 2003 حوکمدراون. بەپێی ئەو بەڵگانەی داواكاری گشتی پێشكەشی كردوون ئەو تاوانبارانە گروپێكیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەکان پێكهێناوە و هەماهەنگی یەكتریان كردووە بۆ دانانی پلان بە مەبەستی شێواندنی ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان، بەڵگەكانیش بریتین لە وێنەی چەند شوێنێك كە وێنەگرتنیان قەدەغەیە، پێدانی زانیاری بە سەرچاوەی نادیاری دەرەکی لەسەر جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، وە زانیاری لەسەر بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی وە شوێنیان، و هەروەها وەرگرتنی بڕە پارە لە دەرەوەی هەرێم بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر دەزگا ئەمنییەکان. جگە لەم وێنانە هەبووە بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان و یەكێك لە تاوانباران ڤیدیۆی جموجوڵی پێشمەرگە و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان و چاودێری ئەفسەرانی دەزگا ئەمنییەكان.دوای كۆكردنەوەی ئەو زانیاریانە هەموویان ناردووە بۆ چەند رێكخراوێكی ناحكومی، یەكێك لە تاوانبارەكان پیشەی رۆژنامەنووسی قۆزتۆتەوە بۆ ئامانجی سیاسی، لە كاتێكدا خۆی ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان نییە و لە دەزگایەكی راگەیاندنی دیاریكراودا كار ناكات. یەكێك لە تاوانباران دانی بەوە ناوە لە گروپی ماسنجەر دەركراوە گوایە چالاك نییە، ئەم تاوانبارە پەشیمانی خۆی لە ئەنجامدانی كارەكە راگەیاندووە، چونكە بەپێی وتەكانی خۆی ئاگای لە وردەكارییەكانی كارەكانی ئەم گرووپە نەبووە. لە میانەی پرۆسەی دادگایی كردنەكەدا تاوانبارێكیان رایگەیاندووە كە لەژێر ئەشكەنجەو هەرەشە لە خۆی و ئەندامانی خێزانەكەی ئیعتیرافی كردووە لە كاتێكدا كە نوێنەری نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و كۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی سەردانیان كردووە و هیچ نیشانەیەكی ئەشكەنجەدانی بەسەر نەبووە و خۆیشی سكاڵای تۆمار نەكردووە. بەپێی یاسای داواكاری گشتی ژمارە (49)ی ساڵی 2017 پێویستە داواكاری گشتی ئەمن و ئاسایشی وڵات و بەرژەوەندییە باڵاكان و ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان بپارێزێت. سە بارەت بە پرۆسەی دادگایی كردنەكە زۆر بە شەفافی و بە کراوەیی وە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نێردە دبلۆماسییەكان، رێكخراوە لۆكاڵییە ناوخۆییەكان ئەنجامدرا. نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

