Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13779 بابەت
هەواڵ
07-11-2021

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ھێرشکرنە سەر ماڵی کازمی

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "ئەو هەوڵە شکستخواردووە بۆ تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی بە ئامانجکردمنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لەبەغدا ئەنجام درا سەرکۆنە دەکەم. سوپاس بۆ خوای گەورە کە تەندروستیی باشە".  سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "ئەم کردەوە تیرۆریستییە بەرەوپێشچوونێکی مەترسیدارە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکات و هۆشداریی دەدات لە دەرئەنجامە سەختەکان. داوا لە هەموو کەسێک دەکەم کە ئارامی بپارێزن و دان بە خۆیاندا بگرن."

هەواڵ
07-11-2021

لە بەغدا ‌بە درۆن هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی

ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021،  لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز.  میدیاکانی عێراق رایانگەیاند، سێ لە پاسەوانەکانی ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی بەئامانجکردنی ماڵەکەی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، برینداربوون.   دوای هێرشەکە، مستەفا کازمی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر، هەموولایەکی دڵنیاکردەوە کە تەندروستیی باشە و لە تویتێکدا نووسیوویەتی "پێشتر و ئێستاش پرۆژەی گیانفیدایی بووم بۆ عێراق و گەلی عێراق، مووشەكەكانی ستەمكاری ئیمانداران سڵ ناكاتەوە، و موویێكی ھێزە ئەمنییە قارەمانەكانمان نالەرێنێتەوە لە مكوڕی و سووربوونیان بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵك و  بەدیھێنانەوەی ماف و دانانەوەی یاسا بۆ سەر رێچكەی خۆی".

هەواڵ
06-11-2021

دوو پەرلەمانتاری سەر بە لاهوور تەحەددای بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی دەکەن

دوو پەرلەمانتاری سەر بە لاهوور، تەحەددای بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی دەکەن بە چەکی بێ مۆڵەتەوە وێنەی خۆیان بڵاو دەکەنەوە. سەرکۆی ئازاد گەڵاڵی و هاوڕێ مەلا ستار، بە چەکەوە وێنەیان گرتووە و بڵاویان کردووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە هیچ یەک لەو کەسانە مۆڵەتی هەڵگرتن و بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکەیان نییە و کەسێکی سەربازییش نین. شارەزایەکی یاسا پێی وایە ئەوانە کە خۆیان ئەندامی دەزگای یاسادانانن و پێشێلی یاسایان کردووە، دەبێت کاری پەرلەمانتارییان لێ قەدەغە بکرێت. چەکداربوونی ئەو دوو پەرلەمانتارەی سەر بە باڵی لاهوور جەنگی، هاوکاتە لەگەڵ بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بۆ قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، بەڵام ئەو دوو پەرلەمانتارە پێشێلی بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانییان کردووە و وەک هەڕەشە بە چەکەوە دەرکەوتوون.

هەواڵ
06-11-2021

پێشمەرگە و سوپای عێراق یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامدا

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقی بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات. دەقی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا. کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021 هێزەکانی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکرد و لە کاتژمێر ۱۲،۳۰ هەردوو هێزەکە لەنێوان بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان میحوەرەکانی یەک و دووی ئۆپەراسیۆن بەیەک گەیشتن. لەمیانی بەیەکگەیشتنەکەدا، بەئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لەعێراق، دیدارێکی هاوبەش لەنێوان فەرماندەی میحوەری (مەخمورـ دیبەگە)و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی (نەینەوا) بەڕێوەچوو. ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام درا تیاییدا ناوچەکە لەپاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان، کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەتەواوی پشکنران و پاککرانەوە. بەشێکی تری ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی ئەو دوورگە ناوەندییە دووردەستانە بوون، کە کەوتونەتە سەر زێی گەورەو تیرۆریستان وەک مۆڵگەی خۆیان بەکاریان دەهێنا. ئەمە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقە کە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت، ئەمەش دوای گەیشتنە رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عێراق دێت لە دروستکردنی بنکەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغدا و چوار بنکەی هاوبەشی تر. لەدواین دیدارە بەردەوامەکانی وەفدی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکان و وەفدی باڵای عێراقی بەسەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، هێزەکان ئەرکداردەکرێن بە پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە. کە بەهاوبەشی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق بپارێزرێت.

