Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13787 بابەت
هەواڵ
26-06-2021

پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

به‌پێی حوكمی مادده‌ی (5)و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووەم و سێیەم) له‌مادده‌ی (16)و بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌مادده‌ی (18)و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م) له‌مادده‌ی (20)و مادده‌كانی (47، 48، 52، 54، 55، 56، 57) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (16)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌كاتژمێر (11)ی پێشنیوه‌ڕۆى ڕۆژی دووشەممە رێكه‌وتی 28/6/2021، به‌مشێوه‌یه‌ بێت:یەكەم: درێژكردنەوەی ویلایەتی (سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان) بۆ ماوەی (4) ساڵ، كە لەڕۆژی تەواوبوونی ماوەی خولی یەكەمیەوە دەستپێدەكات.دووەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژەو پێشنیازەیاسایانەی خوارەوە پشتبەستن بەحوكمی بڕگەی (یەكەم و دووەم و پێنجەم)ی ماددەی (78)و ماددەی (79، 80، 82)و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (83) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.1- پرۆژەیاسای (نیشان و میدالیا لەهەرێمی کوردستان-عێراق).2- پڕۆژەیاسای (کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لەهەرێمی کوردستان-عێراق).3- پرۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆو شەتڵ و تۆماركردن و پەسەندكردن و پارێزگاریكردن لەتەرزە كشتوكاڵییەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق).4- پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای چاودێریی ناكامەكان ژمارە (78)ی ساڵی 1980ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان-عێراق).5- پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (76)ی ساڵی 1983 و هەموارەکانی لەهەرێمی کوردستان).6- پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای بزربووەکان لەهەڵمەتەکانی لەناوبردنی بەکۆمەڵی گەلی کوردستانی عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 1999).7- پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی (یاسای دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2011).8- پێشنیازەیاسای (گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان-عێراق).سێیەم: درێژكردنەوەی (خولی بەهارە)ی ساڵی سێیەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی (30) ڕۆژ، بەپێی حوكمی بڕگەی (چوارەم)ی ماددەی (7) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.چوارەم: خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی (چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ) بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (66) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.پێنجەم : خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پرۆژەیاسایانەی خوارەوە به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.1- پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ژمارە (22)ی ساڵی 2011 لەهەرێمی كوردستان -عێراق).2- پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراق ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لەهەرێمی كوردستان -عێراق).3- پڕۆژەیاسای بەركاركردن و هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو، ژمارە (20)ی ساڵی 1998ی هەمواركراو).شەشەم: خستنەڕووی بیرۆكەی ئەم پەرلەمانتارانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (49) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:1- بیرۆكەی پەرلەمانتار (عبدالستار مجید قادر) سەبارەت بە (دۆزینەوەی هەلی كار لەڕێگای بەگەڕخستنەوەی كارگەكان).2- بیرۆكەی پەرلەمانتار ( عوسمان علی سمایل) سەبارەت بە (لەپێناو پاراستنی ژینگەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان هەوڵێك بۆ ڕێسایكلینی خاشاك).3- بیرۆكەی پەرلەمانتار (زێدان رەشید خان اودل) سەبارەت بە (پرسی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی).4- بیرۆكەی پەرلەمانتار (شایان كاكە صالح) سەبارەت بە (ڤایرۆسی نەخۆشيی كۆڤید-19).

هەواڵ
25-06-2021

ئومێد خۆشناو: سکاڵاش تۆمارنەکرێ ئەو گەنجە دەمانچەی ڕاکێشا دەستگیردەکەی...

پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند، ئەگەر سکاڵاش لەسەر ئەو گەنجە تۆمار نەکرێت کە لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت و دەمانچە ڕادەکێشێت، ئێمە وەکو حاڵەتی نەخوازراو حسابی بۆ دەکەین و دەستگیری دەکەین. ئومێد خۆشناو بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند: داوام لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە، بە هەر شێوەیەک بێت، ئەو کەسە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن کە دەمانچەی لە گەنجێکی سلێمانی ڕاکێشا. پارێزگاری هەولێر وتیشی: دەبێت گەنجەکە سکاڵا تۆمار بکات، گەر نەیشیکات ئێمە وەک حاڵەتێکی نەخوازراو مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و ڕادەستی دادگای دەکەین.

