ڕۆژی یەكشەممە 18ی كانوونی یەكەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز نی ڕووچی كونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر كرد كە بە بۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو. لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی چین پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی جەنابی بارزانیی نەمر و سەركردەی مەزنی چین ماو تسێ دونگ لە بنیاتنانی بناخەی پەیوەندییە مێژوویەكانی نێوان گەلی چین و گەلی كوردستان لە سەددەی بیستەم، هیوای ئەوەشی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە قۆناغی داهاتوودا لە بواری جیاجیا پەرەی زیاتر بستێنن. لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا كونسوڵی گشتیی چین سەرۆك بارزانیی لە هەوڵ و ئامانجەكانی كۆمپانیا چینیەكان بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە. هەروەها باسیشی لە كردنەوەی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆیەكی پەكین كرد وەك هەوڵێك بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و گەلی كوردستان. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی كونسوڵی گشتیی چینی كرد كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی زۆری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی چین داوە و جەختیشی لە بایەخی فراوانبوونی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی چین كردەوە. هەروەها سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە كردنەوەی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆیەكی شاری پەكین كرد و بە هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی لە قەڵەم دا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی فەرمیی قەتەر دەچێتە ئەو وڵاتە و لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان ئامادەی یاریی کۆتایی جامی جیهانی دەبێت. رۆژی يهكشهممه 18-12-2022 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیان، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لهسهر بانگهێشتى فهرميى شێخ تهميم بن حهمهد ئال سانى، ميرى قهتهر دهگاته دهوحهى پايتهختی ئەو وڵاتە. لەبارەی هۆکاری سەردانەکەش سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لهم سهردانهيدا بهڕێز سهرۆكى ههرێمى كوردستان لهتهك ژمارهيهكى بهرچاوى سهركردهى وڵاتانى جيهان، ئامادهى بهڕێوهچوونى ياريى كۆتاييى جامى جيهانيى تۆپى پێ دهبێت."
لە تەقینەوەیەکدا لە ڕیازی باشووری کەرکوک، هەشت پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق گیانیان لەدەستداو دووی دیکەش برینداربون. ئەمڕۆ یەکشەممە سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەگوندی سەفرەی سنوری شارەدێی ڕیاز لەپارێزگای کەرکوک، بۆمبێکی چێندراو بەئۆتۆمبێلێکی لیوای دوی پۆلیسی فیدڕاڵیدا تەقیوەتەوە. بەوتەی سەرچاوە ئەمنیەكە، لەئەنجامی تەقینەوەی ئەو مینە چێنراوەدا، 8 کارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق گیانیان لەدەستداوهو دوو کارمەندی دیکەش برینداربون. سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن، لەپاش تەقینەوەکە، ڕوبەڕوبونەوەش لەگەڵ تیرۆریستانی داعش ڕویداوەو لەئەنجامدا چەتەیەکی داعش کوژراوە.
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی نوێژکردن لەسەر تەرمی ئاکام عومەر، فەرماندەی کۆماندۆ کە سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ڕیزی پێشەوە بوو، کاردانەوەی لێکەوتەوە، چونکە سەعدی پیرە نازانێت نوێژ بکات. لە نوێژەکەدا سەعدی پیرە دەستی چەپی لەسەر دەستی ڕاستی داناوە و سەلامی یەکەمیش بەلای چەپدا دەداتەوە، کە هەردووکی هەڵەیە. غازی عەلی عەلی، بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکگرتوو لە کۆمێنتێکدا نوسیویەتی "گومانت نەبی کە دەستنوێژیشی نییە، خەڵکی تر هەیە هەموو ڕۆژانی هەینی ڕاکە ڕاکیتی بۆ خوتبە، کەچی دەڵێن بێ دەستنوێژ نوێژ دەکات".
د. عهبدوللـهتیف ئهحمهد بۆ ئاكام عومەر، فەرماندەی کۆماندۆ دهنووسێت: پهروهردگار به شههید قبووڵی بكات و پلهی بهرزی بهههشتی به نسیب بكات. د. عهبدوللـهتیف له بڵاوكراوهیهكدا باس له نوێژی جهنازه دهكات لهسهر تهرمی فهرماندهی كۆماندۆ ئاكام عومهر و دەڵێ: نوێژی جهنازه لهسهر فهرماندهی بهڕێز كاك ئاكام عومهر : 1. لهلایهكهوه ههمومان خهفهتبارین به لهدهست دانی فهرماندهی ئاوا ئیماندارو چاكهكارو خۆشهویست 2. لهلایهكی تریشهوه دڵخۆشین به ئهنجامدانی نوێژی جهنازه لهلایهن ئهم ههمو پێشمهرگهیهی هێزی كۆماندۆ له بارهگای فهرماندهیی. 3. پێویسته ههمو بهرپرسان دهرس و عیبرهتی لێ وهربگرن و تێ بگهن كه لهگهڵ خوا بن لای خهڵكیش خۆشهویست دهبن. 4. پهروهردگار به شههید قبووڵی بكات و پلهی بهرزی بهههشتی به نسیب بكات.