هەواڵ
06-11-2021

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ئەوقافەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە تیایدا کەسێک دوعا بۆسەرۆکی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ دەکات، گوایە ئەمە لە سنووری ھەرێمی کوردستانە، لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەێنین کە ئەم شوێنە مزگەوت نی یە، ئەو کەسەش کە قسە دەکات مامۆستایی ئایینی نییە و شوێنەکەش سنووری ھەرێمی کوردستان نی یە، بەڵکو دەرەوەی باشووری کوردستانە و بۆنەیەکی ئایینی یە و پەیوەندی بەئێمەوە نی یە، پێویستە ئەو شوێنانەی ئەو ھەواڵە نادروستانە بڵاو دەکەنەوە بەرپرسانە مامەڵە بکەن وچەواشەکاری نەکەن، دوای ئەم ڕوونکردنەوەیەشمان ھەر ناوەندێکی ڕاگەیاندن ئەم گرتە ڤیدیۆیە بە ناوی سنووری ھەرێم پەخش بکات رێککاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر. ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ٦⁄ ١١⁄ ٢٠٢١

هەواڵ
06-11-2021

یەکێتی هەیکەلی حیزبەکەی دەگۆڕێت و سیستەمی هاوسەرۆکی ناهێڵێت

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرقاڵی داڕشتنەوەی پەیكەربەندیی حزبیی نوێی یەکێتییە، بە شێوەیەک کە کۆتایی بە سیستەمی هاوسەرۆکی دەهێنێت. توێژەرێکی سیاسییش دەڵێت: ”هاوسەرۆکی، داهێنراوی پەکەکەیە و سیستەمێکی شکستخواردووە“. پەیكەربەندیی نوێی یەکێتی بەپێی زانیارییەکان، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرقاڵی داڕشتنەوەی پەیكەربەندیی نوێی یەکێتییە، بە شێوەیەک، کە کۆتایی بە سیستەمی هاوسەرۆکی دەهێنێت و ئەو ژمارە زۆرەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی کەم دەکاتەوە. هاوکات ئەگەری ئەوەش هەیە، ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی، وەکوو ئۆرگانێکی فەرمی، کە لەدوای کۆنگرەی چواری یەکێتی نەماوە، دووبارە چالاک بکرێتەوە. سەرۆک و دوو جێگر هەر بەپێی زانیارییەکان، لەو پەیكەربەندییە نوێیەیدا كە یەکێتی بە نیازە بۆ حزبەکەی دایبنێت، بەپێی ئەو پێشنیازانەی کە کراون، یەکێتی سەرۆک و دوو جێگری دەبێت و هاوشێوەی پێش کۆنگرە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەنجوومەنی ناوەندیی (یەکێتی)یش دابمەزرێتەوە. هەر بەپێی زانیارییەکان، وا بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بکرێت و هەر لە کۆبوونەوەکەیەدا بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆکی بدرێت. بڕیاری سڕکردن و گۆڕانکاریی دیکەیش دوای نزیکەی چوار مانگ، ئێوارەی رۆژی دووی تشرینی دووەم، بافڵ تاڵەبانی، بڕیاری دوورخستنەوەی یەكجارەكیی لاهوور جەنگی، هاوسەرۆکی لێخراوی یەکێتی ‌و چوار لە ئەندامانی سەرکردایەتیی حزبەکەی دەرکرد، کە خۆیان بەتەواوی دابووە پاڵ لاهوور جەنگی. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو بڕیارانە لە رۆژانی داهاتوو زیاتر دەردەکەون و وا بڕیارە ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتیی دیکەی یەکێتی، هاوشێوەی ئاراس جەنگی، برای لاهوور جەنگی، سڕ بکرێن و گۆڕانکاری لە زۆربەی مەڵبەندەکانی یەکێتی و ئۆرگانەکاندا بکرێت. سیستەمی هاوسەرۆکی لەمبارەیەوە، سۆران سێوکانی، توێژەری سیاسی ڕایگەیاند، هاوسەرۆکی داهێنراوی گاڵتەجاڕییانەی پەکەکەیە کە پێدەچێت هەر ئەوانیش ئەم کارەیان بە یەکێتی ئەنجام دابێت و ئەوەش دەرەنجامەکەی بوو. گوتیشی: ”هەر لە سەرەتاوە سیستەمی هاوسەرۆکی لە یەکێتیدا شکستی هێنا، دواجار ئەوەبوو یەکیان بوو بە سەرۆکی یەکێتی و ئەوەی دیکەش دوور خرایەوە، ئەو سیستەمە خۆی لە بنەمادا سیستەمێکی شکستخواردووە“. ژێدەر باسنیوز

هەواڵ
06-11-2021

بافڵ تاڵەبانی بۆ لاهور جەنگی: ئێوە دەرکران

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، لاهور و چوار ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دوور نەخراوەنەتەوە، بەڵکوو لە حیزب دەرکراون و بڕاوەتەوە.

هەواڵ
06-11-2021

میدیای یەکێتی بۆ لاهور جەنگی و کەسانی نزیکی: ئیتر تەواو

میدیای فەرمی یەکێتی وتارێک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئیرادەیەک هەیە، ئەم ئیرادەیە نە حزبایەتی بە یانەی فیكری ‌و بنمیچی بێ كۆتایی زۆر بڵێی بێ سەمەر دەبینێ ‌و نە تێكۆشانی رێكخراوەییش بە ناوەندی بەرژەوەندپەرستی ‌و كەس پەرستی ‌و (كاكەبرایی) دەزانێ دەقی وتارەکە لە هەناوی یەكێتیدا بیرۆكەیەكی رەسەن، ئیرادەیەكی تۆكمە ‌و كۆنكرێتی هەیە بۆ بەرەوپێشەوە چوون. ئیرادەیەك كە نایەوێ بەرەو دواوە بڕوا، چونكە بەرژەوەندی یەكێتی ‌و جەماوەرەكەی ‌و گەلەكەشمان لە ڕانەوەستان ‌و  تەواوكردنی ئەركەكەدا دەبینێتەوە. -بیرۆكەكە دەیەوێ یەكێتی بكاتەوە بە یەكێتییەكەی مام، بەڵێ یەكێتییەكەی مام، ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپی حزبایەتی ‌و دامەزراوەیی یەكێتی نییە، ئەمەش هیچ عەیبی تێدا نییە چونكە یەكێتییەكەی مام واتا ئەو یەكێتییەی لە 1975 وە تا ئەمرۆ هەموو یەكێتییەكان، بە تێكۆشەر ‌و بیر رووناك ‌و بیرمەندەكان ‌و خاوەن نەزەرانی رێكخراوەیی ‌و پێشمەرگایەتی ‌و هەموو ناونیشانێكی خەباتی هەمەلایەنەی ئەم حزبە. كاری بۆ دەكەن ‌و كاری لەسەر دەكەن، تەلارەكەی بەرز دەكەنەوە ‌و سواقی كەلێن ‌و كەموكوڕییەكانی دەدەن. یەكێتییەكەی مام تایتڵ نییە بۆ مام جەلال بە تەنیا، بەڵكو تایتڵە بۆ هەموو ئەوانەی مام جەلال رابەرایەتی دەكردن ‌و بە شانازییەكی هاوبەشەوە كاروانە حزبی ‌و رێكخراوەییەكەیان سەردەخست. مام جەلال لێرە ناونیشانی رابەرێكی گەورەی كوردایەتی نییە كە لەم ناونیشانەدا هەموو كورد شەریك ‌و هاوبەشەمانن، بەڵكو مام جەلال جێی باسی حزبایەتی ‌و یەكێتیایەتی، ناونیشانە بۆ ناوەرۆكی هەموو كۆششی رێكخراوەیی ‌و دامەزراوەیی یەكێتییەكان بە هەموو مینبەر ‌و دونیابینییەكانەوە بیرۆكەی یەكێتییەكەی مام واتا یەكێتی دوێنێ ‌و ئەمرۆ ‌و داهاتووش. چونكە ئەمە رەوتێكی لە سەرەتاوە ‌و بۆ ئەمرۆ ‌و چارەنووسی داهاتووش. -ئیرادەیەك هەیە بێ ڕاوەستان، دەیەوێ ئەم ئەركە تەواو بكا ‌و ئاوڕ لە رابردووی ئاخر ‌و بەڵام ‌و چونكە، نەداتەوە، چونكە ئیتر بەپێی پێویست زۆری قسە لەسەر كراو كاتێتی جێبەجێ بكرێت. ئەم ئیرادەیە نە حزبایەتی بە یانەی فیكری ‌و بنمیچی بێ كۆتایی زۆر بڵێی بێ سەمەر دەبینێ ‌و نە تێكۆشانی رێكخراوەییش بە ناوەندی بەرژەوەندپەرستی ‌و كەس پەرستی ‌و (كاكەبرایی) دەزانێ. ئەم ئیرادەیە حزبایەتی بە ئامرازی زیندووی تێكۆشان بۆ ئەركە نەتەوەیی ‌و دیموكراتی ‌و نیشتمانییەكان دەزانێت. ئەم ئیرادەیە هەیە، ئەگەرچی هێڵی پچڕاو ‌و باریك ‌و لەپێ كەوتوو گەرەكێتی ئەم رەوتە رابگرێ ‌و بیانووی فارزە ‌و وێرگویل ‌و بڕ ‌و بیانووی بیروكراسی بۆ بێنێتەوە، بەڵام رەوتەكە ڕاناوەستێ ‌و هەر دەڕوا ‌و بە رێگرەكانی وتووە بۆ رابردوو ناگەرێتەوە، تەواو بوو. ئیرادەكەیە كە یەكێتی باش بكاتەوە،چاكسازی حزبی ‌و یەكێتییانەی تیا بكات ‌و بیانوو خاووخلیچكی ‌و پەكخستن نەهێڵێت. قۆناغی پێشوو نەما،  تەواو بوو.

هەواڵ
06-11-2021

مەسرور بارزانی پێشوازی لە کۆمەڵناس و نووسەری ناسراوی تورک ئیسماعیل بێش...

ئەمڕۆ شەممە 6ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆمەڵناس و نووسەری ناسراوی تورک ئیسماعیل بێشکچی و شاندێکی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت، خەبات و تێکۆشانی بێشکچی لە داکۆکیکردن لە گەلی کوردستان و دۆزی ڕەوای کورد بەرز نرخاند و بە پێزانینەوە ئاماژەی بە هەڵوێست و نووسین و بەرهەمەکانی بێشکچی کرد، کە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانییەوە و بە شێوازێکی زانستی و ئەکادیمی، بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد و گەلانی ستەملێکراو کردووە.ئیسماعیل بێشکچی، سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی کرد و جەختی لە گرنگیی کارکردن لە سەر لایەنی پەروەردەیی و بایەخدان بە پرسە نیشتمانییەکان و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ناوچەکە، بەشێوازێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە کردەوە.

هەواڵ
06-11-2021

هۆشیار زێباری: کە موسڵ کەوت، مالیکی پێی وتم هەموو جەماعەتەکەی تۆن

هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (العراقیە): ئێمە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە پەیوەندیمان لەگەڵ كۆچكردوو رەفیق حەریریدا هەبوو، ئەوكات حەریری سەرمایەدار بوو، لە سعودیە‌و وڵاتانی تر كاری دەكرد، كە راپەڕین‌و كۆچی ملیۆنی كورد بۆ سنورەكانی توركیاو ئێران رویدا، حەریری یەكەم كەس بوو كە پارەی زەكاتەكەی خۆی بەخشی بە كۆچبەرانی كورد.رەفیق حەریری كە بوو بە سەرۆك وەزیرانی لوبنان، پشتیوانی ئەو گۆڕانكارییەی دەكرد كە لە عێراق رویدا، حەریری ترسی هەبوو لە لەباربردنی ئەزمونی گۆڕانكاری لە عێراق.بیرم دێ جارێك لەسەردانێك بووم لە سعودیە، حەریری لە بەیروتەوە پەیوەندی پێوەكردم، پێی وتم گرنگە بتبینم، پەیامێكم هەیە بۆت، لە سعویە بمێنەوە تاوەكو من دێم، مامەوە‌و لە فڕۆكەكانە بینیم، پەیامەكەی بۆ من‌و سەركردایەتی ئەوكاتە بوو، پێی وتم ئاگاداری خۆتان بن، سورییەكان ئاڕاستەیەكی نادۆستانەیان بەرامبەرتان هەیە، ئێرانییەكان باشترن چونكە لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆندا كارتان لەگەڵ كردوون، بەڵام سورییەكان مەترسیدارترن.پەیامەكەی حەریری پەیامێكی تایبەت بوو، دەیوست بڵێ دەسەڵاتدارانی سوریا هەوڵی لەناوبردنی سیستمی نوێی عێراق دەدەن بەئامانجی روبەڕووبونەوەی ئەمریكییەكان، بەڵام ئامانجەكەیان ئێوەیە، چونكە نایانەوێت ئەم گۆڕانكارییە لە عێراق بەردەوام بێت‌و لەخۆیان دەترسن، ئێرانییەكانیش هەمان مەترسییان هەیە، رەنگە هەماهەنكی بكەن لەگەڵ سورییەكاندا دژی ئەمریكا، بەڵام ئێرانییەكان دەرفەتی زیاتر دەدەن. بەر لە تیرۆركردنی، لە دوبەی چاوم بە رەفیق حەریری كەوت، پێی وتم بارودۆختان چۆنە ؟ پێموت وەڵا ئەو شیكارییەی پێتداین راست بوو، بە حەریریم وت ناترسی ئەم هەڵوێستە نەیارەت زیانت پێبگەیەنێت، مەبەستم سورییەكان بوو، وتم لەوبڕوایەدا نیم بیگەیەننە ئەو رادەیە، پێم وت بەخوا من لە ژیانی تۆ دەترسم.