بەر لە ساڵی 2011 تاتڵیساس خاوەنی كەناڵی تەلەڤزیۆنیی (تاتڵیساس تی ڤی)، لە ڕێگەی کورتەنامەیەكی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی لە فولیا ئاكبای تۆپڕاك كردووە كە ئەوكات بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنەكەی تاتڵیساس بووە، بۆیە ئەویش داوای یاسایی لەسەر تۆمار كرد و دوو هەفتە بەر لە ئێستا، دوای 10 ساڵ، دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو كەیسەوە دا. ڕۆژنامەی (حوڕییەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، فولیا تۆپڕاك لە ڕێگەی پارێزەرەكەیەوە داوای كردبوو، تاتڵیساس بۆ چوار ساڵ سزای زیندانی بەسەر بسەپێندرێت، بەڵام دادگا سزای ماددیی 740 لیرەی توركی، وەكوو پارەی ڕسوومات و دوو مانگ و 15 ڕۆژ سزای زیندانی بەسەردا سەپاندووە. بە گوێرەی گوتەی شەیدا یڵدرم، پارێزەری تایبەتی فولیا تۆپڕاك، دادگا سزای زیندانیكردنی تاتڵیساسی كشاندووەتەوە و بۆ ڕای گشتیی ڕانەگەیاندووە و ''نازانین هۆكارەكەی چییە؟''. لە ئیفادەی تاتڵیساسدا هاتووە کە ئەو خاوەنی نامە نێردراوەكە نییە و ئەو تەلەفۆنەی نامەی هەڕەشەکەی بۆ فولیا پێ نێردراوە، بە ئەمانەت داویەتە دەست كارمەندانی تەلەڤزیۆنەکە و ئەوانیش بەبێ ئاگاداریی خۆی نامەكەیان ناردووە. تاتڵیساس گوتوویەتی: ''لە كۆمپانیا كۆمەڵێك كێشە كەڵەكە ببوو، دوای ئەوەی بە كێشەكانم زانی، فولیام لە كار دوور خستەوە، ئەو نامەیەش من نەمناردووە و كارمەندێکی تەلەڤزیۆن كە نازانم كێیە ناردوویەتی، چونكە تەلەفۆنی خۆمم بەئەمانەت لە لای ئەوان دانابوو''. باس نیوز
لە میانەی رێکخستنەوەی کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ناوی کەناڵی ئایپڵەسی یەکێتی کە سەر بە لاهوور شێخ جەنگی بوو، دەگۆڕدرێت بۆ کەناڵ 8 وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکارییەکانی هەشتی تەمموز لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە. کۆبوونەوەیەکی نێوخۆیی کراوە و ناوی کەناڵەکە گۆڕدراوە. بڕیاریشە بەمزووانە گۆڕانکارییەکان بەشێوە فەرمیی رابگەیێندرێن. تەنیا 5 رۆژ دوای رووداوەکانی هەشتی تەممووز، رۆژی سێشەممە 13ی تەممووزی 2021 هێزێکی ئەمنیی سکرتاریەتی جەلال تاڵەبانی دەستی بەسەر کەناڵی ئای پڵەسی لاهوور شێخ جەنگیدا گرت. بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، کەناڵەکە موڵکی یەکێتییە و دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی. هەموو ئەو شتانەی بە پارەی یەکێتی دروستکراون موڵکی یەکێتین و دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ یەکێتی. بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڤپەیڤینێکی یەک کاتژمێری لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەوان ئەنجام دا کە شەوی 03-09-2021 بڵاوکرایەوە. لە هەڤپەیڤینەکەدا هاوسەرۆکی یەکێتیی لەبارەی ئایپڵەسەوە گوتی: "دەگوترێت من وەکو بافڵ تەلەڤزیۆنی لاهوورم داخست، دەپرسم بێ زەحمەت بۆ تەلەڤزیۆنی لاهوورە؟ بۆ؟ زەوییەکەی هی نۆکانە، باڵەخانەکە یەکێتی دروستی کردووە، ئامێرەکانی دەزگایەکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروستی کردووە". هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هۆکاری هەڵکوتانە سەر کەناڵەکەوە گوتی: "شتێکی سەیر هەبوو، تۆ دەزانی کە باسی ئەو تەلەڤزیۆنە دەکرێت تەلەڤزیۆنی کاک لاهوور مۆڵەتی نییە، دەزانن ئەو تەلەڤزیۆنە هێشتا فریکوێنسی سەتەلایتی نەبوو، بەڵام سەیربوو لام کە شەو و رۆژ خەڵک لەوێ دەوام دەکات، لەوە تێنەدەگەیشتم. ئێمە چیمان کرد؟ پرسیارمان کرد لێیان خۆم پرسیارم لێیان کرد و پرسیم بێزەحمەت چی دەکەن لەوێ؟ وەڵامیان نەداینەوە". بافڵ تاڵەبانی هەروەها دەڵێت "تووندتر پرسیارم کرد چی دەکەن لەو باڵەخانەیە کە باڵەخانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە؟ هەر وەڵامیان نەدامەوە.. منیش چیم کرد دوو سێ برادەرم هێنا هی میدیا لەگەڵ مەفرەزەیەکی ئەمنی گوتم بڕۆن بزانن لەوێ چی هەیە". بافڵ تاڵەبانی تەلەڤزیۆنەکە بە جنێوخانە ناودەبات و ئاشکرایکرد کە "دەیان پەیجیان بەڕێوە دەبرد، هەموویان جنێویان دەدا بە هەر هەموومان، ئەمە جنێوخانە بوو، جنێویان دەدا بە قوباد، بە کاک کۆسرەت، کوڕەکانی کاک نەوشیروان، دکتۆر رێواز.. هەموو کەسێک فۆڵدەرێکی خۆی هەبوو، تەنانەت فایلیان ئامادەکردبوو بۆ ئەو خەڵکانەی نزیک خۆیانن، نەوەکا رۆژێک نزیکی خۆیان نەمێننەوە. جنێوخانەبوو بەناوی یەکێتی، لەناو باڵەخانەی یەکێتی، بە مووچەی یەکێتی.. هەڤاڵان بۆ خاتری خودا ئەمە تەلەڤزیۆن نەبوو. دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوە جنێوخانەبوو تەلەڤزیۆن نەبوو". رۆژی 08-07-2021 سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی بەروونی دەرکەوتن و بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر گۆڕدران. دواتر دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکیی لە لاهوور شێخ جەنگیی وەرگیرانەوە و درایە بافڵ تاڵەبانی. سەرچاوە: رووداو
ئەمرۆ پێنج شەممە عومڕەکارێکی دانیشتووی هەرێمی کوردستان،دوای گەشتکردنی بۆ وڵاتی سعوودیە بە مەبەستی ئەنجامدانی سوونەتی عومڕە لە شاری مەککەی پیرۆز کۆچی دوایی کرد عومڕەکارەکە ناوی مستەفا سلێمان مستەفا مزوریە و دانیشتووی شاری دهۆکە و دوای تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ و مانەوەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە نەخۆشخانەی مەلیک عبدالله کۆچی دوایی کردووە مەلا سەرمەد جەمیل بەرێوەبەری حەج و عومڕەی دهۆک هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە گۆرستانی شەهیدانی حەرەم لە مەککەی پیرۆز بە خاک بسپێردرێت دوای کردنەوەی گەشتی عومڕە بەڕووی هاووڵاتیانی کوردستان و ئەمە یەکەم عومڕەکاری هەرێمی کوردستانە کە لە عەرەبستانی سعوودیە کۆچیی دوایی بکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی شەممە25-09-2021 ، مووچەی مانگی 9 ی وەزارەتی تەندروستی بە رێژەی %100 دابەشدەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پێدرۆ مارتینیز ئەڤیال باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کرد.سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئیسپانیا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.باڵیۆزی ئیسپانیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێناندا، بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی کونسوڵخانەی ئیسپانیا لەهەولێر بکەنەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پێدرۆ مارتینیز ئەڤیال باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کرد.سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئیسپانیا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.