Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13774 بابەت
هەواڵ
03-09-2022

ھەولێر.. پەیکەری چەند شاعیر و کەسایەتییەک نۆژەن دەکرێتەوە و تابلۆی ناو...

پەیکەری شاعیر و کەسایەتییەکانی پارکی منارە لە ھەولێر نۆژەن دەکرێنەوە و شاعیرێکیش دەڵێت: "چ نەزانێکیان چ ڕاسپاردووە پەیکەری ئەو شاعیر و کەسایەتییانە لە پارکی منارە نۆژەن بکاتەوە؟" فەرھەنگ قەرەنی، کە شاعیرێکی شاری ھەولێرە، وێنەی کۆمەڵێک شاعیر و کەسایەتی کورد بڵاو دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکاتە کە ناوەکانیان بە ھەڵە دانراوە. قەرەنی دەڵێت: (بابا تاهیری هەمەدانی) بووە بە (نالی)،(نالی) بووە بە (قانع)،(ئەحمەدی خانی) بووە بە (بێخود)،(ئەحمەد موختارجاف)هەروەها … فەرھەنگ قەرەنی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: نازانم هەتا کەینێ غەدر لەو مرۆڤە گەوهەرانە دەکرێت، جارێک لووت و گوێی پەیکەرەکان دەشکێنن و ساڵانێکی زۆر بەو هەتککراوییەوە دەیهێڵنەوە، کە نۆژەنیشیان دەکەنەوە تابلۆی ناوەکان بەهەڵە دادەنێنەوە؟! ئاخر بێئاگاییشتان بەو ئاستە؟!

هەواڵ
03-09-2022

وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی تایبەت لە سنووری سلێمانی پێکدێنێت

وەزیری دارایی و ئابوری بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بازرگان و پیشەسازانی سنوری پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی تایبەت پێکدەھێنێت ئەمڕۆ شەممە رێكەوتی ٢٠٢٢/٩/٣ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی د.کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی باجی سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی و ژماریەکی بەرچاو لە بازرگانان و پیشەسازانی سنوری پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوە. لەو کۆبونەوەدا، کە لە ژوری بازرگانی سلێمانی بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاند: "بازرگان و پیشەسازان ئەو توێژەن کە پێویستە ماندوو بون و ھەوڵەکانیان بۆ بوژاندنەوەی ڕەوت و ژێرخانی ئابوری کوردستان بەڕێزەوە خەمڵاندنی بۆ بکرێت و وەک وەزارەتی داراییش ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە سەرجەم لەمپەرو گرفتەکانی بەردەم ئەو توێژە نەھڵن و بەجۆرێکیش ڕێکخستنەوە بۆ شێوازی باجی سەر بازرگانان ڕێکبخەنەوە سودی گشتی لەسەروو ھەموو بەرژەوەندییەکانەوە تێیدا جێگیربکرێت. لایخۆشیانەوە، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری باجی سلێمانی و نوێنەری بازرگانان و پیشەسازان گفتوگۆی چڕ کرا لەبارەی ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی وەرگرتن و پێدانی باج لە بازرگانان، ھاوکات بازرگانان داوایان کرد ڕێنمایی و گشتاندنی نوێ لەو بارەیەوە دەربکرێت کە لەگەڵ ڕێژەی داھات و داتای ڕاستەقینەی ژمێرەی کۆتایی کۆمپانیاکان بگونجێت. ھاوکات لە کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابوری بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەت کە وەک ھێڵی گەرمی نێوان بازرگانان و وەزارەت پێکبھێنرێت و نوێنەری ھەریەک لە ژوری بازرگانی و پیشەساز و بازرگانانی تێدابێت.جێگەی ئاماژە پێدانە، ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٨/٣١، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ ژوری بازرگانی سلێمانی و ژمارەیەک لە بازرگانانی سنوری پارێزگای سلێمانی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و گوێگرتن له‌ داخوازییه‌كانیان کۆبوەوە.ھاوکات بەڕێز ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگ ڕاسپێردرا بۆ بەردەوام بونی کۆبونەوەکان و ھاوکاری کردنیان.

