بڕیارە سبەی یەکشەممە عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن و جێگری یەکەمی و 16 لە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە. سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن، لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەگاتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتییەوە پێشوازیی لێدەکرێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، دوای گەیشتنی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن، راستەوخۆ دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی پەیوەندییەکان کۆدەبێتەوە، ئامانج لە سەردانەکەش، دروستکردنی پەیوەندییەکی تووندوتۆڵە لە نێوان هەردوو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئوردن، بە تایبەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر کاری پەرلەمانی. سامان ئەحمەد گوتیشی، لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتێکە سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکات، پەرلەمانی کوردستانیش دەیەوێت لەم خوولەدا پەیوەندیی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش پتەوبکات، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر کاری پەرلەمانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش. بڕیارە دوای سەردانی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن، دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان هەبێت. هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن پەیوەندییەکی پتەوی دیپلۆماسییان هەیە و لە دوایین دیداریش لە 23-06-2021 شا عهبدوڵڵاى دووهم، شاى ئوردن له كۆشكى حوسهينييه له عهممان پێشوازیی له نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان كرد. رووداو
نرخی ئەمڕۆی زێڕ لەبازاڕە کانی هەرێمی کوردستان. نرخى دانراو لەلايەن سه نديكاى زێڕنگران /هەولێر. يه ك ئۆنسى زێڕ جيهانى = 1827$ به رامبه ر =31,100 غرام نرخى دۆلار =147,500$ نرخى زێڕعيار 24 (432,000)نرخى زێڕ عيار 22(396,000) نرخى زێڕ عيار21(380,000)نرخى زێڕعيار 18(325,000)
ئەمڕۆ هەینی لە بەنداوی سماقولی دوو هاووڵاتی خنكاون و دوو کەسی دیكەش لە خنكان رزگار كراون. عەقید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی كۆیە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ هەینی 3/9/2021 چەند خێزانێك بەمەبەستی سەیران چوونەتە کەناری بەنداوی سماقولی و چەند كەسێكیان لە بەنداوەكە دەستیان بەمەلە كردووە، لە ئەنجامدا دوو كەسیان بەناوەكانی (هیوا عومەر سلێمان) تەمەن 30 ساڵ، دانیشتووی شارەدێی دارەتووی سەر بە هەولێرە و پیشەی فەرمانبەرە و (یووسف شكور مامە) تەمەنی 20 ساڵە و دانیشتووی گەڕەكی مامزاوای هەولێرە و پیشەی كاسبە خنکاون". ئاماژەی بەوەش کرد هاوکات دوو گەنجی دیكەش لە خنكان ڕزگار کراون. گوتیشی، تەرمەكان لەلایەن بەرگریی شارستانی كۆیەوە دەرهێنران و ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراون. باسنیوز
بەیانی ئەمڕۆ هەینی فڕۆکەکانی تورکیا کەمپی ئاوارەکانی باکووری کوردستانیان لە مەخموور بۆردوومان کرد. بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی ماددی بەر خانووەکە کەوتووە. کە نزیکەی دوو مانگە چۆڵکراوە. بەپێی میدیاکانی پەکەکە: "هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوە، جامی ماڵەکان شکاون و زیان بە ماڵی هاووڵاتییان گەیشتووە".
دەستنووسێکی کاک ئەحمەدی شێخ دۆزرایەوە و پێشکەش بە مۆزەخانەی سلێمانى كرا. دەستنووسەکە تەمەنی زیاد لە 150 ساڵە و کاک ئەحمەدی شێخ، لە سالَى 1870 نووسیویەتی، درێژییەكەی 10سم و پانییەکەی7 سم و 106 لاپەرەیە، بەرگەکەی چەرمە، چەند لاپەرەیەکى نەخش و نیگاری رەنگاو رەنگی لەسەرە. لە پەڕەی فەیسبووکی نووسەر کامەران سوبحان وەرگیراوە.
جەنەڕالێکی سەربازی سوپای ئەمریکا رایگدەگەینێت، کە ڕێگەی تێدەچێت لە داھاتوودا ئەمەریکا لەگەڵ تاڵیبان ڕیکبکەوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارە تێرۆرستییەکانی داعش. ژەنەراڵ مارک مایڵی رایگەیاند، "ئێمە نازانین داھاتوو تاڵیبان چییە؟ بەڵام لە ئەزموونی خۆمەوە دەتوانم بڵێم ھەمان گرووپە بێ ڕەوشتەکەی ڕابردوون، وە ئەگەر ھەر شتێکیان لە خۆیاندا گۆڕی بێت، بە دڵنیاییەوە دەیبینین، تەنیا ئامانجی ئێمە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تاڵیبان. بۆ ئەوەیە لە جەنگدا ئەوەی پێویست بێت دەیکەیت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر ئەرک و ھێزەکانمان". لە وەڵامی پرسیارێکدا کە تا ئێستا ئەمەریکا گەشتووەتە ھیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاڵیبان؟ لە وەڵامدا وەزیری بەرگری، لۆید ئاستن وتی: "ئێمە زۆر بەرتەسکانە کار لەگەڵ تاڵیبان دەکەین، ھەرچەند زۆر گرانە پێشبینی داھاتوو بکرێت، بەڵام ھەموو توانامان بەکار دەھێنین تا سەرنجمان لەسەر داعش بمێنێتەوە و باجی ئەو تاوانە بدەن کە ئەنجامیان دا" ئەم لێدوانە فەرمییانە دوو ڕۆژ پاش گەڕانەوەی دوایین کاروانی سەربازی ئەمەریکا دێت لە ئەفغانستان. پێشتر داعش لە کردەوەیەکی خۆکوژیدا لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، کە تێیدا 13 ئەمەریکی و زیاتر لە سەد ئەفغانی گیانیان لەدەستدا، وەک خوێناویترین ڕۆژی ھێزی سەربازی ئەمەریکا دێت لە ئەفغانستان لە دوای ساڵێ 2011. جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکاش گڵۆپی سەوزی داوەتە پێنتاگۆن بۆ ھێرشی درۆنی. پێشتریش پێنتاگۆن ڕایگەیاندبوو لە ھێرشێکدا پلان دانەر و داڕێژەری کردەوە خۆکوژیەکەی کابوڵی کوشتووە. لە بەرمبەردا تاڵیبان ناڕەزایی خۆی دەربڕی کە دەبوو ئەمەریکا لەم ھێرشانە ئاگاداری بکات، چونکە لە ناخاکی ئەفغانستاندایە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ناردنی 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و دەڵێت، تاوەکو حیساباتی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکدەخرێن مانگانە 200 ملیار دەنێرن.