باڵیۆزی ئیسپانیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێناندا، بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی کونسوڵخانەی ئیسپانیا لەهەولێر بکەنەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدا 200 ملیارەکەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 9 بنێرێت و چاوەڕواندەکرێت لە رۆژی شەممەوە دابەشکردنی مووچە بە بێ لێبڕین دەستپێبکات. فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند؛ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی رۆژی چوارشەممە کۆبووەوە و بڕیاریدا 200 ملیارەکەی هەرێمی کوردستان بۆ سێیەم مانگی لەسەر یەک رەوانەی هەولێر بکات. سەبارەت بە کاتی ناردنی پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان، فارس عیسا گوتی؛ دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران تەنیا هەندێک رێکاری ئیداری ماون و دوای تەواوبوونیان راستەوخۆ 200 ملیارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. پێشتریش جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو؛ ئەگەر لە بەغداوە 200 ملیارەکەی هەرێمی کوردستان بگات، مووچەی مانگی 9 بە بێ لێبڕین بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینان دابەشدەکرێت. جووتیار عادل هەروەها گوتیشی؛ لە 25ـی مانگەوە واتا لە رۆژی شەممەوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەستپێدەکات. رووداو
پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەستی بەسەر کۆمپانیای ئای کیو-دا گرتووە. غالب محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کوڕێکی شاناز ئیبراهیم بە ناوی ئاسۆس عەبدولـلەتیف محەمەد جەمال، پشکێکی 10 ملیۆن دۆلاری لە کۆمپانیاکەدا هەیە، هەروەها کچەکەشی بە ناوی سارا، پشکێکی 36 ملیۆن دۆلاری هەیە. هەروەها سارا 336هەزار دۆلار پشکی لە کۆمپانیایەکی تردا هەیە. غالب محەمەد وتیشی: لە کۆمپانیای ئای کیۆ ئۆنڵاینیشدا ئاسۆس 100هەزار دۆلار و سارا 360هەزار دۆلار پشکیان هەیە. لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی: شاناز خاوەنی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایەی ناردووەتە دەرەوەی وڵات، لەو ماوەدا پشکەکانی هەمووی بەناوی کچەکەی خۆیەوە کردووە.
پیاوێکی خەڵکی سنوری پارێزگای بابل لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا دانی نا بەوەدا کە ژنەکەی سوتاندووە و فڕێی داوەتە ناو ڕووبارەوە، بەڵام دوای پەخشکردنی بەرنامەکە، دەردەکەوێت ژنەکەی زیندووە. پیاوەکە لەگەڵ ژنەکەیدا چووە بۆ زیارەت لە پارێزگای کەربەلا، بەڵام لەوێ ژنەکەی وندەکات و ناچار هەواڵ بە پۆلیس دەدا، بەڵام پۆلیس خۆی دەستگیر دەکەن. بەپێی ماڵپەڕە عێراقییەکان، پیاوەکە لەژێر ئەشکەنجەدا ناچاربووە دان بەوەدا بنێ کە ژنەکەی سووتاندوە و تەرمەکەی فڕێداوەتە ناو دەریاوە، کاتێک دانپیانانەکەی بڵاو دەبێتەوە، ژنەکەی کە چووبووە دیوانیە، دەردەکەوێتەوە و هەواڵەکە ڕەتدەکاتەوە. دوای ئەم ئابڕووچوونەی هێزە ئەمنیە عێراقییەکان، ئێستا شەقامی عێراقی داوای دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی ئەمنی پارێزگای بابل دەکەن.
بڕیارە سەرەتای هەفتەى داهاتوو ئایفۆن 13 بگاتە هەرێمی کوردستان و نرخیشی بۆ کڕیاران ئاشکرا کرا. چاوەڕوان دەکرێ مۆبایلەکە شەممە یان یەکشەممەى داهاتوو بگاتە هەرێمی کوردستان و نرخەکەشی بەمجۆردە دەبێ:- ئایفۆن 13 پرۆماکس 128 گێگا بایت بە 1425 دۆلار و 256 گێگا بایت بە 1535 دۆلار. جیاوازی ئەم ڤێرژنە ئەوەیە کە زاکیرەکەی تێرابایتى بۆ زیادکراوە، شاشەکەى پشتگیریی نوێببوونەوەى 120Hz دەکات، هەروەها پاتریەکى گەورەترى هەیە کە تواناى کارکردنى کاتژمێر و نیوێک زیاترى هەیە. هەروەها پڕۆسێسەری A15 ی لەسەر جێگیرکراوە. ئایفۆن 13 کە بە پێنج رەنگ دەکەوێتە بازاڕەوە و توانای بەرگەگرتنی لەناو ئاویش هەیە.
