Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13789 بابەت
هەواڵ
15-02-2021

زانیاری نوێ لەسەر دەنگە گەورەکەی ھەولێر

بەپێی زانیاریەکانی باڵکێش، دەنگەکە لە نزیک بازاڕی سەوزە و میوە "گومرگ" بووە و دوو موشەک بوون. مووشەکەکان لە سنووری نەینەواوە ئاراستەی ھەولێر کراون، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

هەواڵ
15-02-2021

دەنگێکی بەھێز لە ھەولێر بیسترا

لە رۆژئاوای شاری ھەولێر دەنگێکی بەرز بیستر کە لە دەنگی تەقینەوە دەچێت و زۆربەی دانیشتووانی ھەولێر بیستوویانە. بەپێ سەرچاوەیەک، تەقینەوەکە کاتیۆشا بووە.

گشتی
15-02-2021

مارێک، بەرازێک قووتدەدا

ڕەنگە بەلاتەوە سەیربێ کە مار چۆن دەتوانێ بەراز قووتبدا، بەڵام ئەمە بۆ مار ئەستەم نییە، چونکە مار شەویلگەی نییە. https://youtu.be/DgQcrUZNuxg

هەواڵ
15-02-2021

گریانی بە کوڵی سەرۆک بارزانی بۆ مەرگی رۆژ نووری شاوەیس

سه‌رۆك بارزانی بۆ له‌ده‌ستدانی هاوڕێی منداڵی و پێشمەرگەی دێرین د. رۆژ دڵی پڕ بوو و گریان نه‌یهێشت وتاره‌كه‌ی ته‌واو بكات. https://fb.watch/3Gd_fRzJ49/