لەسەر سکاڵای هاوڵاتیەک هێزەکانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 2 له یاسایی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن باندێکیان لە پشدەر دەستگیر کرد کە پێک هاتوون لە 3 کەس. بەوتەی سکاڵاکار "ئەو باندە هەوڵیان داوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (فەیسبوک و ڤایبەر) وێنەی نەشیاوی خەڵک بەدەست بێنن تا لەبەرامبەردا هەڕەشە لە خاوەنەکانیان بکەن بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە". دوای دەستگیرکردنیان و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، سەرجەمیان لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا. لە ئێستاشدا بە ماددەی هاتوو سەرجەمیان ڕاگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە. پۆلیسی راپەڕین دەڵێ: داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دەکەین لەکاتی بوونی ڕوداوێکی لەم شێوەیە سەردانی نزیکترین بنکەی پۆلیس بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە خەڵکی هەراسان دەکەن تاوەکوو بەگوێرەی یاسا سزابدرێن.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 2/9/2021، لە ڕێگەی مەریوان بۆ کامیاران لە نزیک گوندی پاڵنگان، پاسێک بە 19 سەرنشینەوە وەرگەڕا. له ئهنجامى ڕووداوهكهدا 15 کەس گیانیان لەدەست دا، چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
نرخی یهك سهعات كارهبای موهلیده له (1 بۆ 31ـی ئابی 2021) لهنێوان نۆ ههزار بۆ ده ههزار و (500) دینار دهبێت. بهپێی كۆنووسی كۆبونهوهكه، كاركردن و تهرخانكردنی كارهبا لهلایهن موهلیده ئههلییهكانهوه بۆ هاوڵاتیان له مانگی ئابدا لهنێوان (210) بۆ (245) سهعاتدا بوه و ههر سهعاتێك به (42.9) چل و دو پۆینت نۆ دینار دیاریكراوه، بهمهش نرخی یهك ئهمپێڕ كارهبای موهلیدهی ئههلی له ناوشاری سلێمانی بۆ ئهو مانگه له نێوان نۆ ههزار بۆ (10.500) دینار دهبێت، ههربۆیه بههۆی جیاوازی كارپێكردنی موهلیدهكان لهگهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه، نرخی ئهمپێڕێك كارهبای موهلیدهی گهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاواز دهبێت. ئەمڕۆ پێنجشهممه (2021.9.2) لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکانی سلێمانی نرخی كارهبای موەلیدە ئههلييهكانی بۆ مانگی ئاب لهسهر بنهمای نرخی سوتهمهنی لهبازاڕهكانی ههرێمی كوردستان كاتژمێرهكانی كاركردنی موهلیدهكان دیاریكرد.
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە حكوومەت ڕێگە بەو بازرگانانە نادات كە بە ”فرتوفێڵ“ و لە ڕێگەی تێكردنی چەند ماددەیەكەوە، ئۆكتانی بەنزین بەرز دەكەنەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی ٩ی ٢٠٢١، لە میانی سەردانێكیدا بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان باجی سەر سووتەمەنی زیاد نەكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری ئەو بەنزینەی بۆ هەرێمی كوردستان دێت، لە دەرەوەی وڵات دێت، بەنزینیش بەرهەمێكی نەوتە و لەگەڵ زیادبوونی نرخی نەوت، نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، بۆیە نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەرز بۆتەوە. لەبارەی هۆكاری نزمیی نرخی بەنزین لە عێراق، ئاماژەی بەوە كرد كە حكوومەتی عێراق ”پشتیوانیی نرخی بەنزین دەكات. ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو ئاستەدا نییە كە ئێمە پشتیوانی بكەین. ئێمە كارئاسانی دەكەین بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، بەڵام نابێ لەسەر حیسابی كوالێتی بێت“. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”هەندێك بازرگان، چەند ماددەیەك لە بەنزین دەكەن تا ئۆكتانی بەنزینەكە بەرز ببێتەوە، نابێ ریگە بەو فرتوفێڵە بێت“. باسی لەوەش كرد كە لەگەڵ عێراق ڕێككەوتوون، تاوەكوو بەنزینێكی زۆر بێتە نێو هەرێمی كوردستان، بەم هۆیەشەوە نرخەكە دابەزێت، هەروەها ”ئەو رسوماتانەی هەن، كەممان كردۆتەوە تاوەكوو نرخی بەنزین بەرز نەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت رەچاوی كوالێتی بكەین و نەهێڵین دابەزێت“.
حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەستیان بە هەوڵەکانیان کرد، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 54 گەنجەی کە تورکیا دیپۆرتی سووریای کردوون. ڕێبوار بابکەیی، پەرلەمانتاری کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ کونسوڵخانەی تورکیا پەیوەندیان کردووە و لەسەر هێڵ دەبن تاوەکو گەنجەکان دەگەڕێننەوە. گەنجەکان 54 کەسن و بەشی هەرە زۆریان خەڵکی سنوری سلێمانین. ئێستا لە شاری عەزاز لە سنوری حەلەب گیریان خواردووە کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایە.