Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13787 بابەت
هەواڵ
10-06-2021

بەرێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە 6مانگ زیندانی کرا

لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، دادگای هەڵەبجە بڕیاریدا بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە 6 مانگ زیندانی بکات. مەریوان عەبدولڕەحیم، برای ناسیح عەبدولڕەحیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، بەپێی ماددەی2ی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بڕیاری شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە. ئەم بڕیارەی دادگای هەڵەبجە لەکاتێکدایە کە کەرتی تەندروستی ئەو پارێزگایە ڕووبەڕووی دەیان تۆمەتی گەندەڵی بووەتەوە، لەوانە وەرگرتنی پارە لە نەخۆش، بوونی دەرمانی ماوەبەسەرچوو، بوونی کەرەستەی پزیشکی ماوەبەسەرچوو لەگەڵ بوونی کەرەستە و دەرمانی بێ کوالێتی و ساختەکردنی پسولەی کڕین. لەبەرئەوەی یەکێتی نییە دەستگیرکراوە کەسێکی نزیکی د.ناسیح بە باڵکێشی وت: دەستگیرکردنەکەی سیاسییە و تەنیا لەبەرئەوەی د.ناسیح یەکێتی نییە، ئەو تۆمەتەیان بۆ دروستکردووە. دکتۆر باخان ئازاد، پزیشک لە تەندروستیی پاریزگای هەڵەبجە رۆژی 27ی نیسانی ئەمساڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەردەم باڵەخانەی تەندروستیی هەڵەبجە باسی لە چەند شێوازێکی گەندەڵی کرد، کە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە بەرپرسەکانی تێیوەگلاون. دکتۆر باخان ئازاد وتی: "هیچ گەرەنتییەک لەسەر ژیانم نەبوو لە مانەوەم لە سلێمانی، بۆیە ئەمڕۆ بەناچاری لێیدەرچووم و دەرچوونەکەم لێی کاتییە، من دۆسیەیەکم هەیە کە خەمی گشتییە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەری بێنە قسە و نابێت بێدەنگی لێبکرێت". رۆژی 3ی حوزەیرانی ئەمساڵ، دکتۆر باخان ئازاد، لە کۆنگرەیەکی دیکەی رۆژنامەوانییدا لە سلێمانی رایگەیاند رۆژی 31ی ئایار لەلایەن هێزێکی سەر بە ئاسایشی سلێمانی بەشێوەیەک کە بە "نامرۆڤانە" ناویبرد دەستگیرکراوە و سێ رۆژ هێڵدراوەتەوە، هەرچەندە رۆژێک دوای گرتنەکەی فەرمانی دادوەر بۆ ئازادکردنی هەبووە. ئەو پزیشکەی تەندروستیی هەڵەبجە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانیدا باس لە وەرگرتنی پارەی زۆر بە رێگەی نادروست لە نەخۆش، فرۆشتنی خوێن، نووسینی پارەی زۆر لە کڕینی ئامێر و کەلوپەلی تەندروستی و چەندین شتی دیکەی کردووە، وەکو جۆرەکانی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە وەکو بانگەشەی بۆ دەکات. هەفتەی رابردوو، دکتۆر باخان لەتری هەڕەشەکردن لێی سنووری سلێمانی جێهێشت و روویکردە هەولێر. چیرۆکی دەستگیرکردنی دکتۆرە باخان ئازاد، پزیشکی گشتی لە نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە: رۆژی 2021/05/31 چووم بەدوای کوڕەکەمدا لە قوتابخانە بیهێنمەوە، لە فولکە سەوزەکەی سەروو مزگەوتی قازی محەممەد [لە سلێمانی] وەستابووم. کەسێک لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا تەلەفۆنی دەکرد، هەر ئەوەندەم زانی بە شەق و جنێوی سووک و بە راکێشانی چەک کەوتە پەلاماردانی ئۆتۆمبێلەکەم و ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر دەرگاکەی بۆ نەکەمەوە بە چەک تەقەم لێ دەکات. منیش نە دەرگام کردەوە نە جام. حەزیشم دەکرد هەر لەوێدا بیکوشتمایە. چ پێویست دەکات لە کاتی شۆفێریکردن لە ناوەڕاستی فولکەیەکدا هەڵبکوتیتە سەر من و بە زەبری چەک بتەوێت بمگریت؟ پاشان کۆمەڵیک ئاسایشیان هێنا، بە شەش-حەوت پیاو لە میکزەمینییەکدا چواردەوری منیان گرت.  ئەوانە بە فەرمی لەلایەن کەسێکی ناو ئاسایشەوە نێردرابوون. لە کاتێکدا بابەتەکە بابەتی ئاسایش نییە کە ئەوان بۆی هاتوون. ئەوان بە ماددەی 2ی مۆبایل کە سەر بە دادگای لێکۆڵینەوەیە و دەیانەوێت بە ناوی خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا پزیشکێک بگرن.  بردمیانە ئاسایش، وتم: "من جلەکانم جلی ماڵەوەیە. هیچ نەبێت، دەبێت جلێک لە بەر بکەم کە بگونجێت." دوایی پەلاماری ماڵمانیان دا و مۆبایلی دایکمیان برد. ئەمانە هیچی فەرمانی دادوەری نەبووە.  یەکێک لەو کەسانە لەلایەن کەسێکی تایبەتەوە بە ناوی "س." کە لە سلێمانی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانە، پەیوەندیی خزمایەتی و کۆمەڵایەتییان هەیە، ئەم کەسەی لە ئاسایشی سلێمانی وەکو هەڕەشەیەک بەکارهێناوە، چونکە پێشتر لە مانگی شوباتدا دوو رۆژ پێش دەستلەکارکێشانەوەی وەستا حەسەن منیان بۆ ئاسایشی سلێمانی بانگ کرد، لەوێ بەڵێننامەیەکیان پێ پڕکردمەوە و گوتیان: "دەبێت بە هیچ جۆرێک باسی گەندەڵییەکانی کەرتی تەندروستیی هەڵەبجە نەکەیت." ئەوە بوو لە رۆژی 2021/05/31ـدا بەسەر من و ماڵەوەمانیان دا کە ماڵەکەمانیان هەموو تێکدا بەسەر یەکدا. رۆژی دوای ئەوە دادوەر بە کەفالەتی 500 هەزار دینار ئازادی کردم، بەڵام ئەوان حسابیان بۆ فەرمانی دادوەر نەکرد و زیاتر لە دوو رۆژ لەوێ منیان هێشتەوە.  دکتۆرە باخان ئازاد وتی: "دەبوو ئاسایش بەرگری لە من و خەڵکی بەشمەینەت بکات نەک لە پشتی کۆمەڵێک دز و گەندەڵەوە کە داهاتی وڵاتەکەی من و نەخۆشی هەڵەبجە بە هەدەر دەدەن و بە چەندین شێواز گەندەڵی دەکەن. ئامێرێک کە بە هەزار دۆلارە، کەچی پێنج هەزار و 500 دۆلاریان لەسەر حکومەت نووسیوە. ئامێرێک کە لە بازاڕدا نرخێکی دیاریکراوی هەیە، ئەگەر بایی پێنج هەزار دینار بێت، ئەوان 100 هەزاریان نووسیوە. بە 15 هەزار دیانر بووبێت، 800 هەزار دیناریان نووسیوە. دەبوو ئاسایش لە پشت ئێمەومانانەوە بووایە و پارێزگاریی لە ژیانمان بکردایە کە داوای گەڕانەوەی مافی نەخۆش و خەڵک دەکەین."

هەواڵ
10-06-2021

مەسرور بارزانی لە گەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا کۆدە...

