Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13765 بابەت
هەواڵ
26-04-2023

وەزارەتی ناوەخۆ لەبارەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی مەلیکە بریارێکی دەرکرد

لە رۆژی 26-04-2023ـەوە رێگە بە هیچ ئۆتۆمبیلێکی خوار مۆدێل نادرێت بۆ پشکنینیش بێتە هەولێر و لە چەند رۆژی رابردووشدا تەنها بۆ پشکنین هێنراون، چونکە ئامێری پشکنینی هاتووچۆی هەولێر زۆر پێشکەوتووە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە، سەروو 80٪ـی ئەو ئۆتومبیلانە بڕاوەن و هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە؛ هەربۆیە بەهیچ جۆرێک تۆمارناکرێن. ئەگەرچی لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر ئۆتومبێلی خوارمۆدێل و بێ ژمارە کە بەشێوەی نایاسایی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان بۆ پشکنین برانە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر کە لە جۆری تۆیۆتا کراونن و لەناو خەڵکیدا بە "مەلیکە" ناسراون.

هەواڵ
26-04-2023

بەرپرسێکی مەرزی پەروێزخان لە لایەن ھێزێکی یەکێتییەوە رفێندرا

ئارام سایەخان بەرپرسی پێشووی راگەیاندن ‌و پەیوەندییەكانی مەرزی پەروێزخان‌و (شەرمین عەلی) هاوسەریی کە بەرپرسی کامێراکانی پەروێزخان بووە، لەلایەن هێزێكی یەکێتییەوە رفێندران.  بەگوێرەی زانیارییەکان، رفاندنەکە پەیوەندی بە چەندین دۆسیەی گەندەڵیی مەرزەکەوە ھەبووە کە لەبەر دەستیاندا بووە ھەبووە و یەکێتی لە ترسی بڵاوکردنەوەی ئەو مەلەفانە، ئەو دوو ھاوسەرەی رفاندووە و تا ئێستا نازانرێت لە کوێن.

هەواڵ
26-04-2023

ئەردۆغان ڕێزلێنانی بەخشییە سەرۆکی تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕێزلێنانی بەخشییە سەرۆکی تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان. رۆژی سێشەممە 2023/4/26 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە مەراسیمێکی تایبەتدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سوپاس و پێزانین و میدیالیای دەوڵەت و قوربانی گەورە the State Medal and Order of Supreme Sacrificeی بەخشییە تیمە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی گەڕان و بەهاناوەچوون. سەرۆکی تیمی فریاگوزاری کوردستان عەقیدی مافپەروەر تەحسین شرۆ ئەحمەد بە فەرمی بانگهێشتی ئەو مەراسیمە کرا و وەکو نوێنەری تیمەکانی بەهاناوەچوون و ڕزگارکردن و فریاگوزاری تەندروستی کوردستان سوپاس و میدالیای پێ بەخشرا. لەسەر داوای حکومەتی تورکیا و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا لە 6ی شوباتی 2023، تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان کە لە تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سووری عێراقی – لقی هەولێر پێکهاتبوون، بۆ بەهانا وەچوونی لێقەوماوان گەیشتنە تورکیا و هاوکاری جۆراوجۆریان پێشکەش کرد.

