لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا چوونی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ ناوچە گەشتیاریەکان قەدەغەکرا.فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا کاتژمێر 12:00ی شەو تا 5:00ی بەیانی ڕێگە بە هاتوچۆکردنی بارهەڵگر دەدرێت، هەروەها ڕێگە بە ماتۆڕسکیلی دوو تایە و سێ تایەش نادرێ بچنە سەیرانگاکان.
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوای لێکۆڵینەوە و چاودێرییەکی چڕ و بەدەستهێنانی زانیاری، لە بۆسەیەکدا سێ کەسیان بە تۆمەتی ڕفاندنی هاووڵاتییەک به ناوی (ا.ھ.ز) دەستگیر کرد، کە لە بەرامبەر ئازادکردنیدا، داوای زیاتر لە (8 هەزار دۆلار)یان کردبوو.تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی (ف.م.ر) و (ز.م.ر) و (م.د.ز)، کە لە شوێنێک چاوەڕێی وەرگرتنی بڕەپارەکە بوون، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە قۆڵبەست کران و درانە دادگا.ڕفێندراوەکەش دوای ئازادکردنی، ڕادەستی خانەوادەکەی کرایەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، تکا لە هاووڵاتیان دەکات دەمامکانیان ببەستن و رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێ بکەن. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر نووسیویەتی"ژمارهی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دووباره لە بەرزبوونەوەدایە". ڕاشیگەیاندووە"پێویستە هەموومان بهیهكهوه کار بکەین بۆ ئەوەی بهرهنگاریی جۆری نوێی ڤایرۆسهكه ببینهوه". مەسرور بارزانی داواش لە هاووڵاتیان دەکات کە خۆیان و خۆشەویستانیان بپارێزن و نووسیویەتیشی" تكایه دەمامکەکانتان ببهستن و ڕێنماییه تهندروستییهكان پەیڕەو بکەن".
رائید هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: "لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تاوەکو 3:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ گوێبیستی چەند دەنگێکی گەورە دەبن''. وتەبێژی پۆلیس وتی: ''ھێزەکانی ھاوپەیمانان چەند تەقەمەنیەکی ماوە بەسەرچووی سەربازیی لەناو دەبەن، بۆیە تکا دەکەین تووشی ھیچ دڵەڕاوکێیەک نەبن''.
لەناو یەكێك لە مۆڵەكاندا بینیم، پاڵ بە عەرەبانەی منداڵە ساواكەیەوە دەنێت، كچێكی شەشحەوت ساڵی لە تەنیشتیدایە. لە یەكێك لە بازاڕەكانی مۆڵەكە دێنە دەرێ و منیش لەو كاتەدا دەچمە ژوور. سەرم بەسەر مۆبایلەكەمەوە بوو. خۆم لە عارەبانەكە دا. بەپەلە سەرم بەرز كردەوە و داوای لێبوردنم كرد. بە ساردییەكەوە وەڵامی دایەوە. لەو نیو چركەیەدا كە ڕووم دەكەوێتە بەرانبەر ڕووی ئەو و چاومان لە ئاستی یەكدایە، دەبوو كۆتایی پێ بێت و بڕۆمە ژوورەوە. دوای ئەوەی سەری لا برد، شتێك بەبێ ئەوەی بزانێ چییە، ناچاری كرد دیسان سەر بەرز بكاتەوە و ئەم جارە لێم ورد ببێتەوە. خورپەیەك بە دڵی منیشدا هات. هەمان ئەو هێزەی لێ دروست كردم و ڕووم بۆ سووڕان. بە وردی سەیری یەک دەكەین و دەمانەوێت شتێك بڵێین. ئێ چی بڵێین؟ نە من دەزانم، نە ئەو. هەریەكەمان ڕێی خۆمان گرت. لە ماوەی سێ هەنگاودا، تا گەیشتمە سەر یەكەم ڕیزە پانتۆڵ، هەرچی لاپەڕەی یادگەی خۆمە هەڵدایەوە، داخۆ ئەو ژنە دەناسم، بەشێكە لە ڕۆژانێكی ژیانم؟ لەو كاتەدا زەكەریا دەمی بە بڵندگۆی بازاڕەكەوە ناوە و هاوار دەكات: "هەر یادت ماوە، یادت ژیانە، لە یادنامەی تۆ…" بیرم نەبوو بیر بكەمەوە، ئەوە چۆنە گۆرانییەكی ناخۆشی توركی لەسەر نییە، چۆنە سەریان لێ شێواوە و ئەم گۆرانییە كوردییەی دەخەنە سەر؟ لاپەڕەكانی هەڵیان دەدەمەوە، ئەوەشیان بیر بردمەوە، هاتووم كڵاوێك و تیشێرتێك بكڕم، سبەی دەچین بۆ سەیران! هێشوو..!! بەڵێ هێشوو، خۆیەتی! نەخێر نابێت ئەو بێت، ئەی ئەو دوو منداڵەی بۆ پێ بوو؟ گاڵتەیەك بە خۆم دەكەم، بۆ پێی نەبێت، دواجار كە بینیومە، پێش 10 ساڵ بوو. ئەو ڕۆژەی پێیم گوت، دەمەوێت شتێكی گرینگت پێ بڵێم، پێش ئەوەی هیچ بڵێم، لەبەر ڕێزی بۆ شكۆی من و نەدۆڕانی هیچ وشەیەك، پێی گوتم: ئەم پێنجشەممەیە دەگوازرێمەوە. بیر دەكەمەوە، بۆچی یەكسەر نەمناسییەوە، چی لە ڕووخساری گۆڕاوە؟ ڕەنگە تاكە گۆڕانكاری ئەو منداڵانە بێت. هەرگیز چاوەڕێم نەكردووە، هێشوو بە دوو منداڵەوە بیبینم! نەخێر، لەوانەیە بەهۆی ئەو سەرپۆشە توندوتۆڵەی سەری بێت. پێشتر لەچكی نەدەكرد، لەو كچانەش نەبوو كە چاوەڕێ بكەم ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێتە سەرپۆش! خەیاڵ بردمییەوە بۆ ئەو ڕۆژەی دەمویست پێی بڵێم خۆشم دەوێی و ڕێگەی لێ گرتم. نەیهێشت بۆ یەك ساتیش ئەو وشەیە نائومێدم بكات. ئایا مانای ئەوە ناگەیەنێت، ئەو لە لووتكەی خۆشەویستیدا بووە بۆم؟ بەڵام چ خۆشەویستییەك و چ لووتكەیەك؟ پێش ئەو چەند ڕۆژەی هاتن بۆ ماڵمان و جارێكی دیكە سەرسامی بووبوومەوە، 10 ساڵ بوو نەمدیبوو. لە پۆلی سێی سەرەتایی بووم، ماڵیان هاتە گەڕەكی ئێمە و لە قوتابخانەش لە یەك پۆلدا بووین. عەجوول و هاروهاج بوو، بەپێچەوانەی منەوە. لە منداڵییەوە كچی عەجوول سەرنجم ڕادەكێشن. ئەو لە هەموویان زیاتر. بەهۆی ئەم كزی و شەرمنییەمەوە، هیچ ئومێدێك نەبوو، كچێكی ئاوا كە مانشێتی سەرەكیی گفتوگۆی كوڕانی پۆل و ئێرەیی یەكەمی كچان بوو، ببێتە هاوڕێم. شەوێكیان لە بەردەرگە یاریم دەكرد، هاتمەوە، دەبینم میوانمان هەیە. هێشو و دایك و باوكی هاتبوون. باوكی هاوڕێی نزیكی باوكم بوو. ئەمە گەورەترین و زێڕینترین هەلی ژیانم بوو، تا لێی نزیك ببمەوە. هەر نزیك نەبوومەوە. ئەو هات و قسەی لەگەڵ كردم: تۆش ڕقت لە مامۆستا ئەحمەدە؟ پێكەنیم: بەڵێ، زۆر تووڕەیە، ئەگەر شتێك نەزانیت، قەڵەم دەخاتە نێوان پەنجەكانتەوە. هەلەكەم قۆستەوە و هەموو ئەو زانیارییانەی لەسەر مامۆستا و قوتابییەكان هەمبوو، پێیم دەگوت. لە دۆخێكی زۆر چێژبەخشدا بووم، چونكە بە هەموو هۆشیارییەكەوە گوێی بۆ هەڵخستبووم و چاوەڕێی یەك بە یەكی وشەكانم بوو. جارجار هەوڵم دەدا قسەیەك بكەم، بكەوێتە پێكەنین. لە باسی كوڕەكانی پۆلیشدا درۆم دەكرد، تا سەرنجی بۆ كەسیان