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ، لە گەڵ سۆفی ویلمز جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا کۆبووەوە.لە کۆبوونەوەکەدا، برەودان بە پوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا و دوا پەرەسەندنەکانى عێراق و ناوچەکە بەگشتى،پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی، مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆر و شەڕى داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و بنبڕکردنی هۆکارەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی و تەناهی لە ناوچەکە و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش تاووتوێ کران.سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی بەلجیکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوكاری و هەماهەنگیی بەلجیکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. پابەندبوونی هەرێمی کوردستانیشی بە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە دووپات کردەوە.جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، سوپاسی هەماهەنگیی وکارئاسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ نێردەکانی بەلجیکا بۆ عێراق و سوریا. هاوسۆزی و پشتیوانیی و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان و تیرۆر بەگشتی .

گشتی
10-06-2021

وێنە.. کاترینا کایف لەگەڵ چوونە تەمەنەوە جوانتر دەبێت

هونەرمەندی ناوداری هیندستانی کاترینا کایف، نوێترین وێنەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە. کاترینا کایف، یەکێکە لە کچە شۆخەکانی سینەما و لە بۆڵیوود خانمێکی دیار و خاوەن پێگەیە. کاترینا وڵاتینامەی هیندستان و بەریتانیای هەیە و لە ساڵی 983 لە بەریتانیا لەدایکبووە، ساڵی 2003 دەستی بە کاری هونەری کردووە.

هەواڵ
10-06-2021

ناسا وێنەی گەورەترین پاشكۆی نێو سیستەمی خۆردا بڵاوكردەوە

رۆژی سێشەممەی رابردوو 2021.6.8، ئاژانسی (ناسا) دوو گرتەی زۆر سەرنجڕاكێشی (جانیمید) ی گەورە پاشكۆی هەسارەی (موشتەری) بڵاوكردەوە كە رۆژێك پێشتر لە رێگەی كەشتی ئاسمانیی (جونۆ) وە وەرگیرابوو دوای گەیشتنی بە نزیكترین خاڵ لەو پاشكۆیەی كە بە گەورەترین پاشكۆی نێو سیستەمی خۆر دادەنرێت و تەنانەت لە خودی هەسارەی (عوتارد) یش گەورەترە. (جانیمید) تاقە پاشكۆیەكیشە لەنێو سیستەمی خۆر كە خاوەن كایەی موگناتیسی خۆیتی و تیرەی 5268 كیلۆمەترەو وەبە ماوەی 7 رۆژ خولێك بە دەوری هەسارەی (موشتەری) دا تەواو دەكات. ماوەی نێوان كەشتی (جونۆ) و (جانیمید) لەكاتی وەرگرتنی ئەو دیمەنانە تەنها 1038 كیلۆمەتر بووە، لە كاتێكدا نێوەندی ماوەی نێوان زەوی و هەسارەی موشتەری و ئەوپاشكۆیە 778 ملیۆن كیلۆمەترە.

هەواڵ
10-06-2021

هەولێر.. لە رووداوێکی هاتوچۆدا ئۆتۆمبێلێک دەبێتە دوو پارچەوە

رووداوێکی هاتوچۆ لە شاری هەولێر روویدا و بەهۆیەوە چوار کەس بە سەختی برینداربوون، وتەبێژی هاتوچۆش دەڵێ:" بەهۆی سەختی رووداوەکە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بووەتە دوو پارچە". دەقی نووسینەکەی فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بەداخەوە کاتژمێر30و9ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسەرشەقامی جوتسایدی دارەتو هیۆندایەکی تایبەت بەهۆی تیژڕۆییەوە خۆی بەکیایەکی بارهەڵگری بچوک داداو کردی بەدوولەت،لەدواییش خۆی کێشا بە مینی پاسێک وئەویشی لەشەقام فڕێدایە دەرەوە،ئینجا خۆی لەشەقام دەرچو وەبەسەر گردۆلکەیەک کەوت کەلەلێوارێ ڕێگایەکە هەبو ،ئینجا وەستا،لەدەرەنجامی کۆی گشتی ڕوداوەکەش زیانەکان بەم شێوەیە بو 4کەس بەسەختی زامدار بون زیانی مادی بەر 3ئوتومبێل کەوت ئەوەی شایانی باسکردنیشە خێرایی ڕێگا پێدراو لەسەر ئەم جوتسایدە بەهۆی ئەوەی کەناوچەی دانیشتوانە بە60کم لەکاتژمێرێک دیاری کراوە،بەڵام ئەو لێخوڕینەی کەکراوە لەلایەن هیۆندا تایبەتەکە،بەسەروی 120کم دەخەمڵێنرێت،چونکە ئەو زیانانەی کەوتونەتەوە بەخێرایی زۆر نەبێت ناکەونەوە بەڕاستی کۆی ئەو دیمەنانەی کەلەو شوێنە بەهۆی ڕوداوەکە هەبو هیچی جێگای دڵخۆشی نەبو،وەتاکە دیمەن کەدڵخئشکەر بو زووگەیشتنی ئەمبۆلانس بو بۆ شوێنی ڕوداوەکە وەڕزگارکردنی قوربانیەکان بو،کەئەمە وایکرد مەترسیان لەسەر کەم بێتەوە بۆیە شایانی سوپاس وپێزانینن وەجێگای دەستخۆشیە

بیروڕا
09-06-2021

دیوەکەی تری هاوکێشەکە!

نووری بێخاڵی وەک چۆن کوردبوون بە دروشمی فوودراو و کەفوکوڵ و هەڵچوونی هەرزەییانەوە ناکرێت، بە هەمان شێوەش، نابێت بە هیچ جۆرێک کوردبوون بخرێتە تای تەرازووی ململانێی سیاسی و شەڕەقۆچی حزبی، ئەوەی کە ئێستا لە باشووری کوردستاندا هەیە و دەگوزەرێ ڕێک ئەو دۆخی پارادۆکسە سیاسییەیە کە تێیدا دەژین.بۆ کوردێکی لەخۆوە کورد، ئەو ڕاستییە یەکلا بووەتەوە، کە داگیرکەرانی کوردستان، بە یەک مەسافە دوژمنی سەرسەختی کورد و بوونە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەین. ڕەنگە تەنیا جیاوازیی لە ئاست و جۆری دوژمنداریی و دڕندەییەکەیاندا هەبێت، کە ئەمەش پەیوەستە بە زەمینە و هەلومەرجی ڕەخساو بۆ هەر یەکێکیان، کە تیایدا ئەم دوژمنایەتییەیان پیادە و تۆختر دەکەنەوە.بەدڵنیاییەوە هیچ کوردێک، کە تۆزقاڵێک ئینتمای بۆ نەتەوە و نیشتمانی خۆی هەبێت، نابێت بەم داگیرکاریی و دوژمنکارییە ڕازی بێت، جا بڕ و بیانوو و پاساوەکانیان هەر چییەک بێت، بەڵام لە بەرامبەریشدا نابێ لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا، لەپشتی چاویلکەی ئایدیۆلۆژیا و بە میکڕۆسکۆبی حیزبی و بەرمەبنای ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو هێزەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری پێشوەختە لەسەر ڕووداوەکان بدات، چۆن؟ڕاستییەکەی بوونی (پەکەکە) لەم دەڤەرەدا گرێدراوی سێ فاکتەر، یان ڕاستتر بڵێین سێ واقیع حاڵە: یەکەم: بوونێکی کلاسیکی، بانگەشەی پێویستیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بۆ ڕێگرتن لە مەترسیی تەشەنەکردنی بازرگانیی ماددەی هۆشبەری نێوان ئێران، ئەفغانستان و پاکستان و بەرگرتن بە شەپۆلی گرووپی توندڕۆ و تیرۆریست (کە ئەوەیان لە نوکتە دەچێت). دووەم: بوونی لە شنگال بە قۆستنەوەی دۆخی دوای داعش، کە بەداخەوە بواری بۆ گەڕاندنەوەی تورکیا و دەستتێوەردانەکانی لە هەرێمی کوردستان خۆشتر کرد، هاوکات بووە هۆی گەڕانەوەی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە و ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. سێیەم: بوون و پەلکێشی و دەستتێوەردانی لە دەڤەری بادینان، کە جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئامانجێکی تەواو پاوانخوازی و خۆسەپێنی و کەڵەگایی هەیە. بەشێوەیەکی گشتی، بوونی پەکەکە لەگەڵ بوونی (دیموکرات و کۆمەڵەکان) لە هەرێمی کوردستان، زۆر زۆر جیاوازە و ئاسمان و ڕێسمانیان نێوانە. لەکاتێکدا حزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان جێگیربوونە، تا ئێستا ڕێز لە یاسا و بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێم دەگرن، کەچی پەکەکە ڕێک پێچەوانەکەی کردووە و دەکات.واز لەو دروشمە بێنن کە کوردستان یەک پارچەیە و مافی هەمووان لەسەر هەر بستێکی ئەو نیشتمانە هەیە، ئەو دروشمەی هەر زوو پەکەکە لێی پاشگەز بووەوە (نەوەدەکان داوای کوردستانی گەورەی یەکگرتوو و سەربەخۆی دەکرد، کەچی ئێستا خەبات بۆ بەدیهێنانی خۆبەڕێوەبەریێکی کەمتر لە حوکمی زاتی دەکات!)، بەڵام ئەگەر بە عورفی سیاسی و بنەما یاساییەکان بێت، ئەوا ئەو حزبانە لە سنووری جوگرافیی دەسەڵاتێکن، کە پێی دەگوترێت (هەرێمی کوردستان). بۆیە کەم و زۆر، دەبێ ئەو هێزانە ڕێز لە سەروەریی سیاسی و یاسایی ئەو سنوورە جوگرافییە بگرن.دەی، نەخوێندەوارێکیش دەزانێت سنووری جوگرافیی هەرێمی کوردستان، تا کۆتا خاڵ و دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا دەگرێتەوە. بۆیە هەر هەڕەشە و مەترسییەک لە قووڵایی هەرێمی کوردستان بۆ سەر ئاسایشی ئەم دوو دەوڵەتە، دواجار لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.وەک کوردێک، نەک سەتا سەت، بەڵکوو سەتا هەزار لەگەڵ ئەوەدام، کە پێویستە هەرێمی کوردستان وەک (جوگرافیا، دەسەڵات و خەڵک)، باوەشی سۆز، نوای ئارامیی، چەتری دڵنیایی، داڵدە و پەناگەی پاراستنی (کەسوکاری سڤیل)ی هێزە سیاسییەکان و تێکۆشەرانی بەشەکانی تری کوردستان بێت. چونکە ئەمە دەچێتە خانەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی، وەک چۆن ئەرکێکی ئەخلاقیی و ویژدانیشە و کرۆکی چەمکەکانی هاوپشتیی و هاوخەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیش، هەر ئەوەمان لێ دەخوازن، بەڵام کاتێک حزبێکی پارچەیەکی کوردستان ئەم هەڵوێست و هەستکردن بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەی هەرێمی کوردستان، نەک هەر خراپ بقۆزێتەوە، بگرە لەسەروو ئەمەشەوە قەرزارت بکاتەوە و ببێتە سەرچاوەی سەرئێشە، ئەمەیان پێویستیی بە هەڵوەستە لەسەرکردنە.حزبەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستانی لێ دەربهاوێژە، وەکووتر بە درێژایی 30 ساڵی ڕابردووی دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (پەکەکە) نەک هەر خراپ دۆخەکەی قۆستووەتەوە، بەڵکوو سنووری عورفە سیاسی و بنەما یاساییەکانیشی لەو نێوەدا پێشێل کردووە. ئەمە ڕاستییەکە و نابێت بە خاتری ململانێی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، خۆمانی لێ لەگێلی بدەین و لە ئاستیدا کوێر بین.پەکەکە لەو ماوەیەی لە هەرێمی کوردستانە، چەندین گەڕی شەڕی لەگەڵ پارتی و یەکێتی (بەیەکەوە)، هەروەها شەڕی یەکلایەنەیشی لەگەڵ هەر یەک لەم دوو حزبە کردووە. ئیتر هۆکار و پاڵنەرەکانی پشتی ئەم شەڕانە هەر چییەک بووبن (کە ئێرە شوێنی باسەکە نییە)، ئەوە بابەتێکی دیکەیە.ئەگەر قسەش لەسەر کوشتنی گەریلا و فەرماندەکانی پەکەکەیە لەو شەڕانەدا، لە بەرامبەردا چەندین پێشمەرگە و فەرماندەی پارتی و یەکێتیش، کە زۆرینەیان پێشمەرگە و پارتیزانی دێرین و کوڕی ڕۆژە سەختەکانی شۆڕش بوون، بە دەستی پەکەکە شەهید کراون.لەلایەکی تر، واقیعی حاڵی، بوونی ئەم هەموو ساڵەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بناری قەندیل و تا دەگاتەوە سنووری باکووری کوردستان، ئەوەی ئەوان ناویان ناوە (هەرێمی پاراستنی میدیا!)، ئەوەمان پێ دەڵێت، کە پەکەکە خۆی بە (وەسی) بەسەر حکوومەتی هەرێم، هەروەها بە خاوەن و دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی ئەو سنوورە جوگرافییە دادەنێت و هەرواش ڕەفتاری کردووە و دەکات.پەکەکە لە سنووری شارۆچکە و گوند و ئاواییەکانی بناری قەندیل، حکوومەتێکی بچووککراوەی دروست کردووە و خەڵکی ناوچەکەی ناچار بە ملکەچبوون بۆ دەسەڵاتەکەی کردووە. لەو سنوورەدا شارەوانی و دادگای تایبەت بە خۆی لێ دامەزراندووە. بازگەیان لە جەرگەی ڕێگا سەرەکییەکان داناوە، کێیان بوێت ڕێگای ڕۆیشتنی دەدەن، کێیشیان نەوێت، نەک هەر نایگەڕێننەوە، بەڵکوو دەیشیگرن. کەمیش نین ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی خانەخوێی ناوچەکەن، کە بە درێژایی 30 ساڵی ڕابردوو، لە بازگەکانی پەکەکە بە تۆمەتی بێ مانا گیراون، یان شەوان لە ماڵەکانی خۆیاندا ڕفێندراون.پێویستە واز لە سۆز و کەفوکوڵ بێنین و کەمێک وردتر دیوەکەی تری هاوکێشەکەش بێنین و بە ڕاشکاوی بپرسین:پەکەکە بە چ مافێک حکوومەت لەناو حکوومەتدا دادەمەزرێنێت؟ لەسەر چ بنەمایەک ئەو ڕەوایەتییە بە خۆی دەدات، لە گوند و ئاواییەکانی سنووری چیاکانی ئاراسن و کارۆخەوە، تا دەپەڕیتەوە بەری بناری قەندیل، بە دەوروبەری شارباژێڕیشەوە، لەو خەڵک و حکوومەتە ببێتە کەڵەگا؟ بە چ پێوەرێک باج و سەرانە لە گوندنشینەکانی ئەو سنوورانە و ڕەوەند و کۆچەریی و کۆڵبەرەکان وەردەگرێت؟ یەعنی چی پەکەکە ناچێتە ژێر باری هیچ عورفێکی سیاسی و بنەمایەکی یاسایی؟