هەواڵ
03-09-2022

لە سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا

لە سلێمانی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی بەرەی تورکمانیدا دەتەقێتەوە. لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی بۆمبێك بە کادرێکی به‌ره‌ی تورکمانی عێراقیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە هەردوو قاچی لەدەستداوە. محەمە‌د سەمعان، وتەبێژی به‌ره‌ی تورکمانی عێراقی رایگەیاند : بۆمبێکی چێندراو به‌ ئۆتۆمبیلی کادرێکی به‌ره‌ی تورکمانی لە نووسینگەی سلێمانی دانراوە و لە کاتی تەقینەوەیدا کادرەکەیان هەردوو قاچی لەدەستداوە. باسی لەوەشکرد، پێشتر نامەی هەڕەشەیان لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە بۆ نێردراوە و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقیشەوە ئاگادارکراونەتەوە کە هەڕەشەیان لەسەرە.

هەواڵ
03-09-2022

مەلا بەختیار: چاوەڕوانی موفاجەئە دەکرێت لە ھەر کاتێک بێت

ئەمڕۆ شەممە، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەو دۆخە ئابوورییەی لە سلێمانی هەیە كە گرتنی كۆمەڵێك دەڵاڵی زەوییە چارەسەر نییە، چونكە سەر قافڵەی گەندەڵەكان ئازاد بن، كە كەسی یەكەمن لە گەندەڵی و كاری نایاسایی، ئەوا ئەو داگیركارییە بەردەوام دەبێت، ئەوەی من بزانم نەگیراون. لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گوتی، زەمینەیەکی باش لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ گفتوگۆ هەیە، چاوەڕوانی موفاجەئەش دەكرێ‌ لەهەر كاتێك بێت. لەبارەی هەوڵێک لە ساڵانی ڕابردوو كە بانگەشەی بەستنەوەی سلێمانییان بە بەغدا دەكرد، مەلا بەختیار گوتی: ئەوانەی دەیانویست كە پارێزگای سلێمانی ببەسترێتەوە بە بەغدا، شكستیان هێنا، بۆیە نابێت ناكۆكییەكان وا بكات ئێمە ئەم هەرێمە پارچە پارچە بكەین.

گشتی
03-09-2022

107 کەس بە خواردنی فەلافل ژەهراوی بوون

بە خواردنی فەلافل لە چێشتخانەیەکی پارێزگای میسان لە باشووری عێراق، 107 کەس ژەهراوی بوون.محەممەد کینانی، وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای میسان، ئەمڕۆ شەممە 3-9-2022، رایگه‌یاند لە چێشتخانەیەکی شاری مەجەر لە پارێزگای میسان، بەهۆی خواردنی فەلافلەوە تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ١٠٧ کەس ژەهراوی بوون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای میسان وتی، ئەو چێشتخانەیە بێ مۆڵەتە، پشکنین کراوە و پشکنینەکەش رەوانەی تاقیگە کراوە بۆ زانینی هۆکاری ژەهراوی بوونەکە.

هەواڵ
03-09-2022

نرخی دراوەکان لە بازاڕی هەرێمی کوردستان

١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار و ١٥٠ دینار ١٠٠ یۆرۆ بە ١٤٧ هەزار و ٥٥٠ دینار ١٠٠ پاوەن بە ١٦٩هەزار دینار ١٠٠ لیرەی توركی بە ٨ هەزار و ١٥٠ دینار ١٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بە ٥ هەزار و ٧٠ دینار یەك ملیۆن لیرەی سووری ٣٤٥ هەزار دینار