هەواڵ
15-02-2021

پەرلەمانتارێک بە تۆمەتی هاوڕەگەبازی سکاڵا لەسەر ڕێکخراوێک تۆماردەکات

ڕۆژی‌ دووشه‌ممه‌، 15ی‌ 2ی‌ 2021، عومه‌ر گوڵپی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، پاش سه‌ردانیكردنی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ داواكاری‌ گشتی له‌ سلێمانی‌‌و جوڵاندنی‌ سكاڵای‌ یاسایی له‌ دژی‌ ڕێكخراوێك‌و هاووڵاتیه‌كی‌ بێگانه‌ كه‌ دژی‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ڕه‌وشتییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ كاریان كردووه، قسه‌ی‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندن كرد‌. له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌یدا، عومه‌ر گوڵپی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ، ڕایگه‌یاند:" ئه‌مڕۆ سه‌ردانی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ داواكاریی‌ گشتیمان كردو له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاك حاكم مه‌هدی‌، سه‌رۆكی‌ فه‌رمانگه‌و مافناسانی‌ تری‌‌ فه‌رمانگه‌كه‌ گفتوگۆی‌ ئه‌رك‌و ڕۆڵی‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ داواكاری‌ گشتیمان كرد، به‌تایبه‌ت به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ كاری‌ فه‌رمانگه‌و مافناسه‌كانی‌ ده‌ڕوانین بۆ به‌رگریكردن له‌ مافی‌ گشتی‌‌و جه‌ختمان له‌سه‌ر زیادكردنی‌ ڕۆڵیان كرده‌وه‌ له‌ پاراستنی‌ مافه‌ گشتیه‌كان له‌ هه‌موو بوارێكدا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ گرنگ بوو ئه‌وه‌بوو كه‌ وه‌كچۆن جوڵاندنی‌ سكاڵا له‌ دژی‌ ئه‌وانه‌ی‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ ئه‌م وڵاته‌و قاچاخچێتی‌ ده‌كه‌ن‌و له‌ زه‌ویوزار ته‌جاوز ده‌كه‌نه‌ سه‌ر موڵكی‌ گشتی‌‌و سوته‌مه‌نی‌ خراپ به‌ سه‌ر خه‌ڵكدا ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ جوڵاندنی‌ سكاڵا له‌ دژی‌ ئه‌و كه‌س‌و لایه‌ن‌و گروپانه‌ی‌ كه‌ دژی‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و به‌ها ڕه‌وشتییه‌كان‌و ژیانی‌ خێزانی‌ كار ده‌كه‌ن گرنگه‌، و پێویسته‌ فه‌رمانگه‌و دادگاو دامه‌زراوه‌كان له‌م ڕوه‌وه‌ ڕۆڵی‌ خۆیان بگێڕن، چونكه‌ وه‌كچۆن كه‌سانێك چاویان بڕیوه‌ته‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ ئاوا كه‌سانێكیش چاویان بڕیوه‌ته‌ ڕه‌وشت‌و به‌ها باڵاكان‌و له‌ خشته‌بردنی‌ لاوان‌و گه‌نجانی‌ ئه‌م میلله‌ته‌و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ لێمان ده‌ده‌ن، هه‌ربۆیه‌ چاوه‌ڕوانی‌ زۆرمان له‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ داواكاری‌ گشتی‌ هه‌یه‌ له‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو دهۆك‌و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان‌و ڕاپه‌ڕین، تا به‌رگریی‌ له‌ شیرازه‌ی‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ن‌و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ئه‌م گه‌له‌ ڕووبه‌ڕووی‌ نه‌خۆشییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكرێته‌وه‌". هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتی‌:" له‌م بواره‌دا ئه‌مڕۆ ساكاڵای‌ یاساییمان له‌دژی‌ ڕێكخراوێك به‌ناوی‌ ڕێكخراوی‌ (ڕاسان) جوڵاند كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌ركی‌ خۆیان له‌ به‌رگریكردن له‌ ژنانه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ هاوڕه‌گه‌زبازی‌ و هاندانی‌ گه‌نجان‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاریی‌ له‌م بواره‌دا، هه‌روه‌ها سكاڵای‌ یاساییمان له‌ دژی‌ كه‌سێكی‌ نامۆو نه‌ناسراو جوڵاند كه‌ دوو ساڵه‌ به‌ ناوێكی‌ ساخته‌ له‌ كوردستان خۆی‌ ناساندووه‌و لێدوانی‌ پێچه‌وانه‌ به‌ بنه‌ماكانی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌دات، و چاوه‌ڕوانین له‌هه‌ردوو كه‌یسه‌كه‌دا دادگا به‌رگری‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ڕه‌وشتییه‌كانی‌ بكات". هه‌ر له‌باره‌ی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌وه‌، عومه‌ر گوڵپی‌ وتی‌:" به‌دواداچوونمان كردووه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان‌و، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ فێڵی‌ له‌ فه‌رمانگه‌كه‌ش كردووه‌، و لای‌ ئه‌وان‌ خۆی‌ وه‌ك ڕێكخراوێكی‌‌ به‌رگریكار‌ له‌ ژنان‌و مافه‌كانیان ناساندووه‌، به‌ڵام ئێسته‌ كارێكی‌ تر ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مانیشه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مجۆره‌ كه‌سانه‌ مۆڵه‌تیان لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌و هه‌ركه‌سیش هاوكاریانه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ سزا بكرێته‌وه‌". هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌ونووسییه‌دا ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ په‌رله‌مان ئاماژه‌ی‌ به‌ زۆربوونی‌ ئاماره‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌ كرد به‌ به‌راورد به‌ ئاماره‌كانی‌ هاوسه‌رگیریی‌ له‌ كوردستان، وتی‌:" ڕاسته‌ به‌شێك له‌ هۆكاری‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ خێزانه‌كان هۆكاری‌ هه‌ژاری‌‌و نه‌بوونیه‌، به‌ڵام به‌شێكیش بۆ كه‌مته‌رخه‌می‌ دامه‌زراوه‌كان‌و ئه‌و هێرشه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سان‌و ده‌زگای‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر به‌ها كۆمه‌لایه‌تییه‌كان‌و ژیانی‌ خێزانی به‌هۆی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌‌و سۆشیه‌ڵ میدیا، یاخود به‌هۆی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ی‌ كه‌ ده‌درێنه‌ شوێنه‌كانی‌ كات به‌سه‌ربردن كه‌ بۆ مه‌به‌ستێك ده‌درێت به‌ڵام بۆ مه‌به‌ستی‌ تر به‌كارده‌هێنرێت، بۆ نمونه‌: هێندێك یانه‌ی‌ شه‌وانه‌ به‌سه‌رپێچی‌ له‌ یاساكان‌ وه‌ك شوێنی‌ له‌شفرۆشی‌ كار ده‌كه‌ن، كافتریا كه‌ بۆ سه‌رو هه‌ژده‌ ساڵه‌، به‌ڵام هێندێك له‌ خاوه‌ن كافتریاكان به‌سه‌رپێچی‌ یاسایی‌ ڕێگه‌ به‌ منداڵانی‌ خوار هه‌ژده‌ ساڵ ده‌ده‌ن، یان شوێنه‌كانی‌ مه‌ساج له‌ هۆتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌ییه‌كان هێندێكیان وه‌ك شوێنی‌ له‌شفرۆشیش كار ده‌كه‌ن، یاخود كردنه‌وه‌ی‌ ده‌یان شوێنی‌ قومار له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یاسا، نمونه‌ی‌ تریش له‌م سه‌رپێچیانه‌ زۆرن كه‌ هانده‌رو یارمه‌تیده‌ری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ شیرازه‌ی‌ خێزانین‌و له‌ خشته‌بردنی‌ هاوسه‌رانی‌ گه‌نجن". هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌داو له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ ڕۆژنامه‌ونووساندا، عومه‌ر گوڵپی‌ وتی‌:" هاوڕه‌گه‌زبازی‌ دژه‌ به‌ بنه‌ماو شه‌ریعه‌تی‌ ئاینه‌ ئاسمانییه‌كان، دژه‌ به‌ هه‌موو ژیرییه‌كی‌ ته‌ندروست، دژه‌ به‌ هه‌موو سروشتێكی‌ ته‌ندروست‌و ساغ، و ئه‌وانه‌ی‌ لادانی‌ له‌مجۆره‌یان هه‌یه‌ ئه‌بێت بخرێنه‌ ژێر ڕێنمایی‌ چاره‌سازی‌ ته‌ندروستی‌‌و ده‌روونی‌‌و په‌روه‌ده‌ییه‌وه‌ تا ڕه‌فتاری‌ خواریان ڕاست بكرێته‌وه‌". له‌ كۆتاییدا عومه‌ر گوڵپی‌ وتی‌:" به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ هێندێك بواردا پێویستمان به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاساكان هه‌یه‌،   و ده‌بێت په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كان كار بكه‌ن بۆ پاراستنی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، ئه‌گه‌رچی‌ دزی‌ له‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ میلله‌ت ده‌بێته‌ هۆی‌ برسیكردنی‌ خه‌ڵك، به‌ڵام هه‌ركات سنوری‌ بۆ دانرا، ئه‌وه‌ستێنرێت و كۆتایی‌ پێ دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌وشت‌و به‌ها باڵاكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان‌و ژیانی‌ خێزانیمان دزرا ئه‌وسا به‌هیچ شتێك قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، كێشه‌كان دره‌نگتر چاره‌سه‌ر ده‌بن‌و تێچووی‌ زیاتریشیان هه‌یه‌، میلله‌تان به‌ ڕه‌وشت‌و به‌ها باڵاكانه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی‌ هه‌موو كه‌سێكه‌ ئاین‌و ئایدۆلۆجیاكه‌ی‌ هه‌رچی‌ بێت كه‌ پارێزه‌ری‌ به‌ها باڵاكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كان‌و ژیانی‌ خێزانی‌ كۆمه‌ڵگه‌و پاراستنی‌ هه‌رزه‌كاران‌و گه‌نجان بێت".