ڕانەكێشێت. ئەمەیان چڵمنە، ئەمەی تریان شەڕانییە، ئەوەی دیكە لە خوشكەكەی دەدا، قژبژەكەش خەتخەتێنی كچان تێك دەدا. ئیدی بووم بە ئەستێرەی پۆل. پێشتر كەس لە تەنیشتم دانەدەنیشت، هیچ هاوڕێیەكم نەبوو، جارجار گاڵتەشیان پێ دەكردم و توانای وەڵامدانەوەم نەبوو. ئەو شوێنی خۆی گۆڕی و هاتە تەنیش منەوە دانیشت. ڕێك لە ڕەحلەی ڕیزی دووەم. ئەو لای پەنجەرەكەوە بوو. كاتێك خەیاڵ دەیبردەوە و ڕووی لە پەنجەرە دەكرد و سەیری قوتابییەكانی دەكرد كە لە دەرەوە یاری دەكەن، سەرنجی سەرنجەكانیم دەدا و لە قژە خاوە درێژەكەی ورد دەبوومەوە. دوو ساڵمان ئاوا بەڕێ كرد. ماڵمان لەوێ نەما و ئیدی هێشووم نەدییەوە. دوای 10 ساڵ، من لە قۆناغی دووی زانكۆ بووم، لەگەڵ ماڵی باوكی هاتن بۆ ماڵمان. سێ شەو لە ماڵی ئێمە مانەوە. ئەو خوێندنی تەواو نەكرد، ئەوەم زۆر پێ سەیر بوو. زیرەكترین قوتابیی پۆل بوو، منیش لە تەنبەڵەكان بووم. ئەوەی وای كرد من خوێندن تەواو بكەم، بۆ ئەو دوو ساڵە دەگەڕێتەوە كە پێكەوە بووین. بۆ ئەوەی سەرنجی ڕابكێشم، هەموو شتێكم دەكرد، هەر ئەمەیش وای كرد سەعی بكەم و لە قوتابییەكی گەلحۆوە ببمە قوتابییەكی نیمچە زیرەك و هەموو قۆناغەكان ببڕم. پێم گوت بۆ خوێندنی تەواو نەكردووە، وەڵامی نەدامەوە. لە دوای ئەو 10 ساڵە، 10 ساڵ ڕۆیشتووە كە ئێستە لەم مۆڵە دەیبینمەوە و دوو منداڵی پێیە. هەموو ئەم بیركردنەوانەم، چەند ساتێكی كەمی خایاند. ئاوڕم دایەوە، دەبینم نەڕۆیشتووە، ئەویش هەر وا ورد دەبێتەوە. كاتێك سەیرم كرد، یەكسەر پێكەنی. ئێستەش هەر ئەو هەنگاوی نا، پێش ئەوەی لێم نزیك ببێتەوە: بە جووڵانی دەم، بەبێ دەنگ و شیوەی پرسیار گوتی: ئاری؟ بە سەرلەقاندن وەڵامیم دایەوە. سڵاو، چۆنی هێشوو خان؟(بە پێكەنینەوە، هەمان پێكەنینەكەی پێش بیست ساڵ و پێش دە ساڵ، هیچ نەگۆڕابوو): ئەم خانە لە كوێوە فێر بوویت؟پێم نەگوت بۆ ژنم نەهێناوە، ئەویش نەیپرسی. هیچ پرسیارێكم لەسەر مێردەكەی نەكرد، ئەویش خۆی بەلای ئەو قسانەدا نەبرد. كەمێك لەسەر منداڵەكانی دوا. منداڵی ناو عارەبانەكە ناوی "ئاری" بوو. خواحافیزیمان كرد. نە تەلەفۆنیم وەرگرت، نە ئەكاونتی فەیسبووكەكەی. بەو هیوایەی 10 ساڵی دیكە بیبینمەوە. كوردۆ شابان
ئەوە بۆ چەندەمین جارە جەماعەتێک قسەیەکی سەر بەرگی گۆڤاری "کل العرب" دەکەن بە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر د.قاسملوو و حیزبی دیموکرات لە پێوەندی لە گەڵ بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجە. من ئەمڕۆ بەم کۆمێنتەوڵامی ئەو چەواشەکارییەم داوەتەوە: "ئەم قەوانە کە ناو بە ناو هێندێک کەس لێی دەدەنەوە، لە بێ ئاگایی و گەڕان بە دوای ڕاستیدا نیە. مەبەستی سەرەکی ناشیرینکردنی ناوبانگی د.قاسملوو و حیزبی دیموکرات و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتە. ئاشکرایە قسەی سەر بەرگی ئەم گۆڤارە هی د.