هەواڵ
17-02-2021

شێروان شێروانی جاسوسە؟

مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا کە لە کۆنفڕانسێکی کوردی کێشەم لەگەڵ چەند لایەنگرێکی پەکەکە بۆ دروست بوو لە ئەڵمانیا، لە کاتی کارکردنم سوکایەتیان دەکردو هەوڵیاندەدا پەلامارم بدەن، چەند ڕۆژێک دواتر هاوڕێیەکم تەلەفۆنی کرد کە شێروان شێروانی لە کوردستان خەریکە زانیاری دەربارەی تۆ کۆدەکاتەوەو پرسیاری ناوو ناونیشانی تۆی لە ئەڵمانیا لە چەندین کەس کردوەو دەربارەی خانەوادەکەشم پرسیاری کردوە. بەو ڕەفتارەی نیگەران بووم و دوای بەدواداچوونم دڵنیا بوومەوە کە ئەو کوڕە خەریکی جاسوسیە بە سەر منەوە، چونکە لە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن کارناکات و منیش هیچ بابەتێکی هەواڵیم تێدا نیە ڕۆژنامەنووسێک بەدواداچوونی تێدا بکات و بیەوێت هەواڵم لە بارەوە بکات، پەیوەندی بە خودی خۆشمەوە نەکردوە بزانم ئەو زانیاریانەی بۆ چیە. ئەندامێکی خانەوادەکەم تەلەفۆنی بۆ شێروان کردو ئەویش ئینکاری لە بابەتەکە نەکردبوو ئاشکرای نەکرد کە زانیاریەکانی بۆ چیە، کۆمەڵێک قسەی عەلەق و بەلەق و هاشوهوش و بە شێواوی تەلەفۆنەکەی داخستبوو، گوتبووی گوایە شەوقی دژایەتی ئەوان دەکا. ئەوکات شکاتم لێنەکردو لە بەر سەرقاڵی نەمویست کات بەو فاشیلانەوە بکوژم و وازملێهێنا، لە خۆی و حیزبەکەشی و ئەو جەماعەتەی ئێرەشیان بێمنەت بووم، بەڵام بۆم دەرکەوت ئەو کوڕە خەریکی جاسوسیەکە کە خۆی بە وڵاتپارێزی دادەنێت و بەو گێلێتیەشیەوە ڕۆژێک خۆی تووشی بەزمێک دەکات. پێی دەڵێن ڕۆژنامەنووس، بەڵام قەت نەمزانیوە لە دەزگایەکی دیاری کوردستان بە سیفەتی ڕۆژنامەنووس کاریکردبێت، چەند جارێک لە دەزگا دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن کاریکردوە، بەڵام لە مانگی یەکەمەوە دەرکراوە، چونکە زانیویانە خەریکی کاری ڕۆژنامەنووسی نیەو بە شتی دیکەوە مەشغوڵە، زمانە کوردیەکەشی نە سۆرانیەکەی نە بادینیەکەی بەشی ئەوە ناکات هەواڵێک بەبێ هەڵە و کەموکوڕی بنووسێت و تەنها شێوەزاری ناوچەی خۆی دەزانێت ئەوەش بۆ نووسین نابێت و هیچ زمانێکی بیانیش بە باشی نازانێت، بۆیە ڕووی دابوە سەر قسەو هاشوهوشی سەر تەلەفزیۆن و لایڤی فەیسبووک، چونکە ئەوە خوێندەواری ناوێت. لە حیزبایەتیشدا هەر زوو لە گۆڕان دوورخرایەوە، کاتێک لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ بوو زۆری پێنەچوو بە تۆمەتی جاسوسی دەرکراو بەیاننامەی لەسەر بڵاو کرایەوە. من پێمناخۆشە ئێستا ئەو کوڕە خۆی و ژمارەیەک گەنجی لە ململانێیەکی ناوخۆی و ئیقلیمیەوە گلاندوەو حوکم کراوە، هیوادارم دادگای تەمیز لە بەرژەوەندی ئەو گەنجانەو خانەوادەکانیان بە حوکمەکەدا بچنەوە، بەڵام دەکرێ ئەوە ببێتە ئەزموون و دەرسێک بۆ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کە هەر ڕۆژەو شتێکن، ڕۆژێک ڕۆژنامەنووسن و ڕۆژی دواتر دەبنە چالاکوان و خۆپیشاندەرو، ئینجا دەبنە چاودێری سیاسی و دواتر دەبنە پەرلەمانتارو بەرپرسی حیزبی. لە کۆتایشدا بە تۆمەتی جاسوسی دەگیرێن، ڕەنگە خۆشیان سەریان لە خۆیان دەرنەچێت و لە کۆتاییدا نەزانن چین و بۆ وایان بەسەر هاتوە، ئەوە سەرلێشێوان و فەوزایەکی گەورەیەو دەبێت کۆتایی بێت. شەوقی کانەبی بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی KNN لە هەولێر

