پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەکانمان ئاگادار کرانەوە کە دوو کەسی نەناسراو لەناو بازاڕی قەڵادزێ هێرشیان کردۆتە سەر کاسبکارێک بەناوی ( ڕ . ح . ر ) کە دوکانی کەمالیاتی هەیە و دەستبەجێ گەشتنە شوێنی ڕوداوەکە و ڕێوشوێنی یاسایی گیرایەبەر. بەوتەی خۆی "بڕی 42700 دۆلاری ئەمریکی و 19,700,000 دیناری عێراقی لابووە کە هی قەرز بووە و ویستوویەتی لە دوکانەکەی خۆیدا بیداتەوە بە خاوەن قەرز، بەڵام پاش ئەوەی کەمێک سەرقاڵ بووە 2 کەسی دەمامکدار پەلاماریان داوە و وێڕای بریندارکردنی سەرجەم پارەکانیان لێ سەندووە و پاشان ڕایانکردووە". لەئێستادا لێکۆڵینەوەی ورد لەڕووداوەکە دەستی پێکردووە و بەڕێز دادوەریش بە ماددەی 406/ 31 لە یاسایی سزادانی عێراقی بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان. لێکۆڵینەوەش لە ڕوداوەکە بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕینڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان
ئەمڕۆ دووشەممە 21ی حوزەیرانی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و مەترسی و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوو کران.هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە سەرۆک بارزانی گەیاند بۆ شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگانەی کە لە ماوەی ڕابردوو بە دەستی چەکدارانی پەکەکە شەهیدکران و جەختی لەوە کردەوە بۆ وڵاتەکەی، سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بایەخ و گرنگی تایبەتی هەیە و هەرێمی کوردستانیش نموونەیەکە بۆ سەقامگیری و بوژانەوە لەچاو بەشەکانی تری عیراق.هەر لەو دیدارەدا هەنگاوەکانی یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و، هەروەها دانانی ناوەندەکانی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی عێراقی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر بەرز نرخێندرا.ئاستی زانکۆکانی هەرێم و هەوڵدان بۆ پێشخستنی زانکۆکانی هەرێم و کاریگەرییان لە داهاتووی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.
لەوانەی ئەم وشەیە هاتبێت بەمێشكتدا (ئارامی دەرون) ئەو وشەیە بەڕاستی چەند گرنگە؟ بۆچی ئەمڕۆ گۆراوە بۆ ئارەزوویەكی بەدەستنەهاتوو؟ پێشكەوتنەكانی سەردەمی ئێستا هەموو شتێكی بۆ ئاسان كردووین، بەڵام بەهەمان ڕێژە ئارامی دەرونمانی توشی نیگەرانیو سترێس كردووە، بەڵام چۆن ئارامی و شادی بەدەستبهێنین لێرەدا چەند ڕێگایەكتان بیردەهێنینەوە كە چۆن بەئاسانی دەتوانیت خۆشی بچوك و گەورە بەدەست بهێنیت تەنها پێویستە كەمێك بەسەرنجەوە بڕوانیتە ژیانتو لەگەڵ خۆت ڕاستگۆ بیت.1-گوێ لەمۆسیقا بگرە یان هەر شتێكی تر كە ئارامی بەدەرونت دەبەخشێت.2-هەناسەی قوڵ هەڵمژە.3-بەپێ بڕۆ.4- چێژ وەربگرە لەسروشت.5-لەگەڵ ئاژەڵانی ماڵەوە كە هەتانە یاری بكە.6-پاكو