درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمشەو پێنجشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر 23:06، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە 18/1/2024 دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند: ئەمشەو پێنجشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، لە ژمارەیەک میدیا و کەناڵی ڕاگەیاندن وا بڵاو کرایەوە گوایە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لای خۆمانەوە رایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و هیچ هێرشێک ڕووی نەداوە و هیچ درۆنێکیش نەخراوەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/18 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەرمەنستان ڤاهاگن خاچاتوریان کۆبووەوە.دوايين گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمەنستان تاوتوێ کرا.هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و نەهێشتنی گرژی و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/18 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی شانشینی یەکگرتوو کۆبووەوە . تەوەری سەرەکیى کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پرسە و هاوخەمیى خۆی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و هێرشەکەی بە توندی سەرکۆنە کرد و گوتی هیچ پاساوێکی نییە و دەستدرێژییە بۆ سەروەریى عێراق و قبوڵکراو نییە. سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوخەمی و پشتیوانیی بەریتانیای کرد. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامبوونی هاریکاری و هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بەگشتی.پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێم، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە بوو. 1 2 3 4
ئەمرۆ پێنجشەممە 18/1/2024 کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئیدانەی هێرشەکانی ئێران دەکات بۆ سەر هەولێر. ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکە: بە توندی ئیدانەی هێرشە پڕتوندوتیژی و بێماناکانی ئەم دواییەی ئێران دژی هاووڵاتیانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنیە بەردەوامەکانی سەرتاسەری ناوچەکە دەکەین. سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیەکان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ هەموو ئەوانەی برینداربوون دەخوازین. ئیدانەی پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق لە لایەن ئێرانەوە دەکەین. وە لە بەرامبەر ئەو هەموو هەواڵە نادروستانەی لە ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دەمانەوێت ڕونیبکەینەوە کە لە هێرشەکانی ئێران لە ١٥ ی کانونی دووەمدا هیچ ناوەندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیانیان بەرنەکەوتوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1/17 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان له داڤۆس، لهگەڵ ئيمانوێل ماكڕۆن، سهرۆكى فهرهنسا کۆبووەوە. تەوەرێکی سەرەکیى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هێرش و پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریى عێراق و هەرێمی کوردستانە.هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. سەرۆک ماکڕۆن هاوخەمیی قووڵی خۆی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.سەرۆکی حکومەت سوپاسی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسای کرد بۆ هاوخەمی و پشتیوانیی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانی لە گەلی کوردستان کردووە. گرنگیی چارهسهركردنى کێشەكانى هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. 1 2 3
ئەمرۆ چوارشەممە 17/1/2024 ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە. ئەمە دەقی ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش: دوای ئەو هێرشە مووشەکییە ترسنۆکانەی سەر هەولێر و کاردانەوەی توندی حکومەتی فیدراڵ لە ئیدانەکردن و پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە، هەندێ دامودەزگای سەر بە ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی ساختە و ناپەیوەندیدار، دەستیان بە چەواشەکاری کردووە تاکوو پاساو بۆ کردارە دڕندانەکەیان بێننەوە. دامودەزگاکانی هەرێم هەموو هاوکارییەکی ئەو لێژنەیە دەکەن کە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی پێکهاتووە و زۆر ئاشکرایە کە ئەم هێرشە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج و ئەم هەوڵانەش ناتوانن ئاراستەی ڕای گشتیی تووڕەی هەرێم و عێراق لە بەرامبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییە بگۆڕن.هەرێمی کوردستان پابەندی دەستوور و یاساکانی عێراق و هەرێمە و، ئەو بەشەی هێزی هاوپەیمانانیش کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە بە ئاگاداری و رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵییە.پێویستە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و لە ئاستی نێوەدەوڵەتیش هەنگاوی ڕژد بنرێت تاکوو سەروەریی عێراق و هەرێم بپارێزرێت و هاووڵاتییانمان لە مەترسیی ململانێ ناوچەییەکان بپارێزین. سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان17/01/2024
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی (ئێکس)، نووسیویەتی: "لە ئەمڕۆوە ئێمە دوو هێندە کار دەکەین لەسەر پرۆژەکانمان لە سێکتەری بانکی، پارەدانی دیجیتاڵی، وزە، کشتوکاڵ و پیشەسازی. مەسرور بارزانی، راشیگەیاند: "کوردستان بەرەو وەرچەرخان دەڕوات".
خشتەی فرۆشی دۆلار لەلایەن بانکی مەرکەزی عێراقی بۆ ئەمڕۆ 17,01,2024 حەواڵە 201,651,970 نەقدی 18,910,000 کۆی گشتی 220,561,970
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سکاڵای دژی ئێران له ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد. وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق سکاڵای دژی ئێران له ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد، هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و بێتاوان. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی نێردەی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵاکەی پێشکەشی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە سکاڵاکەیدا هێرشەکەی شەوی دووشەممەی سەر شاری هەولێر بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و ئاسایشهكهی وەسف کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 1/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا کۆبووەوە.تەوەری سەرەکیى کۆبوونەوە تایبەت بوو بە هێرش و پەلاماردانی هەولێر و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن، تاوتوێی ڕێکارەکانی پاراستنی ئارامیی هەرێم دەکات.سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە بەردەوامبوونی هێرشەکان و بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت.
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، بە درۆن و مووشەکی دوورهاوێژ دوو بنکەی گرووپی جەیشی عەدلی لەنێو پاکستان کردووەتە ئامانج. رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2024، ماڵپەڕی فەرمیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی بڵاویکردەوە، مووشەک و درۆنەکان هەردوو ئامانجەکەیان بە دروستی پێکاوە. جەیشی عەدل، گرووپێکی چەکداریی بەلووچیی دژی حکومەتی ئێرانە. وەکو پێگەی سوپای پاسداران ئاماژەی پێدەدات، "هەردوو بنکەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە، لە ناوچەی کوه سەبزی پارێزگای بەلوچستانی پاکستان کراونەتە ئامانج". تاوەکو ئێستا حکومەتی پاکستان هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر ئەو هەواڵەی سوپای پاسداران نەبووە. گرووپی جەیشی عەدل خۆی بە گرووپێکی رزگاریخوازی نەتەوەی بەلووچ دەناسێنێت و ناوە ناوە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران لەگەڵ سوپای پاسداران شەڕ و پێکدادانیان لە نێواندا روودەدات.