گشتی
15-02-2021

جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکرا

وەزیری تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، چەند تووشبوویەکی کۆرۆنای گۆڕاو لەنێو منداڵاندا لە عێراق دەستنیشانکران. د. حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "چەند تووشبوویەکی کۆرۆنای گۆڕاو لەنێو منداڵاندا دەستنیشانکراون" .  

هەواڵ
15-02-2021

پەیامی سەرکردەکان بۆ کۆچی دوایی د.رۆژ نووری شاوەیس

پەیامی سەرۆک بارزانی بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان  بەداخێكی زۆرەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی شوباتی 2021 پێشمەرگەی ماندوونەناس و تێكۆشەر و خەباتگێڕی نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد. دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس ئەو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە مەزنە بوو كە لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان، چ لە سەردەمی شاخ و چ لە قۆناغی سەروەریی یاسا و بەڕێوەبردن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و قۆناغی دەستوور و بنیاتنانی عێراقی تازە و كاری سیاسی و دیپلۆماسی و شەڕی تیرۆردا بەرگریكاری سەرسەختی بەها و ئامانجەكانی گەلی كوردستان بووە و، هەمیشە ئەرك و كارەكانی دڵسۆزانە و پێشمەرگانە و بە باشترین شێوە ئەنجام داوە. دكتۆر ڕۆژ تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و بەرگریكردن لە خاك و گەل تەرخان كرد و، لەو ڕێگەیەدا پێشمەرگەیەكی بوێر و بە وەفای ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو. كۆچی دوایی دكتۆر ڕۆژ بۆ هەموومان كۆستێكی گەورەیە و لەدەست دانی بۆ خەڵكی كوردستان و پارتی خەسارەتێكی گەورەیە. كوردستان سەركردە و كەڵەپیاو و شۆڕشگێڕێكی مەزنی لەدەست دا. منیش برا و هاوڕێی تەمەن و دۆستی نزیك و هاوسەنگەرێكی خۆشەویستم لەدەست دا. سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی نیشتیمانپەروەری دكتۆر ڕۆژ و سەركردایەتیی و كادیر و ئەندام لایەنگرانی پارتی و هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو دكتۆر ڕۆژ و شاری هەڵمەت و قوربانی و، هەموو خەڵكی كوردستان و ئازادیخوازانی عێراق و جیهان دەكەم. لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو دكتۆر ڕۆژ بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت. انا للە و انا الیه راجعون مەسعود بارزانی 15ـی شوباتی 2021  پەیامی نێچیرڤان بارزانی هەواڵی كۆچی دوایيی پێشمەرگەی فەرماندە و سیاسەتكاری ناوداری كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسيی پارتی دیموكراتی كوردستان د. ڕۆژ نووری شاوەیس، زۆر خەمناك و دڵتەنگی كردین. بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و هەموو گەلی كوردستان دەكەم، هاوخەمی هەر هەمووتانم.د. ڕۆژ وەك پێشمەرگە، فەرماندەیيی چەندین داستان و سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگەی كردووه‌. پێشمەرگەیەكی ئازای ئەوتۆ بوو، هەموو هاوسەنگەرێكی، شایەتی بۆ ئازایەتی و پێشڕەوییەكەی ده‌ده‌ن. وەك سیاسەتكار كەسێكی پشوودرێژ و دانوستاندكارێكی زۆر سەركەوتوو بوو، هەمیشە بەبێ دەستهەڵگرتن لە مافەكانی گەلی كوردستان، ڕێگەیەكی سازان و ڕێككەوتنی دەدۆزیەوە. له‌به‌ر لێزانی و سەركەوتوویی لە كاردا، جێگەی ڕێزێكی تایبەتى جەماوەر و سەركردایەتيی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو.وەك سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان لە كوردستان، ڕۆڵێكی بەرچاوی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و دەركردنی یاسای زۆر باش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبووە. لەسەر ئاستی عێراق وەك جێگری سەرۆك وەزیران ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستاندا هەبوو. لە هەموو قۆناغ و پێگەكانیدا بە ڕاستی و بە كردەوە، نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینەی خۆی دەنواند.