هەواڵ
25-06-2021

چین داوا دەکات پەیمانگای وهان بۆ لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسەکان خەڵاتی نۆبڵی پ...

زاو لیژیان، وەزیری دەرەوەی چین، پێنجشەمەی ڕابردوو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەونیدا، ڕەخنەی توندی لە جیهان گرت بە تۆمەتبارکردنی چین کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهان سەری هەڵداوە و وتی: “دەکرێت ئەم ڤایرۆسە لە تاقیگەیەکدا دروست كرابێت و دزەی پێ کرابێت”. وتیشی: "ڕاستە ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکەم جار لە وهان دەستنیشان کراوە، بەڵام مانای ئەوە نیە کە وهان سەرچاوەی ئەم ڤایرۆسەیە، یان لە لایەن زانایانی وهانەوە بەرهەم هێنرابێت" وەزیری دەرەوەی چین ئەوەشی خستەڕوو کە "تیمی زانایانی وهان شایەنی نۆبڵن لە بواری پزیشکیدا، بۆ ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنایان کردووە، نەوەک لۆمەیان بکرێت". هەفتەی ڕابردوو چین پەیمانگای وهان بۆ لێکۆڵینەوەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای بەربژێر کرد بۆ برنەوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی. لە هەمان کاتدا بەپێی ڕاپۆرتێکی (واڵ ستریت جورنال) کە تێیدا دزە بە دۆسیەی هەواڵگری ئەمەریکا کرابوو، باس لەوە دەکات سێ کارمەندی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسیی لە وهان باری تەندروستیان ناجێگیر بووە بەر لە مانگێک لە دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لایەن ئەم پەیمانگایەوە. ڕۆژێک پاش بڵاو بونەوەی ئەم ڕاپۆرتە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانی بە هەواڵگری ئەمەریکا دا دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی نوێ بکات بۆ کار کردن لەسەر شوێنی پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ماوەی 90 ڕۆژی بۆ دەستکەوتنی ئەنجامەکان داناوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا هەوڵ دەدات ئاشکرای ئەوە بکا کە ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا یاخود نا.

هەواڵ
25-06-2021

وێنە.. قایمقامیەتی سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئاژەڵی کێویدا ده‌گر...

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی دەست بەسەر ژمارەیەک باڵندە کێویدا ده‌گرێت دواتر گەڕاندیانه‌وه‌ بۆ ناو سروشت. ئەمڕۆ هەینی (2021.6.25) لە هەڵەتێکدا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت دەستیان بەسەر ژمارەیەک باڵندەی کێویدا گرتوە کە لەلایەن راوچی و کاسبکارانەوە لە ژێرپردەکەی ناوبازاڕی سلێمانی بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت. دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای قائیمقامی سلێمانیییه‌وه‌ باڵندە و کێوییەکان گەڕێندرانەوە بۆ ناوسروشت، هەڵمەتەکە بۆ پارێزگاری کردنە لەسروشت و پاراستنی ئەو باڵندە و ئاژەڵانە و بەردەوامیش دەبێت تا بنەبڕكردنی دیاردەکە. لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.

هەواڵ
25-06-2021

سه‌رۆكى هه‌رێم له‌گه‌ڵ نێرده‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى...