بیانووی تۆپخانەکانی ئێران و فڕۆکەکانی تورکیا لە بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی پێشمەرگانی ڕۆژهەڵات و گەریلاکانی باکوور و هاووڵاتییانی سڤیل، هەر چیەک بن، بێ بنەمان و پاساو نادرێنەوە، بەڵکوو لە دوژمنکارییەک زیاتر بەرامبەر بە کورد، هیچی تر نین و هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرن، بەڵام ئەگەر بۆ جارێکیش بێت، با بوێریی ئەوەش بدەینە خۆمان و بڵێین، کە بیانووەکانی پەکەکە بۆ ئەو دۆخەی دروستی کردووە، تا ئەو ئاستەی خۆی بە کوێخای هەرێمی کوردستان دەزانێت و مافی ئەوەی بە خۆی داوە، بڕیار لە چارەنووسی هەرێمی کوردستان بدات، لە بیانووەکانی خەڵکی دیکە زۆر بێ ماناترن.ڕاستییەکەی ڕووداوی چەند ڕۆژی ڕابردووی شەهیدکردنی پۆلێک پێشمەرگە لە چیای مەتین شتێکی نوێ و چاوەڕوان نەکراو نەبووە، تا بە دیارییەوە واقمان وڕ بمێنێ و تووشی شۆک ببین. بەوپێیەی لە دوای دەستگیرکردنی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دۆخەکە بە جۆرێکە کە نەک هەر ئەوەی لە ئەنکارا بڕیاری کوشتنی کورد دەدات، تورکە، بەڵکوو ئەوەی کە لە قەندیلیش بڕیاری ماڵوێرانکردنی کوردی ئێرە و باکوور دەدات، تورک و کوردی پڕۆ ئێرانییە!بەهەرحاڵ، ڕەنگە بۆ نەوەی دوای ڕاپەڕین، کە کەمترین ئاشناییان بە مێژوو و فیکریی پەکەکە هەیە، ئەم هەڵچوون و کەفوکوڵە هەرزەییانەیان، لە سەرسامبوون بەم حزبە، شتێکی ئاسایی بێت، بەڵام ئەو فەریکە ڕۆشنبیر، هەرزە سیاسییانەی لەدوای شەڕی ناوخۆوە تا ئێستا و لە ڕقی پارتی، بە دەنگی دەهۆڵی دووری پەکەکە شاگەشکە بوونە، جێگای پرسیارە. چونکە پەکەکە یەکێکە لەو حزبانەی، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، جیاوازیی قبووڵ نەبووە و نایکات. ئەوە نەک تەنیا لەسەر ئاستی باکووری کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت لەناو خودی خۆیشی وەک حزب.لەدوای ڕاپەڕینەوە، لە (پارتی ئازادیی کوردستان)ەوە تا بە (پارتی چارەسەر)ی ئەمڕۆ دەگات، هیچ شتێک نەما پەکەکە نەیکات، بۆ ئەوەی لەسەر میراتی شۆڕش و تێکۆشان و قوربانیدانی ئێرە، خۆی بکاتە ئەلتەرناتیڤی حزبەکانی باشووری کوردستان. وەک چۆن ساڵانێکیشە لە ڕێگای (پژاک و کۆدار)ەوە هیچ نەماوە نەیکات، بۆ ئەوەی لەسەر میراتی خەبات و خوێن و شۆڕشی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ببێتە جێگرەوە و کوێخای بڕیاری سیاسیی ڕۆژهەڵات، کە بەداخەوە لەمەدا ئێران هاوکاریێکی زۆر باشی دەکات. ئەوە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەر هیچ، کە هەموومان بە چاوی خۆمان دەیبینین، چۆن وەک تاکە حزبی فەرمانڕەوا، مافی بەشداریی سیاسیی لە هەموو جیاوازەکانی ستاندووەتەوە. بینیمان دەرگای چەند حزبیان داخست و چەند ڕۆژنامەنووسیان خستە زیندانەکان و چۆن ئاڵای کوردستانیان بە ڕۆژی ڕووناک سووتاند.شتێک کە لەم دەستدرێژییەدا جێی سەرنج و تێڕامانە، کاردانەوەی هەوادار و لایەنگر و ئەندامانی پەکەکە لە باشوور نا، بەڵکوو هەڵچوون و کەفوکوڵی زۆرێک لە ئەندام و کادیر و سەرکردە و بنکردەی هەندێ حزبی باشووری کوردستانە(بە دوکانە سیاسییەکانیشەوە!) ، هەروەها پێڕی بەناو ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر و چالاکە سەربەخۆ و کەمپینچییەکانە (ئەوانەی ڕووداوەکان بە دوو ڕببەی جیاواز دەپێون!)، کە ڕووداوەکە دەکەنە بیانووێک، بۆ ئەوەی لەلایەک کوردایەتیی بە خەڵکی کوردستان بفرۆشنەوە، لەلایەکی دیکەیشەوە ڕقی مێژوویی و کینەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیان، لە هێزێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەتاڵ بکەنەوە!لەبەر ڕۆشنایی ئەو پارادۆکسە سیاسییەی ئێرە، کە ئامانج لێی خۆڵکردنە چاوی خەڵک و کوێرکردنی هۆشیاریی شەقامە، پەیوەست بە عەقڵیەتی ستالینیی پەکەکە و قبووڵنەکردنی جیاوازیی، نەک هەر لە بەرامبەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵکوو لەناو خودی خۆیشیدا، خراپ نییە سەرنجی خوێنەر بۆ ڕاستیێک ڕابکێشین.هاوشێوەی (کۆمەڵەی رەنجدەران) لە باشووری کوردستان، بەشێکی گرنگ و کاریگەر و بەرچاوی خەباتی پەکەکە، لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆش، پەیوەستە بە خەباتی سەرسەختی ”گرووپی زیندان“. ڕوونتر بڵێین: دامەزراندن و گەشەکردنی پەکەکە کە لەمڕۆدا دەیبینین، بە پلەی یەکەم، بناغەکەی خەبات و قوربانیدان و خۆڕاگریی ئەوانەیە، کە لە زیندانە تاریکەکانی باکووری کوردستاندا (بەدیاریکراویش لە دیاربەکر - ئامەد)، ڕووبەڕووی جەللادەکانی تورک بوونەوە و بەرگەی هەموو ئەشکەنجە و ئازارێکیان گرت، کەچی بە پێوانەی ”شۆڕش ڕۆڵەکانی خۆی دەخوات“، سەرکردایەتیی سەرەتایی پەکەکە، تەسفیەکردنی زۆرێک لەو تێکۆشەرانە ”گرووپی زیندان“ی کردە، بەردی بناغەی پتەوکردنی دەسەڵاتی ستالینییانەی خۆی!خوێندنەوەی پەرتووکی ”ئایەتەکانی ئاپۆ“ و بیرەوەریی زۆرێک لە سەرکردەکانی پەکەکە، بەتایبەتی ئەوانەی ”گرووپی زیندان“، کە بە هەر شێوەیەک توانیان خۆیان لە پرۆسەکانی تەسفیەکردن و زەبروزەنگی پەکەکە بپارێزن و لێی دەرباز بن، زیاتر هەندێ دیو و گۆشەی تاریکی مێژووی ئەو حزبەمان بۆ ڕۆشنتر دەکاتەوە (ئەمەو بەڕێزگرتن لەو خوێن و قوربانیدانەی گەریلاکان، کە بە درێژایی دەیان ساڵە بە خەونی ئازادیی کورد و ڕزگاریی باکووری کوردستان داویانە و دەیدەن). بۆیە بۆ ئەوانەی لە پشتی لابتۆپێکەوە دانیشتوون و بە هەر هۆیەکەوە بێت تۆمەت دەبەشنەوە، خراپ نییە بدەنە بەر خۆیان و لاپەڕەی ئەو بیرەوەرییانە بخوێننەوە و بڕێک لەو کەلی هەڵچوون و کەفوکوڵە هەرزەییەیان داببەزن.دواجار، بەردەوامیی بۆردوومانی دوژمنکارانەی تورکیا بۆ سەر بەری گارە، دەشتە هێرت، بناری قەندیل و ناوچەکانی باشووری کوردستان و لەشکرکێشییەکەی بەوە کۆتایی دێت، کە پەکەکە دەستەبەرداری خەونی کوێخایەتیی و (خۆ بە وەسی)زانین لە سەر هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها وەک هەر هێزێکی دیکەی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان، کە لە سنووری جوگرافی و دەسەڵاتدارێتیی هەرێمی کوردستان پەنایان گرتووە، پێویستە پەکەکە بێتە ژێرباری عورفی سیاسیی و بنەما یاساییەکان لە پەیوەست بە مامەڵە و مانەوە لە هەرێمی کوردستاندا، لەسەرووشیانەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو حکوومەتە بچووککراوەیەی، کە لەناو هەرێمی کوردستاندا دروستی کردووە و هەرێمی کوردستانی بە کەڵەگایی کردووەتە سێ زۆن!ئەگەر ڕاستیتان دەوێت، گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانی ڕاستەقینەی پەکەکە دیاربەکرە نەک داقووق، شڕناخە نەک شارباژێڕ، مێردینە نەک مەکێ، سیواسە نەک سنە. بۆیە ئێوەی پڕۆپەکەکەی باشوور، خۆتان و ویژدانتان، ئەگەر بۆ جارێکیش بێت، خۆتان لەم کوێرییە سیاسی و ڕقە ئایدیۆلۆژییە ڕزگار بکەن و بە برادەرانی قەندیل بڵێن:ئەم هەزاران گەریلایەتان هەیە، ئێ دەفەرموون شەڕ ببەنەوە قووڵایی تورکیا. دەی ئاخر چیتان داوە لە قەندیل و قۆپی قەرەداخ و شارباژێڕ و زینی وەرتێ و کوێ و کوێی تر، لەکاتێکدا هەر لەو (شرناخ)ەی ئەودیو، شاخ و دۆڵ و زنجیرە چیای لەوەی قەندیلی سەختتری لێیە، کە بە دە ساڵی تریش سوپای تورک ناوێرێ تخونیان بکەوێت. پێیان بڵێن:ئەگەر بە ڕاستی شەڕی ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە، فەرموون (ئەمە عەرز و ئەوە گەز)، کێ دەستی گرتوون (جیلۆ)ی هەرێمی هەکاری بکەنە بەرەی دواوەی شەڕ و وێستگەی پشوو و خۆئامادەکردنەوە و (قەندیلە سەختەکان!)ی ماردین و دیاربەکر و وان و سەرحەد و جزیرە و ئاگری و ئەلازیغ و مەلاتیە و کوێ و کوێی تری باکوور، بکەنە بەرەی پێشەوەی هێرش و زەبر وەشاندن!پێیان بڵێن:کە ئەوە ناکەن، ئەدی ئەم قوونەشەڕانەی ئێرەتان لە چییە؟