كاتێك د. ڕۆژ بووە سەرۆكی كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شانازيی ئەوەم هەبوو وەك جێگری به‌ڕێزيان لە حكوومه‌ت كار بكەم و لە ئەزموون و شارەزاییەكەی فێر ببم، هەروەك چۆن خۆی و نەوەی زێڕینی سەركردایەتيی پارتی، دوای كۆچی دوایيی باوكم، زۆریان فێر كردم و زۆریش پشتیوانم بوون. د. ڕۆژ وەك یەكێك لەو نەوە زێڕینەی پارتی كه‌ جێگەی ڕێزێكی زۆر تایبەتن، له‌ ڕۆژگارى زۆر سه‌خت و ته‌نگانه‌دا هەر زوو ئاڵای خەباتیان بەرز كردەوە و بە دڵگەرمییەكی زیاترەوە درێژەیان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی نیشتمانيی كوردستان دا.د. ڕۆژ نووری شاوەیس كە لەدایك وباوكییەوە ڕۆڵەی بنەماڵەیەكی ناودار و ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕی سلێمانی بوو. كەسێكی زۆر بە توانا بوو، هەموو توانا و گەنجييه‌تيی خۆی بەخشییە گەلەكەی. لەدەستدانی، زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان، بۆیەش پرسه‌كه‌ى، پرسەی هەموو گەلی كوردستانە. د. ڕۆژ بە تێكۆشانی سەخت و دڵسۆزانەی بۆ نەتەوەكەی و هەموو گەلی كوردستان، ناوی خۆی بۆ هەمیشەیی لە مێژووی كوردستاندا نەخشاند.خوای مه‌زن گيانى شاد بكات و دڵنەوایی بە بنەماڵە و كەسوكار و هەڤاڵانى و هه‌موو گەلی كوردستان ببەخشێت. پەیامی مەسرور بارزانی بە خەمگینی و ماتەمینیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتکار و پێشمەرگەی ئازا و فەرماندەی بە توانا و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، (د. ڕۆژ نووری شاوەیس) لە ناخەوە زۆر خەمباری کردم. د.ڕۆژ و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی ، ڕۆڵێکی دیار و گرنگییان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەیە و بە کۆچی دوایی د.ڕۆژیش، گەلی کوردستان تێکۆشەرێکی گەورە و سیاسەتکارێکی بە ئەزموونی لە دەستدا کە لە هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گرنگانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیبووە ، هەمیشە داکۆکیکارێکی بەهێزی مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو و نموونەی وەفاداری بوو.   بەم بۆنە خەمناکەوە ، پرسە و سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە خۆمان و بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری خوالێخۆشبوو  د. ڕۆژ دەکەم . خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامیی و دڵنەواییش بە هەموومان ببەخشێت. خەبات و تێکۆشانی د.ڕۆژ، هەمیشە لە یادماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە . مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2021/2/15 بەرێز/ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی بەڕێز (د. ڕۆژ نوری شاوەیس) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی – یمان پێگەیشت. د. نوری ڕۆژ شاوەیس تێكۆشەر و سیاسەتمەدارێكی بەئەزموون بوو، بەشی زۆری تەمەنی لە خەبات و تێكۆشان و خزمەتكردن لە بواری سیاسی ‌و راپەراندنی ئەركی حكومەت دا بەسەربرد. بەداخەوەین بۆ لەدەستدانی. پرسە و سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و تەواوی ئەندامانی خانەوادەی (نوری شاوەیس) دەكەین. خۆمان بەهاوبەشی خەمیان دەزانین. لە یەزدانی مەزن داواكارین دواناخۆشیتان بێت. انا لله وانا الیه راجعون مەكتەبی سیاسی یەكێتییی نیشتمانیی كوردستان 15/2/2021 پەیامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێز/ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بابەت/ پرسەنامە بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی بەڕێز (د. رۆژ نووری شاوەیس) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی – یمان پێگەیشت. د. رۆژ نووری شاوەیس تێكۆشەر و سیاسەتمەدارێكی بە ئەزموون بوو، بەشی زۆری تەمەنی لە خەبات و تێكۆشان و خزمەتكردن لە بواری سیاسی ‌و راپەراندنی ئەركی حكومەت دا بەسەربرد. بەداخەوەین بۆ لەدەستدانی. پرسە و سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و تەواوی ئەندامانی خانەوادەی (نووری شاوەیس) دەكەین. خۆمان بەهاوبەشی خەمیان دەزانین. لە یەزدانی مەزن داواكارین دواناخۆشیتان بێت. انا لله وانا الیه راجعون مەكتەبی سیاسی یەكێتییی نیشتمانیی كوردستان 15/2/2021