خاوێنو ڕێك پێك بە.7-ڕاستییەكان پەسەند بكە.8-سەرنجی تەواوەتیت لەسەر هەستەكانت بێت بۆئەوەی مێشكت نەتوانێت سەرنج بخاتە سەر نیگەرانیو ناڕەحەتییەكانت.9- خۆتت خۆش بوێت.10-ڕاستگۆبە لەگەڵ خۆت.11-پێبكەنە چونكە دەتوانیت بەشە جوانەكانی ژیان پێكەوە ببینینت.12-تەندروستی و سەلامەتیت بەشێوەیەكی ڕێكو پێك هەڵسەنگێنەو چاودێری خۆت بكە.13-ئامانجو ئاواتت هەبێت هۆشمەندانە هەڵیان بژێرە.14- لەجیاتی نیگەرانی لەڕابردوو ترس لەداهاتوو بە لەحزە بژی و لەكاتی خۆیدا چێژ وەربگرە.15- كەمتر نیگەران بەو فێر بە كە هەر شێوە نیگەرانییەك لەمێشك دوور بخەیتەوە.16-قسەی دڵی خۆت بڵێ مەترسە بزانە لەژیانت چێتدەوێت، ئەگەر نەزانیت چێتدەوێت ئەوا هیچ شتێ بەدەست ناهێنیت.17- كاتێ بۆ خۆت دابنێ بۆ ئەنجامدانی كارێ كە دڵخۆشتان دەكات.18-پڕ ووزەو چالاك بە.19- واز لەهەندێ شت بهێنە چونكە هەندێ شت هەیە كە تۆ ناتوانیت بیگۆڕیتو گرنگی نییە.20-بێ هیچ هۆكارێك سەرزەنشتی خۆت مەكە، خۆت مەخەرە ژێر هیچ فشارێكی ناپێویستەوە.21-سەرنج بخەرەوە سەر نیعەمەتەكانی ژیانتو سوپاسگوزار بە، جار جارێ ئەو نیعمەتانە بیری خۆت بهێنەوە.22-وا سەیری شكست بكە كە ڕێگایەكە بۆ فێربوونت.23- پەیوەندیت لەگەڵ كەسانی تر دروست بكە چونكە خۆشترین و جوانترین كاتەكانی ژیان ئەوەیە كە لەگەڵ كەسانی تریتو بەشداری خۆشیو ناخۆشییەكانت دەبن.24- ڕێگایەكی گونجاو بدۆزەرەوە بۆ خۆ دەربازكردن لە هەستە نەرێنییەكانت.25- میهرەبان بە چونكە كاتێ كە خۆشەویستی دەبەخشی هێز بەدڵ دەبەخشێت.26-تەنها سەرنج بخەرە سەر ئاراستەی ژیانی خۆت، خۆت بەراورد مەكە لەگەڵ كەسانی تر.27- باوەڕت بەخۆت هەبێتو قسە لەگەڵ خۆت بكە و ڕستەی ئەرێنی و هێوابەخش بەخۆت بڵی.28-هەر كاتێ كە لەتوانات هەبوو كەمێ پارە پاشەكەوت بكە.29-قەناعەتت هەبێت بەشتە سادەكان چونكە ئەمە هەمان شتە كە چێژی مانەوەو ئارامی دەروونی دەهێنێت.30-لەسەر باوەڕی خۆت بوەستەو بەدوای ئارەزووەكانی خۆتبە.31-بەئەندازەی پێویست بخەوە، جەستە پێویستی بە8 كاتژمێر خەو هەیە.لەكۆتایدا دەڵێین لەگەڵ خۆت ڕٍاستگۆ بەو قبوڵی بكە كە ژیان لەحاڵەتی گۆڕاندایە زیاتر ئاگات لەبیركردنەوەكانت بێت، كەمتر گرنگی بە بیرۆكە نەرێنییەكانت بدە لەجیاتی ئەوە هەوڵبدە جوانیەكانی ژیان ببینە، سەرنج بخەرە سەر ئامانجەكانت.و/نیگارسەرچاوە/chetor.com
بهپێی ئهو پێشبینیانهی كهشناسی ههرێم كردونی، پلهكانی گهرما زیاتر بهرز دهبنهوه، لهپێناو پاراستنی تهندروستی و گیانی هاوڵاتیان قائیمقامیهتی سلێمانی هۆشداری دهدات.ئهمڕۆ دوشهممه (2021.6.21) لهشكر حهمید، سهرۆكی لیژنه هاوبهشهكانی قائیمقامیهتی سلێمانی رایگهیاند؛ بهپێی ئهو پێشبینییانهی كهشوههوای ههرێم ئاشكرا كردوه، پلهكانی گهرما بهردهوام له بهرز بونهوهدا، بۆیه بۆپاراستنی خۆیان پێویسته هاوڵاتیان ههندێك رێكاری پێویست بگرنهبهر، لهوانه خۆ بهدور گرتن له كڕینی ئهو خواردن و خواردنهوانه له شوێنی گهرم و ناتهندروستدا عهمباردهكرێن یان به سهربهتاڵی لهبازاڕهكاندا بههاوڵاتیان دهفرۆشرێن، چونكه هۆكارێكن بۆ بڵاوبونهوهی و گواستنهوهی پهتای سكچون و رشانهوه كه زیاتر له منداڵاندا دهردهكهون.