هەواڵ
17-02-2021

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

دوێنێ رێكه‌وتی 16/2/2021 داوای ژماره‌ (47/ج 2 / 2021) كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بینینی كه‌یسی چه‌ند تۆمه‌تبارێك، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی یه‌ده‌گی دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چوو. به‌ پێی یاساش سه‌رۆكی یه‌ده‌گ له‌ كاتی نه‌بوونی سه‌رۆكی دادگا، شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ چونكه‌ سه‌رۆكی دادگا به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت و ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌ر له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر / 2 به‌ڕێوه‌ چووه‌ و ره‌وانه‌ی دادگایه‌كی دیكه‌ نه‌كراوه‌. هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕێز و نوێنه‌ری كۆنسولی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌یره‌ له‌ دوێنێوه‌ هه‌ندێ داموده‌زگای فه‌رمی و یاسایی ولایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیایان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دادگاییكردن و بڕیاره‌كه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، چونكه‌ دادگا نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش بڕوای به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه‌ و نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمیانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌ن.  هه‌روه‌ها رێكاری یاساییش هه‌یه‌ بۆ تانه‌ لێدان له‌و بڕیاره‌و بێگومان پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ تانه‌ پیشكه‌ش به‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیتر پێویست به‌و هه‌موو لێدوان و ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌ده‌كرد. هیوادارین ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ نه‌درێن تاوه‌كو بڕیاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگای تایبه‌تمه‌ند كه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ ده‌رده‌چێت و دادگای پێداچونه‌وه‌ش بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌دات به‌ پێی یاسا. ب. راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان 17/2/2021

هەواڵ
17-02-2021

ئارام بالەتەیی، پەرلەمانتاری پارتی لە عێراق کۆچی دوایی کرد

دوای زیاتر لە سێ مانگ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئارام بالەتەیی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

هەواڵ
16-02-2021

چەند کەسێک بە تۆمەتی هاوکاریکردنی مووشەک هاوێژەکان دەستگیرکران

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو، چەند مووشەکێک ئاراستەی هەولێر کران، بەیانی ئەمڕۆ چەند کەسێک بە تۆمەتی هاوکاریکردنی مووشەک هاوێژەکان دەستگیرکران. بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانە لەلایەن ئاسایش و دژەتیرۆرەوە دەستگیرکراون و یەکێکیان کادری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە. بەڵام تا ئێستا ئەوە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بیروڕا
16-02-2021

موشەکبارانەکەی هەولێر و پیلانی دژە هەرێم

مەلا بەختیار دوای دەرچونی بایدن، هیوایەک بۆ چارەسەری سیاسی لە ناوچەکەدا، بە ئاسۆی سیاسیدا دیارە، بەڵام دۆخی عێراق، هێشتا بەپێی پیلانی سەردەمی ترامپ ئاراستە دەکرێ. هێزە پیلانگێڕەکانیش، هەر ئەوانەن کە خۆپیشاندەران لە بەغدادو بەسرە و سەماوە دەفڕێنن... سەرنگون و تیرۆریان دەکەن. ئەم پیلانگێڕانە، گوایە ئامانجیان تێکشکاندنی ئەمریکایە. ئەمە ڕواڵەتی روداوەکانە. ناوەخنەکەی ستراتیژی تایفەگەری ترسناکە. ئەقڵیەتی تایفەگەری.. شیعە یان سوننە، جیاوازیان نیە. تیرۆرستانی سوننە، لە پێش و پاش روخانی سەدام، تاوان و ئامانجەکانیان دیار بوو. هی ئەم رەوتە تایفەگەرییە شیعەگەرایەش، زەق زەقە! تیرۆریستە سونیگەراکان لە سوننەی سیاسی جیاکرانەوە. شەڕی داعش پاساوێکی بەهێز بوو، رەوتێکی شیعەی چەکدار، پێچەوانەی سیاسەتی زۆربەی هێزە شیعەکانی عێراق، کە لەناو پرۆسەی سیاسیی ئاسایی وڵاتەکەن، تەنها بازوی هێزی چەکدار بەکاربهێنن و هەتا ئەشتوانن ئاژاوە بگێڕن. ئەم رەوتە ئیستا کەمتر شەڕی داعش دەکەن، زۆرتر خەریکی بەرنامەی دوای داعشن! هەرێمی کوردستان، لەناو بازنەی پیلانی ئەم هێزە تایفەگەراییەدایە، هەتا بە دەردی کەرکوک و خانەقین و شنگالی بەرن. بەڵگەشمان ئەوەیە، مادەی (140) کە جێ بەجێ ناکرێ... ئامانجی سیاسی-عەسکەری ترسناک هاندەری ئەم جێبەنەکردنەی مادە بنەڕەتیە دەستوریەیە. لەم چەند مانگەی دواییشدا کە نەک بودجە، بەڵکو موچەش خراوەتە قوڕگی تایفەگەریەوە، ئەمیش بەشێکە لەو پیلانەگێڕییەی دژی کوردستان لەئارادایە. لە کاتێکدا وەفدی کوردستان لە بەغدادە و هێزە شیعەکان هادی عامریان داناوە بۆ جۆرێک لە چارەسەری مامناوەنجی، کەچی لەم لاوە، پایتەختی کوردستان دەدرێتە بەر موشەک باران. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ رەوتی تێکدەری بەشێکی چەکداری شیعە، رێکەوتنی قبوڵ نییە!! تەوقیتی ئەم کارانە، رێکەوت نییە. سیناریۆی تریشی بەدواوەیەو هەمووی مەترسین لەسەر هەرێمی کوردستان. هەروەکو چۆن مەترسیشن لەسەر خەباتی مەدەنی عێراق. لام وایە کاتێتی، هێزە کوردستانیەکان، بەرنامەی سیاسی نەزۆکی ساڵی پار وەلا بنێین و دوور لە ڤیتۆی سیاسی نەگوجاو لەبەردەم پرۆسەی چارەسەری سیاسی ناوخۆ، هێزەکان و سەرکردەکان، بڕیاری بەرپرسیارانە بدەن بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی لێکترازان.. بەرەو سازان. ئەگینا ئەم کاتە کەمەی لەبەردەمیشدا ماوە، لەدەست دەچێ. ئەوکاتە کاڵەکیش دەستناکەوێت بە ئەژنۆی سیاسیماندا بیانکێشین!