لە ویلایەتی شیکاگۆی ئەمریکا ڕووداوێکی نوێی تەقەکردن لە ناو قوتابخانەیەکی ئامادەیی روویدا و بەهۆیەوە 4 قوتابی کوژران و برینداربوون. پۆلیسی ویلایەتی شیکاگۆ ڕایگەیاند، ئەو چوار قوتابییە کە تەمەنیان 16 ساڵە، لە نزیک قوتابخانەی ئامادەیی "بێنیتۆ خوارێز" لە تەقەیان لێکراوە. پۆلیسی ویلایەتەکە هیچ وردەکارییەکی لەسەر چۆنیەتی تەقەکردنەکە و ناسنامەی ئەنجامدەرەکە رانەگەیاندووە.
پشت بەو دەسەڵاتەی کە بە پێی بڕگە (3)ی ماددە (2) لە یاسی ژمارە (10)ی ساڵی 1997 پێمان دراوەو لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی 11-11-1999یدا یاساکاری کردووە، ئەم یاسایەمان دەرهێنا:یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 1999یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستانی عێراقماددە یەکەم:هەرێمی کوردستانی عێراق ئاڵایەکی دەبێت بە شێوەی لاکێشەیی، کە پانیەکەی دوو لەسەر سێی درێژیەکەی دەبێت و، دابەش کراوە لەسەر سێ لاکێشەی ئاسۆیی یەکسان لە درێژی و پانی داو، پێکهاتەکەی بەم شێوەیەیە:1-لاکێشەی سەرەوە رەنگی سورەو، هێمای شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی کوردە.2-لاکێشەی ناوەراست رەنگی سپی دەبێت، هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و لێبوردنە (تسامح)، کە خەڵکی کوردستان ئاواتە خوازیەتی.3-خۆرێکی زەرد دەکەوێتە ناوەراستی لاکێشە سپییەکەوەو، چەقەکەی خاڵی یەکتر بڕینی تیرەی لاکێشە سپیەکە دەبێت و، تیرەی خۆرەکە ئەوەندەی پانایی لاکێشە سپیەکە دەبێت و، (21) بیست و یەک تیشکی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێگۆشەی دوو لا یەکسان و، بنکەکانی () یەک لسەر بیست و یەک لە چێوەی گۆی خۆرەکە دەبێت و، درێژیشیان بگاتە نیوەی هەردوو لاکێشە سوورو سەوزەکە. خۆرە زەردەکە هێمای بەردەوام بوونی ژیان و زانست و هیوا و ئومێدەو، (21) بیست و یەک تیشکەکەیش هێمای جەژنی نەورۆزی نەتەوایەتییە، رۆژی بەرخودان و راپەڕین و شۆرش رزگاریی دژ بە زوڵم و زۆرو چەوساندنەوە.4-لاکێشەی خوارەوە رەنگی سەوز دەبێت و، هێمای کشتوکاڵ و سروشت و ژینگەی کوردستان.ماددەی دووەم:ئەو جێگایانەی کە ئاڵاکەی لەسەر هەڵدەدرێت لە (پەیڕەو)دیاری دەکرێت.ماددەی سێیەم:هەڵکردنی ئاڵا لە کاتی خۆرهەڵاتن دا دەبێت و، هاتنە خوارەوەشی لە کاتی خۆرئاوا بوندا.ماددەی چوارەم:دروست و چاپ و دابەش کردنی ئاڵا بە رەزامەندی وەزارەتی رۆشنبیری دەبێت.ماددەی پێنجەم:نابێت ئاڵا لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوایەتی و ئاهەنگەکاندا بەرز بکرێتەوە یان بە کاربێت، ئەگەر هاتوو کەم و کۆری هەبوو لە مەڕ گۆڕانی رەنگەکانی و پاک و پوختی و دڕانی.مادەی شەشەم :هەلدانی ئاڵا شان بە شانی ئاڵای عیراق دەبێت لەو بۆنانەی کە ئاڵای عیراقی تێدا هەڵدەدرێت و، تا قەوارەی دەستوری فیدڕالیەت دەچەسپێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە عیراقدا.ماددەی حەوتەم:ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە پەیڕەوێکی تایبەتی دەربکات بۆ ئاسان کردنی جێ بەجێ کردنی بەندەکانی ئەم یاسایە.ماددەی هەشتەم:کار بە هیچ دەقێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا هاو دژ بێت.ماددەی نویەم:دەبێ ئەنجومەنی وەزیران ئەم یاسایە جێ بەجێ بکات.ماددەی دەیەم:ئەم یاسایە لە مێژووی دەرهێنانیەوە جێ بە جێ دەکرێت و لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاو دەکرێتەوە.