قاسملوو نیە و گۆڤارەکە بە ئەنقەست و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر، ئەم تیترەی داناوە. ئەگینا دەقی وتووێژەکە لە لاپەڕەکانی ناوەوەی ئەم گۆڤارەدا هەیە و ئەم قسەیەی سەربەرگی گۆڤارەکەی تێدانیە. بە پێچەوانەوە د.قاسملوو لە وتووێژەکەدا، دەڵێ هەم عێراق هەم ئێران، چەکی کیمیاوییان بە کار هێناوە. هەر وەها دەڵێ ئێران لە دژی ئێمە(حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) چەکی کیمیایی بە کار هێناوە. ئێوە ئەگەر هەر مەبەستتان بەدناوکردن و بڵاوکردنەوەی بوختان نیە، فەرموون دەقی وتووێژەکە بڵاو بکەنەوە. د.قاسملوو لە وتووێژێک لە گەڵ هەژیر تەیمووریان کە لە ڕادیۆی بی بی سی(بەشی فارسی) بڵاو بۆوە، نەک هەر حاشا لەوە ناکا کە عێراق لە هەڵەبجە چەکی کیمیایی بە کار هێناوە، بەڵکوو بە ڕاشکاوی باسی دەکا. هەر د.قاسملووش بوو کە دەقێکی دابە کۆنگرەی ئەنترناسیۆناڵ بۆ پەسندکردن کە کوشتاری کورد بە هۆی چەکی کوشتاری بە کۆمەڵ مەحکووم بکا.ئەو دعایەش کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڵە بۆمبارانی هەڵەبجە تاوانبارە، ئەوەندە بێ بنەما و بێ بەڵگە و قین لەزگانەیە، کە هەر لە درۆکانی بەکرێگیراوانی دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوەشێتەوە.خۆزگە هێزە کوردییەکانی هەموو بەشەکان لە پێوەندییان لە گەڵ ڕێژیمە دژە کوردەکانی ناوچە، وەک حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، پەرێزیان خاوێن و سەریان بەرز بوایە. ئێوە ئەگەر هەر نیازتان دوژمنایەتیی قاسملوو و حیزبی دیموکراتە، بڕۆن لە جیاتی ئەم درۆ شاخدارانە، شتی بە بەڵگە بڵاو بکەنەوە، با کەسانی ئاگادار لە ڕووداوەکان، گاڵتەیان بە چەواشەکارییەکانتان نەیە." قادر وریا - ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی حیزبی دیموکرات
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڤێسا هاککینن باڵیۆزی فینلاند لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی فینلەندا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021 تاووتوێ کرا.باڵیۆزی فینلاند، وێراى دووپاتکردنەوى سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنى داعش، بەردەوامیى پشتیوانیی فینلەنداشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە .سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتیوانیی فینلەندای لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، زیاتر گەشە بسەنێت و فراوانتر ببێت، بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا .هەڵبژادنەکانی داهاتووی عێراق و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە دەڤەرەکە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
دوای ئەوەی دەنگۆی دەستگیرکردنی هەڵکەوت زاهیر، ئاوازدانەری کورد بڵاوکرایەوە، بەڕێوبەری گشتی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “ئێمە سکاڵامان لەسەر تۆمار نەکردووە و ئاگەدار نین”. پۆلیسی هەولێریش دەستگیرکردنی ناوبراو ڕەت دەکاتەوە.
