ئێوارەی رۆژی شەممە 12-6-2021 چەند مووشەکێک لە نەخۆشخانەیەکی عەفرین کەوتوونەتە خوارەوە و بەپێی زانیارییەکان 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 27 کەسیش بریندارن. کۆمەڵەی سووری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، گوللە تۆپەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریاوە تەقێندراون، بەڵام پارێزگاری هاتای لە باکووری کوردستان یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە بە هێرشەکە تۆمەتبار دەکات. بەپێی لێدوانی پاریزگاری هاتای، مووشەکەکان لە جۆری گراد بوون و لە تەل رەفعەتەوە تەقێندراون و کەوتوونەتە نەخۆشخانەی شیفا لە عەفرین. عەفرین لە 18 ئاداری 2018 لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک سەر بە تورکیا کۆنترۆڵکرا و تاوەکو ئێستاش شارەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە. رووداو
لە سەنتەری سلێمانی فەرماندەیەکی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە سەختی بریندار کرا.وەرزێر عەلی، کە پێشمەرگەیە لەو سریەیەی کە موقەدەم رزگار قادر بەرپرسیەتی بە باڵکێشی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ شەممە لە سەنتەری سلێمانی و لە نزیک تێرمیناڵی شارەزووردا، موقەدەم ڕزگار قادر، لەلایەن چەند کەسێکی ناسراوەوە دراوتە بەر دەستڕێژی گولـلە.ناوبراو وتیشی: گولـلەیەک بەر قاچی و دوو گولـلەش لە پشتی دراوە و بەسەختی بریندارکراوە، دواتر نەشتەرگەری بەپەلەی بۆ کراوە و ئێستا تاڕادەیەک لە مەترسی دەرچووە.
نێوانی ئێمە و پەکەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دژوارتر دەچێت. هەندێک لە برادەرانی یەکێتی خەریکن خۆیان ئەکەن بە مامۆستای ڕێنمایی ئاشتیی و تەبایی و خێری زیندە. کەسانێک کە هیچ باجێکی شەڕی نەگریسی براکوژیان نەداوە، خۆیان لە ئێمە کردۆتە باڵوێزی ئاشتی. وەک ئەوەی ئەم بەڕێزانە هەمویان ئاشتیخواز بن و، تاکە شەڕخوازی مەیدان پارتی بێت. ئێمە نە حەزمان لە شەڕی براکوژیە و نە موبادەرەی هەڵگیرسانیشی ئەکەین. بەڵام عەنتەریش لەکەس قوبوڵ ناکەین. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە براکەمان بێت، کە پەکەکەیە. پەکەکە کوردە و برای ئێمەیە. بەڵام برایەتی مانای ئەوە نیە کە لایەک خۆی بە مودیر و مەسئولی نیشتیمان بزانێت و هیچ حسابێک بۆ دەستکەوتەکانی براکانی تری نەکات و، تەنانەت بیەوێت وەک مشەخۆر خۆی بێتە سەر سفرەی حازر و ماڵی براکەشی بەناوی دڵسۆزی و شۆڕشگێڕیەوە وێران بکات. دوو خاڵی گرنگ وەک مەسجێکی زۆر ڕاشکاوانە و ڕوون گرنگە پەکەکە لێی تێبگات. یەکەم: ئەگەر پەکەکە کوردی عێراقی خۆش ئەوێت و پێی خۆشە بارە قورسەکەی سەر شانیان کەم بکاتەوە، ئەبێت کوردستانی عێراق بەجێ بهێڵێت. چونکە پەکەکە بوەتە بارگرانی بۆ حکومەتی هەرێم. حکومەتی هەرێمیش تاپۆ نیە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و، یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریش تێیدا بەشدارن. بۆیە ئەبێت پەکەکە لەو ڕاستیە تێبگات کە کێشەی ئەو لەگەڵ ئێمەی پارتی نیە بەتەنیا، بەڵکو لەگەڵ هەموو کوردستانی عێراقە. دووهەم: ئەگەر پەکەکە لە بادینان جێی پێ لێژ بوبێت، ئەوە مانای ئەوە نیە لە دەڤەری پژدەر، شارباژێڕ، شارەزور و هەورامان بە ئاسانی ئەتوانێت دەست لە هەڤاڵانی ئێمە بوەشێنێت. بۆیە ئەگەر بێت و بە هەر بیانویەک هێرشی سەربازی بکرێتە سەر تاکە کەس، یان بارەگاکانمان، زۆر بە توندی و بە گورزی سەربازی وەڵام ئەدەینەوە. هەمان شت بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکانمان بە نمایشی خۆپیشاندانی مەدەنیش کە پەکەکە خەڵکی سیڤیل بۆ مەرامی خۆی بەکار بهێنێت ڕەوایە و، وەڵامی توندمان ئەبێت. چونکە وەک سەرۆک مام جەلال فەرمویەتی، وتار بە وتار و فیشەکیش بە فیشەک وەڵام ئەدرێتەوە. ئێمەش وا ئەکەین. خۆپیشاندان بە مەبەستی سوتاندنی بارەگاکانی پارتی و پانکردنەوەی سەری کادرانمان بە بلۆک ووتار نیە، بەڵکو هێرشێکی سەربازیە. هیوادارین پەکەکە زیاتر سەری بە کێشەی کورد لە تورکیاوە بیەشێنێت و واز لە ئاژاوە نانەوە لە کوردستانی عێراق بێنێت. هیوادارین پەکەکە تۆزقاڵە زەڕڕەیەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و ئەم شەڕە نەگریس و ناشرینەمان لێ لابات، چونکە هیچ نەبێت برامانن. ئێمە حەزمان لە کوشتنی برای خۆمان نیە، مەگەر هیچ ڕێگایەک نەمێنێت و ناچار بین لە پێناو خۆپاراستن، پەنجەی سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمان ببزوێنین.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ڕایگەیاند، رێوڕەسمی حەج ئەمساڵ تەنیا بۆ هاووڵاتیان و دانیشتووانی سعودیە دەبێت.لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەمساڵ حەجکردن بۆ مسوڵمانانی دەرەوەی سعودیە نابێت و تەنیا بۆ خەڵکی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە.
