Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13779 بابەت
گشتی
28-09-2021

وەزیری تەندروستی: باندێک لەسەر ساختەکردنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراوە

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ماوەی رابردوودا باندێک لەسەر ساختەکردنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراوە. دەشڵێت، هەر کەسێک زانیاریی لەبارەی هاوشێوەی ئەو کەسانە هەیە هێزە ئەمنی و لیژنە تەندروستییەکان ئاگادار بکاتەوە. رۆژی سێشەممە 28-09-2021، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر سوپاسی تیمەکانی ئاسایشی کرد کە "هاوکارمان بوون لە دەستگیرکردنی ئەو باندە، ئێستا ئەو باندە لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، لەبەرئەوەش پێشتر نەمانتوایوە رایبگەیێنین، چونکە لە داهاتوودا هێزە ئەمنییەکان وردەکارییەکەی بڵاودەکەنەوە." وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، "چەندین کەس بەهۆی ساختەکردن و فرۆشتنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراون." د. سامان بەرزنجی داوایەک ئاراستەی هاونیشتمانییان دەکات کە بۆ دەرهێنانی کارتی ڤاکسین تەنیا سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن و "ئەوانەش کارتیان بۆ دروستدەکرێت کە ناویان لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا هەیە و ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە." وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکراونەتەوە و هەر کەسێک ساختەکاری بکات و کارتی ڤاکیسن ساختە بکات لێی قبووڵ ناکەین." پێشتر وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە کارتی ڤاکسین بەو کەسانە دەدرێت کە هەردوو قورچکی ڤاکسینەکەیان وەرگرتبێت کە لە گەشتکردن بۆ وڵاتان دەتوانن وەکو بەڵگەیەک بیخەنەڕوو. لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی جیهان ئەو کارتە کاری پێدەکرێت، بۆ دروستکردنی کارتەکەش دەبێت هاونیشتمانیان کارتی وەرگرتنی ڤاکسین و پاسپۆرت لەگەڵ خۆیان ببەن. پێشتر حەربی كەتۆ، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای زانیاری و پۆرتاڵی كوردڤاكس لە وەزارەتی تەندروستی لەبارەی کارتی ڤاکسینەوە بە رووداوی گوتبوو، "سیستەمی کارتی ڤاکسین، لەڕووی کوالێتی و ئاسایشەوە پارێزراوە و هاک ناکرێت". رۆژی سێشەممە 28-09-2021 کاژێر 10:00 بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر، بنکەی پێدانی کارتی ڤاکسین بە هاونیشتمانیان کرایەوە، کە کارتێکی نێودەڵەتیی باوەڕپێکراوە و سەرجەم زانیارییەکانی کەسەکە تۆمارکراوە لە سیستەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. رووداو

هەواڵ
28-09-2021

کاندیدە سەربەخۆکانی سلێمانی: هاوپەیمانی کوردستان فۆڕم لە فەرمانگەکاندا...

ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕایانگەیاند، لە فەرمانگە حکومیەکاندا حیزبی دەسەڵات فۆڕم بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکات و داوایان لێ دەکات ئاشکرای بکەن کە دەنگ بە کام لایەن و کام کاندید دەدەن. کاندیدە سەربەخۆکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، فەرمانگەکانی ئاو، کارەبا، قوتابخانە و دام و دەزگاکانی تر بۆ بانگەشە بەکاردێنن و ئێمەش سکاڵامان نووسیوە و دەیدەینە کۆمیسیۆن. کاندیدەکان خەڵکیان دڵنیا کردەوە کە دەنگەکانیان ئاشکرا ناکرێت و وتیشیان، پێشێلکاریەکان لەلایەن هاوپەیمانی کوردستانەوە دەکرێ.

گشتی
28-09-2021

سبەی و دوو سبەی ئەم شوێنانە مووچە وەردەگرن

سبەی مووچەی بەشێك لەوەزارەتەكانی دیكەی هەرێم بەرێژەی 100% دابەش دەكرێت. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، سبەی چوار شەممە 29-9-2021 مووچەی مانگی ئەیلولی هێزەكانی زێرەڤانی و هێزی بەرگریی و فریاكەوتن و لیوای نەوت و گاز دابەش دەكرێت. هەر بەپێی زانیارییەكان، ڕۆژی پێنج شەممە 30-9-2021 مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەكرێت.

هەواڵ
28-09-2021

نووسینگەی رووداو کە قامیشلو سووتێنرا

کاتژمێر 12:30 خولەکی رۆژی سێشەممە هێرشکرایە سەر نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان و لەلایەن چەند کەسێکەوە بەشێکی سووتێنرا. بەرزان فەرمان، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو بە بۆمبی مۆلۆتۆف [بۆمبی دەستی] هێرشکرایە سەر نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆ و بەهۆیەوە بەشێکی نووسینگەکە ئاگری تێبەردرا و سووتا. پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ گوتی، تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەو کەسانەی هێرشیان کردووە کێن، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. لە کامێراکانی چاودێری نووسینگەی رووداو لە قامشلۆ دەردەکەوێت کە دوو گەنج بە دەموچاوی داپۆشراوەوە دەچنە نێو نووسینگەکە و ئاگری تێبەردەدەن و دواتر رادەکەن. کاتژمێر 7:00ی بەیانی رۆژی سێشەممە 28-09-2021 ، ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە گوتی، کاژێر 12:30 خولەک بە کاتی رۆژئاوای کوردستان گرووپێکی نەناسراو بە بۆمبی مۆلۆتۆف هێرشیان کردووەتەسەر نووسینگەی رووداو لە قامشلۆ.

هەواڵ
27-09-2021

گفتوگۆیەکی کراوە لە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆییدا

ناوەندی کلتووری نازدار حەیران، لە چوارەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا گفتوگۆیەکی کراوە بۆ چەند سیاسەتوانێک ساز دەکات. بەرزان عەلی حەمە، بەڕێوەبەری ناوەندی کلتووری نازدار حەیران بە باڵکێشی وت: لە چوارەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا گفتوگۆیەکی کراوە بۆ هەریەکە لە سیاسەتوان ئازاد جوندیانی، پرۆفیسۆر سەربەست تۆفیق و محەمەد خورشید، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ساز دەکات. گفتوگۆکە کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ 27.9.2021 لە شاری هەولێر لە ناوەندی کلتوری نازدار حەیران بەڕێوەدەچێت.

هەواڵ
27-09-2021

یەکێتی کاتی کەمە دەبێ ڕەخنە لەخۆی بگرێ

لە ٨ی تەمموزەوە، ئەوەی لەژێر بەڕەی ھەموو ژورەکانی یەکێتی بوو، یەکێتیەکان خستیانە سەر بەڕە. لە دزی، گەندەڵی، شکستی سیاسەتی یەکێتی، چاودێری کردنی نایاسایی کادرو ئۆرگانەکانی یەکێتی، ناکارامەیی ھەندێک لە سەرکردەو بەرپرسەکان، بەکارھێنانی ھێز بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی، لە لوتکە ھەڵدێراندنی ھاوسەرۆکێک. ئەم بڕیارو سیاسەتە ناوخۆییەی یەکێتی بەبێ ئەوەی لەدوای ٨ تەمموزەوە بۆ یەک جاریش سەرکردایەتی کۆببێتەوە سەپێنراون. لە کاتێکدا لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە، بۆئەوەی پیشان بدرێ یەکێتی یەکگرتوە سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک ئەرکی لاوەکی کۆبونەوەی بێ سەروبەری ئەکرد بەبێ ئەوەی لەو کۆبونەوانە بچوکترین کێشەی ناوخۆیی و کێشمەکێشی دەرەوەی یەکێتی چارەسەر کرابن. ئەو دروشمە زەقەی بە ناوی نوێبونەوە بەرز کرایەوە، نەک یەکێتی نوێ نەکرایەوە، بەڵکو نائومێدییەکی ڕەھاو بێ متمانەییەکی ڕەھاو پێشێلکردنی ڕەھای پرنسیپەکانی حزبایەتی شلکردنی جڵەوی ھەلپەرستی و مشەخۆری ڕەھا، لە ناو یەکێتی و لە پەنای دروشمی نوێبونەوەدا سەری ھەڵدا. نەک کێشە کۆنەکان کە پێش چوارەمین کۆنگرە لەناو یەکێتی و لە دەرەوەی یەکێتی و لایەنەکاندا ھەبوون چارەسەر نەکران، بەڵکو کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی گەیەندرانە بنبەستێکی ترسناکی ئەوتۆ، پاشماوەی ڕێزو خۆشەویستی یەکێتی لەناو خەڵکدا لاوازتر کرا بەتایبەتی لەناو بازاڕو موچەخۆرو پەیوەندیە نیشتیمانی و نێونەتەوەیەکاندا. ئێستا دوو هەفتە کەمتر بۆ ھەڵبژاردن ماوە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ھەمو تاوان و تاڵانیەی خودی یەکێتی بەڕەسمی بڵاوی کردونەتەوە، ئایە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن دەزانن لەناو ھەستی یەکێتیەکان و دەنگدەرانی یەکێتیدا چ برینێکی دەرونی قوڵیان خوڵقاندوە؟ برینەکە زۆر لەوە قوڵترە لەکاتی جیابونەوەی گۆڕان لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانی گۆڕان، یەکێتی ١٨ کورسی و گۆڕان ٢٥ کورسیان ھێنا. ئێستا نە گۆڕان پڕوپاگاندە دژی یەکێتی دەکات و نە ھاوپەیمانیە دیموکراتیە کاتیەکەی د. بەرھەمیش دژی یەکێتین. ئێستا یەکێتی لەناو خۆیدا دژی یەکن. یەکێتی لەناوخۆیا بەربڵاوترین ھەڵمەتی دژایەتی یەکتر کە لە مێژوی یەکێتیدا وێنەی نەبوە، ھاوکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەردەوامە. ئەگەر لە سەردەمی گۆڕان و ھاوپەیمانیەکان بەشێک لە خەڵک ئەکەوتنە ژێر کەریگەری پڕوپاگەندەکانیان، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەوەی یەکێتی بە یەکێتی دەکا، ڕەشەبای گەرمیان بە دەواری کۆچەری ناکات، بۆیە نەک بەشێکی خەڵک بەڵکو زۆرینەی خەڵک باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە ئەکەن کە یەکێتیەکان خۆیان لەناو خۆیاندا دژی یەکتر بڵاوی دەکەنەوە. لە بەرامبەر دۆخێکی ئاوای ترسناکی یەکێتیدا. تەنھا ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی گشتی و بەڵێنی سەوز پێدانی خەڵک دادی یەکێتی نادات چونکە ئەمە یەکەم ھەڵبژاردنی عێراق و کوردستان نیە ھەتاکو خەڵک باوەڕ بە دروشمەکان بکات. لە ھەڵبژاردنەکانی پێشودا بەڵێنی زۆردراو کەمی جێبەجێ کرا. دەرکەوت ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی پێشو تەنھا بۆ پاراستنی دەسەڵات بوە، چارەسەرکردنی کێشەکانی دەسەڵات بەپێی پێویستیەکانی خەڵک. بۆیە پێموایە ئەم چەند ڕۆژەی لەبەردەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا ماوە تەرخان بکرێ بۆ ڕەخنە لەخۆگرتن لە کەموکوڕیەکان. ڕەخنەگرتن لە گەندەڵیەکان. ڕەخنە گرتن لە پێشێلکردنی پرنسیپە حزبیەکان. ڕەخنەگرتن لە نەبونی سەروەری یاسا. ڕەخنەگرتن لە پەرشو بڵاوی یەکێتی و نەبونی ھێزی یەکگرتوی کوردستان. ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی پیلانگێڕی ناوخۆی یەکێتی. ڕەخنەگرتن لە بەرز کردنەوەی ھەزاران پلەی ئەندامی لاوەکی. ڕەخنەگرتن لە جێبەجێ نەکردنی بەرنامەی سۆشیال دیموکرات بەرامبەر بە ڕەنجدەرانی بیرو بازو، ھەروەھا ڕەخنە گرتن لە دژایەتی بیری کۆنەپەرستی باوکسالاری بەرامبەر بە ژنان. ڕەخنە گرتن لەوەی لە بری چەسپاندنی کلتوری مەدەنی کلتوری دواکەوتنی کۆمەڵایەتی بوژایەوە. من دڵنیام ئەگەر ئەو ڕەخنانە لە خۆی نەگرێ و خەڵک دڵنیا نەکات کە یەکێتی لەدوای ھەڵبژاردن ھەم لەناو خەڵک و ھەم لەناو حکومەتدا بە کردەوە بەرنامەی چاکسازی و پاکسازی و عەقڵسازی جێبەجێ ئەکات، من دڵنیام یەکێتی چارەنوسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی. تکام وایە ھەمومان تێ بگەین مادام یەکێتی خۆی دانی پیاناوە لە ساڵانی ڕابردودا ھەڵەی پڕ لە ھەڵدێری کردوە، کەوابێ دەبێ ئەو ھەڵانە بە ڕەخنە لەخۆ گرتن و ڕیشەکێش کردن چارەسەر بکرێ نەک بە داپۆشینی چەواشەکارانە. ئەم قسانەم بۆ مێژوو دەکەم بە دڵنیاییەوە دوو هەفتەی تر ڕووبەڕووی یەکتر ئەبینەوە. ئەو کاتە ئیتر ھەڵوێستەکان گۆڕانکارییان بەسەردێت.

