Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13759 بابەت
هەواڵ
01-08-2023

حکومەتی بەریتانیا دان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا دەنێت

حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی تاوانەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید دەناسێنێت. وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی بەریتانیا لە بەیاننامەکەیدا تاوانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند. لە مانگی ئابی ساڵی 2014 رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوای پەلاماردانی ژمارەیەک پارێزگای عێراق، هێرشیکردە سەر قەزای شنگال و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لەژێر کۆنتڕۆڵیدا مایەوە. داعش زیاتر لە سێ هەزار و 200 کوردی ئێزدی کومەڵکوژ کرد و نزیکەی حەوت هەزاری دیکەشی رفاند، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون.

هەواڵ
01-08-2023

ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی مووچەوە دەدرێت

شاندێكی ته‌كنیكیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بەغدایە و بڕیاریشە تاوتوێی یاسای نەوت و گاز لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بکات. شاندێكی باڵای ته‌كنیكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بەغدان و ئەمڕۆش لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراقی سەبارەت بە پرۆژەیاسای نەوت و گاز گفتوگۆ دەکەن. دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق، چەند جارێک شاندی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسایەک کە چارەسەری پرسی نەوت و گاز لە نێوان هەولێر و بەغدا بکات و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت. بەدەر لە پرسی نەوت و گاز، تا ئێستا چه‌ندین جار شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجە، سه‌ردانی به‌غدای كردووه، ئێستاش چاوەڕوان دەکرێت حكومه‌تی فیدراڵ هاوشێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت و پابەندییەکانی بە یاسای بودجە جێبه‌جێ بکات و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات. لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو تیمی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێکهێنراوە بۆئەوەی رەشنووسێکی نوێ بۆ یاسای نەوت و گاز بنووسرێتەوە، هەردوولا لەسەر کۆمەڵێک بڕگە و بابەتی گشتی رێککەوتوون، بەڵام هەندێک بابەت هەیە کە هێشتا لەسەری ماونەتەوە، بەتایبەتی بابەتی سەرپەرشتیکردنی کێڵگە نەوتییەکان و فرۆشتن و بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. تەوەرێکی دیکە کە بڕیارە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بابەتی یەكلاكردنەوەی حساباتی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2023ـەیە کە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی كوردستاندا هەیە. پرۆژەیاسای بودجە لە مانگی شەش ئەمساڵ بە فەرمی پەسەند کرا، بەڵام جێبەجێکردنەکەی لە مانگی یەکەوە دەبێت، بۆیە ئێستا کۆمەڵێك پاکتاوی دارایی سەبارەت بە ژمارەی مووچەخۆران و چەند داتا و زانیاری دیکە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە کە پێویستە لەماوەی دوو هەفتەدا یەکلا بکرێنەوە و، دواتر بڕیار لەسەر چۆنێتی ناردنی بودجەی شەش مانگی رابردوو دەدرێت. بە گوێرەی زانیارییەکان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ بڕیار لەسەر پرسی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت. رۆژی 27ـی تەمووزی 2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کۆنووسێکی هاوبەش لە نێوانیان واژۆ کراوە و رێککەوتوون لەسەر ناردنی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. ژێدەر کوردستان24

