وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وشهی تێپهڕو نهێنی (پاسۆرد و یوزهرنهیم)ى بۆ سەرجەم دەرچوانى قۆناغى دوانزە ئامادە کرد و ئاراستەى وەزارەتى پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى ئەزموونەکان کرا. ئهمڕۆ یهكشهممه 26/9/2021، عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دواى هەوڵەکانى وەزارەت و ناوەندى وەرگرتن، وشهی تێپهڕو نهێنی (پاسۆرد و یوزهرنهیم) بۆ سەرجەم دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ئامادە کرا و دوێنێ ڕهوانهی وەزارەتى پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئەزموونەکان كرا. وتهبێژی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی، داوا لە دەرچوانى پۆلی دوانزەى ئامادەیى دەکات لەم هەفتەیەوە دەتوانن خۆیان سەردانى خوێندنگەکانیان بکەن بۆ وهرگرتنهوهی وشهی تێپهڕو نهێنی (پاسۆرد و یوزهرنهیم)، وتیشی پێویستە دەرچوان بەباشى پاسۆرد و یوزەرنەیمەکانیان بپارێزن، چونکە دواتر لەڕێگەى ئهو (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ـهوه دەتوانن (زانکۆلاین) پڕبکەنەوە. لەبارەى کاراکردنى زانکۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە چەند رۆژى داهاتوودا زانکۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت و پێش کاراکردنیشى لە ڕاگەیەنراوێکى رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکەى بۆ دەرچوان دەخرێتە ڕوو.
ئەمڕۆ یەک شەممە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ رێکخەرانی کۆنگرەکەی هەولێر دەرکرد کە تێیدا داوای ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی عێراق و ئیسرائیلیان کردبوو.بە پێی نوسراوی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ویسام حردان سەرۆکی سەحوەی عێراق دەرچوە کە لە کۆنگرەکەدا بەیاننامەی ئاسایکردنەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل خوێندەوە.هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ میسال ئالوسی پەرلەمانتاری پێشوی عێراق و چەندا کەسایەتیەکی دیکە دەرچوە.ئەنجومەنی باڵای دادوەری، داوای ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل با تاوان لە قەڵەم داوە.
100 دۆلار به 148 ههزار و 500 دیناره. 100 پاوهن به 200 ههزار دیناره. 100 یۆرۆ به 172 ههزار و 250 دیناره. 100 لیرهی توركی به 16ههزار و 800 دیناره. 100 ههزار تمهن به پێنج ههزار و 400 دیناره.
سەرۆکی دەرکراوی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاری ئێستای عێراق، لە ساڵیادی گشتپرسی سەربەخۆییدا پەیامێک بڵاو دەکاتەوە کە 100٪ پێچەوانەی هەڵوێستی ساڵی 2017یەتی. یوسف محەمەد نووسیویەتی: " بە «ریفراندۆم»ەکەتان کارتی سەربەخۆییتان سوتاند، 52%ی خاکتان دۆڕاند، هەرێمتان لەبەرامبەر بەغدا لاواز کرد و گەلێکتان چەماند. گەلی کورد گوناهی چییە لە ماوەی کەمتر لە نیو سەدە دو جار نسکۆی بەسەردا دەهێنرێت". ئەمە لە کاتێکدایە کە یوسف محەمەد کاتێک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو، بە نوسراوی رەسمی پاڵپشتی لە ریفراندۆم کردبوو. یوسف محەمەد لە نووسراوێکی ڕەسمیدا کە لە 29.5.20217 خۆی واژۆی کردووە نوسیویەتی:" ئامادەسازی سەرەتایی ئەنجام بدەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە هەمان کاتی هەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم ئەگەر تا ئەو کاتە بە یاسایەک شێوازی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پەرلەمانی کوردستانەوە رێکخرا بە شێوەیەک راپرسی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش ئەنجام بدرێ".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، چەندین کەسایەتی شیعە و سونەی عێراقی کۆبوونەتەوە و داوای ئاشتیان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە و وتیشی: ئەو داوایەش لە خەڵکەوە بووە نەک حکومەت. نافتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تویتەر نووسیویەتی " سەدان کەسایەتیی عێراقی، لە سونە و شیعە، دوێنی ئێوارە کۆبوونەتەوە بە مەبەستی دروستکردنی داوایەک بۆ پێکهێنانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل. ئەم داواکارییە لەلایەن گەلەوە هاتووەتە، نەک لەلایەن حکومەتەوە. ئەوەی کە گرنگیێکی تایبەتی هەیە ئەوەیە کە دان بەو ستەمە مێژووییەدا دەنێت کە جووەکانی عێراق رووبەڕووی بوونەتەوە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل دەستی ئاشتی بۆ ئێوە درێژ دەکات." رۆژی هەینی 24-09-2021 ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکیان لەژێر ناوی (السلام والاسترداد) ئەنجامدا و لەنێو ئەو کۆبوونەوەیدا، پشتگیریی خۆیان راگەیاند بۆ ئەوەی عێراق پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێت.
