Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13774 بابەت
هەواڵ
06-11-2022

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوەزیاد جەبار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی باس لە دیارنەمانی رۆژانە 175 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم دەکات. ئەم پەرلەمانتارە بۆ خۆیشی دەزانێت کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی (دیلۆیت) وەک لایەنی سێیەم و چاودێر، وردبینی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکات و راپۆرتی مانگانەی خۆیشی بڵاو دەکاتەوە.هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بە تێکڕایی لە نێوان 425-435 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.بۆ نموونە لە مانگی یەکی ئەمساڵ رۆژانە 435,911 بەرمیلی نەوتی بەرهەمهێناوەو، لە مانگی پێنج 434,469 بەرمیل و لە مانگی 10 بۆ 426,075 بەرمیل بەرهەمهێنراوە.کۆمپانیای دیلۆیت ئەم ژمارانەی سەرەوە لە راپۆرتەکانی خۆیدا پشت ڕاست کردووەتەوە.پرسیار ئەوەیە ئەم بەڕێزە لەسەر چی بنەماو بۆ چی مەبەستێک ئەم ژمارانەی ئاماژە پێ دەکات کە هیچ ئەسڵ و راستی تێدا نییە.

هەواڵ
06-11-2022

شەڕ لەنێوان ئاسایشی سلێمانی و داعش دروستبوو

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھێزەکانیان و دوو چەکداری داعش روویداوە لە ناوچەی کچانی سەنگاوی سنووری چەمچەماڵ، بەوهۆیەوە دوو چەکدارەکە کوژراون.  وەک ئاسایش باسی کردووە، کاتێک گەمارۆ دراون چەکدارەکان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە، دوای 30 خولەک لە شەڕ و پێکدادان دوو چەکدارەکە کوژراون.  بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی باسی لەوەش کردووە، پێشتر زانیارییان هەبووە لەسەر چەکدارەکان و دوای رەزامەندی دادوەر ئۆپەراسیۆنیان بۆ دەستگیرکردنی چەکدارەکان کردووە. 

هەواڵ
06-11-2022

ئاشکراکردنی زیانەکانی ئۆکراینا و ڕادەی تیشکی ئەتۆمی لە زاپۆریژیا

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئاستی تیشکدانەوە لە زاپۆرۆژێ، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپای لێیە، "ئاساییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکراینا هەوڵیداوە دەوروبەری وێستگەکە بە مووشەک بکاتە ئامانج و هێزەکانی ڕوسیاش مووشەکیان بەرکەوتووە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاندووە، "ئاستی تیشکدانەوە ئاساییە، سەرەڕای هەوڵەکانی ئۆکرانیا بۆ بە ئامانجگرتنی دەوروبەری وێستگەکە بە زیاتر لە 15 تۆپ(موشەک) لە زاپۆریژیا" ئەوە دووپاتیکرایەوە کە هێزەکانی ڕوسیا "120 مووشەکی هیمارس و کۆگایەکی تەقەمەنییان لە زاپۆرۆژێ" لەناوبردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "کیێڤ بەردەوامە لە ئیستفزازەکانی کە هەڕەشە لە وێستگەی زاپۆرۆژێ و سەلامەتی ئەو ناوچەیە دەکات". "زیانە مەیدانییەکانی ئۆکرانیا" لەسەر ئاستی مەیدانیش وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند؛ لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی ٥٧٠ سەربازی ئۆکراینا کوژراون، جگە لە دەیان سەربازی بەکرێگیراوی بیانی کە "هەندێکیان لە ئەمریکا و بەریتانیاوە هاتوون". لە نێو کوژراوەکانی ئۆکرانیادا: نزیکەی ٢٠٠ سەرباز لەسەر میحوەرەکەی کۆبیانسک، ١٠٠ سەرباز لە میحوەرەکەی لیمانسک، لەگەڵ بەکرێگیراوان و ١٢٠ سەرباز لە میحوەرەکەی کراسنۆلیمانسک. "تێکشکاندنی ١٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراین". پووچەڵکردنەوەی هەوڵی هێرشی ئۆکرانیا بۆ سەر بنکەکانی ڕوسیا لە خێرسۆن. پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی هێزەکانی ئۆکراینا بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ڕووسیا لە لوگانسک. لەناوبردنی ناوەندێکی فەرماندەیی ئۆکرانیا لە دۆنێتسک.