هەواڵ
15-02-2021

د.رۆژ نووری شاوەیس کۆچی دوایی کرد

د. رۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی کابینەی سێیەمی حکومەتی هەرێم، لەتەمەنی 74 ساڵی و بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.

هەواڵ
14-02-2021

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیاریکرا

دوای ئەوەی ئومێد خۆشناو بووە پارێزگاری ھەولێر، پارتی کەسێکی بۆ شوێنەکەی دیاریکرد. بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، زانا مەلا خالید، لەلایەن سەرکردایەتیی پارتییەوە ھەڵبژێردراوە و کراوە بە سەرۆکی فراکسیۆن. زانا مەلا خالید

بیروڕا
14-02-2021

عێراق بەرەو کوێ دەچێت

واپێده‌نێینه‌ نێو هه‌ژده‌ ساڵه‌ی ته‌مه‌نی عێراقی نوێوه‌، ئه‌و عێراقه‌ی پێكهاته‌كانی ئومێدیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵچنی بوو كه‌ دوای كه‌وتنی په‌یكه‌ری دیكتاتۆره‌كه‌ وڵاتێك بێت ئیدی بۆ ژیان ده‌ستبدات، به‌ڵام نه‌ك نه‌بووه‌ عێراقی هیوا و ئاشتی وه‌ك ئیدیعایان بۆی ده‌كرد، بگره‌ ئه‌م هه‌ژده‌ ساڵه‌، ساڵ له‌دوای ساڵ خراپتر بووه‌ و داهاتووەكەیشی نه‌ك نادیاره‌، به‌ڵكو زۆر روونه‌ كه‌ به‌ره‌و وێرانبوونی زیاتر ده‌ڕوات.  ساڵ له‌دوای ساڵ وێرانبوونی زیاتر    ناوچه‌ی سوننه‌نشینه‌كان وه‌ك تۆڵه‌ له‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌ تیرۆر ده‌ستیانپێكرد، ئه‌وه‌ش بووه‌ ‌ده‌ستپێكی هه‌موو ئه‌و كاولكارییانه‌ی له‌و هه‌ژده‌ ساڵەدا‌ به‌سه‌ریان هات. شیعه‌كانیش به‌ تیرۆر و تۆقاندنی كریستیان و سوننه‌كانه‌وه‌ هاتنه‌ مه‌یدان، سه‌ره‌تا له ‌ناوچه‌كانی خۆیانه‌وه‌ ده‌ستیانپێكرد و به ‌ده‌یان هه‌زار كه‌سیان له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌ركرد، ‌هه‌زارانیان بێسه‌روشوێنكردن تاوەکو ناوچه‌ شیعییه‌كانیان له‌ مه‌سیحی و سوننه‌ پاككرده‌وه‌. دواتر له‌ به‌غدا و پاشان ئه‌م پاكتاوه‌یان گواسته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی دیکەی عێراق، داعش و حه‌شد و ئاواره ‌و ده‌ربه‌ده‌ربوونی ملیۆنان كه‌س له‌ناو عێراق و بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی بوو.  له‌ رووی ئاوه‌دانكردنه‌وه ‌و بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی دوای جه‌نگ و گه‌مارۆی ئابووری، نه‌ك ئاوه‌دان نه‌كرایه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و بینا، باڵه‌خانه‌ و كارگه‌ و كارخانانه‌ی به‌رگه‌ی جه‌نگ و كاولكاریی پێشتریان گرتبوو، مابوونه‌وه‌، ئه‌وانیش به‌شێكیان له‌لایه‌ن حیزب و ده‌سه‌ڵاتدارانییانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرا و ئه‌وه‌ی دیکەیشیان ساڵ له‌دوای ساڵ به‌ره‌و وێرانبوون چوون. عێراقی دوای گه‌مارۆی ئابووری كه‌ سنووره‌كان و بازاڕه‌كانی جیهان به‌ روویدا كرایه‌وه ‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرا وه‌ك بازاڕێكی نوێی كار و وه‌به‌رهێنان ببێته‌ خاڵی راكێشانی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌وه‌ و خستنه‌گه‌ڕی سه‌رمایه‌ی ناوخۆیی و به‌هۆیە‌وه‌ هه‌لی كار و ده‌رفه‌تی ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌ بۆ عێراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ربێت كه‌ قه‌ره‌بووی نه‌بوونی و گرانیی رابردوویان بۆ بكاته‌وه‌، كه‌چی ساڵ له‌دوای ساڵ رێژه‌ی بێكاریی و هه‌ژاریی له‌ وڵاته‌كه‌ زیاتر ده‌بێت و ئێستا گه‌یشتووەته‌ ئاستێك خه‌ریكه‌ بڕستی ژیان له‌ به‌شی زۆری دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌بڕێت. ژمارەی بێوەژن و هەتیوەکان لە سەدان هەزارەوە بوونە ملیۆنان    ئه‌و وڵاته‌ی به‌هۆی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران و شه‌ڕی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ كورد و جه‌نگی دوای داگیركردنی كوێت و تاوەکو جه‌نگی رووخانی سه‌دام، به‌ سه‌تان هه‌زار بێوه‌ژن و منداڵی بێ دایكوباوك به‌رهه‌مه‌كه‌ی بوو، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی كه‌ ده‌یان سه‌نته‌ر و خانه‌ی تایبه‌ت به‌ به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردنی مناڵانی بێلانه‌ بكرێته‌وه‌ و ژیانێكی شایسته‌ بۆ قوربانیانی جه‌نگ دابین بكرێت. رێژه‌ی بێوه‌ژنیان له‌ سه‌تان هه‌زاره‌وه‌ گه‌یانده‌ ملیۆنان و ژماره‌ی مناڵی هه‌تیوو و بێ دایكوباوك تا دێت به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌.  