هەواڵ
03-09-2022

دوو رۆژی داهاتوو گەرمترین رۆژی ئەم مانگە دەبن

بەپێی پێشبینییەکانی ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، دوو ڕۆژی داھاتوو گەرمترین گەرمای ئەم مانگە دەبێت لە هەرێمی كوردستان. ئاراس جەبار نووسیویەتی، سبەی ئاسمانی ھەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەرما یەك پلە بەرز دوبێتەوە. ئاراس جەبار دەڵێ، ئەم دوو رۆژەی داھاتوو گەرمترین ماوەی گەرمای ئەم مانگە ئەبێت لەتەواوی ناوچەکاندا، پێشبینی ناکەین جارێکی دیکە بەم شێوەیە پلەکانی گەرما لەماوەکانی داھاتوودا بەرزببنەوە وە لە رۆژی دووشەمەوە بەگشتی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکات و کاریگەری ئەو سیستەمە بەرزە پەستانەی لەسەر ناوچەکانمانە لاواز دەبێت و دەکشێتەوە. پلەكانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم:   سلێمانی ٤٢ بە ٢٦    ھەولێر ٤٥ بە ٢٨ پلە    دھۆک ٤٤ بە ٢٨ پلە    ھەڵەبجە ٤٣ بە ٢٦ پلە    کەرکوک ٤٧ بە ٣١ پلە   لە ناوچەکانی گەرمیان ٤٨ پلە بە ٢٩ پلەدەبێت   لە سنوری ئیدارەی راپەرین ٤٣ بە ٢٦ پلە دەبێت   لە سنوری ئیدارەی سۆران ٤٣ بە ٢٥ پلە دەبێت   خێرایی با ئاسایی ئەبێت ١٠ - ١٥ کم لە کاتژمێرێکدا لە ئاراستەی رۆژئاواوە.

هەواڵ
03-09-2022

رانیە.. لە شەڕی دوو بنەماڵە دوو کەس برینداربوون

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى راپه‌ڕین رایگەیاند، "به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌هۆى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌  له‌ گوندی دەڵاڵانی سەربە ناحیەی سەرکەپکان شه‌ڕه‌ته‌قه‌ له‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌دا روویدا و له‌ ئه‌نجامدا دوو كه‌س برینداربوون و حه‌وت كه‌سیش ده‌ستگیر كران". ئاماژە بەوەشکراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 413 حەوت کەس لە هەردوو بنەماڵە راگیراون لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

هەواڵ
02-09-2022

ئەفغانستان.. لە تەقینەوەیەکدا 28 کەس کوژران

لە ئاکامی تەقینەوەیەکی بەهێز لەنێو مزگەوتێکدا 28 کەس کوژراون و 45 کەسی دیکەش بریندار بوون ئەمڕۆ هەینی تەقینەوەیەکی بەهێز یەکێک لە گەورەترین مزگەوتەکانی شاری هەراتی لە رۆژئاوای ئەفغانستان هەژاند و بەهۆیەوە دەیان کوژران و برینداربوون. میدیاکانی ئەفغانستان رایگەیاند، تەقینەوەکە لە مزگەوتی کازارجا بەر لە نوێژی هەینی روویدا و بەهۆیەوە ئیمامی مزگەوتەکە و ژمارەیەک کەسی دیکەش کوژران. تا ئێستا ژمارەی قوربانییەکانی تەقینەوەکە گەیشتووەتە 28 کوژراو و 45 بریندار.

هەواڵ
01-09-2022

پەیامێک لە وەزیرەکەی سەدرەوە بۆ مستەفا کازمی

محەمەد ساڵح عێراقی كە بە وەزیری سەدر ناسراوە رایگەیاند، پێشنیار دەكەین بۆ فەرماندەی هێزە چەكدارەكان كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، فالح فەیاز لە بەرپرسیاریەتی حەشدی شەعبی دوور بخاتەوە. وەزیرەکەی سەدر ئەوەشی راگەیاند، کە فالح فەیاز سەرۆكی "كوتلە"یە لە پەرلەمانی عێراق و كەسایەتییەكی بەهێزی نییە و تەنانەت عەقلییەتی سەربازیشی نییە. محەمەد ساڵح عێراقی دەڵێت "دەركردنی فرمانێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو لایەنانەی كە بانگەشەی بەرخودان و بەرگریین و خەریكی كوشتنی خەڵكیین.

