بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی ئێران، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە و لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی رادەگەیێنن. پارێزگاری هەولێر پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کردووە و دەشڵێت، بەهۆی پەلامار و مووشەکبارانی ناڕەوای هێزەکانی ئێران، کە شەوی رابردوو کرایە سەر شارەکە، لە ئەنجامدا "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکانی ئێران "بەبێ هیچ پاساو و بنەمایەک خەڵکی سڤیل و بێتاوانی کردووەتە ئامانج." عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، "بۆ دەربرینا هاوخەمی و هاوهەلویستیێ دگەل پارێزگەها هەولێرێ و بنەمالێن قوربانیان ژ ئەنجامێ ئەو هێرشا ترۆریستیا کو ژلایێ سوپایێ پاسدارێن ئیرانی بۆ سەر شارێ هەولێرێ هاتیەکرن و دئەنجامدا چوار هاولاتیێن سیڤیل شەهید و چەند کەس ژی بریندار بووی، لسەرانسەری پارێزگەها دهۆکێ بۆ ماوێ سێ رۆژان ماتەمینا گشتی ڕادگەهینین." "جارەکا دیتر ڤێ کریارا ترۆریستیا ترسنوکانە شەرمزار و بتوندی پرۆتستۆ دکەین. جهێ شەهیدان بهەشت بیت و بۆ بریندارا داخوزا شیفایا بلەز دخوازین."
ئەمڕۆ سێشەممە 1/16 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبووەوە.لە دیدارەکەدا دوایین بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و وەبەرهێنان و هاتنی وەبەرهێنەرە قەتەرییەکان بۆ هەرێمی کوردستان کرایەوە کە بڕیارە بۆ ئەم مەبەستە، شاندێکی وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی قەتەری سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 1/16، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس ، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە . هاوخەمی وڵاتەکەشی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەربڕی.وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیددی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەدەن.وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها سڵاوو ڕێز و پێزانینی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی هەبوو.سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە بێ پاساو و ناڕەوان و نابێ چیتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەم پەلامارانە بێ دەنگ بێت.گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی جیهان و لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرامبەر "دەستدرێژییەکان"ـی ئێران بوەستنەوە و چیدیکە هاونیشتمانییان نەکرێنە ئامانجی مووشەک و درۆنەکان. مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر دەکات و لە راگەیێندراوێكدا داوا لە حکومەتى عێراق دەکات "ئەرکى یاسایى و دەستوورى خۆى بۆ پاراستنى هاووڵاتییان و سەروەرى عێراق ئەنجامدات و چیدیکە وەکو پێشوو لە ئاست ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بى هەڵوێست نەبێت." دەقی راگەیێندراوی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان بەداخێکى زۆرەوە، جارێکى دیکە کۆمارى ئیسلامى ئێران بە پاساوى بێ بنەما لەڕێگاى ژمارەیەک مووشەکى بالیستى و درۆنەوە هێرشى کردە سەر شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە زیانێکى زۆرى گیانى لێکەوتەوە. ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان بە توندى ئیدانەى ئەم هێرشە بێ پاساوە دەکەین کە بووە هۆى شەهید و برینداربوونى ژمارەیەک هاووڵاتى سڤیل و ئافرەت و منداڵى بێ تاوان. ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجى تێکدانى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى پشێوییە و، پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانى جیهان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە دژى ئیرهاب و توندوتیژین، بەرامبەر ئەم دەستدرێژیەى کۆمارى ئیسلامى ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بوەستنەوە و ڕێگا لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفى هاوسێیەتییە بگرن و چیتر هاوڵاتیانى سەربەرزى کوردستان نەکرێنە ئامانجى مووشەک و درۆنەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و دەستوپێوەندەکانی، هەروەها حکومەتى فیدراڵ ئەرکى یاسایى و دەستوورى خۆى بۆ پاراستنى هاووڵاتیان و سەروەرى عێراق ئەنجامدات و چیتر وەکو پێشوو لە ئاست ئەم هێرش و دەستدرێژیانە بى هەڵوێست نەبێت. لەکۆتاییدا، وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی خۆمان، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم هێرشە تاوانکارییە دەکەین و هیوای تەندروستی و زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان ١٦ى ١ى ٢٠٢٤