هەواڵ
31-07-2023

وەزارەتی تەندروستی نەشتەرگەرییەکی لە هاوڵاتیان قەدەغە کرد

ئاگاداریەک لە وەزارەتی تەندروستی …نەشتەرگەری درێژکردنی بەژن و باڵا بەمەبەستی جوانکاری قەدەغەیە وەزارەتی تەندروستی لێژنەیەکی پسپۆڕی ڕاوێژکاری زانستی پێکهێناوە بۆ دیاریکردنی ڕێنمایی و بەڵگە زانستیەکانی بەکارهێنانی دەزگای جێگیرکردنی دەرەکی بازنەیی (ئیلیزارۆف Ilizarov بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئێسک.نابێت هیچ پزیشکێک یان نەخۆشخانەیەک ئەم نەشتەرگەریە ئەنجام بدات تەنها بەمەبەستی چارەسەری کێشەوگرفتی تەندروستی و بەڵگەداری زانستی دەبێت، بۆ درێژکردنی بەژن و باڵا بەمەبەستی جوانکاری قەدەغەیە. هاوڵاتیانی خۆشەویست پێویستە هۆشیاربن و خۆیان دوور بگرن لە ترسناکی ئەگەری ئاڵۆزکانی ئەم نەشتەرگەریە، تا ئێستا هیچ سەنتەرێک یان ڕێگەپێدانی فەرمی ئەم خزمەتگوزاریە نەدراوە. ڕاگەیاندنیوەزارەتی تەندروستی/ حکومەتی هەرێمی کوردستان31 تەمموز 2023

هەواڵ
31-07-2023

ئەو تۆمەتبارانەی تەقەیان لە ماڵەکەی محەمەد بامەندی کرد دەستگیر کران

ئەو تۆمەتبارانەی کەلەسەر کێشەیەکی کۆمەلایەتی تەقەیان لەماڵی هونەرمەندی میللی شاری هەولیر ناسراو بە (محمد بامەند) کردو ,بوه هۆکاری گیان لەدەستدانی ،دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر کەسی تەقەکەربەناوی (ش ، م،ع) و دوبرای بەناوەکانی (ڕ ، م،ع)و(ح ،م ،ع) دەستگیر کران ،روبەڕوی یاسا كرانه وه بەڕێوە بەرایەتی ئاسایشی هەولێر.

هەواڵ
31-07-2023

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

چەند نوسراوێکی فەرمی وەزارەت لە چەند پەیجێکدا بڵاو کراونەتەوە، دەربارەی کڕینی خانوو و ئۆتۆمبێل بۆ بەڕێز بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لەمبارەیەوە رایدەگەیەنین:١. ئەو دوو خانووەی لە نوسراوەکەدا باس کراون، موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون.وەک تەواوی ئەو خانووانەی تر بەکاردەهێنرێن، کە وەزیر و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا بەکاریان دەهێنن.٢. بەڕێز بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان کار ناکات، تەواوی ئەو فەرمانە وەزاریانەی، کە واژۆی لەسەر کردوون فەرمی و یاسایین.٣. لەم ساڵدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراون لەناویاندا ئۆتۆمبێلێک دراوە بە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە.٤. بڵاوکردنەوەی نوسراوە فەرمییەکانی وەزارەت لێپێچینەوەی یاساییان لەسەرە و لەمبارەوە، تەواوی ئەو کەسانە دەدەینە دادگای سەربازی، کە کار لەسەر دزەپێکردنی نوسراوە فەرمیەکانی وەزارەت دەکەن و لە میدیاکاندا بڵاویان دەکەنەوە. وەزارەتی پێشمەرگە٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣

هەواڵ
31-07-2023

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی چل ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان چل ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس لە هەڵمەتێكی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، دەستبەسەر كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن.ئەو تاوانە بەشێك بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانیدانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بە مەبەستی لەناوبردن و تواندنەوە بەسەر رۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و كیمیابارانكردنى هەڵەبجە و ناوچەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان.بەداخەوە، لەكاتێكدا چل ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی كوردستان لە خەیاڵدان و رەفتاری ھەندێ كەس و لایەندا دەبینین، ئەوەش خۆیلەخۆیدا گرفتی سەرەكیی گەلەكەمان بووە لەگەڵ ئەو عەقلیەتە نامرۆڤانەیە كە سەرچاوەی نەهامەتی و ناسەقامگیرییە بۆ هەموو عێراق و ناوچەكە. لەیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا پێزانینم بۆ ڕۆڵەكانی گەلەكەمان بە تایبەت جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران هەیە كە لە ڕۆژگارە سەختەكاندا كوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەم كە ساڵانێكی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان تەحەمول كردووە و بوونە نموونەی باڵای خۆڕاگری و ڕەوشتبەرزی و كوردپەروەری. مسعود بارزانی31ی تەمموزی 2023