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى، 2021/6/25 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جان گادفره‌ى، نێرده‌ى تايبه‌تی ئه‌مه‌ريكا بۆ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش به‌وه‌كاله‌ت و شاندێكى ياوه‌رى كرد. له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و جموجۆڵه‌كانى داعشيان له‌ عيراق تاوتوێ كرد و جه‌ختييان له‌ پێويستيى چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان و هاريكارى و ميكانيزمێكى كاراى هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپاى عيراق و پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگيريى هێزه‌كانى هاوپه‌يمان بۆ له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش، به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى بۆشاييى ئه‌منى كرده‌وه‌. هه‌ردوولا كۆك بوون له‌وه‌ى به‌رده‌واميى په‌لاماره‌كانى داعش هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌قينه‌‌ و مه‌ترسيى جددين بۆ ئاسايش و ئاراميى عيراق و سووريا، ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ وڵاتانى ئافريكاش، بۆيه‌ داكۆكييان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ شه‌ڕى دژى داعش و توندڕه‌وى به‌ ته‌نيا له‌ ڕێگه‌ى سه‌ربازييه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكوو ده‌بێ ڕێگه‌ له‌ هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى تيرۆر و توندڕه‌وى بگيرێت. له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ دۆخى كه‌مپى هۆڵ له‌ سووريا كرا و جه‌خت له‌ پێويستيى كاركردن بۆ ڕێگرى له‌ زه‌مينه‌ى توندڕه‌وى كرايه‌وه‌. گرنگيى يارمه‌تيدان و هاوكاريكردنى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى شه‌ڕى داعش بۆ شوێنه‌كانيان، دووباره‌بوونه‌ى به‌ئامانجگرتنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان له‌ عيراق، هه‌وڵه‌كان و هاوبه‌شى و هاريكاريى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌، دۆخى ئێستا و داهاتووى سووريا و پرسى كورد له‌و وڵاته‌، كۆنفرانسى هه‌فته‌ى داهاتووى وه‌زيرانى وڵاتانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له‌ ڕۆما و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى‌ جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو.

هەواڵ
25-06-2021

خەرجکردنی ٢٠٠ ملیارەکەی ھەرێم ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کرا

نووسراوی خەرجكردنی بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی كرا. ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران نووسراوی خەرجكردنی بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی كرد و ڕەنگە لەم ڕۆژانەدا بگات. ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر راسپاردەی مستەفا كازمی نووسراوی خەرجكردنی بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێم رەوانەی وەزارەتی دارایی كرد بەپێی نووسراوەكە لە 2021/1/1 بۆ 2021/6/1 مانگانە بڕی 200 ملیار دینار وەك پێشینە رەوانەی هەرێم دەكرێت و دواتر پاكتاو دەكرێت

هەواڵ
25-06-2021

وێنە.. ئاگرێک لە ھەولێر مۆڵ کەوتەوە

بەیانی ئەمڕۆ ھەینی، بازاڕی هەولێر مۆڵ کە دەکەوێتەسەر شەقامی 30 مەتریی لە شاری هەولێر، ئاگر کەوتەو و زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە. سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت "تەنیا پێنج دووکان بەتەواوی سووتاون" و بەشێک لە دووکانەکانی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە، کە نزیکەی 20 دووکان دەبێت. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانێت هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرابکات، چونکە ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، لە کامێراکانی چاودێرییەوە سەیری دووکانەکانیان کردووە بەمەبەستی دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە.

هەواڵ
24-06-2021

ڤیدیۆ.. یەکێتی نایەوێت یەکەی حەفتا بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

ئەمەریکا ھەڕەشەی لە لاھوری شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کردووە کە ئەگەر یەکەی حەفتا ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە نەکەن، ھەموو ھاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە ڕادەگرێت. لەم ڤیدیۆیەی باڵکێش زیاتر ببینە https://fb.watch/6kxtWmUxWj/