ململانێی مه‌زهه‌بی گه‌یشتووەته‌ ئاستێك هه‌زاران هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرا و پسپۆڕی زانستی ته‌نیا له‌سه‌ر ناوه‌كانیان كوژراون، باشترین دكتۆری نه‌خۆشخانه‌كان و باشترین ئه‌ندازیار و مامۆستایانی زانكۆ و كه‌سه‌ ئه‌كادیمییه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ مشاری كاره‌بایی ده‌ست و قاچیان بڕایه‌وه ‌و به‌ ئازاره‌وه‌ كوشتیانیان. زیندانه‌كانیش پڕكراون له‌ گه‌نجانی تازه‌ پێگه‌یشتوو، له‌ مێردمناڵ. گه‌نده‌ڵی و دزینی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات له‌ راپۆرته‌كانی ده‌زگا چاودێرییه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان و ناوه‌نده‌كانی جیهان، ساڵ له‌ دوای ساڵ به‌ره‌و ئاستی باڵاتر هه‌ڵده‌كشێ‌ و ژماره‌ی ئه‌و ملیاره‌ها دۆلارانه‌ی دیار نامێنن به‌رده‌وام له‌ زیادبووندان. كار گه‌یشتووەته‌ ئه‌وه‌ی پۆسته‌ گرنگ و باڵاكان به‌ بڕی پاره‌ی ئێجگار زۆر ده‌كڕدرێن، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی په‌یداكردنه‌وه‌ی پاره‌ن. ته‌نانه‌ت له‌ ده‌رچوواندنی یاساكان و بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانیشدا كڕین و فرۆشتن به‌ ده‌نگ و به‌ په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ده‌كرێن. ئەوەی جێماوە له‌ ئاسه‌واری وڵاتێك ده‌چێت رووبه‌ڕووی جه‌نگی ئه‌تۆمی بووبێته‌وە    به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سیمای وڵاته‌كه‌ له‌ڕووی پاكوخاوێنی و خزمه‌تگوزاریی رێگەوبان و قوتابخانه ‌و نه‌خۆشخانه‌ و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌با و پارك و جوانكاریی شاره‌كان، هه‌ر له‌ ئاسه‌واری وڵاتێك ده‌چێت رووبه‌ڕووی جه‌نگی ئه‌تۆمی بووبێته‌وه‌. ئێستا عێراق بووه‌ته‌ سه‌ربازگه‌یه‌ك و خه‌ڵكه‌كه‌شی كۆمه‌ڵگەیه‌كی چه‌كدار.  "جۆرێکی نوێی ململانێ لەنێو ماڵی شیعە سەریهەڵداوە"    پرسیار ئه‌وه‌یه‌ عێراق به‌و حاڵه‌وه‌ به‌ره‌و كوێ‌ ده‌چێت؟ به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا جۆرێكی دیکەی ململانێ‌ له ‌ناوه‌نده‌ به‌هێزه‌كانی ناو ماڵی شیعی سه‌ری هه‌ڵداوه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی هه‌ردوو ناوه‌نده‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن. ئه‌وه‌شی خه‌ریكه‌ جڵه‌وی هێزی ئه‌م ململانێیه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست موقته‌دا سه‌در‌، عێراقێك به‌و حاڵه‌وه ‌و داهاتووەكه‌یشی بكه‌وێته‌ ده‌ستی موقه‌ته‌داوه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چی لێبكرێت؟ له‌ خۆپێشاندانه‌كانی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیكه‌ی هه‌شت سه‌ت كه‌س كوژراون، له‌كاتێكدا ئه‌وان بۆ داواكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ و ژیان هاتبوونه‌ سه‌ر شه‌قام. هه‌موو ئه‌و كوشتنانه‌ به‌ده‌ستی ئه‌و گرووپانه‌ن كه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و دونیایی ده‌كه‌ن. هه‌موو ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا و ده‌زگا دادوه‌رییه‌كان و په‌رله‌مانیش ده‌زانن بكوژه‌كان كێن و كه‌سیش جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نییه‌ ته‌نیا به‌ ئاماژه‌یه‌كیش ناویان ببات. ته‌نانه‌ت ئێستا ئه‌گه‌ر هه‌ر سیاسییه‌ك چاودێرێك ئه‌گه‌ر میدیاكارێكیش ره‌خنه‌ له‌ موقته‌دا بگرێت، یان ده‌یكوژن یان ماڵه‌كه‌ی ده‌سووتێنن.  ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن موقته‌دا له‌لایه‌ك ده‌یه‌وێت‌ دوای سیستانی ببێته‌ مه‌رجه‌ع و ده‌شیه‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتوو ده‌سه‌ڵاتی بكه‌وێته‌ ده‌ست. هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش بۆ موجامه‌له‌ و له‌ ترسی كاردانه‌وه‌ی ئه‌و لێشاوه‌ له‌ خه‌ڵك كه‌ به‌ده‌ستی موقته‌داوه‌ن، به‌جۆرێك هه‌مواركرایه‌وه‌ كه‌ نه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی دیموكراسیدایه ‌و نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك و داهاتووی دامه‌زراوه‌ دیموكراسی و ده‌ستورییه‌كان، به‌ڵكو له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی موقته‌دایه‌ كه‌ داهاتووی عێراقی بخرێته‌ ده‌ست. وه‌ك چۆن هاتنی خومه‌ینی بۆ ئێران بووه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ ئێران و ته‌نانه‌ت بۆ ناوچه‌كه‌ش، ئه‌و زه‌مینانه‌ی له‌ ئێستاوه‌ بۆ موقته‌دا خۆشده‌كرێن هاوشێوه‌ی هاتنی خومه‌ینی ده‌بێته‌ خاڵی ده‌ستپێك بۆ گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌، به‌ڵام بۆ ژیانێكی باش و سه‌قامگیریی نا، به‌ڵكو بۆ ماڵوێرانیی زیاتر بۆ عێراقییه‌كان و ململانێ‌ و ناكۆكیی زیاتر بۆ ده‌وروبه‌ر كه‌ گومان ده‌كرێت ئینگلیز داڕێژه‌ری نه‌خشه‌كه‌ی بێت. كورد ده‌كه‌وێته‌ كوێی ئه‌و هاوكێشانه‌وه‌، چی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی داهاتووی له‌ رابردووكه‌ی خراپتر نه‌بێت؟ ئه‌مه‌یان پێویستی به‌ له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ و ده‌بێت چاو ببڕینه‌ هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی حیزب و سه‌ركرده‌كان. عارف قوربانی

