Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13759 بابەت
هەواڵ
30-07-2023

نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

لە ئێستادا لە بازارەکانی کوردستان نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١٤٩ هەزار و ٧٥٠ دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی پێشوو نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٥٧ هەزار دینار .

هەواڵ
30-07-2023

‏‎‏‎دەستبەسەر بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەردا گیرا

دەستبەسەرداگرتنی بڕی (٢٥) بیست و پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و (٥)بازرگان. تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ماددەهۆشبەرەکان لەچەند رۆژی رابردودا لەسێ چاڵاکیدا سەرکەوتووبوون لە دەستبەسەرداگرتنی بڕی (٢٥) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و حەبی کەپتاگۆن لەگەڵ(٥) پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەر بەم شێوەیەی خوارەوە:لەچاڵاکی یەکەمدا دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددەهۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ تونرابڕی بڕی (١٠) دە کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ و (١) یەک کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن لەگەڵ (٢) دوو گەورە بازرگان دەستگیربکرێت.لەچاڵاکی دووەمدا دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، توانرا بڕی (٧) حەوت کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ لەگەڵ (٢) دوو بازرگان دەستگیربکەن.لەچاڵاکی سێیەمدا توانرا حەوت کیلۆگرام تۆچای تێکەڵ بەماددەی هۆشبەری مەریجوانا و حەشیش لەگەڵ بازرگانێک دەستگیربکەن.تەواوی تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆکراوەتەوەو روبەڕووی یاسا دەکڕینەوە. بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان٢٠٢٣/٧/٣٠

هەواڵ
30-07-2023

وادەی تۆماری حیزبەکان بۆ هەڵبژاردن درێژ دەکرێتەوە

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند  "کۆمیسیۆن وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بۆ 6ی ئاب درێژکردەوە." وتیشی درێژکردنەوەی ئەو وادەیە، بەمەبەستی پێدانی کاتی زیاترە بە قەوارە و پارتە سیاسییەکان بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکان.

هەواڵ
30-07-2023

کەشناسی هەرێم : پلەی گەرما دادەبەزێت

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 30/7/2023 ئاسمان ساماڵ دەبێت پلەى گەرما یەک پلە نزم دەبێتەوە بەراورد بەتۆمارکراوەکانى دوێنێ. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی دووشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەی گەرما نزمتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ بە (1-2) پلە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر: 42 پلەى سیلیزى سلێمانی: 40پلەى سیلیزى دهۆک: 41 پلەى سیلیزى کەرکوک: 45 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 43 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 29 پلەى سیلیزى زاخۆ : 43 پلەى سیلیزى سۆران: 41 پلەى سیلیزى گەرمیان: 45 پلەى سیلیزى

هەواڵ
30-07-2023

هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

ئەمرۆ سێیەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە دوای پەسندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بەڕێوەدەچێت. وا بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە ٣٠/٧/٢٠٢٣ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە دەباشان بەڕێوەبچێت و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان. پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەبێت، کە رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023 ئەنجام دەدرێت. ئەم کۆبونەوەیەش لەدوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوودا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی برووسکەیەکی بۆ مەکتەبی سیاسی  پارتی ناردووە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی کردووە، پارتی وەڵامی برووسکەکەی یەکێتی داوەتەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە.

هەواڵ
29-07-2023

وێنە.. لە سلێمانی تۆپەڵێک موو لە گەدەی گەنجێکدا دەرهێنرا

بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، دوای گەیاندنی گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ، بە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار و تێکچونی باری تەندروستی، بۆ دیاریکردنی حاڵەتەکەی  لەلایەن پزیشکانەوە بڕیاردرا کە(ناضۆر) یان کرداری هەناوبینی گەدەی بۆ ئەنجام بدرێت. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "لەلایەن پزشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەرسی جگەری فێرکاری حاڵەتەکەی دیاری دەکرێت کە بریتیە لە گیرانی گەدەی نەخۆشەکە بەهۆی بوونی مووی قژ لەناو گەدەیدا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی زۆری بوونی موو نەتوانرا بەئامێری هەناوبینی هەمووی دەربهێنرێت دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا نەشەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت". ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشی ئیشکگری نەشتەرگەری لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار دوای (۳) کاتژمێر نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا توانرا ژیانی گەنجەکە رزگار بکرێت .

هەواڵ
29-07-2023

پارتی و یەکێتی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان...

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە لیستی جیا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا دەکەن لە کەرکووک، بەڵام هەردولا دەڵێن: دەرگایان کراوە بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە. محەمەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، پارتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێک لە گفتوگۆدایە و هەندێک لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە و هەندێکیش ماون وەڵامی کۆتایی بدەنەوە؛ ئەمڕۆش دوایین وەڵامەکانی بۆ دەگەڕێتەوە و ئومێد دەکەین بتوانین پێنج بۆ شەش لایەنی سیاسی (سەرەکی) پێکەوە لەنێو لیستێکدا کۆببینەوە، ئەوەش جگە لە خەڵکی سەربەخۆ و لایەنی دیکەش. محەمەد خورشید وتیشی " لە کەرکووک لەگەڵ برایانی یەکێتی دوورین لە یەکدی و ماوەیەکە گفتوگۆکان لەنێوانماندا وەستاون". بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، گفتوگۆکان لەنێوان پارتی و حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئەو حیزبە بۆ پارێزگاکە، کۆتایی هاتووە و ڕێککەوتوون، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پاڵپشتی چەند لایەنێکی عێراقی، فشاری کردووە بۆ ئەوەی تاوەکو دوای هەڵبژاردن پارتی نەگەڕێتەوە بۆ شارەکە. ئامانجی یەکێتی لەو کارە، بردنەوەی زۆرترین دەنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە زەبرێکی بەهێز لە دەنگی کورد دەدات لەو پارێزگایە.

هەواڵ
29-07-2023

ھاتووچۆی ھەولێر روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە

بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر سەبارەت بە گرتە ڤیدیۆیە ڕونکردنەوەیەکی دا. ڕونکردنەوەکەی هاتووچۆی هەولێر: شەوی ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، گرتەیەکی ڤیدیۆی لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆوە، کە تیایدا کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل یەک بەدوای یەک لەسەر چرای سووری ترافیک لایتی مەخمور ناوەستن، و کامیرای تۆمارکردنی سەرپێچیش یەک بەدوای یەک سەرپێچیان بۆتۆماردەکات. لە ڤیدیۆکە کەسێک قسە دەکات و دەلێت ئەوە کەژاوەی دوای مردووێکە و بۆ گۆڕستان دەچن، کەچی کامیرە سەرپێچیان بۆتۆماردەکات. هاووڵاتیانی ئازیز پێویستە ئاگادار بن: کامیرەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی کاردەکەن و هیچ کارمەندێکی هاتووچۆ کۆنترۆڵی بەسەریانەوە نیە. واتا بە ئۆتۆماتیکی کاردەکەن و وا دیزاین کراون کە سەرپێچی بناسنەوە و تۆمار بکەن، جا بە هەر هۆکار و لەلایەن هەر کەسێک بێت. لەڕووی یاساییەوە ڕۆیشتن لە دوای کەژاوەی مردوو بەحالەتی لەناکاو وبەپەلە ئەژمار ناکرێت. بە پێچەوانەوە ڕانەوەستان لە ترافیک لایت لە کاتی چرای سووردا ئەگەری کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە دەبوایە هەموو ئۆتۆمبێلەکان بۆ پاراستنی خۆیان و هاووڵاتیانی دیکە سەرپێچی نەکەن و لە چرای سوور نەدەن. بۆ سەلامەتی هەمووان، داواتان لێ دەکەین پێگیری بە یاسا و ڕێنماییەکان بکەن و لە چرای سووری ترافیک لایتەکان بوەستن. ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر2023/7/29

هەواڵ
29-07-2023

زانیاری لەبارەی کوشتنی دوو ژن لە لایەن هاوسەرەکەیانەوە ئاشکرا دەکرێت

عەقید شەماڵ دیواری وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران ڕایگەیاند" ئەمرۆ کاتژمێر 9:30خولەکی  بەیانی ئاگادار کراینەوە کەوا دوو ئافرەت بەهۆی بەکار هێنانی چەک بەرامبەریان گیانیان لەدەستداوە دەست بەجێ ئەفسەری ئێشکگری بەشی پۆلیسی ناوشار لەسەر فەرمانی بەرێز دادوەر گەیشتە شوێنی روداو بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمی بەشی پۆلیسی بەڵگەو تاوانی سۆران هەردوو تەرمەکان گواسترانەوە بۆ پزیشکی دادی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران". راشیگەیاند " تۆمەتبار خۆی ڕادەستی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران کرد بەشی پۆلیسی چالاکی مەدەنیەکانی سۆران لەسەر فەرمانی بەرێز دادوەر بەپێی مادەی ٤٠٦  لەیاسای سزادانی عێراقی بەندکراوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هاوڵاتیە هیچ سکالایەکی یاسای لای ئێمە لەسەر تۆمار نەکراوە و هیج فەرمانێکی گرتنی لای ئێمە نەبووە و نیە ". ڕووداوی کوشتنی دوو ژن کاتژمێر 6ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی کانی قەزای سۆران ڕوویدا، بەگوێرەی زانیاریەکان تۆمەتبار تەمەنی 41 ساڵانە.

هەواڵ
29-07-2023

پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە

بەگوێرەی پشێبینییەکانی کەشناسی ئەمڕۆ شەممە 29/7/2023، ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. لەبارەی کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی یەکشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 43 سلێمانی : 41 دهۆک: 43 کەرکووک: 45 هەڵەبجە: 44 زاخۆ: 43 سۆران: 41

هەواڵ
29-07-2023

ناکۆکی و ململانێ نێوان هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی پەرە دەستێنێ

ماوەیەكە بەردەوام هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی لەنێو خۆیاندا پێكدا دەدەن كە زۆرینەی پێكدادانەكان لە نێوان (ئاسایشی یەكێتی، دژەتیرۆری یەكێتی، هێزی كۆماندۆی یەكێتی)ن و بەم هۆیەشەوە جگە لەوەی ئارامیی لە دەڤەری سلێمانیدا نەماوە، تا ئێستا بەهۆی ئەم پێكدادانانەوە چەندان كەس كوژراون. ناكۆكی و ململانێ لەنێوان ئەو دوو هێزەدا ئەمجارە لەسەر ئەوەی كە كامیان لە هەڵەبجە باڵادەستتر بن، بەم هۆیەوە كارمەندانی هەر یەكێك لەو هێزانە، حیساب بۆ هێزەكەی دیكە ناكات، لەم چوارچێوەیەشدا شەوی رابردوو كارمەندێكی دژەتیرۆری یەكێتی كاتێك دەچێتە نێو مەفرەزەیەكی ئاسایشی حزبەكەی، دەبێتە دەمەقاڵێیان و لە ئەنجامدا شەڕەتەقە دروست دەبێ. هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، لە ئەنجامی شەڕەتەقەكەدا، كارمەندێكی ئاسایشی یەكێتی بە ناوی (سۆران جەلال شاوەیس) كە ئامۆزای بەختیار شاوەیس، سەركردەی نزیك لە لاهوور جەنگییە، گیانی لەدەست داوە. لەمبارەیەوە خەزووری كوژراوەكە رایگەیاند، مەفرەزەیەكی ئاسایش دەرچوونێكیان هەبووە و دواتر لە لایەن شۆفێری ماتۆڕسكیلێكەوە تەقەیان لێ كراوە، بەم هۆیەوە زاواكەیان فیشەكێكی بەركەوتووە و بە برینداری لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە. ئەوەشی ڕوون كردەوە كە كوژراوەكە دانیشتووی شارۆچكەی (سەیدسادق)ە و تەمەنی 32 ساڵە و باوكی دوو منداڵە.

هەواڵ
28-07-2023

چوار کەس لە شارباژێر گیانیان لە دەستدا

سنووری گوندی رەنگینە لە دەڤەری شارباژێڕ بۆردوومان کراو قایمقامی قەزای ماوەت دەڵێت، جگە لە بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێک، ئاگر لە ناوچەکەش کەوتووەتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی زەلان دەڵێت، "چوار کەس لە ئۆتۆمبێلەکەی شارباژێڕدا بوون و گیانیان لەدەستداوە." شاهۆ عوسمان، قایمقامی قەزای چوارتا لە دەڤەری شارباژێڕ رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی رەنگینەی شارباژێر ئۆتۆمبێلێک بۆردوومان کرا. هاوکات سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زەلان وتی "چوار کەس لە ئۆتۆمبێلەکەی شارباژێڕدا بوون و گیانیان لەدەستداوە." قایمقامی چوارتا ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە. لەبارەی زیانی گیانی و ناسنامەی ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج، شاهۆ عوسمان رایگەیاند، "جارێ هیچ شتێک نازانرێت. هێزەکانی بەرگریی شارستانی، تیمی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان رەوانەی سنوورەکە کراون و سەرقاڵی ئەرکەکانیانن."

1 2 ... 315 316 317 ... 1146 1147