هەواڵ
24-06-2021

فراکسیۆنی پارتی بۆ ڕێواز فایەق: هەستی کەس بە ناحەق بریندار مەکە

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "نووسراوێك بە واژۆی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوه‌ لەبارەی ئەوەی پەرلەمانتاران بۆیان نییە سەردانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بکەن بە تەنها بە مەبەستی بەدواداچوون"، دەشڵێت "له‌ تۆڕه ‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت، گوایه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی چه‌ند په‌رله‌مانتارێكه‌ و پێگه‌ی خۆیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی به‌كارهێنابێت". وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئەوەی خستووەتەڕوو "بە خۆشحاڵییەوە رایده‌گەیێنین كه‌ هیچ ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتی نین و په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كه‌مان په‌روه‌رده‌ و گۆشكراوی رێبازی بارزانین، هەموو هەڤاڵانمان لە هەموو لیژنەکان و بەتایبەت لیژنەی وەبەرهێنان، پیشەییانە کاریان کردووە و باش دەزانن باش و خراپ چییە". پێشەوا هەورامانی داوای لە سه‌رۆكی په‌رله‌مان کردووە "هه‌ر ئه‌مڕۆ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكبهێنێت و ئەم بابەتە دوانەخات و هەر کەسێک پلە و پێگەی خۆی بۆ بەرژەوەندیی کەسی بەکارهێناوە، ناوی بهێندرێت و کە ئەنجام دەستکەوت رێوشوێنی یاسایی لە بەرانبەریان بگیرێتەبەر و هەستی کەس بە ناحەق بریندارنەکرێت".

هەواڵ
24-06-2021

لیستی قۆناغی دووەمی ئەو زیندانییە سیاسیانەی مینحەیان بۆ خەرج دەکرێ ڕاگ...

دوا بەدوای فەرمانمان ژمارە (٤۷٤) لە رێکەوتی ۲٤ / ٦ / ٢٠٢١ تایبەت بە خەرجکردنی مينحەی (۱۹۷) زیندانیکراو و گیراوی سیاسی وەک قۆناغی دووەم ئەو بەرێزانەی رێکارەکانی بایۆمەترى و بەڵێننامەی دادنوسیان کردووە، لە کاتی ڕاگەیاندنی خشتەی موچەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی بانکی بێخاڵ بکەن لە هەولێر بە مەبەستی وەرگرتنی مینحەی مانگی ئایار و حوزەیرانی ۲٠۲۱ .۱ـ ئەو بەرێزانەی کە ڕێکارەکانی بایۆمەتری و بەڵێننامەیان تەواو نەکردووە، دوای تەواو کردنی سەردانی بانکی ناوبراو بکەن.۲ـ ئەو زیندانیانەی کۆچی دواییانکردوە وارسەکانیان ڕێکارەکانی بەرێوەبەرایەتی کاروباری زیندانییەسیاسیەکان تایبەت بە یاسای خانەنشینی بەرکار تەواو بکەن، دواتر سەردانی بانکی ناوبراو بکەن بۆ وەرگرتنی مینحەکەیان.