هەواڵ
06-11-2022

بەریتانیا.. حکومەت ناچارە بڕیاری سەختی ئابووری بدات

ئۆلیڤەر داودن، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، حکومەتی بەریتانیا دەبێت بڕیاری گرنگ و قورس بدات سەبارەت بە باج و خەرجییەکان، لەکاتێکدا هەوڵی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە دەدات، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە ڕێوشوێنەکان ئاشکرا بکات. ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیران و جێرمی هانت، ڕاوێژکاری گەنجینەی ئەمریکا پلانەکانیان دادەڕێژن بۆ پڕکردنەوەی کەمیی لانیکەم ٤٠ ملیار پاوەند (٤٥.٥٠ ملیار دۆلار)، بڕیارە یەکەم پلانی بودجەیان لە ١٧ی ئەم مانگە پەردە لەسەر لابدرێت. بەرپرسان دەڵێن، بەپێی گوتەی ڕاوێژکاران بێت هیچ بژاردەیەک نییە، جگە لە درێژکردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکانی وزە و کەمکردنەوەی لێخۆشبوون لە باجی کۆمپانیاکان. داودن بە "سکای نیوزی" وتووە: ڕاستە بڕیاری قورس دەدەین... بەڵام دەبێت بۆ ئێوە و بینەرانتان ڕوون بکەمەوە کە بەداخەوە بڕیاری زۆر قورستر لە بەیاننامەی پایزدا دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت ناچار بووە بڕیاری قورس لەبارەی باج و خەرجییەکان بدات، لە هەمان کاتدا گرنگی بە پاراستنی گروپە لاوازەکان دەدات. لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی لیز تێراس، سوناک سەرکردایەتی پارتی پارێزگاران و سەرۆکایەتی حکومەتی بەدەستهێنا، سوێندی خوارد بەریتانیا لە قەیرانی قووڵی ئابووری دەربهێنێت و متمانە لە سیاسەتەدا دروست بکاتەوە.

هەواڵ
06-11-2022

مەسرور بارزانی پەیامێکی پێگەیشت

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی دەکات ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی لە محەمەدی حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێگەیشت .لە پەیامەکەدا، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەستنیشانکردنی وەک جێگری سەرۆکی پارتی، لە مەسرور بارزانی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان خواست لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.

هەواڵ
06-11-2022

نرخی کارتی موبایل کەم دەکرێتەوە

ئەمرۆ یەکشەممە 6-11-2022 وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق ئاشكرای كرد كه‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێی گشتگیرن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی كارتی مۆبایل له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق. هه‌یام ئه‌لیاسری وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رپرسانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ڕایسپاردووه‌ كار له‌سه‌ر پرسی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی كارتی مۆبایل له‌ عێراق بكه‌ن. وه‌زاره‌ته‌كه‌ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژه‌ی به‌وە کردووە: پرسی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی كارتی مۆبایل له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا ده‌خرێته‌ نێو كارنامه‌ی نزیكترین كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌ی نوێی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو بودجه‌ی ساڵی 2023 شوێنی بكرێته‌وه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ دوای په‌سندكردنی پرسه‌كه‌ له كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، پێویسته‌ له‌نێو په‌رله‌مانیش پشتگیری بكرێ و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێ.  