كە تەقینەوە گەورەكەی بەردەم وەزارەتی دەرەوە لەسەردەمی ویلایەتی یەكەمی نوری مالیكیدا رویدا، زانیاریمان هەبوو، دەزگایەكی ئەمنی سوریا پلانی هێرشەكەی داناوە‌و جێبەجێ كردووە، بۆیە بڕیارماندا باڵیۆزی خۆمان لە سوریا بكێشینەوە، بەرلەوەی باڵیۆز بكێشینەوە بە تەلەفۆن لەگەڵ وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سوریا قسەم كرد‌و پێم وت ئێمە باڵیۆزی خۆمان دەكێشینەوە، وەلید موعەلیم وتی بەڵگەتان چییە ئێمە لەپشت تەقینەوەكەین، پێم وت ئێمە باوەڕمان بە سەرچاوەی زانیارییەكانمان هەیە، وەلید موعەلیم پێی وتم: ئەبو كەریم ئەگەر باڵیۆزی خۆتان بكێشنەوە، ئێمەش باڵیۆزی خۆمان دەكێشینەوە، بەڵام باڵیۆزی ئێمە جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ بەغداد مەگەر دوای گۆڕینی ئەم رژێمە لە عێراق، پێم وت: ئەبو تاریق رژێم لە عێراق گۆڕدراوە‌و هیچ هێزێك نییە رژێمی ئێستا بگۆڕێت. بەر لە هاتنی داعش بۆ عێراق، مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئاگادار كرد لەوەی ئێمە زانیاریمان هەیە داعیش دەیەوێت خەلافەت لە عێراق‌و سوریادا دروست بكات، بەڵام مالیكی وتی دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە‌و ئێوە ئاگاداری خۆتان بن لە هەرێمی كوردستان. مالیكی لەلایەن فەرماندە ئەمنییەكانەوە چەواشەكرابوو، پێیان وتبوو دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە.. بۆ مێژوو دەیڵێم ئەوكاتە ئێرانییەكانیش ئاگاداریان كردین. كە موسڵ كەوت من لە یۆنان بووم، ئەوكات لێدوانێكم داو وتم هێزەكانی عێراق‌و هێزی پێشمەرگە موسڵ دەگرنەوە، ئەوكات پەیوەندی نێوان بەغداد‌و هەرێم خراپ بوو، جەماعەت لە هەرێم بەهۆی ئەم لێدوانەوە لێم زویربوون (بەپێكەنینەوە)، دوای چەند ساڵێك ئەمە رویدا، بەڵام ئەوكات لێم زویر بوون، پێم وتن من وەزیری دەرەوەی عێراقم‌و نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەكانی عێراق دەكەم. دوای كەوتنی موسڵ لە یۆنان گەڕامەوە‌و راستەوخۆ چوم بۆ لای نوری مالیكی لە ناوچەی سەوز، ئەوكات مالیكی گاریگەرو سۆزاوی بوو، پێی وتم هەموو جەماعەتەكەی تۆن كە هاوكاری لەگەڵ سوننە‌و توركەكان دەكەن.

گشتی
06-11-2021

سبەی مووچەی ئەم شوێنە دابەش دەکرێ

وه‌زاره‌تى دارایی و ئابووریی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، مووچه‌ى مانگى 10ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان دابه‌ش ده‌كات. به‌پێى ئه‌و خشته‌یه‌ى له‌ گه‌نجینه‌ى وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ ده‌ست كه‌وتووه‌، سبه‌ى یه‌كشه‌ممه‌ 7/11/2021، مووچه‌ى مانگى 10ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان دابه‌ش ده‌كرێت.

گشتی
05-11-2021

داعش ھێرشیکردە سەر پێشمەرگە

سەنتەری میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمشەو کاتژمێر ٨،۰۰ ی ئێوارە تیرۆریستانی داعشپەلامارێکی ترسنۆکانەیان بۆ سەر خاڵێکی فەوجی۱ی لیوای۹ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە لە سنوری میحوەری (گەرمەسێر،ـ کفری) دا.پەلامارەکە، لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بەتوندی و خێرایی وەڵامدرایەوەو، لێیان هاتنە دەست. خۆشبەختانە هیچ زیانێک بە پێشمەرگە نەگەیشتووە.ئەمە بۆ چەندین جارە داعش، بۆشایی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقی دەقۆزێتەوە بۆ پەلاماردانی هێزەکانی پێشمەرگە.

1 2 ... 709 710 711 ... 1148 1149