هاوكات د. پهرست نهقشبهندی، نوێنهری بهڕێوهبهرایهتی تهندروستی له لیژنهكان داوا دهكات؛ لهكاته گهرمهكاندا بهتایبهت له سەعات (11ی پێشنیوەڕۆ بۆ 4ی پاشنیوەڕۆ) لە ماڵەکانتاندا بمێننهوه و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت مهچنه دەرەوە بەتایبەتی ئەو کەسانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان لەگەڵدایە.سهبارهت به مامهڵهكردن به سوتهمهنییهكان له كاته گهرمهكاندا، نهقیب رێكان جهمال، نوێنهری بهرێوهبهرایهتی بهرگری شارستانی له لیژنهكانی قائیمقامیهت رایگهیاند: بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە بەهیچ شێوەیەک نابێت و رێگەپێدراو نییە کە تانکەری سوتهمهنییهكان بهتایبهتی غازی شلی (LPG) لە کاتەکانی نیوەڕۆدا بۆ شوێنەکان نهگوازێتهوه لەبەر ئەوەی مەترسی رودانی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە، پێویستە لە درەنگانێکی شەودا ئەو کارە بکرێت، هەر شوێنێک پابەند نەبێت روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.نهقیب رێكان جهمال، نوێنهری بهرێوهبهرایهتی بهرگری شارستانی داوا له شۆفێرانكرد؛ لهپێناو پاراستنی گیانی خۆیان و سهلامهتی ئوتۆمبیلهكانیان لهكاته زۆر گهرمهكاندا سهردانهی بهنزینخانهكان نهكهن و بهنزین نهكهنه ئۆتۆمبیلهكانیانهوه، چونكه لهو كاتانهدا ئهگهری دروستبونی روداوی نهخوازراو زیاتره.
لە سنووری قەزای ماوەت 20 دۆنم پوش و پاوان سووتا.بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن دانیشتوانی گوندی ( گوێزڵێ )ی سەر بە قەزای ماوەت ئاگادار کرانەوە بە بوونی ئاگرێك لە سنورەکەیان ، دەستبەجێ مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە و بە هاوکاری لەگەڵ ئاگر کوژێنەوەی ماوەت و دانیشتوانی گوندی گوێزڵێ توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ .زەرەر و زیانی ئاگرەکە مەزەندە دەکرێت بە سوتانی نزیکەی ( ٢٠ ) پوش و پاوان .
دادگای دەستوری تورکیا داواکاری داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە-ی پەسەندکرد. ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی گشتیی دادگای دەستور بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی داواکاری داخستنی هەدەپە کۆبووەوە و بڕیاریدا بە پەسەندکردنی داواکارییەکە. بەپێی ماددەی 69ی دەستوری تورکیا بۆ داخستنی هەر پارتێکی سیاسی، بڕینی بەشێک یان تەواوی هاوکارییەکان لەسەر ئەو پارتە، لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی دادگای دەستووری تورکیا پێویستە 10 ئەندامیان دەنگ بە بڕیارەکە بدەن.