هەواڵ
06-11-2022

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات. عەلی باپیر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرۆک مەسعوود بارزانی کردووە، ڕایگەیاند: به‌بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی كۆنگره‌ی چوارده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان‌ و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی جه‌نابتانه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی پارتیی، پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ردوو جێگره‌كه‌ت‌. ڕاشیگەیاند: هیوادارم ئه‌م كۆنگره‌یه‌تان هۆكاری وه‌رچه‌رخانیكی ئه‌رێنیی بێ له‌ سیاسه‌تی پارتیی‌و، چاوپێداگێڕانه‌وه‌یه‌كی جیددیی به‌ بارودۆخی هه‌رێمدا، چ له‌ڕووی ته‌بایی سیاسیی‌ و، چ له‌ڕووی شێوه‌ی ئیداره‌دان‌و حوكمڕانییه‌وه‌. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیپێکرد و ئەمڕۆ یەکشەممە کۆتایی بە کارەکانی کۆنگرە هات.

هەواڵ
06-11-2022

سلێمانی.. کارەبای گەڕەکێکی دیکە بوو بە کارت

دەقی ئاگادارییەکە: ئاگادارییەک بۆ دانیشتوانی بەرزاییەکانی قەیوان ئاگاداری دانیشتوانی شارى نیشتەجێبوونى (بەرزاییەکانی قەیوان) دەکەینەوە، کە کارەبای نیشتیمانیان گۆڕاوە بۆ سیستمی (پریپەید) تکایە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە سەردانی ئۆفیسی کۆمپانیا (EDMI) بکەن لەناو کۆمەڵگەی بەرزاییەکانی قەیوان بۆ کڕینى (کارتى کارەبا)و وەرگرتنی ئامێری (CIU) کە لەڕێگەیەوە باڵانسی یەکەی کارەبا پڕدەکرێتەوە، بەپێچەوانەوە کارەباکانیان دەکوژێتەوە و بێ کارەبا دەبن. لەگەڵ ڕێزدا… راگەیاندنىبەرێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى6/11/2022

هەواڵ
06-11-2022

محەمەد حاجی مەحمود بۆ سەرۆک بارزانی: هەڵبژاردنەوەی جەنابتان زەرورەتی ق...

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: بەڕێز جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانیسڵاو ڕێز…. بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٤و هەڵبژاردنەوەی جەنابتان وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان،پیرۆزبای گەرم لە جەنابتان، هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم. هەڵبژاردنەوەی جەنابتان زەروریەتێکی مێژوی قۆناغەکەیە بۆ پارتی دیموکرات بە تایبەتی و خەڵکی کوردستان بەگشتی. سیاسەتی حەکیمانەی ئێوە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ یەكخستنی نێو ماڵی كورد و بەهێزكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكدەنگی كورد لە عێراق ،ناوچەكە و جیهان . مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان و قوربانیدانی ئێوە گەواهیدەر و سەلمێنەری هەوڵەكانە بۆ بەئەنجامگەیاندنی خەباتی ڕەوای میلەتەكەمان و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كە خەونی خەڵكی كوردستانە . مایەیی شانازیە بە هەوڵ و هیمەتی ئێوە و دڵسۆزان و خەمخۆرانی كوردستان ،گەلی كورد لە ماوەی سەرۆكایەتی جەنابتان بووە خاوەنی دەستكەوتێكی مێژووی وەك ڕیفراندۆم كە جێگای سەربەرزی هەموو لایەكە .بەو ئومێدەی ،گشت بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنگرە بە هەمان سیاسەتی بەڕێزتان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە خزمەتی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستانە. لەم بۆنەیەدا جەخت لە لە یەكڕیزی هێزە سیاسیەكان و خەڵكی كوردستان دەكەینەوە كە ئەوەش هیمەتی بەڕێزتانی دەوێت.بەهیوای سەلامەتیتان

