کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر کاتژمێر ١٠:٤٥ ئەمشەو، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە و داوای لە خەڵکی دەوروبەری کردووە نەچنە دەرەوە. بەڵام تا ئێستا ھێزە ئەمنیەکانی ھەرێمی کوردستان ھیچ زانیارییەکان بلاو نەکردووەتەوە و دۆخی ھەولێریش ئارامە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە قەزای زاخۆ مام و برازایەک بەیەکەوە لە ئاوی ڕووباری خابور خنکان. موقەدەم بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرگریی شارستانیی دهۆک گوتی: "ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە پەیوەندی بە تیمەکانی مەلەوانیی ئێمە لە زاخۆ کرا سەبارەت بە رووداوێکی خنکان لە گوندی کەربتێ لە قەزای زاخۆ، پاش ئەوەی تیمەکانمان گەیشتنە جێگەی رووداوەکە و دەرکەوت کە پێنج کەس بەیەکەوە لەنێو ئاوی رووبار گیریان خواردووە". راشیگەیاند: "لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە سێ کەس رزگار کرابوون و دوو کەسەکەی تر کە مام و برازای یەکترن بەیەکەوە خنکان". ئاماژەی بە ئەوەش دا کە ئەو دوو کەسە یەکێکیان ناوی هەرمان مستەفا تەمەن ٣٧ ساڵ و برازایەکی بەناوی گۆهدار رەجەب تەمەن ١٦ ساڵ و هەردووکیان خەڵکی شاری دهۆکن، گوتیشی: "تەرمی هەردووکیان لەلایەن تیمەکانی مەلەوانییەوە دەرهێندراون". باس
پۆلیسی ھەولێر ڕایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی کوردستان، دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەرکەوت کەوا کچێک بە ناوی (اسماء) لەلایەن براکەیەوە بە ناوی (ر. ا. ف.)، تەمەن (٢٧) ساڵ لەسەر کێشەیەکی خێزانی کوژراوە. تۆمەتبار لە کاتی ئێستادا دەستگیر کراوە و دەست بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کراوە.
دوێنێ هەینی قوباد تاڵەبانی و لاهور جەنگی بە نێوەندگیری بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەتەوە و کۆبوونەوەکەش هیچ ئەنجامێکی نەبووە. بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای بەرهەم ساڵح بووە، بۆ ئەوەی یەکێتی لە هەڵبژاردندا تووشی قەیران نەبێت و دەنگەکانی کەم نەکەن، سەرەڕای سەرکەوتنی لە هەوڵی کۆکردنەوەیان، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتایی هاتووە. لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سووربوونی بافڵ تاڵەبانی لەسەر بڕیارەکانی بە لاهور جەنگی ڕاگەیاندووە، ئەویش لە بەرامبەردا ئامادە نەبووە سازش لە هەندێ بڕیار بکات، بەتایبەتی لە چوونە دەرەوە.