ئافرهتێكی پهناخوازی سهردهشتی رۆژههڵاتی كوردستان، له كاتی چوونی بۆ یۆنان به هۆی جهڵتهی دڵهوه گیانی له دهست دا و هاوسهرهكهی ماوهی دوو كاتژمێر، تهرمهكهی به بهرچاوی دوو منداڵی تهمهن چوار ساڵان و حهوت ساڵانهوه ههڵگرت. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو بڵاوی كردهوه، كه ڕووداوهكه رۆژی دووشهممه 14ـی ئهم مانگه رووی داوه و ئافرهتهكه ناوی مێهری نهبی زاده تهمهن 27 ساڵان بووه، له ڕێی چوونی بهرهو یۆنان به ڕێگای توركیادا، به هۆی دووریی ڕێگا و ماندوویهتی، تووشی جهڵتهی دڵ بووه و گیانی له دهست داوه، هاوسهرهكهی دوو كاتژمێر تهرمهكهی به كۆڵ بردووه به بهرچاوی دوو كچه چوار ساڵ و حهوت ساڵانهكهیهوه، تا گهیشتووهته دهزگا فهرمییهكان.
ئاراس جەنگی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند، کەرکووک لەسەر عێراقە نەک هەرێمی کوردستان، ئیتر بۆچی پێشمەرگە بگەرێتەوە بۆی.ئاراس جەنگی، کە یەکێکە لە جێبەجێکارانی ڕێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی لە ئۆکتۆبەری 2017 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کەرکووک لەسەر عێراقە نەک هەرێمی کوردستان، ئیتر بۆچی پێشمەرگە بگەرێتەوە بۆی.لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و رادەستکردنی کەرکووک بە حەشدی شەعبی، ئاراس جەنگی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، ناوی پارێزگاری نوێی کەرکووک لە گیرفانیدایە، بەڵام تا ئێستا پارێزگارێکی عەرەبی توندڕەو بە وەکالەت ئەو پارێزگایە بەڕێوە دەبات.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەبارەت بە دۆسیەی نەخۆشخانەی هیوا بە توندی ڕەخنە لە لاهوور شێخ جەنگی دەگرێت و ڕوونی دەکاتەوە، حزبەکەی لاهوور شێخ سیستمی نیمچە تایبەتی هێنایە کایەوە و لە ناو کەرتی گشتیشدا وەکو گورگ پەلاماری خەڵک ئەدات و پارەیان لێ وەرئەگرێ.تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ ٢٠/٦/٢٠٢١ بڵاویکردەوە، لەسەردانێکیدا بۆ نەخۆشخانەی هیوا، لاهور شێخ جەنگی چەند لێدوانێکی سەرسوڕهێنەری داوە و دەڵێت: "نیگەرانین لەو هەوڵانەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردو درکیان پێدەکرێت بۆ پاشەکشە و پەراوێزخستنی کەرتی گشتی لە بواری تەندروستی و گۆڕینی ئاراستەکەی بەرەو کەرتی تایبەت، ئەمەش دورە لە بنەماکانی سۆشیال دیموکرات و زیانگەیاندنە بە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت."تۆڕەکە دەپرسێت: "بەلای ئێمەوە زۆر سەیرە کە نیگەرانە لەو هەواڵانە. لە جەنابیان ئەپرسین، ئەوە کێ بووە کەرتی تەندروستی گشتی وێران کرد؟ ئەوە کێ بو کە کەرتی تەندروستی هەموی دایە دەست کۆمپانیا؟"