هەواڵ
06-11-2022

زلینسکی هۆشداری دەدات کە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی تیرۆری وزە دەبێتەوە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئۆکرانیاوە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئۆکرانیا دەستیان کردووە بە پلاندانان بۆ ئەگەرێک کە پێشتر جێبەجێ کردنی نزیک بووە لە مەحاڵەوە. ڕۆژنامەکە بە پشت بەستن بە بەرپرسانی کیێڤ بڵاویکردەوە، "ڕەنگە بچڕانی تەوژمی کارەبا پێویستی بە چۆڵکردنی نزیکەی ٣ ملیۆن دانیشتووی شارەکە هەبێت کە لە پایتەختی ئۆکرانیا ماونەتەوە".". لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریکییەکەدا دۆخەکە بە "ترسناک" وەسف دەکات، کە 40%ی ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا زیانیان بەرکەوتووە، لە بەرامبەردا کرێکارانی شارەوانیی هەزار پەناگەی گەرمکەرەوەیان دروستکردووە کە دەتوانێت هاوڵاتیان بگرێتە خۆ. لە کاتێکدا ئەندازیاران هەوڵی چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا دەدەن کە لەلایەن ڕووسیا بۆردومانکراون گەرچی خام و کەرەستەی پێویستیش بۆ ئەم مەبەستە بوونی نییە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زیانە بەرچاوەکانی کەرتی وزە، ئازاری ئۆکرانییەکانی زیادکردووە، ئەمەش بەرپرسانی ناچارکردووە ئەو ئەگەرە لەبەرچاو بگرن کە زیانی زیاتر دەبێتە هۆی ئەوەیی نەتوانن خزمەتگوزارە سەرەتایەکانی گەلی ئۆکرانیا دابین بکەن. ڕۆمان تکاچوک، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەنجوومەنی شاری کیێڤ وتی: ئەگەر ڕووسیا لەم جۆرە هێرشانە بەردەوام بێت، ڕەنگە تەواوی سیستەمی کارەبا لەدەست بدەین. کاچوک بەردەوامی پێدا و گووتی: " بەرپرسانی پایتەخت پێیان وتراوە کە پێدەچێت 12 کاتژمێر پێش داڕووخانی تۆڕی وزە ئاگادارییەکیان پێبگات کە تۆڕەکە خەریکە دادەڕمێت. ئەگەر بگەینە ئەم خاڵە دەست دەکەین بە ئاگادارکردنەوەی خەڵک و داوای ڕۆشتنیان لێدەکەین". بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، تا ئێستا دەتوانرێت دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت و هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی مەدەنی ناچار بە ڕۆشتن بکرێن، هۆشداریشیان داوە کە ڕەنگە دۆخەکە بگۆڕێت ". لە ئەگەری وەستاندنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە شارێکدا پێویستن." ڕوونیشیان کردەوە، "ئەگەر کارەبا نەبێت ئەوە ئاو و ئاوەڕۆش نابێت، هەر بۆیەش لە ئێستادا حکومەت و ئیدارەی شارەکە هەموو ڕێوشوێنێکی مومکین دەگرنەبەر بۆ پاراستنی سیستەمی پێدانی کارەبا".