هەواڵ
31-07-2023

پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 31ی تەمووزی 2023، لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە گەلی کوردستان. لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ چل ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە جینۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد و بارزانی بوون، دەستگیرکران و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران. وەک مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی پێداوە، ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی ڕژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە گەلی کوردستان، کە بێسەروشوێنکردن و جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی و ئەنفالکردنی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری دیکەی کوردستان، زنجیرەیەک بوو لەو تاوانە هۆڤانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دران. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، جێگەی داخە لە دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، کەچی هێشتاش کەسانێک هەن بەهەمان عەقڵییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێ مافە رەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن. لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان، بە هەزاران قوربانی داوە و رووبەڕووی چەندین تاوان و کارەساتی گەورە بووەتەوە لە پێناو بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی کە هەرگیز دەستبەرداری نابێت. مەسرور بارزانی گوتیشی: دەڤەری بارزان یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستان، کە لە سەدەی رابردوودا، بە دەیان جار دووچاری وێرانکاری و کۆمەڵکوژی و جێنۆساید بووەتەوە، بەڵام ئەو هەموو زوڵم و ستەم و تاوانانە، نەیتوانیوە ئیرادەی نەتەوەیی و گیانی خۆڕاگری و بەرگری لەم دەڤەرە لەناو ببات و هەمیشە دژی زوڵم و ستەم ڕاپەڕیون و بە هۆی خۆڕاگری و قوربانیدان و خوێنی پاکی شەهیدەکانمان، ئەم قەوارە دەستوورییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لێ بکەین و زیاتر گەشەی پێ بدەین. لە ساڵیادی کارەساتی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت: خواست و داوای هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەوی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی دەستوور، دووپات دەکەینەوە. پێویستە هەموومان کار بۆ ڕیشەکێشکردنی هزری ئەنفال و دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەین. سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامەکەیدا رایدەگەیەنێت، لە ساڵڤەگەڕی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەری ڕێز بۆ بارزانییە ئەنفالکراوەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە. هەروەها رێز و پێزانینم بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان هەیە کە ڕووبەڕووی ڕۆژگارێکی زۆر سەخت بوونەوە بەڵام توانیان سەربەرزانە منداڵ و نەوەکانیان پێ بگەیەنن . سوپاسی جوامێریی و بەهاناوەچوونی خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری هەولێر و دەوربەری و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەم، کە لە کاتی ئەم کارەساتەدا، هاریکار و هاوسۆزی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی بوون. گوتیشی: سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و گشت ئەنفالکراوانی کوردستان و هەمیشە لە یادمانن.

