Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13752 بابەت
هەواڵ
13-12-2023

رۆژێک پشووی فەرمی ڕاگەیەنرا

لەسەر پێشنیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، 18ـی ئەم مانگە لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، پشووی فەرمی دەبێت. ڕۆژی 18ـی كانوونی یەكەم، كە دەكاتە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، لە سەرجەم دامودەزگەكانی هەرێمی كوردستان، بە هۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەو ڕۆژەدا، لە هەرێمی كوردستان پشووە. پشووەكە هەموو دامودەزگە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ڕۆژی سێشەممە، 19ـی كانوونی یەكەم، دەوامی فەرمی لە سەرجەم داموەدەزگە فەرمییەكان دەست پێ دەكاتەوە.

هەواڵ
13-12-2023

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی سێ برگە کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات و تیایدا چەند بابەتێک تاووتوێ دەكرێن.بڕگەیەكی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی ڕێكارەكانی فریاگوزاریی شارستانی و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕووداوی ئـــاگرکەوتنەوە لە باڵەخـــانەیەک لە ئیـــدارەی ســەربەخۆی ســـۆران كە لە 8ـی ئەم مانگەدا ڕووی دا و بـــووە هـــۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.لە بڕگەیەكی تری كۆبوونەوەكەدا، بڕیاری كۆتایی لەسەر ڕاپۆرتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خستنەڕووی ڕاسپاردە و چارەسەرەکان دەدرێت، کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا خرابووە ڕوو و بڕیاردان لەسەر ڕاپۆرتەکە بۆ کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دواخرابوو.دوابڕگەی كۆبوونەوەكە، تاووتوێكردنی ڕاپۆرتێکی وەزیری كارەبای هەرێم دەبێت لەبارەی ڕەوشی كارەبا و گرفتی کوژانەوەی گشـتیی سیستمی کارەبا و هەوڵی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەڕانەوەی كارەبا. هەر پەیوەست بەو پرسە بەرنامەی پریپەید و نرخەكەی تاووتوێ دەكرێت. فەرمانگەی میدیا و زانیاری

هەواڵ
13-12-2023

نرخی دۆلار بەرانبەر دینار دابەزی 

ئەمرۆ چوارشەممە 13/12/2023 نرخی دراوەكان بەمشێوەیە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان مامەڵەیان پێوەدەكرێت:  100 دۆلاری ئەمریكی بە 156 هەزار و 800 دیناری عیراقییە. 100  یۆرۆ بە 107 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت. 100  پاوەن بە 125 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت. 100 دۆلار بەرامبەر بە دوو هەزار و 860 لیرەی توركیە.  100 دۆلار بەرامبەر بە پێنج ملیۆن و 35 هەزار تمەنی ئێرانیە.

هەواڵ
12-12-2023

نهێنی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای عەبدولـلەتیف سەلەفی

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەردانی عەبدولـلەتیف سەلەفی، یەکێک لە رێبەرانی سەلەفی لە هەرێمی کوردستان کرد و لەماڵەکەی خۆی لەگەڵی کۆ بووەوە. بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوە سەردانی عەبدولـلەتیف سەلەفی کردووە کە شوێنکەوتووانی دەنگ بە لیستی یەکێتی بدەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوک. باڵکێش زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی، بۆ ئەوەی قەناعەت بە عەبدولـلەتیف سەلەفی بکات، داوای لێکردووە دەنگ بە کاندیدێکیان بدەن کە خۆی بە مەلا ناساندووە.

هەواڵ
12-12-2023

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کازاخستان لە عێراق و ئوردن دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 12/12، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەیدەربێک توماتۆڤ، باڵیۆزی کۆماری کازاخستان لە عێراق و ئوردن کرد. باڵیۆزی کازاخستان خۆشحاڵیى خۆی بە سەردانکردن و پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان دەربڕی. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ له‌بارەی برەودان بە پەیوەندیى نێوان هەردوولا بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی کرا، لەمبارەیەوە ئاماژە بە ڕۆڵی کارا و بەهێزی ڕەوەندی کوردستانی لە کازاخستان درا.

هەواڵ
12-12-2023

وەزارەتی دارایی وادەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەنێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی وادەی دابەشکردنی مووچە و بڵاوکردنەوەی خشتەی دابەشکردنی مووچە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند: "بۆ راگەیاندنی خشتەی دابەشکردنی مووچە و کاتی دابەشکردنی مووچەی سەرجەرم وەزارەت و دامەزراوەکان، وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدان". ئەمڕۆ سێشەممە 12/12/2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بڕی 250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق". وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چەند رۆژی رابردووشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا سەرجەم رێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی 500 ملیار دیناری لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە واژۆکردووە.