هەواڵ
06-11-2022

وتاری سه‌رۆك بارزانی له‌ رێوڕه‌سمی كۆتایی كۆنگره‌ی 14ی پارتی

رۆژی یەکشەممە 6-11-2022 سه‌رۆك بارزانی له‌ رێوره‌سمی كۆتایی كۆنگره‌ی 14ی پارتی، وتارێكی گرنگ و مێژوویی پێشكه‌ش كرد و ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی: دەقی وتاری سەرۆك بارزانی: بەناوی خوای گەورە و میهرەبانسوپاس بۆ خوای گەورە بۆ ئەم سەركەوتنە گەورەیە، سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست كە بە دڵسۆزییەوە هەوڵتاندا كۆنگرەكەتان سەركەوی و ئەلحەمدولیلا سەركەوت.من بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەندامانی كۆمسیۆن و دادوەرە بەڕێزەكان بكەم كە بەراستی زۆر زەحمەتیان كێشا و لە ژێر چاودێریی ئەوان پرۆسەی دەنگدان ئەنجام درا و بۆ ئێمە شانازییەكی گەورەیە كە ئەوان شاهێدیی شەفافیەت و دیموكراتیەتی ئەم هەڵبژاردنە دەدەن. بەداخەوە ئەو شێوەی كە پێشتر هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدەین كە بە ئەلیكترۆنی بێت، بەداخەوە ناجیح نەبووم، من خۆم چوومە چوار وێستگە تاكوو توانیم دەنگ بدەم، نیو كاتژمێرم پێچوو، دوای ئەوە خۆشیان بڕیاریان دا حاكمەكان و كۆمسیۆنیش، رەنگە ئەمڕۆش دەنگدان تەواو نەبووبا، بۆیە ئەو شێوەیەی دوێنێیان هەڵبژارد، بەڕاستی ئەوە زۆر زۆر ڕێكوپێكتر و شەفافتر و كەسیش گلەیی ناكات. ئەوەش دەرسێك بوو، باشبوو بۆ ئێمە، هەرچەندە لە ئەوەلیش رای من ئەوەبوو كە ئێمە ئەو ئامێرانە بەكار نەهێنین، چونكە لە زۆر شوێن هێشتا فێر نەبووین، ئەمە یەك، دووەم ئیحتیمالە قابیلی ئەوە بێ تانەی لێ بدرێت، بەڵام ئەمەیان ئەلحەمدولیلا كە بەم شێوەیە كۆتایی هات. هەڤاڵان ئێستا كاتی هیممەتە، كاتی ئەوەیە دەست بخەنە ناو دەستی یەك و هەمووتان بە بیروباوەڕێكی پۆڵایین خزمەت بكەن، خزمەتی پارتەكەتان و گەل و نیشتمانەكەتان. هەموومان سەركەوتین، هەمووتان سەركەوتن، كاندیدان هەموو سەركەوتن، مادام حزبەكەتان سەركەوت، كۆنگرە سەركەوت، سەركەوتنی هەموومانە. هەمووتان خوشك و برای یەكترن، هەمووتان كوڕ و كچی ئێمەن، كەس لەم حزبە زیاد نییە، هیچ نەفەرێك لە هەر پلە و پۆستێك بێت، هەر كەسە و دەتوانێت خزمەتی حزبەكەی و نیشتمانەكەی بكات، لێرە نا لەوێ، لەم شوێنە نا لە شوێنێكی تر، بۆیە تكاتان لێ دەكەم كەس دڵگیر نەبێت، حزب حزبی خۆتانە و ئێوە كوڕی ئەم حزبەن، ئەمڕۆ برایەكی تۆ لەم شوێنە، خوشكێكی تۆ لەم شوێنە، سبەی تۆ دێیە ئەم شوێنە، بۆیە دەبێ بە گیانێكی برایانە و پاك و بێگەرد هەموو بگەڕێنەوە شوێنی خۆتان و بە دڵێكی خۆش و فراوان ئیشەڵا. هەندێك لایەن ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دروست كردبوو، نازانم ئێستاش ماوە یان نا، بەڵام بە تەمای ئەوە بوون كە پارتی لەت لەت دەبی، ئیتر وەكوو خەرتەلی لاشە، دێن هەریەكەو بۆ خۆی پارچەیەك لە پارتی دەبات، وا تەسەوریان كردبوو، نازانم ئێستا جارێكی تر سەرەخۆشییان لێ بكەم؟ نازانم چیان پێ بڵێم؟ هەڤاڵان من دەبینم خەلەلێكی گەورە هەیە، داواتان لێ دەكەم ئەو دەسەڵاتەم بدەنێ من ئەو خەلەلە چارەسەر بكەم، من ئەبینم هیچ برایەك یان خوشكێكی ئێزدی لە ناو لیستەكەدا نییە، ئەمە خەلەلێكی گەورەیە دەبێ پڕ بكرێتەوە تەنانەت ئەگەر زۆر لەگەڵ پەیڕەویش نەگونجێ، ئەو دەسەڵاتەم بدەنێ ئێمە ئەو خەلەلە راست بكەینەوە، چونكە سەربەرزی و سەركەوتنە بۆ پارتی و گەلی كوردستان. دەتوانم بڵێم ئێوە رازین و ئەو دەسەڵاتەم دەدەنێ؟ (پاش بەڵێی ئەندامانی كۆنگرە) یەك دونیا مەمنونی ئێوەم. هەڤاڵان، من جارێكی تر دەگەڕێمەوە بۆ بابەتێكی زۆر گرنگ، بە بیر خۆم و ئێوەش دێنمەوە، جارێكی تر وەسیەتی بارزانی بۆ من و كاك ئیدریس. من ئەو ڕۆژە تۆزێك بە موفەسەڵی باسم كرد، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم كە من و كاك ئیدریس وەك برا گەورەی من، بە دڵ و گیان ئێمە وەسیەتەكەی بارزانیمان بە جێ گەیاند.ئەو رۆژەش كە من نێچیرڤانم پێشنیار كرد، ئەویش مەسروری پێشنیار كرد، ئەمە پەیامێكی ڕوون و ئاشكرایە كە ئەوانیش وەكوو من و ئیدریس دەبن. من داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەم و هەمان ئەو وەسیەتەی بارزانی لە من و ئیدریسی كرد، منیش لەوان دەكەم و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیشیان لێ دەكەم و ئومێدیشم زۆرە كە دەتوانن بە كەڵكی هەم خانەوادەی ئێمە، هەم بە كەڵكی حزبەكە و بە كەڵكی میللەتەكەش بێن، داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەم. زۆر مەمنونی لوتفی ئێوەشم، پەیامی ئێوە تێگەیشتم لە شێوەی دەنگدان، وەنیە بڵێی ئێمە لە خەڵكی تر باشتر بین یان زاناتر بین، بەڵام ڕێزگرتنە لە مێژووی بنەماڵەی ئێمە، ڕێزگرتنە لە خەباتی شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا. رەنگە زۆر لە هەڤاڵانی بەڕێز حەقیقەتێك هەیە رەنگە نەیزانن، لە ساڵی 1905 و 1906، شێخ عەبدولسەلام موستەشرەقێكی بەریتانی بە ناوی ویگرام دیوە، ئەو لە كتێبەكەی خۆیدا تەوسیقی كردووە، دەڵێ داوای لە من كرد ئاسانكاری بۆ بكەم كە سەردانی لەندەن بكات، ئەو وەختە سەردەمی مەلیك جۆرجی پێنجەم بوو، باپیری مەلیكە ئەلیزابێت كە پێش ماوەیەك وەفاتی كرد، دەڵێ لێم پرسی یا شێخ تۆ چ ئیشت هەیە؟ بۆ دێیە لەندەن؟ گوتی دەمەوێ بێم باسی سەربەخۆیی كوردستان لەگەڵ مەلیكی بەریتانیا بكەم. كە ئەو وەختە وەكوو دەیانگوت رۆژ لە شەرقی مەملەكەتی بەریتانیا هەڵدێت و لە غەربی ئاوا دەبێت، واتە گۆی زەوی هەمووی لە ژێر حوكمی بەریتانیادا بوو. ئەمە ئەو قوتابخانەیەیە، ئەوەی ئێمە ئێستا لێرە دانیشتووین، ئێمە قوتابی ئەو قوتابخانەیەین. مەسەلەی رێبازی بارزانی و ڕێبازی بارزان ئەوە نییە هەركەس جەمەدانی سۆری بەست ئەمە بارزانییە، مەسەلە عەقیدە و بیروباوەڕە، بیروباوەڕی ئێوە ڕێبازی بارزانییە. جەمەدانیی سۆریش بوو تۆزێك درێژ دەبێت، ئەوەش رەنگە نهێنییەك بێ كە رەنگە زۆر كەس نەزانێت. لە سەرەتای سەدەی رابردوو، ئێستاش ماوە لە هەندێك شوێن، خاستەن لە ناوچەی جافەكان و هەورامان و لە ئاكرێش ماوە، ئەوكات شەدە هەبوون هەندێكجار دەمانگوت مشكی، سێ ڕەنگ بوون، مشكی و سەوز و رەش، ناوچەی بارزانیش وەك هەموو ناوچەیەكی دیكە وەك ئەو ئەفەندییانە هەركەس بە زەوقی خۆی بۆینباخێكی بەستووە، بە كەیفی خۆی جەمەدانییەكەیان دەبەست، كاتێك كە بارزان