بڕیارە شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببنەوە. بڕیارە هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێش سەریساڵ کۆببنەوە. بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە و ئێستا هیچ بەربەستێک لەنێوانیان نەماوە. چاوەڕوان دەکرێ شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆک و شاندەکەی یەکێتیش بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە بەڕێوەبچێت. هاوکات ئهحمهد كانی، ئهندامی كۆمیتهی ناوهندیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "خهریكه زهمینه بۆ كۆبوونهوه دهڕهخسێت، باشترین دهستپێكیش ئهوهیه كه باس له خاڵه ئهرێنییهكان بكهیت، نیهت ههیه لهلایهن ههردوولاوه بكرێته كردار و ههرچی زوو بهیهكهوه دابنیشن، ئهوهنده باشتره و ئێستا پارتی نیهتی چارهسهر و كۆبوونهوه لهگهڵ یهكێتی ههیه و دهبێت ئهم كۆبوونهوانه لهسهر بنهمای دروست بێت و نیهت باش بێت نهك تهنیا كۆبوونهوه، مادام ههموو حزبهكان و پارتی و یهكێتی باسی نزكبوونهوه دهكهن، دهبێ بهرنامهیهك ههبێت بۆ كۆبوونهوه و دهبێ بهرنامهكان لۆژیكی و واقعی بن، چونكه لهگهڵ برادهرانی یهكێتی ئهزموونی دوورودرێژمان ههیه، جهخت لهوه دهكهینهوه، كه ئهم كوردستانه به هاوبهشیی ههموو لایهك بهڕێوه دهچێت.“
بەهۆی خواردنەوەی کحولی ژەهراوی لە ویلایەتێکی هیندستان کە خواردنەوەی مەی تێیدا قەدەغەکراوە، لانیکەم 37 کەس گیانیان لەدەستداوە. بە گوتەی بەرپرسانی ویلایەتی بیهار، بەهۆی خواردنەوەی کحولی ژەهراوییەوە لانیکەم 37 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەو ئامارەی بەرپرسانی ویلایەتەکە لەکاتێکدایە کە راپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکان باس لە گیانلەدەستدانی 70 کەس دەکەن بەهۆی کحولی ژەهراوییەوە. خواردنەوە و فرۆشتنی مەی (خواردنەوەی کحولی) لە چەند ناوچەیەکی هیندستان قەدەغەیە و، ئەمەش بازاڕێکی نایاسایی بۆ مامەڵەکردن بە خواردنەوە کحولییەکان هێناوەتە ئاراوە، کە ساڵانە سەدان کەس بەهۆی کحولی ژەهراوییەوە گیان لەدەستدەدەن. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هیندستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا، بەهۆی خواردنەوەی کحولی ژەهراوییەوە 37 کەس گیانیان لەدەستداوە. لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 100 کەس بەتۆمەتی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی لە ویلایەتی بیهار دەستگیرکراون، جگە لەوەش 600 لیتر خواردنەوەی کحولی دەستی بەسەرداگیراوە. k24
سیحری ئاڵا لە كوێوە دێت؟ - ئەو هێزە چییە چەند ڕەنگێك دەكاتە ڕەمزی نەتەوەیەك؟ لەو ڕۆژانەدا، كە یارییەكانی مۆندیال لە وڵاتی قەتەر لە گەرمەیدایە، زیاتر لە هەموو كاتێك سەرنجم چووەتە سەر یاریكەری هەڵبژاردەكان و هاندەرەكانیان، هەڵسوكەوت و جۆشوخرۆشیان. ئەوەی لە هەموو شتێك زیاتر سەرنجی ڕاكێشاوم، بەرزكردنەوە و نەخشاندنی ئاڵای وڵاتەكانیانە لەسەر فانیلە و جلوبەرگیان. - ڕازاندنەوەی شوێنی دانیشتن و سەیارە و دروشمەكانیانە بە ڕەنگی ئاڵای وڵاتەكانیان. - لەو بەینەدا، من هەر خەمباری و كەساسیم بۆ ماوەتەوە، جگە لە حەسوودیبردنێكی بێسنوور بۆ ئەو هەستە بەرزەی هەیانە. { ئەوە