هەواڵ
31-07-2023

پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان

ئەمڕۆ دووشەممە 7/31 ، لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی ؛ ئەمڕۆ چل ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە جێنۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد و بارزانی بوون ، دەستگیرکران و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران. ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی ڕژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە گەلی کوردستان، کە بێسەروشوێنکردن و جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی و ئەنفالکردنی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری دیکەی کوردستان، زنجیرەیەک بوو لەو تاوانە هۆڤانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دران. جێگەی داخە لە دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، کەچی هێشتاش کەسانێک هەن بەهەمان عەقلییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێ مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن. لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان ، بە هەزاران قوربانی داوە و ڕووبەڕووی چەندین تاوان و کارەساتی گەورە بووەتەوە لە پێناو بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی کە هەرگیز دەستبەرداری نابێت. دەڤەری بارزان یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستان، کە لە سەدەی ڕابردوودا، بە دەیان جار دووچاری وێرانکاری و کۆمەڵکوژی و جێنۆساید بووەتەوە ، بەڵام ئەو هەموو زوڵم و ستەم و تاوانانە، نەیتوانیوە ئیرادەی نەتەوەیی و گیانی خۆڕاگری و بەرگری لەم دەڤەرە لەناو ببات و هەمیشە دژی زوڵم و ستەم ڕاپەڕیون و بە هۆی خۆڕاگری و قوربانیدان و خوێنی پاکی شەهیدەکانمان، ئەم قەوارە دەستوورییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لێ بکەین و زیاتر گەشەی پێ بدەین. لە ساڵیادی ئەم كارەسات و یادە خەمگینەدا ، خواست و داوای هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەوی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی دەستوور، دووپات دەکەینەوە. پێویستە هەموومان کار بۆ ڕیشەکێشکردنی هزری ئەنفال و دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەین.لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، سەری ڕێز بۆ بارزانییە ئەنفالکراوەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە. هەروەها ڕێز و پێزانینم بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان هەیە کە ڕووبەڕووی ڕۆژگارێکی زۆر سەخت بوونەوە بەڵام توانیان سەربەرزانە منداڵ و نەوەکانیان پێ بگەیەنن . سوپاسی جوامێریی و بەهاناوەچوونی خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری هەولێر و دەوربەری و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەم، کە لە کاتی ئەم کارەساتەدا، هاریکار و هاوسۆزی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی بوون. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و گشت ئەنفالکراوانی کوردستان و هەمیشە لە یادمانن. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
31-07-2023

پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 40ـەمین ساڵیادی ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ "له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌، كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى سه‌فرازى و سه‌ركه‌وتنمانه‌". دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌، يادى چل ساڵه‌ى ئه‌نفالكردن و بێسه‌روشوێنكردنى هه‌شت هه‌زار مێرمنداڵ و گه‌نج و پياو و پيرى بارزانى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كۆتاييى ته‌ممووز تا ناوه‌ڕاستى ئابى 1983 له‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆرملێكاندا، بوونه‌ قوربانيى تاوانێكى دڕندانه‌ و هه‌ڵمه‌تێكى ڕه‌شبگيريى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق و ئيتر هه‌رگيز نه‌گه‌ڕانه‌وه‌. به‌ هه‌زاران خێزانى بارزانيى بێ ده‌سه‌ڵات له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانى قوشته‌په‌ و به‌حركه‌ و هه‌رير و سۆران و چه‌ند شوێنێكى ديكه‌، بێ باوك و برا و به‌ هه‌زاران خانمى ڕووسوورى بارزانى، بێ مێرد مانه‌وه‌ و ناچار بوون به‌ ته‌نيا ڕووبه‌ڕووى چاره‌نووسێكى ناديارى سه‌خت ببنه‌وه‌ و به‌رگه‌ى ده‌يان ده‌رده‌سه‌رى و نه‌هامه‌تى بگرن و بمێننه‌وه‌. ئه‌وان بۆ منداڵه‌كانيان بوون به‌ باوك، بۆ په‌يداكردنى بژێوى ژيان و په‌روه‌رده‌كردنيان، ئازار و سه‌ختى و ناخۆشيى زۆريان كێشا. به‌رگه‌ى نه‌بوونى و هه‌ژارى و بێكه‌سييان گرت و به‌ گيانێكى ئاڵنگارييانه‌ى به‌رزه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووى ژيان بوونه‌وه‌ و لێهاتووانه‌ نه‌وه‌يه‌كى نيشتمانپه‌روه‌ر و وڵاتپارێزيان په‌روه‌رده‌ كرد. ده‌ستى يه‌ك به‌ يه‌كى ئه‌و دايكه‌ ميهره‌بان و دڵسۆزانه‌ ماچ ده‌كه‌م. ئه‌نفالكردنى بارزانييان وه‌ك هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان كران، نه‌ك هه‌ر هێز و تينى گه‌له‌كه‌مانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و دیكتاتۆرى خاو نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو گيانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ئيراده‌ى سه‌ركه‌وتن و ئازادى، لاى ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌گوڕتر كرده‌وه و به‌ بڕوايه‌كى پته‌وتره‌وه‌ به‌رده‌وامى به‌ تێكۆشان دا. له‌م ياده‌دا سڵاو و دروود بۆ قوربانييانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان ده‌نێرين و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين. سڵاو و سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌و جوامێرانه‌ى له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى، له‌ هه‌رير و باتاس و سۆران و له‌ هه‌ر كوێ بوون، يارمه‌تيى خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوانى بارزانييان دا و په‌نايان دان. هه‌ر له‌م ياده‌ و له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى سه‌فرازى و سه‌ركه‌وتنمانه‌. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