وەزیری تەندروستی لە بڵاوکراوەیەکدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و ماسک ببەستن. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان یڕایگەیاند، ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. دەقی پەیامەکەی وەزیری تەندروستی: زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا خێرا بڵاودەبێتەوە، زۆرترین ژمارە و ڕێژەی تووشبوون 7.8% تومارکراوە و لە ڕۆژانی داهاتوو پێشبینی زیاتریش دەکرێت. بە پێی پێوەرەکان، ڕێژەی گواستەوەی ڤایرۆس لە هەر تووشبووێک زیاتر لە کەسێکی دیکە تووش دەکات و ژمارەی پڕبوونی قەرەوێلەکان لە نەخۆشخانەکان زۆر زیاتر بووە ئەمەش گواستنەوەی بەبڵاوی نێو کۆمەڵگا دەگەیەنێت، تکایە پاڵپشتی ڕێکارەکان بن و ئاگاداری خۆتان و خانەوادەتان بن، دانانی ماسک و دوورکەوتنەوە لەیەکتر و نەچوون بۆ شوێنی قەرەباڵغ گرنگترین ڕێکارەکانی خۆپارێزیە.لەکاتی بوونی نیشانەکان سەردانی سەنتەرەکانی کۆڕۆنا بکەن بۆ پشکنین و چارەسەرکردن. هیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک.
ئەمشەو 16ی3ی2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوری د.دلۆڤان محەمەد، بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە،بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی نێو نەخۆشخانەکە و دڵنییابوون لە پابەندبوونی ئێشکگران و کارمەندانی تەندروستی و مامەڵەکردنیان لەگەڵ نەخۆش و پێشوازیکردنی هاوڵاتییان، نەخۆشخانەی ئیمرجنسی بەسەرکردەوە.پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی یەکە یەکەی بەشەکانی بەسەرکردوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی ڕێڕەوی چارەسەرییە پزیشکیەکان کرد، گفتوگۆی لەگەڵ یاوەری نەخۆشەکان و هاوڵاتییان کرد سەبارەت بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و مامەڵە و شێوازی پێشوازیکردنی کارمەندانی تەندروستیی لە نەخۆشەکانیان.لەلایەن خۆیانەوە کەس و کار و یاوەرانی نەخۆشەکان، سوپاسی پارێزگاری هەولێریانکرد بۆ ئەو جۆرە سەردان و بەسەرکردنەوانە و هەروەها ستایشی ماندووبوون و شەونخونی سەرجەم پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی و بەڕێوەبەر و دەستە کارگێڕی نەخۆشخانەکەیان کرد، بۆ ئەو کارەی ئەنجامی دەدەن لەچارەسەرکردنی نەخۆشەکانیان.پاشان پارێزگاری هەولێر، داوای لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەکە کرد و ڕایگەیاند: "وێڕای ئەو کارە مرۆییە مەزنەی ئەنجامی دەدەن، هەرچی لەتواناتاندایە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان پێشکەشی بکەن، ئێمەش وەکو پارێزگای هەولێر، هەرچیمان بۆ بکرێت لەهاریکاری و یارمەتیدان و چارەسەرکردنی کەم و کوری و دابینکردنی پێداویستییەکانتان دڵنیابن درێغی لێناکەین".
فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگی کوردی لە بەغدا دابەشکرد و لەگەڵ شیعەکان ڕێکدەکەوێت.یوسف کیلابی، پەرلەمانتاری شیعە لە توویتەر نوسیویەتی "فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵمانن بۆ دەنگدان بە پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق"جێگەی باسە فراکسیۆنی هیوا و فراکسیۆنی پارتی لەو پرسەدا هاوڕان و لەگەڵ ئەوەدان یاسای کۆنی دادگای فیدراڵی هەمواربکرێتەوە.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا حکومەت رێوشوێنەکانی بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجە تەواو بکات. راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە لە كۆبوونەوەی ئەمشەودا پەرلەمانتاران بە كۆی دەنگ حكوومەتی فیدراڵیان پابەند كرد بە تەواوكردنی ڕێوشوێنەكانی راگەیاندنی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی نوێی عێراقی فیدراڵ. جێی باسە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوەتەی ساڵی ٢٠١٨وە هەڵەبجەی وەكو پارێزگای چوارەمی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە، كەچی حكوومەتی فیدراڵی تا ئێستا ڕێوشوێنەكانی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی تەواو نەكردووە.