جێگری سەرۆكوەزیرانی کوردستان، بەشداری لە پرۆژەی (TECHFEST) بۆ كێبڕكێی تەكنەلۆجیا کرد، كە لەلایەن رێكخراوی بیری نوێ و تیمی گەنجانی نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیرانەوە رێكخراوە و ئامانج لێی ناساندنی گەنجانی داھێنەر و خاوەن بیرۆكەیە بە كۆمپانیاكان. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئیشی حکومەت ئەوەیە سیاسەت دابڕێژێت، کەشێک بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ئەمنیەت هەبێت لەو وڵات، ئابوورییەکی بەهێز هەبێت، خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری هەبێت. نەک بە مانای ئەوەی حکومەت دەبێت هەموو ئەمانە دابین بکات. ئێستا لەو سەردەمە بۆمان دەرکەوتووە، کە حکومەت هەموو شتێکی پێناکرێت، ئەو کەموکورتیانەی کە حکومەت هەیەتی دەبێت بە کەرتی تایبەت پڕ بکرێتەوە، بۆ نموونە کە باسی هەلی کار دەکەین ئێمە وەکو حکومەت کارمەندێکی زۆرمان هەیە لەناو حکومەت، ملیۆنێک و 200 هەزار کەس مووچە لە حکومەت وەردەگرن، 750 هەزار فەرمانبەرمان هەیە بە مەدەنی و سەربازییەوە، بۆیە توانای حکومەت بۆ وەرگرتنی دەیان هەزار و 20 هەزاری دیکە کەمە، بەڵام لە بازاڕی کار لە کەرتی تایبەت ئەو دەرفەتە زۆر زیاترە. قوباد تاڵەبانی وتیشی: لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 860 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوە بە کۆمپانیاکان، کە بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەو کۆمپانیایانە و ئەو بەرنامانەی کە بە نیازن جێبەجێی بکەن، "48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت لە کەرتی تایبەت، بەمەش ئەو گوشارەی ئەمڕۆ لەسەر حکومەتە، کەمدەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا توانیویانە زیاتر لە یەك ملیۆن پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا دابین بكەن، ئینجا نۆرەی هاووڵاتییانە ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و پێكوتە وەربگرن. سەرۆكی حكوومەت لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی "تا ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن پێكوتەی كۆرۆنامان دابین کردووە، ئێستاش نۆرەی ئێوەیە ئەرکی خۆتان جێبەجێ بكەن، پێكوتە وەربگرن و کوردستان بپارێزن". ئەم داوایەی مەسرور بارزانی لە كاتێكدایە كە ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری تووشبووی نوێی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێن و ئەمڕۆش وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا یەك هەزار و 449 تووشبووی نوێی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا تۆمار كراون.
پاش ئەوەی ٣٧ کۆچبەری کورد لە ناوچەیەکی شاخاوی دوور لە ئاوەدانی دورگەی لارۆسی وڵاتی یۆنان لەلایەن قاچاخچیەکانەوە بە جێهێڵدران، بەرەبەیانی رۆژی ھەینی، لەلایەن کەسوکاری یەکێک لەو کۆچبەرانە بە ناوی ( ئاسۆ فاتیح) دەزگای لوتکە ئاگادارکرایەوە لە دۆخی ئەو کۆچبەرانە، بەوەی کە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە و ماوەی زیاتر لە ٣٥ کاتژمێرە داوای ھاوکاری لە پۆلیسی یۆنان دەکەن. لەو باریەوە ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند" پاش ئەوەی ئاگادار کراینەوە لە دۆخی ئەو ٣٧ پەنابەرە کوردە کە لە دورگەی لارۆس بەجێھێڵراون، دەست بە جێ لە رێگەی نوێنەری دەزگای لوتکە و باڵوێزخانەی عێراق لە یۆنان، ھەوڵەکان لەسەر پۆلیسی دەریاوانی یۆنان چڕکرانەوە و خۆشبەختانە توانرا ھاوکاریان پێ بگەیەندرێت و ڕزگاربکرێن". سەرۆکی دەزگای لوتکە وتیشی: "ئەو کۆچبەرانە پێکھاتبوون لە ٨ ژن و ٤ منداڵ و ٢٥ پیاو، کە بەداخەوە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە فێڵیان لێکرابوو وە بە ھۆی ئەوەی چەند رۆژێک لەو شوێنە مابوونەوە و بەھۆی کەمی خۆراک و ئاوی خواردنەوە مەترسی کەوتبووە سەر ژیانیان، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا رزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی کۆس و تەندروستیان باشە".
بەگوێرەی ئاژانسەکانی بۆرسەی جیهانی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برنت لە ئێستادا بە ٦٤ دۆلارو ٩٧ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت کە بەڕێژەی ٢.٢٣% نرخەکەی لەدەستداوە، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٦١ دۆلار و ٨٦ سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بەتەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی نەوتی برێنت بەرێژەی 8% دابەزیوە. هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت رۆژی هەینی 1.27 دۆلار دابەزی و بە 65 دۆلار 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوت رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە نۆ مانگی رابردوودا. بۆ ماوەی حەوت رۆژی بەردەوامیشە نرخی جیهانیی نەوت لەبەر نیگەرانیی لە کەمبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو دادەبەزێت.
لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا سەرکردایەتی تاڵیبان بە شێوەیەکی نادیار ماوەتەوە، تەنانەت پێش داگیرکاری ئەمەریکاش لە ساڵی 2001، زانیارییەکان کەم و نادیار بوون کە چۆن ئەم بزوتنەوەیە لە لایەن چەند کەسێکەوە کاروباریان بە ڕێوە دەچێت. لە ئێستادا تاڵیبان لە ھەوڵی خۆ نوێکردنەوە و پیشاندانی ڕوویەکی نوێی بزوتنەوەکەیدایە، بەڵێندان بەوەی کە لە دەژمنەکانی خۆش دەبێت، پەیمانی دروستکردنی حکومەتێک کە پێکھاتە جیاوازەکان لە خۆ بگرێت، دەرکردنی گرووپە تیرۆرستییەکان لە خاکی ئەفغانستان و ڕێگەدان بە ئافرەت بۆ ئیش کردن لە چوارچێوەی یاساکانی شەریعە. ئەمانە ھەموو ئەو مەرجانەی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانین بۆ دانپیانانی ئەم بزوتنەوەیە وەک حکومڕانی ئەفغانستان. سەرکردایەتی تاڵیبان، چەندین شەڕکەری موجاھیدی تیدایە کە پێشتر لەلایەن ئەمەریکاوە مەشقیان پێ کراوە لە ماوەی جەنگی سارد لە دژی ھێزەکانی یەکێتێ سۆڤیەت لە ساڵانی 1980، بزوتنەوەی تاڵیبان زۆرینەی لە پێکھاتە جیاوازەکانی پەشتون دروستبووە کە لە باشوری وڵاتن. لێرەدا باس لە حەوت کەسی دیاری ئەم بزوتنەوەیە دەکەین: ھەیبەتوڵا ئاخونزادە: لە ساڵی 1961 لە دایکبووە، ئاخونزادە سێیەم سەرکردەی تاڵیبانە، بە بەرزترین پلە لە بزوتنەوەکەدا، پاش کوشتنی جێگرەکەی لە لایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی 2016. زیاتر بە سەرکردەیەکی ئاینی ناسراوە تا سەبازی و خۆی لە چاوی دنیا دوور گرتووە. ئاخونزادە پێشتر نەبینراوە ھەتا بووە بە سەرکردەی تاڵیبان و چەند وێنەیەکی کەمی ھەیە، دواین دەرکەوتنی بۆ پیرۆزبایی ھاتنی جەژنی ڕەمەزان بوو. عەبدولغەنی برادەر: ڕووی گشتی تاڵیبانە و ئەگەری زۆرە حکومەتی داھاتوو بەڕێوە ببات، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئوسامە بن لادن ھەبووە و یارمەتی مەلا محمدی داوە لە دۆزینەوەی تاڵیباندا. برادەر لە ساڵی 2010 لە بەندەرێکی پاکستان لە شاری کاراچی دەستگیر دەکرێت لە ئۆپەراسیۆنێکی ھەواڵگری ئەمەریکا. زاڵمای خەلیلزاد نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان، لە میانەی گفتوگۆی ئاشتی لە ئیدارەی ترەمپ ھەوڵی ئازاد کردنی عەبدولغەنی برادەری داوە. برادەر لە دۆحە-قەتەر ژیاوە کە تاڵیبان نووسینگەی سیاسی تێدا ھەیە، تا گەڕانەوەی بۆ قەندەھار. وەک سەرکردیەکی دیپلۆماسی تاڵیبان، لە شوپاتی 2020 ڕێکەوتنی لەگەڵ ئیداری ترەمپ کرد، کە تێیدا کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆی بۆ تاڵیبان بەردەست خست. ھەروەھا سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین، وانگ یی لە تایژین کۆبۆتەوە. سیراجودین ھەقانی: ڕێکخەری گرووپی تێرۆرستی، سەرکردەی تۆڕی ھەقانی، لە نێوان وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان جموجۆڵی ھەبوە و سەرپەرشتی کاروباری دارایی و سەربازی کردوە، دیار نیە کە ئەمەریکا چۆن ماماڵە لەگەل تۆڕی ھەقانی دەکات لە میانەی گفتوگۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تاڵیبان. لە