هەواڵ
27-09-2021

مەسرور بارزانی: کاتێکی ناخۆش و دۆخێکی ناهەموارمان بەڕێکرد

مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەك سایلۆ و کارگەی تایبەت بە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای هەولێر دەکاتەوە. له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی سایلۆ و كارگه‌ی تایبه‌ت به‌ بازاڕكردنی گه‌نمی جوتیاران سه‌رۆكی حكومه‌ت وتارێكی پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌متر له‌ ساڵێك پێش ئێستا به‌رده‌ی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیارانمان كرده‌وه‌، كه‌ ژماریه‌ك سایلۆ و كارگه‌ له‌خۆده‌گرێت، خۆشبختانه‌ كه‌متر له‌ ساڵێك ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یشت. ده‌قی وتاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان ئامادەبوانی هێژا، کوردستانیانی خۆشەویست، کەمتر لە ساڵێک بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی جووتیارانمان لێرە دانا، بە سوپاسەوە کۆمپانیای خۆشناو دەستیکرد بەو پڕۆژە گەورە ستراتیجییە، لە خوا بەزیادبێت کەمتر لە ساڵێک ئێستا لێرەین بۆ کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە، دەستخۆشیان لێدەکەین، لەکاتێکی زۆر کەم و خێرادا، بەتایبەتی لەو بارودۆخە ناهەموارەی کە رووبەڕووی چەندین قەیرانی ئابووری و تەندروستی بووینەوە، توانیان ئەم پڕۆژەیە جێبەجێبکەن، جێی دەستخۆشییە و مرۆڤ دڵخۆش دەبێت، کە دەبینین بەڵێنەکان جێبەجێ دەکرێن و ئەنجامی پڕۆژەکان دەردەکەون و هەموویان لە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەونەکار. ئەم پڕۆژە ستراتیجییە یارمەتیدەرێکی یەکجار گەورەیە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا، توانای وەرگرتنی بەرهەمی جووتیارانیان هەیە، پێشتریش باسمان کردووە، جووتیاران چیتر نابێ خەمی ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان هەبێت، ئەمە یەکێکە لەو پڕۆژانە و لە پارێزگاکانی دیکەش پڕۆژەی هاوشێوە لە بواری جێبەجێکردن دان، دەستیان پێکردووە و هیوادارین ئەوانیش زوو تەواو ببن و بکەونە خزمەتی جووتیارەکانمان، لە خوای گەورەش دەپاڕێینەوە، بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیارەکانمان زیاد بکات و خێر و بەرەکەتیان پێ ببەخشێت. ئەم جۆرە پڕۆژانە، کە لە سایلۆ و کۆگا و چەندین کارگە پێکهاتوون، دەتوانن بەرووبوومی جووتیاران و بەرهەمەکانی گەنم و دانەوێڵەکان دروست بکەن و بیکەنەوە بە خۆراک و بیگێڕنەوە بۆ بازاڕ بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویست، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا دەتوانێت هەلی کار بۆ چەندین بواری دیكه‌ی بازرگانی و پیشەسازیشدا فەراهەم بکات. داوا لە وەبەرهێنەرە خۆشەویستەکانی کوردستان دەکەم، بیر لەوە بکەنەوە وەبەر‌هێنانەکانیان لە کوردستان فراوانتر بکەن، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵیدا کە کەرتێکی زۆر گرنگ و سەرەکییە بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین، وەک بەڵێنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، کە تەنیا پشت بە سەرچاویەکی داهات نەبەستین، ئێمە خاکێکی بە پیتمان هەیە، دەتوانین زۆرترین سوود لەو خاکە وەربگرین، ئەگەر بەرنامەی بەجێ و دروستمان هەبێت. هەروەک باسم کرد، کاتێکی ناخۆش و دۆخێکی ناهەموارمان بەڕێکرد، بەڵام ئەگەر مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی دروست و ئیرادەیەکی بەهێزی هەبێت، دەتوانێت لەم قۆناغانەشدا بەرهەمی هەبێت، من جارێکی دیکە سوپاسی بەرپرسانی حکومەت و کەرتی تایبەتیش دەکەم، کە گرنگییەکی زۆریان بە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ داوە، ئەمەش یەکێکە لە نموونانەی کە ئێستا بەرهەمەکەی دەبینین، جگە لەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانە دەتوانن پێداویستییەکانی کوردستان دابین دەکەن، ئێمە ئاواتەخوازین بەرووبووم و بەرهەمەکانی ناوخۆی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکەین، بۆ ئەوەش لەگەڵ چەندین وڵات لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بازاڕی دەره‌وە بەڕووی بەروبووم و بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان بکرێنەوە، ئەمە جێگەی دڵخۆشییە کە دەبینین حکومەتی هەرێم لە سەرەتاوە بەڵێنی خزمەتگوزاری بە خەڵک داوە و ئیستا ئەو بەڵێنانە دێنەدی و بەرهەمەکانی دەبینین، خۆشە مرۆڤ بەڵێنێک بدات و جێبەجێی بکات.