هەر وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ لێدوانەکەی لاهوور شێخ جەنگی، تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، چەند پرسیارێکی دیکەی ئاراستەی ناوبراو کردووە و دەڵێ:ئایا ئەوە یەکێتیەکەی ئەو نەبو کە لە ٢٠٠٧ەوە وەزارەتی تەندروستی بە دەستەوە بو؟ئایا ئەوە حیزبە بەناو سوشیال دیموکراتەکەی ئەو نەبو کە سیستمی نیمچە تایبەتی هێنایە کایەوە و لە ناو کەرتی گشتیشدا وەکو گورگ پەلاماری خەڵک ئەدات و پارەیان لێ وەرئەگرێ؟ئایا کاک لاهور ئەتوانێ پێمان بڵێ لە کامە سیستمی سوشیال دیموکراتی پارە لە خەڵک وەردەگیرێ لە ناو کەرتی گشتی تەندروستیدا؟ئایا ئەوە وەزیرەکانی ئەو حیزبەی لاهور شێخ جەنگی نەبون کە ریگەیان بۆ کۆمپانیا خۆشکرد کە هەمو کەرتی تەندروستی بە تایبەت بکەن؟ئایا ئەوە سەرکردەکانی وەکو کۆسرەت رەسولی حیزبە بەناو سوشیال دیموکراتەکەی ئەو نیە کە لە هەولێر نەخۆشخانە بە پارەی سلێمانی دروست ئەکات و دوای ئەیکات بە نەخۆشخانەی تایبەت؟ ئایا هەر هەمان ئەو سەرکردانەی حیزبەکەی ئەو نین کە بازرگانی و قاچاخی دەرمان و کەرەستەی پزیشکیی ئەکەن؟ئایا ئەوە کادیرەکانی حیزبە سوشیال دیموکراتەکەی کاک لاهور نین کە لە پاڵ پۆستە ئیداریەکانیان دەستیان لە گەڵ دەیان کۆمپانیای دەرمان و کەرتی تایبەت تێکەڵکردوە؟ئایا ئەوە قەیوانی سەر بە حیزبە سوشیال دیموکراتەکەی ئەو نیە کە تەندروستی کردوەتە کاڵا و بە ئارەزوی خۆی بازرگانی پێوە ئەکات؟ئایا لاهور شێخ جەنگی یەکێک لە ئەندازیارەکانی وێرانکردنی کەرتی تەندروستی کە رێکەوت حەمە ڕەشیدە نەکردوەتە ڕاوێژکاری تەندروستی خۆی و ئێستایش گوێی لێ دەگرێ؟لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، دەڵێ: ئەگەر لاهور شێخ جەنگی ڕاست ئەکات فەرمو با ئەم پرنسیپە سەرەتاییانەی سوشیال دیموکراتیزم جێبەجێ بکات: بڕیار بدات کە حیزبەکەی تەندروستی وەکو مافی خەڵک تەماشا بکات نەک وەکو کاڵا.دەستی کۆمپانیا کاپیتالیست و بۆرژواکان لەناو کەرتی تەندروستی ببرێ و رێگا بە بازرگانی بە تەندروستی خەڵکی کوردستانەوە نەدات.کادیرە حیزبیەکانی یەکێتی ناو تەندروستی بنبڕ بکات کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیان بۆ مەبەستی تایبەت.نەخۆشخانەکانی پار و ئەوانی تر بداتەوە خەڵکی کوردستان.رێگە نەدات سەرکردەکانی حیزبەکەی خۆی تێوەگلێن لە بازرگانی و قاچاخی دەرمان و کەرەستەی پزیشکیی.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕێی گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە دەکەن، کە بڕیارە لە بەغداوە وەک شایستەی دارایی رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، هەوڵی جدی دەدەن کە مووچە 100٪ بدرێت.