هەواڵ
12-12-2023

ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزای تورکیا دەکرێت

بەرپرسانی عێراق و تورکیا لە بەغدا کۆبونەوە، بو گفتگۆکردن لە بارەی سادەکردنەوەی رێکارەکانی ڤیزای تورکیا بۆ هاوڵاتیانی عێراق. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد حسێنی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ رەزا گیونەی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کۆبونەوە و گفتوگۆیان لە بارەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردو وڵات کرد. ئاماژە بەوەشکراوە، لە هەمان کۆبونەوە لە بارەی ئامادەکارییەکانی سەردانی بەرپرسانی هەردو وڵات گفتوگۆ کرا، هەروەها پرسەکانی پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش و واژۆکردنی چەند یاداشتانامەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندی هەردو وڵات بکات تاوتوێ کرا. ئەوەشخراوەتەڕو، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بوە بە گفتوگۆکردن لەبارەی رێگەدان بە هاتوچۆی هاوڵاتیانی عێراق بۆ تورکیا و بە هەمان شێوە تورکیا بۆ عێراق، هەروەها ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیان.

هەواڵ
12-12-2023

بەپەلە… پارەی مووچەی فەرمانبەران گەیشت

بڕی ٢٥٠ ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری. کەمێک لەمەوبەر بڕی ٢٥٠ ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

هەواڵ
11-12-2023

واژۆی گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیاری تر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە واژۆ...

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند: وەزیری دارایی گرێبەستی وەرگرتنی ٢٠٠ ملیار دیناری لەبانکی ڕەشید واژۆ کرد. ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٣/١٢/١١ بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لە شاری بەغداد گرێبەستی وەرگرتنی ٢٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز لە ڕێگای بانکی ڕەشیدەوە واژۆ کرد. لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لەبەغداد سەرجەم ڕێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی ٥٠٠ ملیار دینارمان لە ڕێگای بانکەکانی ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە واژۆ کردوووەو چاوەڕوانین لەنزیکترین کاتدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢

هەواڵ
11-12-2023

مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی یۆنان دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 12/11، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نیکۆلۆس ستێریولاس، کونسوڵی گشتیی نوێی یۆنان لە هەرێمی کوردستان کرد.لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی یۆنان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست دەربڕی.کونسوڵی گشتیی یۆنان، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە بە تایبەتی لە بوارەکانی کولتووری و بازرگانی و کشتوکاڵیدا.

هەواڵ
11-12-2023

کەشناسێک پێشبینی بارانی بە لێزمە دەکات

شارەزایەکی کەشناسی، پێشبینی بارانی بەردەوام و هەورەبروسکە دەکات لە دوو رۆژی داهاتوودا. ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی، ڕایگه‌یاند: لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ شەو بەھۆی درێژبوونەوەی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکانمان، ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەوری تەواو ده‌گۆڕێ و لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق و سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ لە کاتی جیاوازدا ئەگەری دروستبوونی ھەورەبروووسکە و تاوەباران بە ڕێژەی جیاواز دەبێت لە ناوچەکانی دیکەدا ئەگەری نمەباران لە ھەندێک کاتدا دەبێت و کاریگەریی ئەم ناسەقامگیرییە تا بەرەبەیانی سبەی سێشەمە 12/12/2023 بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە پێشبینیەکانی رۆژی سێشەممە، ڕایگەیاند: بۆ سبەی ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە درێژایی کاتەکان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمەباران لە کات و شوێنی جیاوازدا و پلەکانی گەرما بەرێژەی 1 تا 2 پلە نزمبوونەوە بە خۆیەوە دەبینێت. ئاراس جه‌بار ڕاشیگه‌یاندووه‌: سبەی شەو کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای سوور لەسەر ناوچەکانمان چالاک دەبێتەوە و بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان دەست پێدەکاتەوە بە ڕێژەی ناوەند و رۆژی چوارشەممە 13/12/2023 چەقی کاریگەریی ئەم شەپۆلە دەبێت بە تایبەت لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بە شێوەی بارانی بەردەوام و ھەندێک کات ھەورە بروسکە و لێزمە باران لەناوچەکانی دیکەشدا ئەگەری بارانی باش و ناوەند دەبێت، لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا و نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما.

هەواڵ
11-12-2023

مەسرور بارزانی پەیامێک ئاراستەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەکات

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی(71)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکات. دەقی پەیامی مەسرور بارزانی: لە ( 71 )مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم و ھیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.  یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا گێڕاوە و قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی بەتوانا و سەرکردە. لەم بۆنەیەدا، پابەندبوونی خۆمان بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی تواناکانیان دووپات دەکەینەوە. ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز بێت.  سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و گشت شەهیدانی کوردستان. مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان 2023/12/11

1 2 ... 253 254 255 ... 1145 1146