هەواڵ
09-06-2021

دواى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى مه‌زارگه‌و ئارامگای سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین كرایه‌...

چوارشه‌ممه‌ ٩⁄ ٦⁄ ٢٠٢١  به ‌ئاماده‌بوونى د. پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف وكاروبارى  ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر دواى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى مۆدێرن مه‌زارگه‌و ئارامگاى سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین له‌شارى هه‌ولێر كرایه‌وه‌ له‌وته‌یه‌كدا د. پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف وكاروبارى ئایینى رایگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ى رێزدار مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئارامگاى سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه‌و به‌دووقۆناغ كاره‌كان ته‌واو ده‌كرێن و له‌ ئێستادا قۆناغى یه‌كه‌م كۆتایى هاتووه‌، دواتر  ئاماژه‌یدا به‌رۆڵى گرنگ و مێژوویى سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین له‌ مێژووى هه‌ولێر و  خزمه‌تكردنی به‌م شاره‌ دێرینە هه‌روه‌ها دانانى مه‌ولودى پیرۆزو له‌دایك بوونى پێغه‌مبه‌رى مه‌زن سه‌لامى خواى لێبێت کە یادكردنه‌وه‌ى ئه‌م بۆنه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئایینى و کاریگەر  تێكه‌ڵاوى كه‌لتوورى پرشنگدارى شارى هه‌ولێره‌، جگە لەوەی بۆ هه‌موو جیهانی ئیسلامیش  بۆته‌ نمونه‌یه‌كى دره‌وشاوه‌ كه‌جێگه‌ى شانازییه‌ بۆ خەڵکی  شاره‌كه‌ وێراى ئاماژه‌دان به‌كردنه‌وه‌ى به‌شى شوێنه‌واره‌ ئایینیه‌كان له‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف وكاروبارى ئایینى و خستنه‌ رووى پلانى وه‌زاره‌ت بۆ  گرنگى دان به‌ سه‌رجه‌م شوێنه‌ ئایینه‌كان له‌پارێزگاكانى ترى هه‌رێمى كوردستان پاراستنى شوناسى ئایینى ونیشتیمانى خەڵکی کوردستان دواتر ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر سوپاسى تایبه‌تى ئاراسته‌ى سه‌رۆكى حكومه‌تى كوردستان و وه‌زیرى ئه‌وقاف وكاروبارى ئایینى كرد له‌به‌رامبه‌ر گرنگى پێدانى شوێنه‌واره‌ ئایینیه‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر ئاماژه‌یدا به‌ گرنگى و پیرۆزى ئارامگه‌ى سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین بۆ هه‌ولێر  كه‌به‌شێگى گرنگى پیرۆزى و ئه‌وشاره‌یه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف وكاروبارى ئایینى كرد له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌و جێ به‌ جێ كردنى پێدوایستیه‌كانى ئارامگاكه‌ جه‌ختى كرده‌وه‌ له‌بوونى هه‌ماهه‌نگى په‌یوه‌ندى بۆ پاراستن نۆزەنکردنەوەی  سه‌رجه‌م شوێنه‌واره‌ ئاینیه‌كانى ترى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر جێگەی ئاماژەیە پرۆژە بە دوو قۆناغ جێ بەجێ دەکرێن لەئێستا قوناغی یەکەمی کارەکانی تەواوھبووەو قۆناغی دووەمیش راستەوخۆ دەست پێ دەکرێت

بیروڕا
09-06-2021

مەلا بەختیار: 37 ساڵە پەکەکە نەیتوانیوە سەنگی سیاسی گەریلایی بباتەوە س...

نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان (پلاسخارت)و هەندێک لە چاودێرە سیاسیەکان، زەنگی مەترسیان لەسەر هەرێمی کوردستان، لێداوە. ئێمەش لە (١٣/٧/٢٠١٦) لە زانکۆی سلێمانی لە کۆڕی (سازان یان ترازان) باسی پیلانمان لەدژی بەشەکانی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان کردوە. مەخابن، ساڵەها تێپەڕی، چارەسەر بۆ کێشە مەترسیدارەکانی ناوخۆیی نەدۆزرایەوە. بە تایبەتی لە نێوان یەکێتی و پارتی. هەروەها لە نێوان پارتی و p.k.k. لە رۆژئاوای کوردستانیشدا، لەنیوان پەیەدە و ئەنەکەسە،  ئەگەری دەستێوەردانی ئیقلیمی لە باشوردا، ئەگەر بە حوکمی بەرەسمی دانپیانان بە فیدراڵیەت، دەستوری هەمیشەیی، بازرگانی و ئابوری هەرێم و دەوروبەر کەمتر بوبێ.. بێگومان، تورکیا لەگەڵ گەریلاکانی باکور لەشەڕدایەو تورکیاش ئەزمونی (٢٠٠) ساڵەی دوژمنایەتی کوردی هەیە. لە پیلانگێڕانیشدا کارامایە. پەیوەندی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکانی دەوروبەر، مافی خۆمانە بیپارێزین و ئەنجامە  ئەرێنیەکانی ئابوری و سیاسی و دیپلۆماسی، بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و کوردستان و عێراقیش، دەرکەوتوە. بەڵام تورکیا، بە حوکمی ئەوەی سورە لەسەر نەسەلماندنی مافی دیموکراسی-نەتەوەیی کوردستان، تەنانەت سورە لەسەر ئەوەی یاسای لێبوردنیش بۆ گەریلا دەرنەکات، بەلکو  وەکو زەمانی حکومەتی پاشایەتی عێراقیش ئامادە نییە دان بە زمانی کوردیدا بنێ. هەموو چەشنە دەستپێشخەریەکی ئاشتیش بۆ چارەسەری  سیاسی رەتدەکاتەوە. لە ساڵی (١٩٩٣-١٩٩٤) لە زەمانی مەرحوم تورگوت ئۆزالەوە، سەرۆک مام جەلال ئاسۆی ئاشتی پیشانی تورکیا داو جەنابی ئۆجەلانیش شەڕی یەک لایەنەی چەندجارێک، لەسەر داوای مام جەلال راگرت. بەڵام لەوساوە، (٣٠) ساڵی رەبەقە خوێنڕشتن و ماڵوێرانی بەردەوامە. زیندانەکان هەتادێن زیاتر دەکرێنە قوتابخانەی ئازادیخوازان! کۆخەمی گەورەی زیندانیەکانیش سەلاحەدین دەمیرتاشە. جەنابی مەسعود بارزانی! بەڕێزان.. هاوسەرۆکی (p.k.k)! رای گشتی کوردستان! پشتیوانانی کوردستان! ئاشکرایە، هێزە سیاسی-چەکدارەکان، کاتێک کێشە سیاسیەکانیان چارەسەر ناکەن، لەدوا ئاکامدا، پەنا بۆ چەک دەبەن. بە تایبەتی لە کوردستانێکی گەمارۆدراودا، کە کێشەی دیموکراسی-نەتەوەیی بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. دوژمنانیشی بەدەوام لە پلانگێڕاندان. -لەساڵی (١٩٩٢) یەکێتی و پارتی، شەڕیان لەگەڵ (p.k.k) تاقیکردەوە بێهودە بوو. -یەکیتی و p.k.k، شەڕیان دژی یەکدی کرد، هەمان ئەنجامی هەبوو. -دوای ئەوە، پارتی و p.k.k شەڕیان تاقیکردەوە، دیسان بێهودە بوو. بێگومان (p.k.k) دوای (٣٧) ساڵ نەیتوانیوە سەنگی سیاسی-گەریلایی بباتەوە سەنگەری راستەقینەی خۆی.. کە باکوری کوردستانە. ئەمەش مایەی زیانە بۆ خەباتی رزگاری مەدەنی باشور. چونکە، تاقیکردنەوەی تەنانەت دۆخێکی وەکو ئەنفالیش، کە تاقە گوندێکی کوردستان نەمابوو؛ رژێمی فاشی عێراقیش لە تورکیا کەمتر لە سەرکوتکردنی پێشمەرگە شارەزا نەبوو؛ کەچی پارتیزانەکانی بەرەی کوردستانی، توانیان درێژە بە چالاکی بدەن، p.k.k بۆ تائێستا نەیتوانیوە؟ ئەمەیان لە روانگەی ئێمەوە، پەیوەندی بە ستراتیژی چەکداریەوە، دوای جەنگی سارد هەیە. کە سەراپا پیاچونەوەی پێویستە. خەباتی راپەڕینی و مەدەنییەتی شارەکان بۆتە ستراتیژی دیموکراسی. بەڕێزان! لەم دۆخە ئاڵۆزەدا (٦) پێشمەرگە دەبنە قوربانی. کە ئەگەر (p.k.k) کاری وای کردووە، (کە تا ئێستا رەتیدەکاتەوە) تاوانێکی گەورەی ئەنجام داوە. لەگەڵ ئەوەشدا.. گریمان سەلمێنرا (p.k.k) تاوانەکەی کردووە، دەی لەم کاتەدا، حیکمەتی جەنابی مەسعود بارزانی و پارتی و حکومەتی کوردستان، لەو دەڤەرەدا لەوەدایە، نەهێڵن ئەم داچۆڕانەی خوێن،  بکرێتە جۆگەلەی خوێنی کورد بە کورد بەکوشتدان. با ئەمجارەش، خوێنی رۆڵەکانی باشور، وەکو قوربانی کوردایەتی سەیر بکرێ و بکرێنە قەزاوەگێری راوەستانی قوربانی تر. بە هەموو شێوەیەک، هیچ لایەک نەکەوێتە ناو داوی دەوروبەر، بۆ زیاتر خوێن رشتن. چونکە ئەنجامەکەی بێهودەیە. پەرلەمانی کوردستان و عێراق، لیژنەیان ناردوە، چاوەڕێ بکەین ئەنجامەکەی رابگەیەنن. لەبەر رۆشنایی ئەنجامەکەی، بەوپەڕی بەرپرسیارێتی نەتەوەییەوە بیر لە چارەسەر بکرێتەوە. نەک بیری تۆڵە سەندنەوە زاڵبێ بەسەر دۆخەکەدا. بەڕێزان! دوای ئەم روداوە، لە پێشەوەدا پێویستە p.k.k بیر لە چارەسەری عەسکەری-سیاسی بکات و گەریلا  لە هێڵی رووبەڕوبونەوەی پێشمەرگە و ئیدارەی بناری قەندیل-گارا، دور بخاتەوەو خەڵکەکەشی لە بۆردومانی فڕۆکەی ناتۆ سەرفراز بکات. ئینجا پارتی، پشوی درێژتر بکات و سیاسەتی سەنگینی خۆی بەرامبەر ئە دۆخە، کە ساڵانی رابوردوو، پەیڕەوی کردوە، لەدەست نەدات. هەموو لایەکیش بیر لە چارەسەری ئاشتی کێشەی باکور بکاتەوە. بە تایبەتی، تورکیا ئێستا، لەگەڵ میسر، یۆنان، لیبیا، عێراق، ئەمریکا و یەکێتیی ئۆروپا، سەرقاڵی پیاچونەوەیە بە سیاسەتەکانی رابوردووی، بە ئامانجی چاک کردنی نێوانیان. هەر تورکیا، چەکدار بۆ سوریا و لیبیا بۆ پشتیوانی هێزی چەکداری داردەستی خۆی دەنێرێ، کەچی لە باکوری کوردستاندا، ئامادە نییە دانوستان بکات!! حیزبە کوردستانیەکانیش، لە پێشەوەدا یەکێتی و گوڕان، کە لە حکومەتدان،هەقە هەڵوێستیان یەك بخەن، بۆ رێگرتن لە رودانی نەخوازراوی شەڕێکی دیکەی ناو ماڵی کورد. ئەگەرنا، کە شەڕ قەوما، تەواوی حیزبەکان، لە پێشەوەدا ئیدارەی یەکگرتوی کوردستان، باجەکەی دەدەن. بەڕێزان! بەدرێژایی دامەزراندنی حکومەتی عێراق، دەسەڵاتەکانی عێراق، بەرپرسیار بون لە چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردستان.. بێگومان لە تورکیا و باقی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، هەر حکومەتەکانن، کێشەی دیموکراسی کوردستان چارەسەر ناکەن. بۆیە، تکایە، دەرسەکانی مێژووی خۆمانمان بیرنەچێ. بە دڵنیایەوە، کێشەی باکوریش، لەدوا ئاکامدا، شەڕی خوێناویتریش رووبدات، خۆ لە ئەنفالکردنی باشوری کوردستان و کیمیاباران کردن، تراژیدیتر نابێ.. هەر دەشگاتە چارەسەر. ئومێدەوارین.. چارەسەرکردنی کورد-کورد، پێش چارەسەرەکانی حکومەت_ کورد بکەوێ. لەگەڵ رێزی مەلا بەختیار ٩/ حوزەیرانی/٢٠٢١ سلێمانی