93% دەنگدەرانی خەڵکی کوردستان وەک ئەوان دەڵێن دەنگیان بە ریفراندۆمەکەی بارزانی دا، واتا ئەو رێژەیەی خەڵکی کوردستان متمانە و باوەڕیان بەو رێبازەیە کە بارزانی نەمر بناغەکەی بە هزر و بیری نەتەوەیی و نیشتمانی ئاو داوە و ئەمڕۆش سەرۆک مەسعود بارزانی سەرقافڵەیەتی . دواجاریش تەنها ئەوانەی خۆیان نەچەماند، شانازی رۆژە مێژووییەکەیان بەرکەوت و کۆی پرۆسەکەش لەسەر ناویان تۆمارکرا ، بۆیە گەلیش پاداشی کردن و هەر ئەوانش سەربەرزانە ئەمڕۆ ئەو یادە بەرز رادەگرنئەوانەشی لە نیوە رێگەدا پشتیان لە گەلەکەیان کرد ، یانیش لە دوا ساتەکانی ترسنۆکانە تەسلیم بە ئیرادەی داگیرکەر بوون و خیانەتیان لە دەنگە ئازا و دلێرەکانی گەلەکەیان کرد ، شەرمەزاری ئۆکتۆبەری رەشیان بەنسیب بوو بەختیار تاڵەبانی
لە شنگال زیاتر لە ٥٠ چەکداری پەکەکە دەستیان لە پەکەکە بەردا و خۆیان گەیاندە سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەرپرسی لقی ١٧ی شنگالیش دەڵێت، ''پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی دیکەش واز بێنن.'' ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی ١٧ی پاری دیموکراتی کوردستان لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ٥١ چەکداری سەر بە پەکەکە لە شنگال وازیان لە پەکەکە ھێنا و خۆیان ڕادەستی ھێزەکانی پێشمەرگە کرد، یەکێک لەو گەریلایانە لەنێو ڕیزەکانی پەکەکەدا پلەی سەربازیی ھەیە، ئەوان لە شنگال سەنگەرەکانیان تێک داوە و خۆیان لە پەکەکە بێبەری کردووە.'' ئاشتی کۆچەر ڕوونی کردەوە: "پەکەکە لە شنگال دەستی لەگەڵ حەشد تێکەڵ کردووە و مووچە و پارەش لە حەشد وەردەگرن و بەشێکی کەمی بە چەکدارەکانیان دەدەن و بەشەکەی دیکەی بۆ خۆیان گل دەدەنەوە، بۆیە پێشبینی دەکەین ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە شنگال واز لە پەکەکە دێنن، زیاد بێت و ژمارەیەکی دیکەشیان پەیوەندییان کردووە بۆ ئەوەی واز بێنن.''
رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی وۆرکشۆپێکی لە هەولێر بۆ ژمارەیەک کەسایەتی بەشێک لە پارێزگاکانی عیراق ئەنجامداوە بە مەبەستی کارکردن لە سەر چەمکەکانی پێکەوەژیان وچەسپاندنی بنەماکانی فیدرالیزم لە عیراق لە بەر ڕۆشنایی دەستووری هەمیشەیی عیراق، بەڵام بە داخەوە، هەندێک لەسەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە، ئەم وۆرکشۆپەیان بە لاڕێدا بردووە و بۆ هەندێک مەبەستی سیاسی بە کاریان هێناوە کە دوور بووە لە مەرجەکانی مۆڵەتپێدانی ئەم جۆرە وۆرکشۆپانە و لە میانەی چالاکییەکەدا، چەند ووتار وبەیاننامەیەک بڵاوکراونەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ سیاسەتی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناگونجیت و گوزارشت لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان ناکا.وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری یاسایی دەگرێتە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی، کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە و هەروەها کەسە کەمتەرخەمەکان بە سزا دەگەیەنێت لە هەر لایەکەوە بن.هەرێمی کوردستانی عیراق، وەک کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی عیراقی فیدرالی، وەک هەمیشە پابەندە، بە سیاسەتی دەرەوەی فەرمیی دەوڵەتی عیراق و بە هیچ شێوەیەک، رێگا نادات کەسانێک کەشی ئازادی ودیموکراسی کە لە هەرێمدا بەرقەرارە، بۆ مەرامی دیکەی سیاسی بەکار بهێنن و ئەو کەسانەی کە بەم کارانە ھەستاون، دوور دەخرێنەوە و جێگەیان لە هەرێمی کوردستان نابێتەوە. وەزارەتی ناوخۆیحکوومەتی هەرێمی کوردستان25ی ئەیلوولی 2021
دەربارەى کۆبوونەوەیەک کە دوێنێ هەینى 2021/9/24 بە ناوى (السلام والاسترداد) لە هەولێر ئەنجام دراوە و کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە، ڕایدەگەیەنین کە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئاگادارى کۆبوونەوەکە و ناوەڕۆکى بابەتەکانى نەبووە و ئهوهی له کۆبوونهوهکه دهرچووه، به هیچ شێویهک بۆچوون و سیاسهت و ههڵوێستی ههرێمی کوردستان نییه. دووپاتى دەکەینەوە کە هەر باس و هەڵوێست و ئاراستەیەک پەیوەندى بە سیاسەتى دەرەوەوە هەبێت، بەپێى دەستوور دهسهڵاتی حکوومهتی فیدراڵییە و هەرێمى کوردستان لەمبارەیەوە به تهواوی پابەندى سیاسەتى دەرەوەى عیراقە. داوا له ههموو لایهن و هێزه عیراقییهکان دهکهین بابهتهکه ئارامتر وهرگرن و ههموومان چاوهڕێی ئهنجامی لێکۆڵینهوه بین که لهلایهن وهزارهتی ناوخۆی حکوومهتی ههرێمی کوردستانهوه بهڕێوه دهچێت. دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان 2021/9/25
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی سبەی یەکشەممەی راگەیاند. بەپێی ئەو لیستەی دارایی کە بۆ بانک و گەنجینەکان نێردراوە سبەی یەکشەممە 26/9/2021، مووچەی مانگی نۆی دیوانی وهزارهتی پێشمەرگە و لیواکان دابهش دەکرێت. ئەمڕۆ شهممه 25/9/2021، بە دابەشكردنی مووچەی تەندروستی، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین كراوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە دوای 8ـی تەممووزەوە "هاشوهوشی سۆشیاڵمیدیا" کەمبووەتەوە، بە گوتەی ئەو "تەنیا لە مانگی حوزەیراندا 800 هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی سۆشیاڵمیدیا لە سلێمانی خەرجکراوە، سایت هەبووە بودجەی مانگانەی لە ئیدارەی گشتیی یەکێتی 80 ملیۆن دینار بووە و چەندین جار دژایەتی کارەکانی ئێمەی کردووە." ئەمڕۆ 25-9-2021، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان لەبارەی دۆخی میدیا، هەڵبژاردنی عێراق، کێشەکانی سلێمانی و یەکێتی قسەیکرد. گوتی ئەو میدیا و سۆشیاڵمیدیایانە "بە پارەی شەرعی و ناشەرعی بەڕێوەدەبران، بەشێک لەو میدیایانە بە پارەی یەکێتی بەڕێوەدەبران و دژایەتیی یەکێتیشیان دەکرد، چەندین دۆسیەشیان لەسەر بەرپرسانی یەکێتی کردووەتەوە." لەبارەی ئازادیی میدیا و میدیاکارانەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "هەتا هەبم رێگە نادەم لە زۆنی سەوز بە هەمانشێوەی بادینان رۆژنامەنووس بدرێتە دادگە، لە کفری هەتاوەکو دێگەڵە فەرهەنگێکی