ئهمڕۆ شهممه ٢٠٢١/٦/١٢ نێچیرڤان بارزانی، سهرۆکی ههرێمی کوردستان، له میانی سهردانهکهیدا بۆ ئیمارات، سهردانی باڵیۆزخانهی عیراقی له ئهبو زهبی کرد. له دیدارێکدا لهگهڵ موزهفهر ئهلجبووری، باڵیۆز و ستافی باڵیۆزخانه، پهیوهندییهکانی عیراق و ئیمارات و دۆخ و کاروبارهکانی ڕهوهندی عیراقیان له ئیمارات تاوتوێ کرد و جهختیان له گرنگیی پهرهپێدانی بوارهکانی هاوبهشی و هاریکاریی نێوان ههردوو وڵات کردهوه. نێچیرڤان دهستخۆشی له بهڕێز باڵیۆز و ستافی باڵیۆزخانه کرد بۆ کار و ههوڵهکانیان لهپێناو برهودانی زیاتر به پهیوهندییهکان و هیوای سهرکهوتنی بۆ خواستن. لای خۆیهوه باڵیۆزی عیراق و ستافی باڵیۆخانه، خۆشحاڵیی خۆیان به سهردان و بهسهرکردنهوهی سهرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ باڵیۆزخانه، دهربڕی.
بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، نرخی فرۆشتنی دۆلار نەگۆڕە و هیچ نیازێکیش بۆ گۆڕینی نییە.ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێکە دەنگۆی دابەزینی زیاتری نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە ڕاگەیاندنە عێراقییەکاندا بووە بە ڕۆژەڤ. بەڵام بانکی ناوەندی ئەمە ڕەت دەکاتەوە.بانکی ناوەندی زیاتر دەڵێ: ئەو نرخەی ساڵی 2020 بۆ دۆلار دیاریکرا، پێویستییەک بوو دەبوو بکرێ، بەڵام گۆڕانکاریشی بەسەردا نایەت.
نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبیی ئیمارات و لە فڕۆکەخانەی بەتین بە دانانی ئاڵای کوردستان پێشوازی لێکرا. نێچیرڤان بارزانی لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن. سبەی شەممەش لەگەڵ محەممەد بن زاید، جێنشینی ئەبوزەبی کۆدەبێتەوە. سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش هەر لەسەر داوای محەممەد بن زاید بووە.
ئەمڕۆ هەینی 11ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان، لە ئەسینای پایتەخت کۆبووەوە .لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. هيواشی خواست کە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە هەرێمی کوردستان ببینێت.سەرۆک وەزیرانی یۆنان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندا و بە سەردانێکی مێژوویی ناوبرد کە یەکەمجارە سەرۆک وەزیرانێکی هەرێمی کوردستان سەردانی یۆنان دەکات. سەرۆک وەزیرانی یۆنان، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەشی بەوەدا کە بەم نزیکانە، بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومی و وەبەرهێنەرانی یۆنانی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ، پەرەسەندنەکانى ناوچەکە بەگشتى، ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆر و شەڕى داعش ، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون .
عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەیەوێت زانیارییەکانی 41 ساڵی "خەبات و تێکۆشانی" خۆی بەشێوەی زنجیرە وتارێک بڵاوبکاتەوە و پەردە لەسەر چەندین رووداوی مێژوویی بە پشتبەستن بە پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی هەڵبداتەوە و رایدەگەیێنێت "بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دوا بڕیار و شێوازی کار و ئایندەی سیاسیم دیاریی دەکەم". عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ماوەیەکە کەوتووەتە رەخنەگرتنی تووند لە سەرکردایەتیی حیزبەکەی لە نووسراوێکدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە تیشک دەخاتەسەر ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیی خۆی لە 41 ساڵی رابردوو. عەتا سەراوی نووسیویەتی: "دوای ساڵانێکی زۆری بەرخۆدان و خەباتی بێوچانی پێشمەرگانە ، تێکۆشان لەبواری جۆراوجۆری خەباتگێڕی و کوردایەتیی بەشدار و ئاگادار لەزۆر رووداوی سیاسی ، کەوتن و ھەڵسانەوەی نزیک لەچوار دەیەی خەباتی سەختی پڕ لەململانێیی قورسی ئاڵۆزیی پڕ لەنھێنی و رووبەڕووبوونەوەی چەندین پلانی تاقەتپڕوکێنی دوور لەبەھای مرۆڤایەتی و کارەساتی دڵتەزێنی خوێناویی و ئازار و خەم و سپڵەیی و بێوەفایی و خیانەتی ھاوڕێ و ھاوسەنگەر ، دووڕویی و بێ شەرمی و بێ بەڵێنی و کەڵەکەبونی ئازار و خەمەکان و چاوەڕوانیی کۆکردنەوەی سەدان بەڵگە و نھێنی و زانیاری مەترسیدار و گیانبازی لەگەڵ مەرگ، تێپەڕبوون و بڕینی پلەکانی پێشمەرگایەتیی و حیزبی، تێکەڵبوون و ناسینی زۆربەی سەرکردەسیاسییەکانی کوردستانی گەورە و باشوور بەئاگا و ھەندێجار بەشدار لەپەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی کوردستان و حکومەتەکانی داگیرکەری ھەرچوارپارچەی کوردستان، رووبەڕووبوونەوەی چەندین تۆمەت و پلانی لەکەدارکردن و کوشتن، دوای 41 ساڵ خوێنڕشتن و برینداربوون و دەیان شەھید، لەمڕۆ بەدوا بەپێیی کات و زۆر بەھێمنی و لەسەرخۆ بەچەند زنجیرە وتارێکی پاڵپشت بەبەڵگەی بەردەست زۆر بەچڕیی و لەھەمانکات بەکورتی پانۆرامای 41 ساڵی خەبات و تێکۆشان بڵاودەکەمەوە". عەتا سەراوی دەڵێت، شێوازی ئایندەی کاری سیاسیی خۆی روون و دیاریی دەکات و رایدەگەیێنێت "بۆ ئەوەیە بتوانم سودێک بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی رێگای سەربەخۆیی گەل و نیشتمان بگەیێنم و تێکۆشەران و جیلی نوێی گۆڕەپانی سیاسەت و تێکۆشان سوودی لێ ببینن و بەندەش بتوانم بەرپرسانە و دوور لەھەڵچوون و لایەنگریی، رووداوەکان بگێڕمەوە و ویژدانی خۆم ئاسوودەبکەم و کەمێک باری قورسی سەرشان و دڵم سووک بکەم، تا بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دوا بڕیار و شێوازی کار و ئایندەی سیاسیم دیاریی بکەم".
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، غەڵەت دەکا یەکەی٧٠ بخاتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. سەعدی پیرە ڕایگەیاند، ئێستا نێوانی پێشمەرگە و گەریلا خراپە، بۆیە غەڵەت دەکا یەکەی٧٠ بخاتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. پیرە وتیشی: باشترە یەکێتی دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی گەریلا و پێشمەرگە ئەو کارە بکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە ھەفتەی رابردوو بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، یەکەی ٨٠ گەڕایەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی ، گەیشتە ئەسنیای پایتەختی یۆنان.سەرۆکی حکومەت لەو سەردانەدا ، لە گەڵ بەرپرسانی باڵای یۆنان کۆدەبێتەوە وگفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنه كانى ناوچەکە و پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان ، بە تایبەتی دەرفەتەکانی سەرمایەگوزاری و وەبەرھێنانی یۆنانی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردووە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی وئاسایشی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە ڕۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید کرد و چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بوون .چەندین ساڵە بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنووریەکان چۆلکراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتووە. هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە ، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین کە پاراستنی ئارامی وسەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی وهەولێری پایتەخت هێڵی سوورە ورێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک ، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت.داواش لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی وئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی وئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چونکە شەڕانگێزی ونائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان وسنوورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن. وەزارەتی ناوخۆیحکومەتی هەرێمی کوردستان١٠-٦-٢٠٢١