وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، - لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەلە و لەکارکەوتنی دوو وێستگەی دیکەی گازی لە هەولێر بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی (400) مێگاوات لە (3400) بۆ (3000) مێگاوات نزمبووەوە. روونکردنەوەیەک سەبارەت بە کەمبوونەوەی پڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەلە و لەکارکەوتنی دوو وێستگەی دیکەی گازی لە هەولێر بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی (400) مێگاوات لە (3400) بۆ (3000) مێگاوات نزمبووەوە.-هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەباش بە ڕێژەی (600) مێگاوات بەرز بووەوە.-لە سەرەتای مانگی حوزەیران، خواست لەسەر کارەبا (3800) مێگاوات بوو.-لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر کارەبا بۆ (4400) مێگاوات بەرزبووەوە.-کێشە تەکنیکییەکانی وێستەگەکانی لە کارکەوتوو بەم زووانە چارەسەر دەکرێن و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە ئاستی جاران.-بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕووی کارەبا و کەمکردنەوەی بۆشاییەکە بۆ پێدانی کارەبای زیاتر داوا لە هاوڵاتییان دەکەین دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن و ئەو ئامێر و گلۆپانەی کە زۆر پێویست نین کەم بکەنەوە، بەتایبەتی ئەو هاوبەشانەی کە پێوەری زیرەکیان نەبەستووە و دەگاتە 52% هاوبەشانی کارەبا.وەزارەتی کارەبا2021/6/20
بڕیارە ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی ئیمزاكردنی بەشی سیاسی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان بەڕێوەبچێت كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستاندا بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا دەكەن.بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە کاتژمێر ٤:٠٠ی ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێککەوتنی سیاسی نێوانیان لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە هۆتێل شاری جوان لە سلێمانی ئیمزا دەکەن .
بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان داوا لە هاوبەشانی ئاو دەكات بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆر لە نرخی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، لە نزیكترین كاتدا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن و مامەڵەی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی بە ڕێژەیەكی زۆر لێخۆشبوون بیانگرێتەوە.لە چەند مانگی رابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنمایییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو هەمواركردەوە و بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوە.بە گوێرەی بڕیارە نوێكە بۆ دابەزاندنی نرخی ئاو، نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆهەر مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت، وەك نموونە: ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ چوار مانگ 600 هەزار دیناری بۆ هاتبێتەوە، ئێستا تەنیا بڕی 150 هەزار دینار دەدات، واتە بڕی 450 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە كە ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی ئاودایە.بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت: هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكەین كە دەیانەوێت لە بڕیارەكە سوودمەندبن، چونكە ئامانجمان لە هەمواركردنەوەی بڕیارە كۆنەكە خزمەتكردنی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی بە بڕە پارەیەكی كەم زۆرترین قەرزەكانیان بدەنەوە.
لە سنووری گەرمیان، بەهۆی وشکە ساڵیەوە گیاندارە کێوییەکانی سنوورەکە تووشی تنوێتی بوون و هەڕەشە کەوتۆتە سەر ژیانیان، پۆلیسی ژینگەش ڕایگەیاند، ئاسکێکیان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی تینوێتیەوە کوێر بووە. سنووری گەرمیان جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر گیانداری کێوی لێیە، خاوەنی 750 هەزار ئاژەڵی ماڵیشە، ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵیەوە گیاندارەکان و خاوەن ئاژەڵەکان تووشی کێشە بوونەتەوە. هەرچەندە پۆلیسی ژینگەی گەرمیان بە تانکەر ئاو بۆ ئاژەڵە کێوییەکان دابین دەکات، بەڵام زۆربەی ئەو ئاژەڵانە شوێنی ئاوەکە نادۆزنەوە و ئەو شوێنانەشی پێشتر ئاویان لێ خواردۆتەوە ئێستا وشکی کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئهمڕۆ شهممه 2021-6-19، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پيرۆزبایی سهركهوتنى له ئيبراهيم رهئيسى، سهرۆكى نوێی كۆمارى ئيسلاميى ئێران كرد كه له ههڵبژاردنهكانى دوێنێ هەینیدا، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە نامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بۆ رەئیسی خواستووە لە پۆستە نوێیەکەیدا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هيواى خواستووه "له سهردهمى سهرۆكاتيى رەئیسیدا پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و عێراق لهگهڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران لهسهر بنهماى دراوسێيهتيى باش و بهرژهوهنديى هاوبهش زياتر پهرهيان پێبدرێت و بوارهكانى هاريكاريى ههولێر و بهغدا لهگهڵ تاران لهپێناو ئارامى و سهقامگيريى ههردوولا و ناوچهكهدا، فراوانتر بكرێن."
ئەمڕۆ شەممە 19ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی لە کێشە و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی هیوای کۆڵییەوە و رایسپاردن کە بەزووترین کات لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن و کێشە و گرفتەکانی نەخۆشخانەکە چارەسەر بکەن. سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتی خۆی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ دابینکردنی ھەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی ھیواو ھەموو نەخۆشخانەکانی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە دووپات کردەوە و جەختی کردەوە کە نابێت هیچ کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەدا بکرێت کە پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت.
فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج کە گەریلای پەکەکەی تێدا بووە. کامەران حەسەن، قائیمقامی ماوەت ڕایگەیاند: کات 6:30 ئێوارەی ئەمڕۆ فرۆکەیەکی جەنگی تورکیا ئۆتۆمبێلکی لە گوندی گەڵاڵی لە سنوری قەزای ماوەت بۆردوومانکرد و تێکی شکاند کە گەریلای پەکەکەی تێدا بووە. بەپێی زانیارییەکان لە بۆردومانەکەدا 2 گەریلا گیانیان لە دەستداوە و یەکێکی تریش برینداربووە.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و داوای لێدەکات سەردانی تاران بکات.نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران قسەی کرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە ئیبراهیم رەئیسی کرد، لە بەرامبەریشدا ڕەئیسی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بانگهێشتکرد بۆ تاران.ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کازمی جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان عێراق و ئێران کرد و رایگەیاند چاوەڕوانی هاوئاهەنگی زیاترین لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەت لە بواری ئابووری و ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ئێران و ناوچەکە".
ئەمڕۆ شەممە 19ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەرال فرانچیسکۆ پرینچیپێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئیتالیا لە عێراق کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی لە عێراق، سەردانی سەرۆکی حکومەتی کردبوو. سەرۆکی حکومەت سوپاسی حکومەتی ئیتالیای کرد بۆ پشتیوانیی و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ جەنەرال فرانچێسکۆ خواست لە ئەرکی داھاتوویدا. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئیتالیا لە عێراق، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان کوردستان و ئیتالیا کرد و ستایشی هەرێمی کوردستانیشی کرد، کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران و مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا.
بڕیارە تابڵۆی ئۆتۆمبێل لە نێوان ھەرێم و عێراق یەک بخرێت و بەرپرسێکی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستانیش رایدهگهێنێت: سیستەمەکە جێبەجێ دەکرێت و بە ئینگلیزی تابڵۆی نوێ دروست دەکرێت.فازڵ حاجی، گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێرڕایگەیاند: پێشتر چەندین جار ڕێککەوتن لەنێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و فیدراڵ بۆ یەکگرتنی تابڵۆی ئۆتۆمبێل کراوە، بەڵام ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردن ئێستا بڕیارە جارێکی دیکە دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە بکرێت، ئەویش یەک شێوازی تابڵۆی ئۆتۆمبێل لە ھەموو عێراق پەیڕەو بکرێت.لەبارەی شێوازی تابڵۆی نوێ بەرپرسەکەی ھاتوچۆی ھەولێر رایگهیاندووه: تابڵۆی سیستەمی نوێ، ئەوەی کۆمپانیا ئەلمانیەکە، قەبارەیەکی بچووکی ھەیە و ھەرێمی کوردستان تەنیا قەبارەکەی بچووک دەکاتەوە و لەگەڵ عێراق دەبێتە یەک. فازڵ حاجی گوتهبێژی هاتوچۆی ههولێر ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات: سیستەمی تابڵۆی نوێمان ھەیە، ئەوە باشترە بە ئینگلیزی لەسەری نووسراوە، کاتێک ئۆتۆمبێلەکە دەچێتە وڵاتانی دیکەش تابڵۆ لێ ناکرێتەوە، بەڵام جیاوازیی تابڵۆی ئۆتۆمبێلەکانی ھەرێم و عێراق تەنیا ئەوە دەبێت کە ئەوەی ھەرێمی کوردستان لەسەر تابڵۆی ئۆتۆمبێلەکە ئاماژەی پێ دەکرێت کە ھی ھەرێمی کوردستانە.
1- كێشەی سندوقی شێرپەنجە بە دوور و نزیك پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە نییە و حساباتیان تایبەتە و خۆیان بە بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری و پارەی لێ خەرج دەكەن.2- ڕێژەی 2% پەیوەندی بە سندوقی شێرپەنجەی خەرجیەكانەوە نییە و رێنمایەكی كۆنە و پەیوەندی بە خەرجكردنی شایستەی دارایی دەرمانەوە هەیە.3- وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی (كاك عەبدولڕەحمان) و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی(د. سەباح) ڕێكەوتوون. كە پارەی كڕینی دەرمان چارەسەر بكەن و بە پێی سیولە پارەیان بۆ خەرج بكرێت وەكو ساڵانی پێشوو.4- كێشەی سندوقی شێرپەنجە و كێ سەرپەرشتیاری بووە كێشەیەكی سیاسییە و وەزارەتی دارایی و ئابوری لێی بەرپرسیار نییە.5- لە رۆژی 15/6/2021 كێشەی(بدل عیادات) و (میلاكات) بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەركراوە و بە بێ ئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی بە داراییەوە هەبووبێت.6- كێشەی پێدانی رەزامەندی داواكاری نەخۆشخانەی هیوا بۆ وەرگرتنی 500 ملیۆنی مانگانە لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستیەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە، ئەوەش دوور و نزیك پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە نییە.7- وەزارەتی دارایی و ئابوری هەروەكو پیشەی خۆی بەردەوام دەبێت لەسەر هاوكاری و چارەسەركردنی كێشەكانی تەندروستی لە هەموو هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ شەممە 19 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کرد .لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا لە بواری ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکی و ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و خراپ بەکارهێنانی پارە بۆ کاری نایاسایی و پشتیوانیکردنی تیرۆر.پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی ، مامەڵە لە گەڵ لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراق دەکات کە بنکەکەی لە هەولێرە ، وەک لایەنی فەرمی پەیوەندیدار و تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی کاروباری بانکیی لە هەرێم .سەرۆکی حکومەت وێڕای ئامادەیی دەربڕین بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ بانکی ناوەندی عێراق ، دووپاتیشی کردەوە کە ڕێکخستنەوەی سیستەمی بانکی، دەکرێ ببێتە بنەمایەکی گرنک و بەهێز بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی پڕۆسەی وەبەرهێنان و بەدەستهینانی متمانەی بانک و دامودەزگا داراییە نێودەوڵەتییەکان.