هەواڵ
09-06-2021

نێچیرڤان بارزانى بە فەرمی بانگهێشتى بەریتانیا دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 2012/6/9 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز دۆمینیک ڕاب وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا و شاندێکى یاوەرى کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگرانى سەرۆک، جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان، باڵیۆزى بەریتانیا لە بەغدا و کونسولى گشتییان لە هەولێر ئامادەى بوون، پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، دەرفەتى کار و وەبەرهێنانى بەریتانى لە هەرێمى کوردستان، چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە، پرۆسەى یەکخستنیان و هاوکاریى بەریتانیا لەمبارەیەوە، مەترسییەکانى تیرۆر و شەڕى داعش، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، سەقامگیرى و دوا پەرەسەندنەکانى عێراق و ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تاوتوێ کران. وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندى و هاوبەشى و هاریکاریى نێوان هەردوولایە و بۆ ئەم مەبەستە بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستانى بە شێوەیەکى فەرمى بۆ سەردانى شانشینى یەکگرتوو بانگهێشت کرد. لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى بەردەوامی و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا کردەوە و ئاماژەى بە پەیوەندیى لەمێژینەى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا کرد و سوپاسى دۆستایەتى و پشتگیرى و هاوکاریى بەردەوامى بەریتانیاى بۆ هەرێمى کوردستان کرد. دواى کۆبوونەوەکەش سەرۆکى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا لە لێدوانێکى هاوبەشدا بۆ ڕۆژنامەنووسان باسیان لە ناوەرۆکى کۆبوونەوەکە کرد. سەرەتا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گوتى: بەخێر بێن.. بەخێرهاتنى بەڕێز وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا و شاندی یاوەریان دەکەین. خۆشحاڵین کە لەم کاتەدا لە چوارچێوەی سەفەریان بۆ عێراق سەردانی کوردستان دەکەن. لە کۆبوونەوەکەماندا چەند بابەتێکمان باس کرد، لەوانە: پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا، کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا و هەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، شەڕی دژی تیرۆر، مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند بابەتێکی جێی بایەخی هاوبەش. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرز دەنرخێنین، سوپاسى پشتگیریی بەردەوامى بەریتانیا لە گەلی کوردستان دەکەین. هاوبەشیی گەلی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا (30) ساڵ بەرلە ئێستا لە چیاکانی کوردستان دەستی پێکرد. نیسانی ساڵی 1991، بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاری (688)یان دەرکرد. بەریتانیا هاوشان لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەمان، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە کۆکردنەوەی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی نەوای ئارام و ناوچەی نەفڕین. بڕیاری (688) و ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نەوای ئارام، بۆ هەرێمی کوردستان دەسپێکی سەرەتایەکی نوێ بوو، تا بتوانێت برەو بە پەیوەندیی دۆستانە لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی بدات. لەوساوە تا ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ بەریتانیا لە هەموو قۆناغەکاندا بەردەوام بووە. هاوبەشی و هاریکاریمان لە شەڕی دژی داعشدا، فرانتر بوو. سوپاسی بەریتانیا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکەین بۆ هاوکاری و پشتگیریی بەردەوامیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان. هاوشانى بەریتانیا و وڵاتانى دیکەی هاوپەیمانان، پابەندیى خۆمان بە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسی و هەڕەشەکانى داعش دووپات دەکەینەوه‌. هەرێمی کوردستان و عیراقیش وەک هەموو وڵاتانی جیهان، لەبەر پەتای کۆڤيدـ19 و لێکەوتەکانی، زیانی زۆریان بەرکەوتووە! هەستانەوەی ئابووری لە جیهان بۆ قۆناغی دوای کۆرۆنا، پێویستی بە پلان و هاریکاری و هاوبەشی و کاری هەمەلایەنە هەیە. خۆشحاڵین کە وڵاتانی (G7) بڕی (15) ملیار دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ پشتگیری لە پەرپێدانی ئافرەتان لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان. هیوادارین عێراق و کوردستانیش لەو پرۆگرامانە سوودمەند بن، بەتایبەتى لە بوارەکانى پەروەردە، خوێندن، کارکردن، پرۆژەى بازرگانى، پەیداکردنی داهاتی بەردەوام و چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى بەهۆى کاریگەریی خراپی بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە، ڕوویاندا. بەپێی توێژینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، عیراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای بەسەرەوە دەبێت! ئێستا لە هەرێمی کوردستان سەرەتاکانی ئەو کاریگەرییە خراپە دەرکەوتوون و خەریکە وشکەساڵی دەبێتە کێشەیەکی جددیی بەردەم هەرێمی کوردستان. جگە لەوە، شوێنەوارە خراپەکانی شەڕی دژی تیرۆریش لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کاریگەریی خراپیان بەسەر ژینگەوە هێشتووە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پابەندین بە ڕێکارە نێودەوڵەتییەکانى خۆگونجاندن و کەمکردنەوەى کاریگەریی نەرێنیى گۆڕانى کەشوهەوا لە جیهان. لە چوارچێوەی توانا سنووردارەکانی هەرێمی کوردستاندا، چەند هەنگاوێکى بچووکمان هەڵێناوە بۆ داڕشتنى پلانى بەردەوام بۆ کەمکردنەوەى بڵاوبوونەوەى گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن CO2 هەروەها ئەو گازانەى دەبنە هۆکارى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما. هەوڵ دەدەین ڕیکارى کردەیی لەم بوارە ئەنجام بدەین. لەمبارەیەوە لە عیراق و لە هەرێمی کوردستان پێویستیمان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە. زۆر سوپاسی به‌ڕێزان باڵیۆزی به‌ریتانیا له ‌به‌غدا و کونسولی گشتییان له‌ هه‌ولێر ده‌که‌ین بۆ هه‌وڵه‌کانیان بۆ په‌رپێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانمان. ده‌ستخۆشییان لێده‌که‌ین و هیوای سه‌رکه‌وتنیان بۆ ده‌خوازين. دووباره‌ بەناوی حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستانەوە، بەخێرهاتنی جەنابی وەزیر دەكەین، بە خێر بێت. سوپاس.. ئینجا بەڕێز دۆمینیک ڕاب، وەزیرى دەرەوەى بەریتانیان گوتى: جەنابی سەرۆک، زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ جەنابتانم، سوپاس بۆ پێشوازیی گەرم و خانەخوێییە دڵفراوانەکەتان. پێم وایە پێویستە بگوترێت سەردانەکەم ئەو بایەخە نیشان دەدات کە ئێمە لە بەریتانیا بە پەیوەندیی مێژووییی نێوانمان دەدەین. با شتێکیش لەلایەن خۆمەوە بڵێم، ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە دۆستێکی دێرینی هەرێمی کوردستانی عێراقین. بەو شێوەیەی کە جەنابتان باستان کرد، ئێستا (٣٠) ساڵ زیاتر بەسەر دامەزراندنی هێڵی نەفڕیندا بە دەستپێشخەریی سەرۆکوەزیران جەنابی جۆن مەیجەر، تێدەپەڕێت. (دەزانم شەقامێک بە ناوی ئەوەوە هەیە کە من جارێک دەچم سێڵفییەکی لێ دەگرم). هێڵی نەفڕین یەکجار گرنگ بوو بۆ پاراستنی ئەم هەرێمە لەو زەبروزەنگەی سەدام حسێن دژ بە خەڵک ئەنجامی دەدا. دەبێ بڵێم کە ئەم هەرێمە ڕێگەیەکی زۆری لەم ماوەیەدا بڕیوە، سەفەرێکی پڕ لە ڕووداو (ئاڵنگارى) بوو، بەڵام ڕێگەیەکی باشتان بڕی. دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستانی عێراق، بووەتە چرایەکی بەردەوامی سەقامگیری کە خۆی لە بەرانبەر کاریگەریی ناسەقامگیرکەری ئێران گرتووە. بێگومان ئێوە زۆر بنەڕەتی بوون لە شەڕى دژى داعشدا. ئێمە ئەمە بەرز دەنرخێنین و دەبێ دروود بۆ هێز و قوربانیدانی گەلی کوردستان بنێرین، چونکە زۆریان بوونە قوربانی لەو سەفەرە مێژوویییەدا. گفتوگۆی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆکدا هەبووە لەسەر کۆمەڵیک پرس، ئێمە بەها و بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە، سەقامگیریی نەک هەر عێراق، بەڵکوو هیی ناوچەکەیش بۆ هەردوولامان گرنگە و بەریتانیا پابەندە بە قووڵکردنەوەی هاوبەشیمان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سەرمایەگوزاری لە هەموو ئەو بوارانەدا کە سەرۆک ئاماژەی پێکرد. ئەمە زۆر ئەرێنییە کە چاکسازیی پێشمەرگە بەردەوام بێت و ئێستا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا کار دەکات، ئەوە یارمەتیی ئەوە دەدات کە داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان دەربکرێن. خۆشحاڵم ڕابگەیەنم کە بەریتانیا پشتگیریى تازەی ماددی بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دیاری کردووە، لە بواری “پاراستنی موڵکی فەرهەنگی”دا، بەپێی پەیماننامەی لاهاى، بێگومان، ئەمە سەرەڕای پشتگیریى دیکەى ئێمە. جەنابی سەرۆک و من هاوکات باسی کۆمەڵێک پرسی دیکەمان کرد کە بە لامانەوە گرنگن. باسی گرنگیی میدیایەکی سەربەخۆ و ئازاد و پاراستنی ڕای ئازادمان کرد. پێشوازی لە بایەخی حکوومەتی هەرێم دەکەم بۆ ئەم پرسە، هەروەها پێشوازی لە لێبووردەییی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ ئایینەکانی دیکەدا و پشتگیریکردنى خەڵکی ئاوارە دەکەم، ئەمە زۆر گرنگە. ئەمە هاوبەشییەکی درێژخایەنە. سەرۆک هەروەها باسی کۆمەڵێک بابەتی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ بەریتانیا و سەرۆکایەتیکردنی بەریتانیا لە (G7) گرنگن. سەرۆک باسی کۆمەڵیک پرسی گرنگی کرد بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، جەنابیان باسی خوێندنی کچانی کرد، باسی گۆڕانی کەشوهەوای کرد. ئێمە مانگی تەممووز لەگەڵ دۆستە کینیاییەکانمان میوانداریی هاوکاریی جیهانیی بۆ پەروەردە دەکەین بۆ پەرەپێدان بە خوێندنی کچان لەسەر ئاستی دونیا و بێگومان جەنابیان ئەم بابەتەی هێنایە بەر باس لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیشدا. گۆڕانی کەشوهەوا بابەتێکی دیکەى گفتوگۆکانمان بوو بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی. تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئێمە میوانداریی کۆنفرانسى گۆڕانى کەشوهەوا (Cop 26) دەکەین و زۆر گرنگە کە ئەو دەستپێشخەرییانەی لێرەن، باسیان بکەین. لە سەردانی ئەمساڵی جەنابی سەرۆکدا بۆ بەریتانیا، زیاتر باسی ئەوە دەکەین کە ئێمە چیی زیاترمان پێکەوە پێ دەکرێت. جەنابی سەرۆک خۆشحاڵ دەبین بە هاتنتان بۆ لەندەن و بە پتەوکردنى ئەم هاوبەشییەی نێوان حکوومەتەکانمان و لەوە گرنگتر نێوان گەلەکانماندا. زۆر سوپاس.