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "چاوەڕێین حکومەتی عێراق 200 ملیار دینار رەوانە بکات و بۆ ئەو وردەکاریانەی هەیە بەرچاومان روونبێت، ئەوکات لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار پێویست لەوبارەوە دەدەین، ئێمە وەک حکومەت لەگەڵ ئەوەداین مووچە بە تەواوی بدرێت، هەوڵی جدیمان داوە کە مووچە 100٪ دابەش بكرێت".راشیگەیاند: "حکومەتی عێراق بڕیارداوە مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، ئێمەش چاوەڕێین بڕیارەکە جێبەجێ بکەن".وتەبێژی حکومەت، جەختیکردەوە: "ناتوانین لە ئێستاوە بڕیار بدەین ئەم مانگە چۆن مووچە دابەش دەکرێت، تا وردەکاریی و پێشهاتە داراییەکان تاوتوێ دەکرێن، دوای کۆبوونەوەی لەبارەوە دەکرێت بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت".ئاماژەی بەوەدا: "دوای ناردنی بڕە پارەکە لە بەغداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەپێی داهاتی بەردەست پارە بۆ مووچە دابین دەکرێت، حکومەت کۆمەڵێک ئیلتیزاماتی لەسەر شانە و تەنها مووچە نییە، بەڵام ئومێد دەکەین بە لە ماوەیەکی نزیکدا گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت".باسی لەوەشکرد: "لە 6/6/2021 سێیەمین نووسراوی ئاراستەی چاودێری حکومەتی عێراق کرد، ئەوان لیژنەیەکیان ناردە هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر دەستبەکاربوو بۆ وردبوونەوە لە داهاتە نا نەوتییەکان و دەروازەکان، چەند تیمێکی هاوبەش لە دیوانی چاودێری هەردوولا پێکهێنرا، تائێستا بەردەوامن لە کارەکانیان، ئەو داهاتە نانەوتیانە لە هەرێمی کوردستان بەدەستدێ لەبەردەستی تیمی هاوبەشە و چاودێری دارایی هەردوولا دایە".
لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ، بڕیاردرا مانگانە بڕی (ملیارێک و شەسەد ملیۆن دینار) بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، بۆ کڕینی دەرمان و دابینکردنی ئامێر و تاقیگە و پێداویستییە پزییشکییەکانی تر.بەپێی نووسراوی ژ ( 7291 ) کە ئەمڕۆ یەکشەممە 20 ی حوزەیرانی 2021 بە واژۆی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی وئابووری کراوە ، وردەکاری ڕەزامەندی خەرجکردنی بڕی پارەکە بۆ نەخۆشخانەکانی نانەکەلی ، رزگاری ( هەولێر) ، هیوا ( سلێمانی ) ، ئازادی ( دهۆک) .• هەروەها بە پێی نووسراوی ژ ( 7293 ) لە 20 ی حوزەیران ، سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندی لە سەر خەرجکردنی ( ملیارێک و بیست و حەوت ملیۆن شەسەد هەزار دیناری مانگانە) دا لە بری نۆڕینگە ( بدل عیادە). کە لە نووسراوەکەی سەرۆکی دیوان ، وردەکاری خەرجکردنەکەی ڕوونکراوەتەوە .