ساڵی 2014 براکەی لە لایەن ئەمەریکاوە لە بەحرەین دەستگیرکراو گواسترایەوە بۆ زیندانی باگرام، دوای چوار ساڵ لە گۆڕینەوەی ھەندێک زیندانی ئازاد کرا. محمد یائقوب: کوڕی مەلا محمدی دۆزەرەوەی تاڵیبانە، ھەر بۆیەش بە کەسێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری تاڵیبان. زانیاری زۆر کەمی لەسەر ھەیە و دەگوترێت لە وڵاتی پاکستان خوێندویەتی و ئێستا لە ئەفغانستان دەژی، ھەروەھا لەگەڵ سیراجودین ھەقانی سەرپەرشتی ھێزی سەربازی تاڵیبان دەکات. عەبدولحەکیم حەقانی: دانوستاندکار، دەگوترێت زۆر نزیکە لە ھەیبەتوڵا ئاخونزادە، ھەقانی سەرپەرشتی وەفدی دانوستاندکار دەکات بۆ گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئیدارەی پێشوی حکومەتی ئەمەریکا. ھەروەھا ڕاگری ئەنجومەنی قوتابخانەیەکی دینیە. شیر محمد عباس ستانکزی: جیاواز لە سەرکردەکانی دی، ستانکزی بە زمانی ئینگلیزی پاراو قسە دەکات و لە ماوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی 1996 وەک وەزیری دەرەوەی تاڵیبان گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات کردووە. لە ئەرکێکی مەیدانیدا سەردانی واشنتۆنی کردووە بۆ ناساندنی حکومەتی تاڵیبان بە ئیداری بیڵ کڵینتن. نوێنەرایەتی وەفدەکانی تاڵیبانی کردووە بۆ وڵاتێ چین. ستانکزی نوینەری عەبدولحەکیم حەقانییە بۆ دانسوتاندنە فەڕمییەکانی حکومەت. زەبیحوڵا موجاھید: وتەبێژی فەرمی، سەرەتای ئەم ھەفتەیە موجاھید، سەرپەرشتی یەکەم گۆنگرەی ڕۆژنامەوانی تاڵیبانی کرد لە کابوڵ، دەورێکی سەرەکی ھەیە لە گەیاندنی پەیامەکانی تاڵیبان بە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی. لە ماوەی 20 ساڵ جەنگدا، لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و کورتە نامەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان ھەماھەنگی ھەبووە، کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی 17 ئاب، یەکەم جاربوو خۆی پیشانی جیھان بدات.
سیاسەت جیا لە دیوە ئاشكرا و دیارەكەی كە نمایشی دەكات، چەندین دیوی نهێنی وشاراوەی هەیە، ئەسڵی بابەتەكانیش لە دیوەشاراوەكانن، كە واتە هەر ڕووداوێكی سیاسی كە ڕوودەدات، پێشتر بەشی هەرە زۆری پڕۆسەكە بەرنامەرێژكراوە، یەكلاكراوتەوە!!واتە هیچ شتێك لەخۆوە ڕوونادات یاخود مەسەلەكە بەهێزی و لاوازی یاخود گەندەڵی و شەفافی یاخود دیموكراسی بوون و كۆنەپەرستی گروپێك نیە لەبەرامبەر گروپێكی تردا. لەگەڵ ئەوەی هەر ڕووداوێكی سیاسی كە ڕوودەدات چەندین هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی و شاراوە و و نهێنی هەیە، بەڵام لەسەرووی هەموو ئەمانەوە، ئەوەی گرنگە زلهێزەكان چییان دەوێت؟ دەیانەوێت كێ لەدەسەڵات بێت؟ كێ بروات؟ هەتاكەی لەدەسەڵات بێت؟ بە چ جۆرێك؟ چ سیستەمیك پەیڕەوبكرێت؟ كەوایە لەپشت هەر كودەتایەك، هەر شۆڕشێك، هاتنە سەردەسەڵاتی هەر گروپ و سەرۆكێك، هەر ڕوداوێكی سیاسی، سەربازی، گرنگترین مەسەلە ئەوەیە كە زلهێزەكان چییان دەوێت؟ بەرژەوەندیان چیە؟ چەندە؟ بۆچی ئەو گرووپە؟ بۆچی لەو كاتە؟ بێگومان بۆ ئەمەش دەوڵەتە زلهێزەكان پلانی كورت مەوداو و ستراتیجی دوورمەودایان هەیە. كە واتە ئەوەی ڕوودەدات دەبێت بەپێ پلان، ستراتیج، بەرژەوەندی زلهێزەكان بێت، كە واتە لابردنی سەرۆكێك یاخود گروپێك و گۆڕێنی بە گروپێكی تر یاخود گۆرێنی كۆی پرۆسەی سیاسی وڵاتێك، لەپێناو خزمەتكردنی ئەو وڵاتە و ئەو نەتەوەیە نییە! بەڵكو بەشی هەرە زۆری بابەتەكە ئەوەیە كە زلهێزەكان بەرژەوەندیان لەوەدایە.ئەگەر سەیری مێژووی حەفتا ساڵی ڕابردووی بەشی هەرە زۆری وڵاتانی جیهانی سێیەم بكەین، دەبینین هەموو ئەو دەوڵەتانەی لەو ماوەیە دروست بوون یاخود بەشی هەرە زۆری ئەو سەرۆك و گروپ و حكومەتانەی لەو ماوەیە دروست بوون وهاتنە سەر دەسەڵات، تەنیا رۆڵێكی كارتونیان بینیوە لە یارییە سیاسیەكانی وڵاتە زلهێزەكان! بەشێوەیەك بەشی هەرە زۆری وڵاتانی جیهانی سێیەم بە گەور و بچوكیانەوە لەژێر هەر جۆرە سیستەمێكی سیاسیدابووبن، جگە لەوەی ئامرازێكن بۆ بەرژەوەندی وڵاتەزلهێزەكان كەسەركردایەتی سیاسەتی نیودەوڵەتی دەكەن، هیچ ڕۆڵێكی ئەوتۆیان نییە،هەربۆیەش مێژووی ئەو حەفتا ساڵەی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵیت كە زلهێزەكان نەك چارسەرەیك بەڵكو خۆیان بەشی هەرە زۆری ئەو نەهامەتی و كێشە و قەیرانانەیان دروست كردووە، كەوایە ئەو كارەكتەرانەش كە وڵاتە زلهێزەكان دایان دەنێن و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنن كە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە بگرنەدەست، جا گروپی ئاینیی بن یاخود تەقلیدی یاخود مودێرن، ناتوانن چارەسەرێكی گشتی بۆ كێشە و قەیرانەكانی وڵاتەكانیان و نەتەوەكانیان بدۆزنەوە.تەنانەت زۆربەی جار كێشە وقەیرانەكان ئاڵۆزتر و قوڵتر دەبنەوە! نموونەی ئەفغانستان،عیراق… كە واتە زلهێزەكان چارەسەرێكیان پێ نیە بۆ دۆخی ئەو وڵاتانە! تەنیا ململانێ و بەرژەوەندی و سیاستەكانی خۆیان پراكتیزەدەكەن.لەژێر ئەساسی ئەوەی كە وتمان دەتوانین بڵێن كەبەشی هەرە زۆری ئەو گۆڕانكاری و شۆڕش و هاتنە سەردەسەڵاتی ئەو سەرۆك و گروپانە دەرئەنجامی پلان و ستراتج و ململانێ و بەرژەوەندی وڵاتەزلهێزەكانە! نمونەی ئەفغانستان وعێراق: دروستکردنیعێراق و پراکتیزەکردنی سیستەمی پاشایەتی لەعێراق و ھێنانی شا فەیسەل و کردنی بەپاشای عێراق!!هێرشكردنە سەر عێراق لەساڵی (2003)ز دواتریش لەناوبردن(سەدام حسین) و رژێمەكەی لەعێراق.هێرشی ئەمریكا بۆسەر ئەفغانستان لەساڵی (2001)ز دواتریش لابردنی تالیبان لەدەسەڵات.پاشانیش لەساڵی ٢٠٢٠وە دەست پێ کردنیدانوستان و گفتوگۆکردنی ئەمریکا لەگەڵ تالیبان !!دواتریش لە تمموزی ٢٠٢١کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەئەفغانستانو هەڵكردنی گلوپی سەوز لەلایەن ئەمریكاوە بۆ تالیبان گەڕانەوەی تالیبان و كۆنترۆل كردنەوەی ئەفغانستان لەچەند رۆژێكدا!! بەھرۆز عزت
گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە روونکردنەوەیەکدا داوا لە غالب محەممەد، پەرلەمانتاری عێراق دەکات کە بەڵگەکانی لە دژی کۆمپانیاکە لە دادگە بخاتەڕوو و ئەوانیش لەوێدا بەرگری لەو "ناوزڕاندنە" دەکەن. ئەمڕۆ هەینی 20-08-2021 گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە روونکردنەوەیەکدا لێدوان و نووسینەکانی غالب محەممەد بە تۆمەتی "بێ بەڵگە و بێ پاساو" ناودەبات و دەڵێت، ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسی دەکات "هیچ بنەمایەکی نییە و دوور و نزیک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە." رۆژی پێنجشەممە 19-08-2021 غالب محەممەد لە فەیسبووکی خۆی کۆمپانیای قەیوان بە بەکارهێنانی ماددەی چاککەرەوە و تێکەڵکردنی بەنزین لەگەڵ ماددەی نەفتا تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەو کارە هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە و کەمبوونەوە و دابەزاندنی کوالێتیی بەنزینی بەنزینخانەکانە لە وەرزی هاویندا. لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، "لە رابردوودا و لە سۆنگەی رێزگرتن لە کاری پەرلەمانی و لەو باوەڕەوە کە ئەگەر ناوبراو [غالب محەممەد] بەڵگەیەکی هەیە ئەوا دەتوانێ بە رێکاری پەرلەمانی و یاسایی کاری لەسەر بکات.. بەڵام دەرکەوت ئەوەی نەکردووە و لە رێگەی سۆشیاڵمیدیاوە بەردەوامە لە ناوهێنانی کۆمپانیاکەمان". بڕیارە لە 10-10-2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، لەو بارەوە گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان داوا دەکات نەخرێنە نێو ململانێ سیاسییەکانەوە
سندوقی دراوی نێودەڵەتی ڕایگەیاند، کە ھەستاون بە ڕاگرتنی ھەژماری وڵاتی ئەفغانستان دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوخۆی وڵاتەکە ڕوویدا و گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن تاڵیبانەوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە وا دانرابوو ھەفتەی داھاتو 460 ملیۆن دۆلار بنێردرێت بۆ ئەفغانستان، ئیدارەی جۆ بایدن ھەموو ھەوڵەکانی خستۆتە گەڕ بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەم بڕە پارەیە نەگاتە دەستی تاڵیبان. وتەبێژی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش رایگەیاند: "لە ئێستادا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕوون نیە کە حکومەتی ئەفغانستان چی بەسەر دیت، دەرئەنجام ئەفغانستان ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئەم بڕە پارەیە، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بڕیارە بە ڕاوێژی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دراوە". پێشتریش وەزارەتی دارایی ئەمەریکا بە فەڕمی ڕایگەیاندبوو کە ڕێگە نادەن تاڵیبان ئەم بڕە پارەی پێ بگات. سنوقی دراوی نێودەوڵەتی لە دوای جەنگی دووەمی جیھانی دامەزراوە کە 190 نەتەوە تێیدا ئەندامن، ئەم دامەزراوەیە بڕی 650 بلیۆن دۆلاری بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخان کردەووە. لەم بڕە بەشی وڵاتی ئەفغانستان 460 ملیۆن دۆلارە کە وا بڕیاربوو ھەفتەی داھاتوو بنێردرێت.