كەوتە بەر هێرشی فڕۆكەی بەریتانی و پەلاماری سوپای عێراق و تێكشكان، پاش ماوەیەك مقاوەمە ناچار بوون بچنە توركیا، ئەو وەختە جەمەدانی دەرچووبوو، جەمەدانیش بە هەمان رەنگ، سوور و سەوز و شین یان رەش، جەنابی شێخ ئەحمەد جەمەدانی سۆری هەڵبژارد، لە ئەحكامی عورفی كە لە ناوچەكە دەرچوو، یەكێكیان ئەوە بوو كە هەر كەسێكیان بینی جەمەدانیی سۆری بەسەرەوەیە، ئیعدامی بكەن و بیكوژن. جارێك مەفرەزەیەكی پۆلیس لە خوار گوندی بارزان تووشی مێردمنداڵێكی شوانكارە دەبن جەمەدانەكەی سوورە، بەو جەمەدانییە خنكاندیان و كوشتیان و شەهیدیان كرد. خەڵكەكە پەلاماری قشڵەیان دا كە لە بلێ بوون، لێیان دان و زۆر بریندار بوون، دواتر ١٢ كەسیان لە ناوچەی بارزان هەڵبژارد و هێنایان و هەر دوازدەیان رەمی كرد تا خەڵكەكە رەمی بكەن، لەو كاتەوە جەمەدانیی سۆر بوو بە رەمزی بەرخودان و تەسلیم نەبوون و خۆنەچەماندن. ئەوكاتە لە ناوچەی بارزان ئەگەر یەكێك جەمەدانیی سۆری نەبەستبا، پێیان دەگوت تۆ جاشی پۆلیسیت، وای لێ هات.ئینجا من یەك رجاتان لێ دەكەم، برایانە ئەو رجایەتان لێ دەكەم، حوكم لەسەر ڕێبازی بارزان، لە خیلالی رەفتاری ئێمەمانان، ئەم جیلەی ئێستای ئێمەی بنەماڵەی بارزان، لە خیلالی ئێمە حوكم لەسەر ئەو ڕێبازە گەورە و پیرۆزە نەدەن. نازانم لێم تێگەیشتن لە مەبەستم؟ كاری ئەساسی و ئەركی قورس لەمەودوا دەست پێدەكات، دەبێ زۆر بە جددی خەریكی ڕێكخستنەوەی دامودەزگاكانی حزب بین ئیشەڵا، زۆر بە جددی بەدواداچوون ئیشەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا و ئەو ڕێككەوتنە بكەین كە لەگەڵ لایەنەكانی تر ئیمزا كراوە. ئەمە هەمووشی ئیشێكی زۆری دەوێ، ئیشەڵا خەریك دەبین و لە ئاست متمانەی ئێوەدا دەبین. بەڕاستی ئێوە هیممەتتان كرد و سەری ئێمەتان بەرز كردەوە.سوپاس بۆ هەموو قارەمانەكان و پێشمەرگەكان، دژەتیرۆر، ئاسایش، پۆلیس، حەرەس حدود كە ئەم ماوەیە زۆر بە ڕێكوپێكی ئاسایشی ناوچەكەیان پاراست و نەیانهێشت هیچ ناحەزێك یان دوژمنێك جورئەتی ئەوەش بكات كە كارێك بكات ئەمنیەتی مەنتیقە تێك بدات، زۆر زۆر سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم و بە ناوی ئێوەش سوپاسیان دەكەم. سوپاسی زۆری ئەو خوشك و برایانەش دەكەم كە زەحمەتێكی زۆریان كێشا ئەم ماوەیە، چ ئەوانەی نانیان لێ دەنا و چ ئەوانەی خزمەتیان دەكرد، بەڕاستی ماندوو بوون و زۆر سوپاسیان دەكەین.جارێكی تر سوپاسی دادوەرەكان و كۆمسیۆنیش دەكەم كە بە راستی لەم یەك دوو ڕۆژە زەحمەتێكی یەكجار زۆریان كێشا. سوپاس بۆ ئێوەی خۆشەویستیش كە تەحەمولتان كرد و ئەو كارەی كە پێویست بوو بیكەن، كردتان. سوپاسی جەماوەری شاری دهۆك و هەموو جەماوەری پارێزگای دهۆك دەكەم كە ئەم ماوەیە تەحەمولی ئێمەیان كردووە و مێواندارییان كردین، سوپاسیان دەكەم و ئەگەر بەر تەنگییەك هاتبێتە ڕێگا بۆ هیچ هاووڵاتییەك، لە ئێستاوە داوای لێبووردنیان لێ دەكەم.جارێكی تر زۆر زۆر سوپاس، سەركەوتوو و سەرفراز بن. وەك كۆتایی هاتنی هەموو وتار و پەیامێك، لەبیرمان نەچێت بڵێین هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و هەر سەركەوتوو بن.