هەواڵ
01-09-2022

ڕاگەیاندراوێک لە ئاسایشی هەولێرەوە

لەڕێکەوتی 25/8/2022تاوانبارێک بەناوی(ئەحمەد سالار مامند)لەکاتی گواستنەوەیدا لەدەستی هێزە ئەمنیەکان ڕایکرد و خۆی حەشاردا.دوای بەدواداچونی تیمەکانی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش کەپێک هاتووە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی دژەتیرۆرو ئاسایشی هەولێرو پۆلیسی هەلێر،توانرا شوێنی تاوانبار دەست نیشان بکرێت و لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1/9/2022تاوانبار دەستگیرکرایەوەولەگەڵ دوو تاوانباری تر بەناوەکانی(م.و.ن) و (ه.و.ن) کە هەڵسابوون بە شاردنەوەی تاوانبار لای خۆیان .تاوانباران ڕادەستی یاسا کران.هاووڵاتیانی خوشەویستی شاری هەولێر دڵنیادەکەینەوە کە هیچ تاوانبارێک ناتوانێت لەدەستی یاسا ڕابکات وهەموومان لەخزمەتی ئارامی و سەقامگیری بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان بەردەوام دەبین. ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ​ 1/9/2022

هەواڵ
01-09-2022

لە سلێمانی هێزەکانی کۆماندۆ هەڵدەکوتنە سەر پێنج کۆمپانیا

خاوەنی کۆمپانیایەکی وەرگرتنی پارەی زبڵ لە ماڵانی سلێمانی دەڵێت، هێزەکانی کۆماندۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمپانیاکەیان و "بەبێ بڕیاری دادوەر" داتاکانی کۆمپانیاکەیان، بردوون؛ پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، کاری ئەو کۆمپانیایانە "نایاساییە". لە سلێمانی پێنج کۆمپانیا حەوت زۆنی شارەکەیان وەرگرتووە بۆ کۆکردنەوەی پارەی زبڵ لە ماڵان؛ پەرلەمانتارێک دەڵێت، خاوەنی کۆمپانیاکان کاری نایاساییان کردووە. خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانیش ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت مافیان "خوراوە". رۆژی چوارشەممە 31ـی ئابی 2022، کاروان گەرمیانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای چیمەن کە یەکێکە لە کۆمپانیاکان گوتی: "ئەمڕۆ بەبێ فەرمانی دادگە هێزی کۆماندۆ دایان بەسەر کۆماپانیاکاندا، ئەوەش لەکاتێکدا بوو پێشتر لە شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ فەرماندەیەکی کۆماندۆ کۆببووینەوە". کاروان دەڵێت، فەرماندەکەی کۆماندۆ رۆژی سێشەممە گوتوویەتی، کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن. گوتیشی: "دواتر پەیوەندی پێوەکردم و گوتی داتاکان بێنن و وەرن بۆ شارەوانی، من پارێزەرەکەمم نارد، دوای کۆبوونەوە داوای داتاکانیان کردبوو کە رۆژی چوارشەممە بیبەین و خۆمان بچین، چووینە شارەوانیی سلێمانی و فەرماندەکە گوتی هەموو مافەکانتان بۆ وەردەگرمەوە و هیچ مافێکتان نافەوتێت؛ ئێمە بەوە دڵخۆشبووین، داواشیکرد کۆنووسێک بۆ سەرۆک بافڵ تاڵەبانی بنووسین، ئێمەش کۆنووسمان ئامادەکرد، دۆخەکە ئاسایی بوو، دواتر من لە دەرەوەی شاربووم گوتیان چوونەتە سەر هەموو کۆمپانیاکان و داتاکانیان بردووە". هاونیشتمانییان گلەیی ئەوەیان کردووە کە بەهۆی ئەو بارکۆدەی لەبەردەم ماڵەکانیان دانراون، پارەیەکی زۆریان لێ داوا دەکرێت، وەکو لە چەند رۆژی رابردوودا دووکانێکی بچووک لە سلێمانی بڕی دوو ملیۆن دیناریان لێ داوا کراوە، بەو هۆیەشەوە هێزەکانی کۆماندۆ چوونەتە سەر کۆمپانیاکان و داوای داتاکانیان لێ کردوون. کاروان دەستپێکردنی کارکردنیان دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ساڵی 2018 شارەوانیی سلێمانی بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەکەی راگەیاندووە و ئەوانیش پڕۆژەیەکیان وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەکرد سەرەتای پڕۆژەکەیان بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو ساڵی 2019 وەستاوە؛ دواتر جارێکی دیکە دەستبەکاربوونیان بۆ کراوەتەوە و گرفتەکانیان چارەسەرکراوە و ئەوانیش مانگی 11ـی هەمان ساڵ دەستیان بە کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک کردووە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای چیمەن ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە سەرەتاوە هاونیشتمانییان ئامادە نەبوون پارەیان پێبدەن و گوتی: "دوای ساڵی 2020 و دواتر هاتنی کۆرۆنا و کەرەنتینکردن کێشەی زیاتری بۆ دروستکردین و چەندین جار داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانمان کرد سوودی نەبوو؛ سکاڵاشم تۆمارکرد و سکاڵا چووە دادگە؛ دادگەش گوتی کۆی گرێبەستەکە نایاساییە و هیچم بۆ نەکرا، لە بڕیاری دادگەی تەمیزیش لە هەولێرەوە دیسانەوە گوتیان کۆی گرێبەستەکە نایاساییە؛ شارەوانیش دەیگوت ئێمە لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەکەمان راگەیاندووە". کاروان گەرمیانی باسی لەوەش کرد، ئەگەر ئەو بیزانیایە دادگە دەڵێت کارەکە نایاساییە "هەرگیز پڕۆژەکە"ی وەرنەدەگرت و گوتی: "بڕیارەکە گەڕاوەتەوە بۆ دادگەی باڵا لە هەولێر و ئێمە چاوەڕێی ئەو دادوەرە بەڕێزانەین بەوردی لە بابەتەکە بکۆڵنەوە". بەگوتەی کاروان، زیانی ماددی زۆریان کردووە و 300 ملیۆن دیناری تەنیا بە داتابەیس داوە. گوتیشی: "هێزی کۆماندۆ لە چوار کۆمپانیاکەی دیکە داتاکانی وەرگرتووە، بەڵام من رادەستم نەکردن". دەشڵێت: "بۆیە من رادەستم نەکردن هیچ بڕیاری دادگەیان پێنەبوو، منیش گوتم جارێ خۆی دۆسیەکە لە دادگەیە، با دادگە سەروەر بێت من ئامادەی هەموو بڕیارێکم". دابان محەممەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "وەرگرتنی رسومات لەلایەن کۆمپانیاوە بۆ کۆکردنەوەی زبڵی ماڵان نایاساییە، بڕیاری دادگەش دەرچووە، کە وەرگرتنی ئەو پارەیە نایاساییە". سەبارەت بە چوونەسەر کۆمپانیاکان لەلایەن هێزەکانی کۆماندۆوە، دابان محەممەد گوتی: "هەنگاوێکی باشە، ئەگەر کۆمپانیاکان ھەڵوەشێننەوە و کۆی دۆسیە و پرۆسەکە رادەستی شارەوانی بکرێت، بەڵام ئەگەر بۆ گۆڕانکاری بێت لە چەند کۆمپانیایەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی دیکە ئەوە کارێکی خراپە و گرفتی گەورە بەرۆکی ھاووڵاتییان و کاسبکاران دەگرێت". دابان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، تۆمەتی سەر کۆمپانیاکان نەگەڕانەوەی پارەیە بۆ شارەوانیی سلێمانی. لە بەرامبەردا کاروان گەرمیانی رەتیکردەوە و گوتی: "یەک دینارمان لا نەماوە، ماوەیەک دوو مانگ پارەمان راگرت بۆ ئەوەی گوێمان لێبگیرێت، دواتر کەمێک گوێمان بۆ گیراو هەموو پارەکانمان رادەستکردووە و یەک دینارمان لانییە". ژێدەر رووداو

1 2 ... 540 541 542 ... 1147 1148