بهڕێوهبهرایهتیی هاتوچۆی ههولێر، له ئاگادارییهكدا، مهرجی بهكارهێنان و لێخوڕینی ماتۆڕسكیل دهخاته ڕوو و دووپاتی دهكاتهوه كه دهبێ ههموو ئهو مهرج و ڕێوشوێنانه جێبهجێ بكرێن كه به پێی یاسا ڕێك خراوه. ئهمڕۆ یهكشهممه 20/6/2021، بهڕێوهبهرایهتیی هاتوچۆی ههولێر، له ئاگادارییهكدا، بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و ماتۆڕسواران، له بارهی بەکارهێنان و لێخوڕین و تۆمارکردنی ماتۆڕسکیلهوه، ئاماژهی بهوه كردووه، بەپێی یاسای هاتوچۆی ژمارە 86ی ساڵی2006ی عیراق، کە یاسای کارپێکراوە لە هەرێمی کوردستان، پێویستە بۆ لێخوڕینی ماتۆڕسکیل، ئەم خاڵانە پەیڕەو بکرێت. 1/ هەر کەسێک ماتۆڕسکیل لێبخوڕێت، پێویستە مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیلی هەبێت، کە ئەم مۆڵەتە بەپێی یاسا دەدرێت بەو کەسانەی ئەم خاڵانە بیانگرێتەوە. ا/ تەمەنیان 16ساڵی تەواو کردبێت ب/ لەپشکنینی پزیشکی بە سەرکەوتوویی دەربچن ج/ لە تاقیکردنەوەی پراکتیکی (ترای) بە سەرکەوتوویی دهربچن د/هەڵگری ڕەگەزنامەی عیراقی بن، واته کەسانی بیانی بە هیچ شێوەیەک نابێت ماتۆڕسکیل لێبخوڕن. 2/ پێویستە ئەو ماتۆڕسکیلەی لێی دەخوڕن تۆمارکراو بێت، واته تابلۆی پێوەبێت، ماتۆڕسکیلەکەش بەشێوەیەکی فەرمی و لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانهوه بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی هاتبێته ناو ههرێمی كوردستان، چونکە بەپێی یاسای هاتوچۆ، هەر سوارۆیەک لەشەقام بڕوات، دەبێت تۆمارکراو بێت. 3/ لە کاتی لێخوڕیندا، پێویستە سەرجەم پێداویستییەکانی سەلامەتی لە کڵاوی سەرپارێز و ئەژنۆ و مەچەکپارێزەکان بەکاربێن لەلایەن شوفێرو سەرنشینەکەشەوە، ناشبێت لە یەک سەرنشین زیاتر سەر ماتۆڕسکیل بخرێت، ناشبێت سەرنشینەکە لهژێر هیچ بیانوویهك منداڵ بێت. 4/ سەبارەت بە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و چێشتخانەکان، کە کاری دلیڤەری دەکەن، بەهەمان شێوە دەبێت ماتۆڕسکیلەکانیان تۆمارکراو بێت لەسەرناوی کۆمپانیا یان چێشتخانەکە، ئەو کەسانەی لەسەری کاردەکەن، دەبێت مۆڵەتی لێخوڕینیان هەبێت و عیراقی بن و نابێت بیانی بن بە هەموو ڕەگەزنامەکانەوە. 5/ بە گشتی پێویستە لەسەر ماتۆڕسوارەکان پابەندی یاسا و ڕێنوێنییەکانی هاتوچۆ بن وجگە لە پێداویستییەکانی لێخوڕینی سەلامەتی، لەسەر ترافیکەکان بۆ چرای سوور بوەستن، بە پێچەوانەی ئاڕاستەی ڕۆیشتن لێنەخوڕن، بۆ کورتکردنەوەی ڕێگایەکان بەسەر دورگەی ناوەندەکان نەکەون، لە نێوان ئوتومبێلەکان بەشێوەی لولپێچ لێنەخوڕن، دەستەڕاستی شەقامەکان بەکاربهێنن نەک لاینی چەپی خێرا، لە شوێنی قەدەغە ماتۆڕسکیلەکانیان ڕانەگرن… هتد . بهڕێوهبهرایهتیی هاتوچۆ، دهشڵێ: هەر کەسێک پەیڕەوی ئەم خاڵانە بکات لە کاتی لێخوڕین، لەلایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆ توشی گرفت نابێتەوە، بەڵکو یارمەتیشی دەدرێت، بەڵام هەر کەسێک لەو خاڵانە دەربچێت وسەرپێچی بکات، مەفرەزەکانی هاتووچۆ ناچار دەکات کە ڕێکاری یاسایی لەگەڵ بگرنەبەر و دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دابگرن.