- ١٠٠ دۆلار بە ١٤٧ هەزارو ٤٥٠ دینار- ١٠٠ یۆرۆ بە ١٧٢ هەزار دینار- ١٠٠ پاوەن بە ٢٠٠ هەزار دینار - ١٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بە ٥ هەزار و ٤٨٥ دینار- ١٠٠ لیرەی تورکی بە ١٧ هەزار دینار
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی یادی دە ساڵەی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و تەواوبوونی هەیکەلی باڵەخانەی تازەی کونسوڵخانە لە هەولێر کرد و گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد.لە گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد و بە پەیوەندییەکی بەردەوام و ستراتیجی ناوبرد. گوتیشی زۆر گەشبینم بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان.ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە: ئامادەبووانی بەڕێز:خۆشحاڵم بە بەشداریکردنم لە ڕێورەسمی تەواوبوونی دروستکردنی هەیکەلی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر.بەڕێز ڕۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا:دەمەوێت سوپاسی هەوڵ و کاری دۆستایەتیی تۆ و تیمەکەت بکەم لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانیی و هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان، هەرێمی کوردستان بە کاروچالاکیی و ئامادەبوونی ئێوە بەهێزترە.ئێمە ئەمڕۆ لە کات و شوێنێکی زۆر گرنگ کۆبووینەتەوە، لێرە زۆر بیرەوەری لە بارەی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە.هەروەک چۆن لە سەرەتای ئەمساڵ، سەرۆک بایدن بە سەرۆک مەسعود بارزانی ڕاگەیاند کە بە یەکەوە ساتی زۆر سەختمان بەڕێکردووە و بەهۆی پەیوەندی دۆستایەتی درێژخایەنەوە ئەمڕۆ بەیەکەوەین. جیا لەمەش، ئێمە بە بەها هاوبەشەکان و لە ڕێگەی بەرگریکردن لەو بەهایانە، بەیەکەوە بەستراوین.شەش ساڵ بەر لە ئێستا ، بەیەکەوە بووین بۆ پشتگیريکردن لەو خەڵکانەی لە ترسی چەوساندنەوەی داعش هەڵاتبوون، یەکەم هێرشی ئاسمانی ئەمریکا، لە مەخموور بوو، کە 40 مایل( 65 کم) لێرەوە دوورە، ئەوکاتە بۆردومانە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا ، یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی پێشمەرگە، هێرش لە دژی داعش دەست پێ بکات.ئێمە پێشەنگ بووین لە تێکشکاندنی داعش و ڕێگریکردن لە گەیشتنی داعش بە ئەوروپا و دەوروبەری، هەروەها شەڕمان بۆ پاراستنی بەهاکانی ئەمەریکا و پاراستنی خۆمان کرد. شەڕ دژی داعش، نموونەیەکی زیندووی کاری هاوبەشی هەردوو لامان بوو بۆ تێکشکاندنی دوژمنێکی هاوبەش، هەرچەندە ئەمە یەکەمجاریش نەبوو کاری هاوبەشی لەم شێوەیە بکەین.لە ساڵی 1991 ئەمەریکا هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیی پێکهێنا، کە گەورەترین هەڵمەتیی مرۆیی بوو لە مێژوودا بۆ پاراستنی خەڵکی ئێمە لە جینۆساید. سوپاس بۆ فڕۆکەوانانی ئەمەریکی و هاوپەیمانان، کە لە ئاسمانەوە یارمەتی مرۆییان گەیاندە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس، کە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا لە چیاکاندا گیریان خواردبوو.لە مانگی نیسانی رابردوودا، 30 ساڵ بەسەر دەستێوەردانی مرۆیی تێپەڕی، زۆر قسە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وئەمەریکا گووتران، بەڵام دەمەوێت لێرە دووپاتی بکەمەوە، کە پەیوەندییەکانمان، پەیوەندیی بەردەوام و ستراتیجین.بەهێزی پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، لە كاتی ڕوودانی چەندین پێشهات و گۆڕانکاریی ئێرە و دەرەوە سەلمێنراوە.لە ساڵی 2003، بە توندی پاڵپشتیمان لە پرۆسەی ئازادی عێراق و لابردنی رژێمی سەدام حوسێن کرد.لە ساڵی 2005، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، یارمەتیدەر بوون بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵ. لە دەستووری عێراقدا، ئاماژە بە یەکێتيی ئارەزوومەندانەی نێوان گەل وخاک و سەروەریی عێراق کراوە، ئەمەش دانپێدانان بوو بە بنەما هاوبەشەکانمان و شێوازی بەیەکەوەژیانمان.ئەم رووداوە گرنگانە، بەها هاوبەشەکان و پەیوەندی دۆستانەی ئێمەی بەهێزتر کرد.ڕووداوە هەرێمییەکانی ئەم دواییە، بە تایبەتی ڕووداوەکانی ئەفغانستان. هەڕەشەی چەوساندنەوە و چارەنووسێکی نادیاری رووبەڕووی هەموومان کردەوە.