هەواڵ
24-06-2021

پەیامێک لە پارتییەوە بۆ پەکەکە

ڕۆژی 21ی ئەم مانگە، پێگەی (ANFNEWS)ی سەر بە پەكەكە، دەقی دیدارێكی لەگەڵ دۆران كاڵكان، وەك ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە بڵاو كردووەتەوە.ئەڵبەت سەرلەبەری ئەو زانیارییانەی كە كاڵكان، وەك زانیاریی ورد و نهێنی، باسی كردوون، هەڵەن و تەنیا زانیارییەكی ڕاستیشیان تێدا نیە. بەڵام بەرلەوەی ناڕاستی یەك بەیەكی ئەو زانیارییانە بخەینە بەردەم رای گشتی كوردستان، جێی خۆیەتی چەند سەرنجێكی گشتی لەبارەی قسەكانی كاڵكانەوە بخەینەڕوو.قسەكانی كاڵكان، زیاتر لە ڕاپۆرتێك دەچن كە بۆ ڕازیكردنی دەرەكی نوسرابن، گوایە ئەو زانیاریانە نهێنین و هیچ كەس و لایەنێك ئاگاداریان نین و ئاشكراكردنیان پارتی دیموكراتی كوردستان ئیحراج دەكەن! لەمەشدا كاڵكان و پەكەكە سەرچیخ چوون، چونكە خۆیان لە هەمووان باشتر دەزانن، پارتی، بەئاشكرایی هەڵوێست وەردەگرێت و بەڕوونی قسەكانی خۆی دەكات.جێگای سەرنجە، لە قسەكانی ئەمجارەیدا، كاڵكان، بەپێچەوانەی هەر لێدوانێكی بیست ساڵی رابردووی سەرانی پەكەكەوە، ناوی كورد و كوردستان چەندجارێك دووبارە دەكاتەوە. ئەمەشیان دیسان هەوڵێكی دیكەی چەواشەكردنی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد و خەڵكی كوردستانە. ئاخر، هەمووان دەزانن، ناوی كورد و كوردستان، ساڵانێكە لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سەرانی پەكەكەدا نەماوە، بگرە خەباتی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان بەلای سەرانی پەكەكەوە، نەك لەكەیە، بگرە تۆمەتێكە كە لە هەموو بۆنەیەكدا رەتی دەكەنەوە. پەیوەندیی سەرانی پەكەكە بە كورد و كوردستانەوە، تەنیا خۆسەپاندنیانە بەسەر خاكێكدا كە كوردستانە و ئیستیغلالكردنی ئەو گەنجە كوردانەیە كە سەرانی پەكەكە كردوویاننەتە قوربانی شەڕە بێهوودەكانیان، دەنا سەرانی پەكەكە، بەئاشكرا و بەنوسین و لێدوان، دەمێكە نكۆڵی لە ناوی كورد و كوردستان و ئاڵا و مێژووی بزاڤە رزگاریخوازە نەتەوەییەكەی كوردستان دەكەن.وادیارە كاڵكان و هاوەڵەكانی گەیشتوونەتە ئەو حەقیقەتەی ئیدی درووشم و ئیدعاكانیان بەسەر خەڵكدا تێناپەڕێت، ئەو رۆژەش هێندەی نەماوە كە پێویست دەكات سەرانی پەكەكە وەڵامی پرسیارەكانی دایكوباوكی هەزاران قوربانی دەستی سەرانی پەكەكە بدەنەوە: بەڕاست ڕۆڵەكانی ئێمەتان لە پێناو چیدا كردە قوربانی؟ رۆڵەكانمان بۆ مافی كورد و ئازادیی كوردستان دوای ئێوە كەوتن، ئێوە چیتان كرد و لەبوونە سووتەمەنی كام درووشم و ئامانج؟ كوڕ و كچەكانمان چی دەكەن لە گارە و مەتین و باتیفا و شنگال و ماوەت و شارباژێر و پێنجوێن؟ بۆچی ڕۆڵەكانمان بەگژ پێشمەرگەدا دەكەن؟