هەواڵ
06-11-2022

ڕێباز حەملان دوای دەرنەچوونی بۆ کۆمیتەی ناوەندی پارتی ڕوونکردنەوەیەکی...

دەقی ڕوونکردنەوەکە: بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان پیرۆزباییەکی گەرم لە جەنابی سەرۆک بارزانی و ھەردوو بەرێزان جێگرانی سەرۆک و تەواوی ئەندامانی نوێی کۆمیتەی ناوەندی دەکەم بە ھیوای سەرکەوتنیان پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە خەڵکی کوردستان و تەواوی ئەندامانی کۆنگرەو سەرجەم کادرو لایەنگرانی پارتی دەکەم. بەندە بە شانازییەکی گەورەوە بۆ یەکەمجار ئەندامی کۆنگرەی پارتی بووم و ھەروەھا لەسەر لیستی جەنابی سەرۆک بارزانی کاندید بووم بۆ ئەنجومەنی کۆمیتەی ناوەندی و ئەوەش متمانەو شەرەفێکی گەورەیە بۆ من زۆر سوپاس بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی. ئەم بەشدارییە بۆ من تەجروبەیەکی سیاسی و حیزبی گرنگ بوو کە پەیوەندییەکی حیزبی و کۆمەڵایەتی زۆرم بۆ پەیدابوو ، سوپاسی ھەموو دەنگدەرانم و تیمی ھاوکارم و تەواوی ئەو فەرماندە سەربازی و کادرە دلسۆزەکان دەکەم ھەروەھا سوپاسی تەواوی ئەو کەسایەتییە بەرێزانە دەکەم کە پشتیوانمان بوون. پارتی لە دوای کۆنگرە بە ھێزێکی گەورەترو پرۆگرامێکی نوێ و پێکەوەیی کاردەکەین بۆ سەرکەوتن و بەدەستھێنانی ئامانجی گەورەتر بۆ میللەتەکەمان لە ژێر رێبەرایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی . لەگەڵ رێزدا رێباز حملان۲٠۲۲/۱۱/٦

1 2 ... 478 479 480 ... 1147 1148