جیاواز بەراورد بە دێگەڵە بۆ زاخۆ هەیە." ئەو لێدوانەی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە کە چەند مانگێکە "بە تۆمەتی نووسینی کۆمێنت" رۆژنامەڤانێک لە هەڵەبجە زیندانیکراوە. قوباد تاڵەبانی گوتی "بەدواداچوونی بۆ دەکەین و رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر." قوباد تاڵەبانی باسی کارەکانی خۆی وەکو جێگری سەرۆکوەزیران کرد، ئاماژەی بەوە دا، "چەندین کەس لەنێو بنەماڵەکەم هەبوون کە پێشتر رێگربوون لە کار و چالاکییەکانم و دژایەتییان دەکردم، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، ئێستا لێپرسینەوە هەیە، هەوڵەکانیش بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە دەسەڵات شۆڕ ببێتەوە." لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیشەوە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "کاتەکەی ئێمە دیاریمان نەکرد بەڵکو رووداوەکان کاتەکەیان دیاریکرد." ئەو کەسانەیشی کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بە گوتەی قوباد تاڵەبانی، "لەسەر سکاڵای ماڵی مام جەلال نەبووە، ئێمە سکاڵامان لەسەر کەس تۆمارنەکردووە." خەرجییەکانی سلێمانی وەکو قوباد تاڵەبانی بەو رۆژنامەڤانانەی گوت، "لە داهاتی زیاترن و داوای سەربەخۆیی دارایی نەکراوە، بەڵام دەسەڵاتەکان شۆڕ دەبنەوە بۆ ئیدارەی شارەکان." بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوون بە هەڵبژاردن، عێراقی دوای هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "فشارەکان و مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن، بەشێک لە کوردیش پێشڕەوی و هاوکاری ئەوانە دەکەن کە گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروستدەکەن و هەوڵی زۆریش دەدرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا دەستکاریی دەستوور بکرێت، ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت ناتوانین رووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببینەوە." لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریشەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "یەکێتی نایەوێت لە بەرامبەر وەرگرتنی هیچ پۆستێکدا دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار ببێت." جێگری سەرۆکوەزیران سەبارەت بە قاچاخچێتی لە سنوورەکانی سلێمانیش قسەیکرد و باسی لەوە کرد کە "قاچاخچێتی بەشێوەی پێشتر نییە و کەمبووەتەوە، بەڵام بنبڕنەکراوە، هەوڵ دەدەین بنبڕی بکەین."
پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە، گیانلەدەستدانى هاووڵاتییەکى تەمەن ٤٠ ساڵى ڕاگەیاند، کە لەلایەن خێزانەکەی بە هاوکاریى کەسێکى تر کوژراوە. ئهمڕۆ شهممه 25/9/2021، موقەدەم بارزان عوسمان، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە، لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاشکراى کرد: " لە ٢١|٩\٢٠٢١، تاوانلێکراو (هـ.ڕ.م) تەمەن ٤٠ ساڵ، پیشە کاسب، دانیشتووى گوندى مۆریاسی ناحیەی بەرزنجە، لە نزیک گوندى تاوێرە ـ سەرکەن، لە لایەن ژنەکەیەوە بەناوى (پ.ح.م) تەمەن ٣٣ ساڵ، پیشە ژنى ماڵ، بە هاوکاریى تۆمەتبارێکى تر بەناوى (ح.خ.ح) تەمەن ٢٠ ساڵ، پیشەى شۆفێر و دانیشتووى ههمان گوندی ئهو دوو هاوسهره، دەکوژرێت و هەر لەوێ تەرمەکەى بەجێ دەهێدرێت. ئاماژه بهوهش كراوه: پاش لێکۆڵینەوەیەکى ورد لە لایەن تیمى لێکۆڵینەوەى پۆلیس بە هاوکاریى بەشى پۆلیسى سەیدسادق| بنکەى پۆلیسى بەرزنجە، توانرا تەرمى تاوانلێکراو پاش چوار ڕۆژ لە دیارنەمانى لە گوندى تاوێرەى سەر بە هەڵەبجە بدۆزرێتەوە و ڕەوانەى پزیشکى دادى پارێزگاى هەڵەبجە کرا". لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئەوەشى خستووەتە ڕوو:"تۆمەتبارى ڕووداوەکە لەبەردەم دادوەرى لێکۆڵینەوە دانى بە تاوانەکەیدا ناوە و بەهۆى بوونى کیشەى خێزانییەوە بە هاوکاریى تۆمەتبارەکەى دیکە، ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە". جەختیشى کردەوە:"بەپیى ماددەى یاسایى (٤٠٦ى.س) تۆمەتباران بەندکراون و دۆسییەى لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە لە بنکەى پۆلیسى هەڵەبجە ڕێکخراوە".