گەلی کوردستان بەشێکی زۆری لە بارگرانییەکانی چارەنووس نادیاریی، بەرکەوتووە، لە پێناو بەرگریکردن لە بەهاو مافەکانیشی، قوربانییەکی زۆری داوە.لەم هەرێمەدا شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە، تا ئێستاش داعش هەڕەشەیە بۆ سەر بەها هاوبەشەکانمان و سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهان.بەڵام تاوەکو بەیەکەوەبین، خۆڕاگریمان بەهێزتر دەبێت، پێشمەرگە توانا و پابەندی خۆی بۆ شەڕی دژی داعش، لە مەیدانەکانی شەڕ، سەلماندووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش، پابەندی خۆی وەک هاوبەشێک، بۆ ئێمە دووپات کردووەتەوە.سەرەتای ئەمساڵ، باسی گرنگیی پابەندبوونی ئەمریکا بەرامبەر کوردستانم بۆ باڵیۆزی ئەمەریکا ماتیۆ تولەر کرد، ئەویش لەوەڵامدا گوتی؛ بەڕێز سەرۆک وەزیران، ئێمە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جیهان، لە هەولێر دروست دەکەین، چی لەمە زیاتر بکەین بۆ پیشاندنی پابەندی ئەمریکا؟ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە ، پێشوازی لە تەواوبوونی هەیکەلی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەکەين. هەستێکی بەهێزم هەیە کە ئەم باڵەخانەیە، دەبێتە سیمبولێکی زیندووی پابەندی ئەمریکا بۆ کوردستان و هیوادارم ، دۆستە ئەمریکییەکانیشمان هەمان هەستیان هەبێت.زۆر گەشبینم بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کوردستان، پەیوەندییەکانمان تەنیا لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، سنووردار نەکراوە ، بەڵکو زۆر لەوە فراوانترە.بەهێزبوونی پەیوەندییەکانمان، لە ڕێگەی پەرەپێدانی کاری بازرگانی و کولتووری و بەهێزکردنی پەیوەندیی گەشتیاریی نێوان هەردوولامان دەبێت. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی دارایی (DFC )، بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار، پاڵپشتی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتیان لە بواری نەوت و غازی کوردستان کرد. ئەمەش دووپاتکردنەوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان و دروستکردنی ئەو کەشە دۆستانەیە ، کە بۆ وەبەرهێنان رەخسێندراوە.هیوادارم وەبەرهێنانی زیاتری ئەمەریکی، لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و پیشەسازیدا ببینم. هەروەها ئێمە زۆر گرنگیمان بە بابەتی ژینگە و وزەی خاوێن داوە. بە پەرۆشم بۆ دۆزینەوە و بینینی هەلی زیاتر لەم بوارانەدا، بەتایبەت لە بوارەکانی تایبەت بە گاز و پێترۆکیمیایيدا.دەمەوێت کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دڵنیا بکەمەوە، کە ئێمە لە کوردستان ، هەمیشە پێشوازییەکی گەرمیان لێ دەکەین. حکومەتەکەم ئامادەیە، هەموو کارئاسانییەک بکات بۆ بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییەی کە هەیە.زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو کارانەی کە لێرە کردووتانە. بەو هیوایەم لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەم باڵەخانەیە بە تەواوکراوی ببینم.
بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای نێوان بەردەڕەش - کەڵەک نزیک گوندی گردەپان حەفت کەس گیانیان لەدەستدا. ئازاد تهها، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای دهۆک رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 22/9/2021 بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای نێوان بەردەڕەش - کەڵەک نزیک گوندی گردەپان حەفت کەس گیانیان لەدەستدا". گوتیشی: "رووداوەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و شوفرلێت ئوپترایەکی تایبهت روویداوە و هەر لە شوێنی رووداوەکە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکیش بەسەختی برینداربوو، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئەویش گیانی لەدەستدا". هەروەها هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلسی دهۆک لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرجەم قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن. باس نیوز