هەواڵ
16-02-2021

ئێران: پەیوەندیمان بە هێرشەکانی سەر هەولێرەوە نییە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیمان بە هێرشەکانی سەر هەولێرەوە نییە و سەقامگیریی عێراق بۆ ئێمە گرنگە. سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتەر نوسیویەتی "هەر جۆرە کردەوەیەک زیان بە ئاسایش و ئارامی عێراق بگەیێنێت لای ئێمە رەتدەکرێتەوە".  دەشڵێ "ئەو هەوڵانە سەرکۆنە دەکەین کە دەیانەوێت ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار بکەن". 

هەواڵ
16-02-2021

دوو راگەیەنراو له‌ وه‌زاره‌تەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە

دوای ئەوەی کاتژمێر 9:30 ی دوێنێ شەو 2021/2/15 ، چەند مووشەکێک بەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن ، لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆکەخانە بووە هۆی گیانی لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لە ناو شاری هەولێریش سێ کەسی تر برینداربوون.ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە. دوای ئەوەی دەستبەجێ دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، شوێنی ئەو ئوتومبێلەیان دۆزیەوە کە مووشەکەکانی لێ هاوێژراوە ، ئوتومبێلەکە جۆری (کیا)یە و لە ڕێگەی نێوان هەولێر و گوێڕ دۆزرایەوە.  ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمان شێواز و تەکنیک کە لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکار هاتبوو ، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە . لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس ولایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن و خەڵکی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە ، کە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن ، ئاشكرا و ڕیسوا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2021/2/16 . به‌توندی ئیدانه‌ی هێرشی ترسنۆكانه‌ی تاریكپه‌رستان بۆ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌رگیز ده‌ستی چه‌په‌ڵی ناحه‌زان و تیرۆریستان ناتوانن ئاسایش، ئارامی و ئاوه‌دانی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن و به‌سه‌ختی رووبه‌ڕویان ده‌بینه‌وه‌. هاوڵاتیان و خه‌ڵكی ئازیزی كوردستان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌میشه‌ ساز و ئاماده‌یه‌ بۆ به‌رگری و پاراستنی سه‌لامه‌تی خه‌ڵك و خاكی كوردستان. ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر، پێویستیمان به‌یه‌ككڕیزی، یه‌كهه‌ڵوێستی و یه‌كده‌نگیی هه‌یه‌. به‌ ئیراده‌ی به‌رزی پۆڵاینی پێشمه‌رگایه‌تیمان تیرۆریستان تێكده‌شكێنین و، رێگه‌ ناده‌ین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ژیانی هاوڵاتیانمان بخرێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، هێرشكردنه‌ بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و خەڵکی کوردستان، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دۆستانمان له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش، رێگایه‌كی دوور و ساڵانێكی درێژه‌، پێكه‌وه‌ له‌به‌ره‌ی به‌ره‌نگاری تیرۆر و تێكشكاندنی تیرۆریستانین له‌پێناو سه‌قامگیری ئاسایشی هه‌رێم و ناوچه‌كه‌. وێڕای سەرەخۆشیمان لەقوربانیەکەی ئەو کارەساتە، سه‌لامه‌تی و شیفای خێرا بۆ برینداران و ئارامی و ئاسایش بۆ هه‌رێمی كوردستان دەخوازین. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ 16ی شوباتی 2021

هەواڵ
16-02-2021

ئەمریکا: زۆر تووڕەین لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، زۆر توڕەین لە بەرامبەر ئەو هێرشە موشەکیانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدران. ئاماژە بەوەش دەکات، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە گیان لەدەستدانی بەڵێندەرێکی مەدەنی و برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن کە لە ناویاندا سەربازێکی ئەمریکی و ژمارەیەک بەڵێندەری ئەمریکی هەن. وەزارەتی دەرەوە لە زاری ئەنتۆنی بلینکنەوە دەشڵێ: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ئازیزانی ئەو بەڵێندەرە مەدەنیە دەکەین کە لە هێرشەکەدا گیانی سپارد و هەروەها ئەو عێراقیانە و کەسوکاریان کە بەهۆی ئەم کردە توندوتیژیە بێبەزەییانەوە ئازاردەچێژن. پەیوەندیم بە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ڕوداوەکە و پەیماندان بە پشتیوانیمان بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە و لێپێچینەوە لەوانەی بەرپرسیارن.

هەواڵ
16-02-2021

پەیامێک لە نێچیرڤان بارزانییەوە

هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كه‌سى دى كە ژماره‌يه‌كيان ئەمه‌ریكین، بە توندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييه‌كه‌ دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كار بكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانى حكوومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140. داوا لە بەڕێز سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەیيی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەم، بە خێرایی ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقييه‌كان بە بەشداريی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن. نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وایكردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت. بۆيه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ده‌كه‌م به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يه‌نرێن. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 2021/2/16

هەواڵ
15-02-2021

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بە مەسروور بارزانییەوە کرد

کەمێک پێش ئێستا و لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2021/2/16 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێرشە موشەکییەکەی شەوی ڕابردووی سەر هەولێر کرا وهەردوولا، هاوخەمییان بۆ قوربانییەکانی هێرشەکە دەربڕی .سەرۆکی حکومەت بە هێرشێکی ترسنۆکانەی ناو برد و داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد ، پشتگیریی لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکات بۆ دیاریکردن و دادگاییکردنی بکەرانی ئەم هێرشە. . لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن.لە پەیوەندییەکەدا ، هەروەها دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق تاووتوێ کرا.

هەواڵ
15-02-2021

ئەمریکییەک لە ساروخبارانەکەی ھەولێر برینداربووە

بەپێیی دوایین زانیارییەکان، لە ساروخبارانەکەی ھەولێردا کوژراو و بریندار ھەن. بەپێی دوایین زانیاری کە باڵکێش دەستیکەوتوون، مووشەکێک لە نزیک شوقەکانی ناز ستی، موشەکێکی دیکە لە گەڕەکی وەزیران و دوو مووشەکیش لە نزیک عەلوەی ھەولێر کەوتوونەتە خوارەوە. بەپێی دوایین زانیاری، چوار بریندار و کوژراوێک ھەن، یەکێک لە بریندارەکان پاسەوانی کونسوڵخانەی ئەمریکایە و کوژراوەکەش لە نزیک عەلوەی ھەولێر بووە و کوردە.

1 2 ... 877 878 879 ... 1149 1150