هەواڵ
26-04-2023

ئەنجومەنی وەزیران کڕینەوەی گەنمی جووتیاران تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی نیسانی 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کە لەلایەن ئەندامانی تیمەکە خرایەڕوو.سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەردان و هەوڵەکانیان، دووپاتی کردەوە کە چەندین جار داوامان لە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئێستاش جارێکی دیکە داوا دەکەین کە بگەڕێنەوە و ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن. هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژوەندی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە دەمانەوێ تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن. لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، باس لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق کرا کە لەلایەن کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی خرایەڕوو، کە باسی لە ئەنجامی دوا سەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ كرد بە مەبەستی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە لەمبارەیەوە گفتوگۆ و هەوڵەکانیان بەردەوامە.سەرۆک وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جووتیارانی کوردستان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان دەکڕدرێتەوە.لە بڕگەی سێیەمدا، پڕۆژە یاسای ( بەرکارکردن و هەموارکردنی یاسای ڕێکخستنی کاری دڵنیایی عێراقی ژمارە ( (10 ی ساڵی 2005 لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد. دواتر ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تەقەکردن لەناو شاری هەولێر و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران پێشکەش کرد.سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە هەموو ڕێکارێکی پێویست له پێناو سەقامگیرکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتییان بگرنەبەر و بە هیچ شێوەیەک، نابێ چاوپۆشی لە بەرامبەر تاوانباران و سەرپێچیکاران بکرێت و دەبێ دیاردەی چەکهەڵگرتنی نایاسایی و چەکی بێ مۆڵەت سنووردار بکرێت و کۆتایی پێ بێت.داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و ترس و تۆقاندن، بەڵکو دەبێ ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە پاراستنی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بگێڕن. پاشان سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، کورتەیەکی دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک (مانەنجایتس) لە نێو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجە خستەڕوو و دڵنیاییدا کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کراوە و ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر و نەخۆشەکان چارەسەری پێویست وەردەگرن و دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە.

گشتی
26-04-2023

ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و خانەنشینان لە چەند بانکێک لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین جیاکاری لەدابەشکردنی مووچەی چین و توێژە جیاوازەکان کراوەو بەپێی زۆری و کەمی مووچەو پلەکانیان کاتی دابەشکردنی مووچەیان بۆ دیاری کراوە. ١- ئەوەی کراوە کاری سەربەخۆی بانکی ناوەندی هەرێم / سلێمانی بووەو بەهیچ جۆرێک وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس نییە و بڕیاردەری ئەو کارە ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە. ٢- دابەشکردنی مووچە بە پێی خشتەی ڕاگەیەنراو دەبێت کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کە لە پەیجی فەرمیمان بڵاودەکرێتەوە، هەروەکوو لەڕابردوو پەیڕەوکراوە جگە لە وەزارەت کەس مافی دەستکاری و گۆڕانکاری لەخشتەکەدا نییە.

هەواڵ
26-04-2023

بەهای دۆلار و نرخی زێر لە هەرێمی کوردستان

بەھای دراوە جیھانییەکان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە: 100دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 140900 دیناری عێراقی100یۆرۆ بەرامبەر بە 156500 دیناری عێراقی       100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 176000 دیناری عێراقی100لیرەی تورکی بەرامبەر بە 7500 دیناری عێراقی100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 2900 دیناری عێراقی1 دیناری ئوردنی بەرامبەر بە 2040 دیناری عێراقی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە:مسقاڵێك زێڕی عەیار (24) بە 465000 دیناری عێراقیمسقاڵێك زێڕی عەیار (21) بە 415000 دیناری عێراقیمسقاڵێك زێڕی عەیار (18) بە 350000 دیناری عێراقی

گشتی
26-04-2023

وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆی دیارنەمانی پارە لە سلێ...

مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دیارنەمانی پارە لە بانکەکانی سلیمانی پێکهێناوە. بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان راشیگەیاند، لیژنەکە دەستبەکار بووە و ئەمڕۆ سێ کەسی بۆ لێکۆڵینەوە بانگکردووەتە هەولێر. زیاتر لە چەند جارێك کێشەی نەمانی پارە و دابەشکردنی مووچە لە بانکەکانی سلێمانی دروستبووە و لە هەندێک دامودەزگای سنووری سلێمانی گوتراوە کە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە رەوانەی سلێمانی نەکراوە. لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری رۆژی 19ـی نیسان رایگەیاند، "هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە، بە چەند سلفەیەک کە کۆی گشتی 289 ملیارو 500 ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە 80% تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە. کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی 362 ملیارو 300 ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک". وەزارەتی دارایی دەشڵێت، "پێویستە بوترێت کە کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە کە دەکرێت بۆ چەند خاڵێک کورت بکرێتەوە". 1-  کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پاریزگاکە.       2-  رێکەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی لە ( 43 ٪ ) بە ( 57 ٪ ).       3-  نەمانی پارەی کاش ( سیولە لە بانکەکان ) . ژێدەر K24

هەواڵ
26-04-2023

ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی سەردانی تیمەکەیان بۆ لای قوباد تاڵەبانی کۆدە...

ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی 26ـی نیسانی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەکات. لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرەیەک باسیان لێوە دەکرێت و گەنگەشە دەکرێن؛ تەوەرەی یەکەمیان تایبەتە بە خستنەڕووی بەرەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. لە تەوەرەی دووەمدا پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەخرێتە ڕوو. بڕگەی سێیەم و کۆتایی تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی پرۆژەیاسای بەرکارکردن و هەموارکردنی یاسای ڕێکخستنی کاری دڵنیاییی عێراق. فەرمانگەی میدیا و زانیاری 26ـی نیسانی 2023

هەواڵ
26-04-2023

تەقە لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کرا؛ دوو کەس بریندارن

مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هەڵیانكوتابووە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی پرسگەی نەخۆشخانەكەیان بە گولـلە بریندار كردبوو. دوای ئەوەی کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو دوو كەس کە لەژێر کاریگەری مادە کھولییەکاندا بوون و دەیانویست سەردانی منداڵێك لەنەخۆشخانەی منداڵان بکەن، بەڵام لەلایەن پۆلیسی نەخۆشخانەكەوە ڕێگرییان لێکراو ڕێنمایی کران کە وادەی سەردانیکردنی نەخۆش کۆتاییھاتووەو منداڵە نەخۆشەکە دایک و باوکی لەلایەو پێویست ناکات ئەوان بچنە لای، بەڵام کاتژمێر ١:٣٠ خولەک تۆمەتبارەکان دەگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەکەو تەقە لەپۆلیسێک و كارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە دەكەن و برینداریان دەكەن. دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو تۆمەتباری سەرەکی کە تەقەی کردبوو دەستگیرکراو ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا بوو ھەڵات، توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو. لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران، (ش، خ، أ) لەدایکبووی ١٩٨٥ و (ئ، خ، م) لەدایکبووی ٢٠٠٣ بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٢٣٢ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە. لەئێستادا ھەردوو برینداری ڕووداوەکە لەنەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان

گشتی
26-04-2023

هەواڵ
26-04-2023

سەرۆکی حکومەت سەرەخۆشی لە عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشی لە عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک کرد بۆ گیان لەدەستدانی کوڕە جوانەمەرگەکەی .سەرۆکی حکومەت ، وێڕای پرسە و سەرەخۆشی و دەربڕینی هاوخەمی خۆی، هیوای خواست، خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە کەس وکار و بنەماڵەکەیان ببەخشێت.سەرۆکی حکومەت هەروەها سوپاسی عەبدوڵڵا کوێخا موبارەکی کرد بۆ هەلوێستی مەردانەو بەرپرسانە ونیشتیمانپەروەرانەی و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم تاوانانە دەبێ کۆتاییان پێ بێت و تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.لە بەرامبەردا،عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، سوپاس و پێزانینی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ پەیوەندیی و هاوخەمی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

هەواڵ
26-04-2023

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانێکی دەرکرد

لەسەر فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی دوو فڕۆکەی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی لە سوودان گیریانخواردووە، رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێن. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کرد، هەماهەنگی ورد بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی سوودان بە زووترین کات بکەن. بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نزیکەی 300 عێراقی لە ئێستادا لە سوودان هەن و وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرقاڵی گەڕاندنەوەیانە.

1 2 ... 373 374 375 ... 1147 1148