دڵمان لای هەولێر و هەولێرییەکانە، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەی سەر شاری هەولێری خۆشەویست دەکەم کە تیایدا هاووڵاتییانی مەدەنی بوونە قوربانی، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکەم ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن، ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە کە رێگە لەم پێشێلکارییانە بگرێت. بەداخەوە ناکۆکی و دووبەرەکی نێوان لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوەندەی تر دەستی دوژمنانی کوردی واڵاکردووە کە زۆر بە ئاسانی بتوانن پێشێلکارییەکانیان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، پێویستە لایەنە سیاسییەکان چیتر نەبنە داردەستی وڵاتان و جێبەجێکردنی ئەجندای ئیقلیمی بۆ لەناوبردنی ئەزموونەکەمان. لاهور شێخ جەنگی
سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان هێرشهكهى سهر ههولێر سهركۆنه دهكاتزۆر به توندى سهركۆنهى ئهو هێرشه دوژمنكارييه دهكهين كه سوپاى پاسدارانى ئێران شهوى ڕابردوو به مووشهكى دوورهاوێژ كرديه سهر ههولێر و له ئهنجامدا ژمارهيهك هاووڵاتى شههيد و بريندار بوون. سهرهخۆشى له خانهواده و كهسوكارى شههيدان دهكهين، هاوسۆز و هاوخهميانين و هيواى زووچاكبوونهوه بۆ برينداران دهخوازين.بهردهواميى بهئامانجگرتنى ههرێمى كوردستان و شههيدكردنى هاووڵاتييان، تاوانكارييهكى بێ پاساو و دژ به ياسا نێودهوڵهتييهكان و دراوسێيهتى و بهها مرۆيييهكانه، ههروهها پێشێلكردنێكى زهقى سهروهرى و ئارامى و سهقامگيريى عێراقه. ههرێمى كوردستان ههرگيز بۆ هيچ لايهنێك سهرچاوهى ههڕهشه نهبووه و نابێت.بههانهى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ هێرشهكه به تهواوى بێ بنهما و دووره له ڕاستييهوه، بۆيه داوا له حكوومهتى فيدراڵيى عێراق دهكهين بهپهله دهست به لێكۆڵينهوه بكات بۆ دهرخستنى ڕاستييهكان، ههروهها ئهركى خۆى له پاراستنى ههرێمى كوردستان بهجێ بگهيهنێت و ڕێ لهو هێرشانه بگيرێت.سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان2024/1/16
سڵاو لە هەولێرى هۆلاکۆبەزێن و هەموو کوردێکى خۆڕاگر.. هێرشى ترسنۆکانەى دوور لەهەموو یاسا و ئەخلاقى سیاسیى و نێودەوڵەتیى و ئاینیی وڵاتێکى دراوسێى هەرێمى کوردستان بەتوندى ئیدانە دەکەم. ئەگەر ئەوان خەیاڵى ئەوە دەکەن بە هێرش و پەلامارى ترسنۆکانە، بەبیانووى نائەخلاقى و بێبنەما، بیانەوێت ئیرادەى گەلەکەمان بڕووخێنن، ئەوا گرەوى شکستخواردووى چەند ڕژێمى ناوچەکە شایەدى ئەوەن گەلەکەمان تا دوادڵۆپى خوێن لە خەبات بەردەوام بووەو دەبێت، دوژمنانیش شوێنیان زبڵدانى مێژووە. گەلەکەمان هەزاران شەهیدى داوە، بەڵام هەرگیز لە خەباتى کوردایەتی کۆڵنادەین. ئەگەر بەرپرسانێکى بەویژدان لەناو حکومەتى عێراقدا هەن، ئەوا پێیاندەڵێم سەرکردایەتى سیاسیى عێراق ئاگاداربکەنەوە کە چیتر بەم بێڕەوشتییە حکومڕانى عێراق ناکرێت. هەموومان باش لەو یارییە تێدەگەین کە هەندێ هێزى سیاسیى و ئەمنیى عێراق پشتیوانیى جموجوڵى هەندێ گروپى مافیاى تیرۆریستیى داواکراوى نێودەوڵەتى دەکەن و لەژێر چەترى حکومەتى عێراق و دامودەزگاکانیدا هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە فەرمییەکان و ناوچە مەدەنییەکانى هەرێمى کوردستان. دەبێت وڵاتانى دراوسێ و بەرپرسانى ئێستاى حکومەتى عێراق وانەیەک لە مێژووى شکستخواردووى ڕژێمى پێشوو وەربگرن. سەرکردایەتى سیاسیى و مەزهەبى عێراق و وڵاتانى دراوسێ ئاگاداردەکەینەوە، با بەوە تێنەکەون کە هەندێ کەس لەناوخۆى هەرێمەوە دەستیان لەگەڵدا تێکەڵ بکەن، ئەو کەمینەیە هەرگیز نوێنەرایەتى میللەتى کورد و ئیرادەکەى ناکەن. گومانى تێدانیە، چارەنووسى ئەوانەى خیانەت لە میللەتى خۆیان دەکەن، سەرشۆڕى و زبڵدانى مێژووە. باوڵاتانى دراوسێى هەرێم چیتر پەتى ئارامیى گەلى کورد تاقینەکەنەوە. چاومان لەسەریانە و باش دەزانین خەریکى چین. پرسەو سەرەخۆشى خۆم ئاڕاستەى کەسوکارى شەهیدانى هێرشەکەى هەولێر دەکەم. خواى گەورە سەبووری کەسوکاریان بدات و شیفاى بریندارانیش بدات. ئەژى ئەمین ١٦ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان هەموو لایەک ئاگاداران، هەر لە ساڵی 2020ـەوە هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر کەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان. ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نیە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن. ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران. لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و هەمیشە ڕێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیان بۆ درێژ کردووە. دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێر و خەڵکی کوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە و دوورە لە ڕاستی. داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر ڕاستییەکان ببین و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان.ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین. پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە. دەتوانن بمانکوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن. گەلی کوردستان پشتی بە خوا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە و خودا لە هەموو زاڵم و هێزێک گەورەترە. مسعود بارزانی16ی کانوونی دووەمی 2024
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق ئیدانەی توندی دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەکات، کەشەوی رابردوو بە مووشەکی بالیستی بۆردومانی شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی کرد، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنی. هەر لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵەکانی نیشتەجێبوون، لەوانەش ماڵی بازرگانی کورد “پێشرەو دزەیی” کە بووە هۆی شەهیدبوونی و برینداربوونی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی. لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، حکومەتی عێراق ئەم هەڵسوکەوتە بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق دەزانێت، وە سوکایەتیکردنە بە دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە هەموو ڕێکارێکی یاسایی بەرامبەر دەگرێتە بەر، لەوانەش پێشکەشکردنی سکاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش. لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ پاڵپشتی هەڵوێستی حکومەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پێدانی بەڵگە و زانیاریی دروست، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رادەگەیەنرێت بۆ ئاگادارکردنەوەی عێراق و رای گشتی نێودەوڵەتی لەسەر راستییەکان و سەلماندنی درۆی بانگەشەی لایەنەکانی پشت ئەم کردەوە مەحکومانە.
سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوون خرانە خوارەوە بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر: 05:05، سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوون، تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لە پەیامێکدا، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادی قوربانیانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر دەکات و پشتیوانی خۆیی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە و نووسیویەتی" ئەم کردەوە دووژمنکارییەی ئێران دژ بە هەولێر سەرکۆنە دەکەم، کە بووەتە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی هەرێمی کوردستان". درەنگانی شەوی رابردوو سوپای پا*سدارانی ئێران بە چەندین مووشەکێکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیل نشینی لە هەولێر بۆردوومان کرد، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، واشنتۆن ئیدانەی ھێرشەکانی ئێران بۆسەر ھەولێر دەکات و دژایەتی خۆشی بۆ ھێرشە بێباکەکانی ئەو وڵاتە دەردەبڕێت کە دەبنەھۆی دروستکردنی ناسەقامگیری لە عێراقدا. باسی لەوەشکردوە، بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و بەدیھێنانی خواستەکانی گەلی عێراق، بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی ھەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆئەوانەی لە ھێرشەکەشدا گیانیانلەدەستداوە، پرسەنامە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەکانیان کرد.