هەواڵ
27-09-2021

سێ کورد دەبنە پەرلەمانتاری ئەڵمانیا

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند و پارتی سۆسیال دیموکرات یەکەمە و دواتریش هاوپەیمانییەکەی ئەنگێلا مێرکل دێت. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە تاوەکو ئێستا راگەیێنراون، سێ کورد دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە و دەبنە پەرلەمانتار. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکەی کۆمیسیۆن، پارتی سۆسیال دیموکرات 25.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، پارتەکانی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیانیش کە هاوپەیمانن 24.1٪ی دەنگەکان، پارتی سەوز 14.8٪، پارتی دیموکراتیی ئازاد 11.5٪ و پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیاش 10.3٪ی دەنگەکانیان بردووەتەوە. بە گوێرەی ئەم ئەنجامە: - پارتی سۆسیال دیموکرات 206 کورسی لە 735 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت. - هاوپەیمانییەکەی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیان 196 کورسی. - پارتی سەوزەکان 118 کورسی. - پارتی دیموکراتیی ئازاد 92 کورسی. - پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا 83 کورسی. - پارتی چەپەکانیش 39 کورسی دەبەنەوە. تاوەکو ئێستا ئەوەی یەکلایی بووەتەوە ئەم بەربژێرە کوردانە توانیویانە دەنگی پێویست بەدەستبهێنن: - قاسم تاهیر ساڵح، لەسەر لیستی پارتی سەوز [بەربژێری پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا] - جانان بایرام، لەسەر لیستی پارتی سەوز [بەربژێری پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا] - ژیان عومەر، پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی بەرلین. وەک لە ئەنجامەکەدا روونە، هیچ پارتێک بەتەنیا ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و هەربۆیە حکومەتی داهاتوو هاوپەیمانی دەبێت. رۆژی یەکشەممە 26-9-2021 و دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکە، هەریەکە لە ئولاف شوڵز، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ بوون بە راوێژکاری وڵات و ئارمین لاشێت، بەربژێری پارتەکانی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیان بۆ هەمان پۆست رایانگەیاند، هەوڵدەدەن پێکەوە حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنن. ئولاف شوڵز بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆئەوەی پێش کریسمس کارەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت تەواوبکەن. ئارمین لاشێتیش گوتی، بەدڵنیاییەوە ئەوە ئامانجی هاوپەیمانییەکەی ئەویش دەبێت. رووداو

هەواڵ
27-09-2021

نرخی نەوت ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد

رۆژی دووشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 1 دۆلار و 14 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 23 سەنت فرۆشرا. هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی 1 دۆلار و 11 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 9 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.لە سێ مانگی ڕابردوودا یەکەمجارە نرخی نەوت بگاتە ئەو ئاستە.

بیروڕا
26-09-2021

زەخیرەی ئینتیخابی!