كاڵكان، چەندین جار باسی هاوكاریی دەكات بۆ هەرێمی كوردستان. جارێ خەڵكی كوردستان باش دەزانن، پەكەكە، لە جیۆگرافیای ڕاستەقینەی چالاكیی خۆی هەڵاتووە، نە ئێمە و نە هیچ لایەنێك، نە ئێستا و نە رابردوو، داوای هاوكاریی و بەدەنگەوە هاتنی پەكەكەی نەكردووە. ئەوانی هەڵاتوو، لە یەكەمین رۆژەوە تا ئەمڕۆ، تەنیا بارگرانی و مایەی سەرئێشە و شەڕوشۆڕی بێهوودە بوون بۆ خەڵكی كوردستان. سەدان جار ئاگادار كراونەتەوە، تكایە مەبنە بیانوو بەدەستی ئەموئەوەوە تا خاكی كوردستان بۆردومان و داگیربكەن، بەڵام چونكە ئەوان ڕێكخراوێكی ئایدیۆلۆجی داخراون، هەمیشە لووتبەرزانە وەڵامیان داوەتەوە. بەوردبوونەوەیەكی كەم لە قسەكانی كاڵكان، ڕووقایمی و ئەم دەردە كوشندەیەی سەرانی پەكەكە دەبینرێت، هەر ئەو لووتبەرزی و خۆبەشتزانینەشە، سەرانی پەكەكە و پەیوەندییەكانیانی لەگەڵ هەموواندا بەم رۆژە گەیاندووە.لەبارەی زانیارییەكانیشەوە، كاڵكان باسی هاوكاریی پەكەكە دەكات لە شەڕی حەفتەنیندا، بێئاگا لەوەی هەرگیز هێزەكانی حكوومەتی عێراق لەو ناوچەیە نەبوون، تا شەڕێك بووبێت و پەكەكە هاوكاری پێشمەرگەی كردبێت. هەر بۆ مێژووش، هەموو قسەكانی كاڵكان لەبارەی ئازادكردن و هاوكاریكردن و كار و چالاكی هاوبەشەوە، هیچ بنەمایەكیان نیە. پارتی، هەرگیز كار و چالاكی هاوبەشی لەگەڵ پەكەكەدا نەكردووە. ئەو شەڕانەش كاڵكان لە ماوەی چل ساڵدا باسیان دەكات، هەر هەموویان بە دژی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و دواتر لە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە شەرعییەكانی و كەمترین شەڕیان لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیاندا بوون.كاڵكان، باسی هەڤاڵی بەڕێز زەعیم عەلی دەكات. لەو ساڵ و كاتەدا كە كاڵكان باسیان دەكات، هەڤاڵ زەعیم عەلی لە بادینان نەبووە و لە سنووری هەولێر بووە.نازانین كاڵكان بە چ مەنتیقێك چەندین جار دووبارەی دەكاتەوە كە ئەوان بۆ رزگاریی كوردستان هاتوونەتە ئێرە؟ وەك ئاماژەمان پێدا، سەرانی پەكەكە، لە توركیا هەڵاتوون، لێرەش، زۆر جاران و تا ئەمڕۆ هاوكاریی حكوومەتی عێراق بوون. ئاخر سەرانی پەكەكە، كۆتایی هەشتاكان، شەش كادری لقی یەكی پارتیان تەسلیم بە حكوومەتی بەعسی عێراق كردەوە، ئێستاش سەرانی پەكەكە، هاوپەیمانی هێزە نەیارەكانی كوردستانن لە شنگال و شوێنەكانی دیكە. بەو كردەوانەیان ئیدی هیچ بوارێكیان بۆ ئەوە نەهێشتەوە كە لە هەرێمی كوردستان وەك هێزێك سەیر بكرێن كە بەدوای بەرژەوەندیەكانی گەلەكەیانن.لە شوێنێكی دیكەدا، كاڵكان، ئاماژە بە ناوی هەڤاڵی بەڕێز ئازاد بەرواری دەكات. ئەم بابەتەی باسی دەكات، هیچ راستییەكی تێدا نیە و ئەسڵەن كاك ئازاد بەرواری لەو دەمەدا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی نەبووە. باسی كۆبوونەوەیەكیش دەكات، لەوێدا ناوی جەنابی سەرۆك و شەهید ئیدریس بارزانی دێنێت، هەواڵی ئەم كۆبوونەوەیەش هەڵبەستراوە و چەواشەكارییەكان و بێئاگایی كاڵكان لە تەركیبەی پارتی بە ئاشكرا دەردەكەون، چونكە لەو رۆژگارەدا پۆستی جێگری سەرۆكی پارتی هەر نەبووە.لە درێژەی قسەكانیدا، باسی ئەوە دەكات گوایە سەرانی پەكەكە ویستوویانە جەنابی سەرۆك بكەنە سەرۆكی نەتەوەیی!! مەگەر سەرانی پەكەكە، دەنا هەمووان دەزانن، پەكەكە لەو ئاستەدا نیە و مافی ئەوەشی نیە هیچ كەسێك بكاتە سەرۆكی نەتەوە، بەڵكو ئەوە خەڵكی كوردستانە بڕیار لەوە دەدات.كاڵكان، باسی ڕێككەوتنی پارتی و توركیا دەكات گوایە بۆ لەنێوبردنی ئەوانە. رێك بەپێچەوانەوە لەو ساڵانەی ئەو باس دەكات، توركیا، بەهۆی بوونی پەكەكەوە، گێچەڵی بەردەوامی بە پارتی كردووە.لە چەواشەكارییەكی دیكەدا، باسی ناوبژیوانی پەكەكە دەكات لە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی ساڵی 1990، ئەو ساڵەی كاڵكان باسی دەكات، پارتی و یەكێتی، پتەوترین پەیوەندییان هەبووە و پێكەوە لە نێو بەرەی كوردستانیدا، بەرنامەڕێژیی راپەڕینیان دەكرد.دیسان كاڵكان، باسی رێككەوتنێك دەكات لە مانگی یەكی 1996دا، ئەم باسە هێرشە بەربڵاوەكەی پەكەكەمان بیردێنێتەوە كە چۆن لە یەك شەودا پەلاماری 25 بنكە و بارەگای پێشمەرگەیان دا و چەندین پێشمەرگەیان شەهید و بریندار كرد و ئاگری شەڕیان هەڵایسانەوە و لەڕێی دنەدان و داخڵبوونی شەڕەوە، درێژیان بە شەڕی نێوخۆ دا.وەك دەردەكەوێت، سەرباری ئەوەی زانیارییەكانی كاڵكان هەرهەموویان ناڕاستن، تەرحەكانیشی نامەنتیقین، ئاخر كاڵكان دەپرسێت: پێشمەرگە چی دەكەن لە چیای مەتین و بۆچی هاتوون، زۆر سەیریش پەكەكە گەورە دەكات و شەڕفرۆشەكەیان بە كۆنگرە ناتۆوە دەبەستێتەوە!! ئەمە لە كاتێكدایە مەتین ناوجەرگەی هەرێمی كوردستانە، پێشمەرگەش هێزی یاسایی و فەرمی ئەم هەرێمەیە، دەپرسین كێ ئەو مافەی بە كاڵكان داوە پێشمەرگە لە خاكی ڕەسەنی خۆی مەنع بكات؟پەكەكە، لەو شوێنانەی لێیان هەڵدێ شەڕناكات، كەچی لەو شوێنانەی بۆیان هەڵدێت، نەك هەر شەڕ دەفرۆشێت و پێشمەرگە شەهید دەكات، بگرە وەك حاكم خۆی دەسەپێنێت.سەرباری ئەوەی قسەكانی دۆران كاڵكان سەرلەبەریان چەواشەكاریین و ئیدعای بەمەرامن، دووپاتكەرەوەی واقیعێكی زۆر تاڵیشن كە سەرانی پەكەكە سوورن لەسەر دژایەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەت و دامەزراوە شەرعییەكانی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، لەو پێناوەشدا ئامادەن هەموو ڕەفتار و چەواشەكاریی و ڕێككەوتنێكی ژێربەژێر بكەن، بەڵام دەبێت دوو ڕاستیش لەبەرچاو بگرن، خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی، بەدرووشمە ئایدیۆلۆجییە باونەماوەكانی پەكەكە ناخەڵتێن و بەوپەڕی قەناعەتەوە داكۆكی لە قەوارە و دەستكەوت و خاكەكەیان دەكەن، دووەمیشیان، رووبەڕووبوونەوەی سەرانی پەكەكە لەگەڵ ئەو گەنجانەی ناو پەكەكە كە بەناوی كورد و كوردستانەوە دوایان كەوتوون، كەچی ئەوان شەڕی كورد و كوردستانیان پێدەكەن، زۆر نێزیكە.بەشی ڕۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنیپارتی دیموكراتی كوردستان24ی حوزەیرانی 2021

هەواڵ
24-06-2021

ئەو دوو منداڵەی دوێنێ لە هەولێر ونبوون ئەمڕۆ بە خنکاوی دۆزرانەوە

دوو منداڵ شەوی رابردوو لە هەولێر ونبوون، دوای ئەوەی کەسوکاریان پەیوەندییان بە پۆلیسی هەولێر و رووداو کرد بۆ دۆزینەوەیان، ئەمڕۆ تەرمەکانیان لە گۆمێکی نزیک مەلا ئۆمەر دۆزرانەوە.منداڵەکان ناویان سیڤان مەحمود نادر و دلۆڤان سەباح مەجید-ە، هاوڕێی یەکتربوون و خەڵکی کۆمەڵگەی مەلائۆمەری نزیک هەولێرن.

1 2 ... 803 804 805 ... 1148 1149