هەواڵ
14-02-2021

لە سلێمانی کەسێک بە تۆمەتی رفاندنی دوو ژن دەستگیرکرا

تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کەبەزەبری چەک دوو ژنی فڕاندبوو ، لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕینەوە تۆمەتبارێک لە گەڕەکی قولەڕەیسی شاری سلێمانی دەستگیرکرا کەچوبوە سەر ماڵێک و بەزەبری چەک دوو ژنی فڕاندبوو. دوای ئەوەی دایکێک سکاڵای تۆمارکرد لە بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین کە کەسێک هاتۆتە سەر ماڵەکەی،  بەزەبری چەک دوو کچەکەی فڕاندوە ، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردو دوای گەڕان و پشکنین توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت. لە ئێستادا تۆمەتبار (پ. ع. ا) بە بڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە ، لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا دەستگیراوە بەسەر چەکێکی جۆری کڵانشیکۆف و ئۆتۆمبێلەکەیدا.

هەواڵ
14-02-2021

چەند فەرمانگەیەکی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد

ژمارەیەک فەرمانگە و دائیرە لە سلێمانی، بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بایکۆتی دەوامیان کرد. فەرمانگەی پاسەپۆرت، نشینگە، رەگەزنامە، کارتی زانیاریی و بەنداوەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیاری بایکۆتکردنیان دا و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن مووچەکانیان بۆ بنێرن. چوار مانگە بەغدا مووچە فەرمانگە و دائیرەکانی هەرێمی کوردستان ( ئەوانەی سەر بە حکومەتی بەغدان ) نەناردووە.

1 2 ... 878 879 880 ... 1149 1150