لە بابەتی پڕۆسەی ھەڵبژاردندا پارتی لە عێراق و لە کوردستانیش کۆڵی ئینتیخابی لە ھەموو حیزب و قەوارەکانی تر سەنگینترە، ڕووی لە ڕووی ئەوانی تر سپیترە، لە قەڵەمڕەوی خۆیدا بە تایبەت و لە کوردستان بە گشتی نمونەیەکی دانسقەی نیشانداوە، پارتی لە کوردستان سەرباری ئەو دژایەتییە چڕەی کە لەسەری ھەبووە و ھەیشە، ھێشتا ھەر بەرەو پێشەوە مل دەنێت، لە ناوچەیەکی نائارامدا کوردستانی کردۆتە دوورگەیەکی ئارام، ھەرێمی کوردستانی کردۆتە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش بۆ ناوچەکە و جیھان و وڵاتانی عەرەبی، پایتەختەکەشی کە«ھەولێر»ە لەسەر ئەرزی واقیع کردۆتە پایتەختی سیاسی عێراق و مەڕجەعی سیاسی قەزیەی سیاسی کورد بە گشتی، بەڵام خەڵکیتر سەرباری ئەو پشتگیرییە ماددی و مەعنەوی و ئیعلامییەی کە لێیان دەکرا، دواجار لە جیاتی سەرکەوتن، چیرۆکی شکستی حوکمڕانی خۆیان نووسییەوە، نیشانی دنیایاندا کە ئەوان ئەھلی سیاسەتی سەردەمی و بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی نین.

هەواڵ
26-09-2021

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وەزیری بازرگانیی تورکیا کۆبووەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 26 ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد مووش وەزیری بازرگانیی تورکیا و شاندی یاوەری کرد و دواتر لەگەڵ شاندی باڵای بازرگانیی تورکیا کە لە ژمارەیەک بازرگان و وەبەرهێنەرانی تورکیا پێکهاتبوو کۆبووەوە. لە کۆبووەنەوەدا،سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا کرد کە دراوسێیەکی گرنگیی هەرێمی کوردستان و عێراقە و دەروازەی هەرێمە بەرەو ئەوروپا و جیهان و هاتنی ئەم شاندە بازرگانییە گەورەیە،گوڕوتینێکی زیاتر بە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەدات. سەرۆکی حکومەت، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەیە لە گەڵ تورکیا لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش.سەرۆکی حکومەت، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕوونیکردەوە کە حکومەتی هەرێم، گرنگییەکی زۆر بە پرۆسەی وەبەرهێنان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش، هەر کارئاسانییەک پێویست بێت دەیکات بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و برەودان بە پرۆسەی سەرمایەگوزاریی و بازرگانی .وەزیری بازرگانیی تورکیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سەر هەموو ئاستەکان دەربڕی ، بەتایبەتی لە بواری جموجۆڵی بازرگانیی و وەبەرهێناندا. هیواشی خواست کە ئاستی بازرگانیی و سەرمایەگوزاریی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە داهاتوودا بەرفراوانتر ببێت .

هەواڵ
26-09-2021

وەزیری ناوخۆی تاڵیبان لە ھەڵسوکەوتی چەکدارانی بزوتنەوەکە توڕەیە

وەزیری بەرگریی حکومەتە نوێیەکەی تاڵیبان لە ھەڵسوکەوتی چەکدارانی بزوتنەوەکەی توڕەیە و دەڵێت: زیان بە ڕێبازەکەمان دەگەیەنن. پاش ئەوەی لە لایەن میدیاکانی جیھانەوە چەندین ڕەخنەی گاڵتەئامێز بڵاوکراوەنەتەوە لەسەر ھەڵسوکەوتی ھەندێک لە چەکدارانی تاڵیبان لە کاتی گەشتنیان بە شوێنە گەشتیاری و باڵەخانەکانی کابوڵ، مەولەوی محەمەد، وەزیری بەرگریی، ھاتۆتە سەرخەت و پەیامێکی توندی داوەتە چەکدارەکان. مەولەوی وتی: "پابەندی ئەرکەکانتان بن، ئێوە زیان بە ڕێبازەکەمان دەگەیەنن، کە بە خوێنی شەھیدەکانمان دروستمان کردوە" وەزیری بەرگریی بە تایبەت تیشکی لەسەر وێنەنەگرتن لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان دانا، بە پاساوی ئاشکرا نەبوونی شوێن و چالاکییەکانیان. دوای گەشتنەوەی تاڵیبان بە کابوڵ لە 15 ئاب، ھەزاران موجاھیدی ئەم بزوتنەوەیە لە پایتەخت جێگیر بوون و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین گرتە ڤیدیۆی چەکدارەکانی تاڵیبان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبونەوە، کە تێیدا بە شێوازێکی ناشارستنای مامەڵە لەگەڵ کەل و پەلی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و بە ڕوونی ناھۆشیاری و دواکەوتووی ئەمدامانی بزوتنەوەی تاڵیبان دیارە.

1 2 ... 738 739 740 ... 1148 1149