هەواڵ
30-07-2023

بکوژانی کەسێک دەستگیرکران؛ بە هاوکاری ژنەکەی پیاوێکیان کوشتووە

دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری ڕووداوێکی کوشتن ڕادەگەیەنێت. بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بکەرانی تاوانی کوشتنی هاوڵاتیەکی گەڕەکی سەرچناری سلێمانی دەستگیرکرد. هێزەکانی ئاسایش دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدەستهێنانی زانیاری وورد، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، ئەنجامدەرانی تاوانی کوشتنی هاوڵاتی ( صمد عارف محمد )ی تەمەن ٤١ ساڵیان دەستگیرکرد، کە لەشەوی ٢٠٢٣/٦/٦ لەماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی گردەبڕاوەکە بە چوار فیشەک کوژرا. دوای لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئاسایش، دەرکەوت خێزانی (صمد) بەرنامە داڕێژەری ئەم تاوانە بووە و بە هاوکاری دوو کەس ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی. لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی ( ٤٠٦ )لەیاسای سزادان بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراون.

هەواڵ
30-07-2023

وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی چەکی بێ مۆڵەت راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە

ئاگادارییەک لە وەزارەتی ناوخۆوەدوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە رێی کردنەوەی ٩٠ بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، بنکەکانی پۆلیس زیاتر لە ١٧ حەڤدە هەزار چەکی هاووڵاتیانیان تۆمار کردووە و پسپولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە ٢٢ی تەموزی ٢٠٢٣، یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.بۆ ئەو هاووڵاتیانەی هێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی ١٢، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.لە دەقی بڕگەی یەکەم لە ماددەی ١٢ی یاسای چەک هاتووە:" هەرکەسێک لە ماوەی (٦٠) شەست ڕۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت، و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات"لە ئێستادا هاوڵاتیان، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەکیان نیە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ دەستداری یان بۆ هەڵگرتنی چەک بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری یان مۆڵەتی چەک هەڵگرتن، تا وەڵامی داواکارییەکەی دەگرێتەوە، چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاغی لەگەڵ ناکرێت.بۆ زانیاری هاووڵاتیان، بە گوێرەی ماددەی (٤) بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، هاووڵاتیان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەت داواکاری پێشکەش بکەن:یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو هاووڵاتیە داوا دەکات کە مۆڵەت وەرگرێت چەکێکی ئاگرینی هەبێت لە ماڵەوە (کلاشینکۆف یان دەمانچە یان هەردووکی) و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.داوا لە هاووڵاتیانی ئازیز دەکەین کە سوود لەو ٦٠ رۆژە وەربگرن و ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە، دەتوانن سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی داوای مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەک بکەن.هەروەها داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان لە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بپارێزن چونکە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێ مۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ دەستبەسەر کردنی هەر پارچە چەکێکی بێ مۆڵەت، هەڵگرەکەی بەگوێرەی ماددەی ١٥ لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت. ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٣

هەواڵ
30-07-2023

راگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی

کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەباشان ئەنجام درا. دوای تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و عیراق و کوردستان بە تایبەتی، هەردوولا تەئکیدمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کردەوە و تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان لە پێناو بژێوی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان.بە ئاڕاستەی زیاتر چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتین: ١: هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. ٢: بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین. ٣:بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت. ٤: هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین. ٥: لە پێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.

1 2 ... 314 315 316 ... 1146 1147