بۆ سروودی نیشتمانییشیان هەر ڕاستە، وەختێك سروودی هەر وڵاتێكیان لێ دەدرێت، جگە لە یاریكەرەكانی ناو یاریگا، یاریكەرە یەدەگ و تەواوی ستافییان، هەتا ئەو منداڵ و پیر و هاندەرانەی لەگەڵیاندان، هەموویان هەڵدەستنە سەر پێ و لە دڵەوە سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی وڵاتەكانیان دەڵێنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ (چڵیتێكیان) بە بیانووی ئەوەی وشەیەكی سروودەكەی بە دڵ نییە، وەك ماكەر پاڵداتەوە و هەڵنەستێت و نەیڵێتەوە). ڕۆژی ئاڵا ئەمڕۆ شەممە واتا ١٧ی١٢ ڕۆژی بەرزكردنەوەی ئاڵایە لە كوردستان، ڕۆژی ڕێزگرتنە لەو ڕەنگانەی بەسەر ئاڵاكەوەن، ئەو ئاڵایە و ئەو ڕەنگانە، ئەو شكۆ و ڕێزەیان لەكوێوە هێناوە؟ - ڕاستە ئاڵا پارچە قوماشێكە، بەڵام تەنیا كردنی قوماشەكە بە ئاڵا و ڕێكخستنی ئەو ڕەنگانە لە شێوە ئاڵادا، نرخ و بەهای ئەو قوماشە لە پارچەیەكەوە دەگۆڕێت بۆ شكۆ و ڕەمز و مانەوە. - بەرزڕاگرتنی ئاڵا واتا بەرزڕاگرتنی نەتەوەیەك. - كە ئاڵا لە شوێنە بەرزەكان، لەسەر سنوور و دەروازەكان شەكایەوە، هێزی ئەو ئاڵا شەكاوەیەیە، كە بازاڕەكان كراوەن كە قوتابخانەكان بەردەوامن، كە زانكۆكان دەرگایان لەسەر پشتە، كە ماڵەكان ئارامن، كە منداڵەكان خەوتوون. - شەكانەوەی ئاڵا بەسەر سینگی یاریزانەكانەوە، شەكانەوەی ئاڵا بەسەر سینگی قوتابییانەوە، بەسەر فەرمانگە و باڵەخانەكانەوە، واتا بەردەوامیی ئارامی و بەردەوامیی ژیان. هەر بۆ نموونە: - كاتێك سوپای ئیسلام بەسەر سوپای ئیمپڕاتۆریەتی ساسانییدا سەر كەوت، هەموو شارەكانیان داگیر كرد و كۆشك و فەرمانگە و مۆڵگەكانی سوپا و سەڵتەنەتیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەرگری نەما و هەموو سەروەت و سامانی وڵاتیان كەوتە دەست، هەتا مرۆڤەكانیان وەك سەرمایە حیساب كرد و شەڕكەریان كوشت و ژنانیان كردنە غەنیمە و پیاوانیان كردنە كۆیلە و بەشی هەرە زۆری گەوهەر و ژنە جوانەكانیان وەك دیاری ناردەوە بۆ پایتەختی خۆیان و بەسەر سەركردە و گەورەپیاوانی پایتەختدا دابەشیان كردن. هەتا باس لەوە دەكرێ، كە ئیمامی حوسێن یەكێك لەو ژنانەی بەناوی شەهربانوو مارە كردووە، كە دواتر دەبێتە دایكی عەلی كوڕی حوسێن (زین ئەلعابیدین). - ئەوەی گرنگە، دوای ئەو هەموو سەركەوتنەی لەشكری ئیسلام و عەرەبەكان بەدەستیان هێنا، هێشتا ئاسوودە نەبوون، چونكە ئاڵای ساسانییان بەدەست نەكەوتبوو، ئاڵای مەملەكەتی ئێرانی بەناوبانگ بوو، یەك تاكە ئاڵاش بوو، هەموو پادشاكان یەك بەدوای یەكدا پاراستبوویان و لە گرنگترین شوێن هەڵیانگرتبوو، ئەوە جگە لەوە، هەر پادشایەی گەورەترین و بەنرخترین گەوهەری سەردەمی خۆی پێوە كردبوو، دوای قوربانیدان و گەڕانێگی زۆر، لەشكری عەرەبان توانییان شوێنی ئاڵاكە بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن. - لە كۆبوونەوەیەكدا، كە هەموو سەركردە دیارەكانی سوپای ئیسلام ئامادەی دەبن، بە شمشێر ئاڵاكە لەنێوان خۆیاندا دابەش دەكەن و هەر سەركردەیە بەشێك لە گەوهەرەكانی و بەشێك لە پێستەكەی بەردەكەوێ. دوای لەتلەتكردنی ئاڵاكە، ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن و دڵنیا دەبن، كە ئاڵایەك نەما تا جەنگاوەرەكانی ساسان لەژێریدا كۆ ببنەوە. دڵنیا