هەواڵ
09-06-2021

128 ملیۆن دینار بۆ 18 پرۆژەی ئاوی هەولێر خەرج دەكرێت

نزیکەی 128 ملیۆن دینار بە مەبەستی پەرەپێدانی سێكتەری ئاو بۆ 18 پرۆژەی ئاو لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت، كە ئەو پرۆژانە كاریگەریان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئاوی شاری هەولێر دەبێت. دوای ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر داهاتی ڕێژەی %17ی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتییەكە بڕی 127 ملیۆن و 894 هەزار و 600 دینار بۆ 18 پرۆژەی سێكتەری ئاو لە شاری هەولێر خەرج دەكات. ئەو بڕە پارەیە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پەرەپێدانی سێكتەری ئاو لە شاری هەولێر بۆ پرۆسەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان و شوێنە گشتییەكان دەبێت.

هەواڵ
09-06-2021

سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ یادی هەردوو كارەساتەکانی 9ـی حوزەیران، پەیامێکی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: بەناوی خودای مەزن و دلۆڤانلە مێژووی خەباتی گەلەكەماندا ڕۆژ نییە یادی كارەسات و قوربانیدان و قارەمانێتیی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان نەبێت. پەنجا و هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٦٣ـدا ژمارەیەك ئازادیخوازی سلێمانی لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون سووكایەتی بە هێما نەتەوەییەكانیان بكەن، بەدەستی تاوانباری ئەو كات "زەعیم سدیق" شەهید كران. ئەو شەهیدە نەمرانەی سلێمانی بە قوربانیدانی خۆیان وانەیەكی پڕبەهای ئازایەتی و ئازادیخوازی بوون بۆ گەلەكەیان. بیست و دوو ساڵ دوای تاوانەكەی زەعیم سدیق، هەر لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٨٥ـدا دەستی تاوانكاری دوژمن گەییشتە گیانی بێ تاوانی پەنابەران و، فڕۆكەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق دڕندانە ئۆردوگای پەنابەرانی "زێوە"ـیان بۆردومان كرد و لە تاوانەدا سەدان ژن و منداڵی بێ گوناحی پەنابەر و ئاوارە شەهید و بریندار بوون. دوژمن پێیوابوو بە شەهیدكردن و ئازاردان و سووتاندنی ژن و منداڵ و ئازادیخوازانی كورد، دەتوانێ ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ بەردەوامبوونی لە خەبات تێبشكێنێت. بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ مانەوە و خەبات و تێكۆشان، زۆر لە زەبروزەنگ و فڕۆكە و ئاگر و ئەشكەنجەی دوژمن بەهێزترە. دواجاریش چارەنووسی دوژمن و نەیارانی گەلەكەمانمان بینی و ئیرادەی بەرزی گەلەكەمان بەسەر دوژمنی بێویژداندا سەركەوت.لەو یادەدا بە بەرزی یادی شەهیدانی هەردوو كارەساتی ٩ـی حوزەیران و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەكەینەوە و خوێنی شەهیدانمان چرای ڕێگای ئێستا و داهاتوومانە.مسعود بارزانی٩ـی حوزەیرانی٢٠٢١

هەواڵ
09-06-2021

وەزارەتی تەندروستی ئاماری 24کاتژمێری کۆرۆنای بڵاوکردەوە

ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (٤٦٩) ١. پشکنین: (٧٧٧٤ پشکنینی نوێ)• (٣٠٨٢) هەولێر• (١٣٨٢) سلێمانی• (٢٩٣٥) دهۆك• (٠) هەڵەبجە• (٢٨٧) گەرمیان• (٨٨) ڕاپەڕین•٢. تووشبوو: (٥٧٠ تووشبووی نوێ)• (٧٦) هەولێر• (٢٤٥) سلێمانی• (٢١٦) دهۆك• (٠) هەڵەبجە• (٢٩) گەرمیان• (٤) ڕاپەڕین٣. چاکبوون: (٧٧٨ چاکبوون)• (٢٩١) هەولێر• (٢١٦) سلێمانی• (١٩٢) دهۆك• (١٢) هەڵەبجە• (٥٨) گەرمیان• (٩) ڕاپەڕین•٤. مردن: (٨ مردن)• (١) هەولێر• (٣) سلێمانی• (٣) دهۆك• (٠) هەڵەبجە• (٠) گەرمیان• (١) ڕاپەڕین • ئاماری گشتی:کەڕەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)پشکنین ١٩٥٣٦١٤ (٦٨٠٤٩٩ هەولێر، ٤٧٠٥٥٦ سلێمانی، ٧٨٦٨٢٣ دهۆك، ١٥٧٣٦ هەڵەبجە)تووشبوون ١٧٤٨٨١ (٥٣٧١٩ هەولێر، ٥٦٣٥١ سلێمانی، ٦١٠٧٦ دهۆك، ٣٧٣٥ هەڵەبجە)چاکبوون ١٦٢٦٧٤ (٥٠٨٧٩ هەولێر، ٤٩٧١٥ سلێمانی، ٥٨٥٥٠ دهۆك، ٣٥٣٠ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ٧٨٦٨ (١٦٥٤ هەولێر، ٤٦٥٢ سلێمانی، ١٥٠٧ دهۆك، ٥٥ هەڵەبجە)مردن ٤٣٣٩ (١١٨٦ هەولێر، ١٩٨٤ سلێمانی، ١٠١٩ دهۆك، ١٥٠ هەڵەبجە)

1 2 ... 812 813 814 ... 1148 1149