بوونەوە كە ئاڵایەك نەما تا خەڵكی هەوڵ بدەن بیپارێزن. كە ئاڵاكەیان لەتلەت كرد، جا باوەڕیان بەوە كرد، كە مەملەكەتی ساسانیان ڕووخاندووە. - كەواتە جگە لەو هەموو قوربانییەی بۆ پاراستنی ئاڵا دراوە، ئاڵاش ئەو ڕەمزەیە كە گەل كۆ دەكاتەوە و مانایەك بە بەرگری و مانەوە دەدات. - ئەو گەلەی ڕێزی سروودی نیشتمانی و ئاڵاكەی نەگرێ، هەرگیز شایانی ئەوە نییە، ناوی لەنێو نەتەوەكاندا بنووسرێ. - كورد سەرەڕای ئەوەی كیانی سەربەخۆی نەبووە، سنووری سووری باوەڕپێكراوی نەبووە، بەڵام هەمیشە ئاڵایەك لەناو دڵ و سردوودێك لەسەر زمانی هەبووە، كە جێگەی بێوڵاتی و بێكیانیی بۆ گرتووەتەوە.
بەهۆی راگرتنی ئۆتۆمبێل لە قەزای خەبات شەڕ لەنێوان چەند کەسێک روویدا و کەسێک کوژرا. بە گوێرەی زانیارییەکان شەڕەکە لە گەراجێکی وەستاندنی ئۆتۆمبێل بووە، دوای دەمەقاڵە بووەتە شەڕ و تەقە کراوە و کەسێک کوژراوە. گەر بەپێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای ئاگادارکردنەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەبوونی رووداوێکی کوشتن لە قەزای خەبات، دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی رووداو و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کەوا هاوڵاتییەک بەناوی (رێباز حەیدەر رەمان)، تەمەن (22) ساڵ کوژراوە و هاوڵاتیەکی تر بەناوی (فەرهاد ئەحمەد)، تەمەن (45) ساڵ زامداربووە. بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی هەولێر "هۆکاری رووداوەکە (فرهاد ئەحمەد) باری بۆ هاتووە و لەم کاتە ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم گەراجی ناوبراو وەستاوە و ئاگاداری خاوەن ئۆتۆمبێلەکەی کردووەتەوە، کە ئۆتۆمبێلەکەی لابدات بە مەبەستی داگرتنی بارەکەی لەم نێوەندەدا لەگەڵ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بەناوی (ک. ش. چ.) دەبێتە دەمەقاڵیان و بووەتە شەڕیان، تۆمەتبار چەکی دەرهێناوە و گوللـەی تەقاندوە، وە بەم هۆیەوە ئەم رووداوە روویداوە"
تەرمی پێشمەرگەیەک لەناو شۆفڵێکدا دۆزراوەتەوە کە ئاسەواری فیشەک بە جەستەیەوە بووە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئەمڕۆ شەممە 17-12-2022 رایگەیاند، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزەکانمان ئاگادارکران بە بوونی حاڵەتێکی کوشتن لە گەڕەکی ڕاپەڕین نزیک گۆڕستانی راپەڕین، پاشان دەرکەوت هاوڵاتییەک بەناوی (ق. م . م) رەگەزی نێر، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی (ئیمام قاسم) پیشەی پێشمەرگە لە لیوای 7ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە تەرمەکەی لەسەر شۆفڵکەی دۆزراوەتەوە”. ئاماژەی بەوەشکرد، “بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەو هاوڵاتییە شۆفڵی پێبووە ویستوویەتی بچێتە سەرکار، بەڵام بە رێگاوە بە چەکی کڵاشینکۆف دەستڕێژی گولـلـەی لێکراوە و بەو هۆیەشەوە بەسەر شۆفڵەکەیەوە کوژراوە کە شوێنەواری دوو فیشەک بەسەر جەستەیەوە هەیە”. ئەوەشی خستەروو، “دوای رووداوەکە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی قەڵادزێ گەیشتونەتە شوێنی مەبەست و دوای گرتنەبەری رێوشوێنەکان تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ”.