وەزارەتی دارایی عێراق بری یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەمەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی تا ئێستا بەغداد ناردویەتی گەیشتوەتە 562 ملیار و 500 ملیۆن دینار. بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت محەمەد شیاع سودانی داوایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بخاتە ناو بەرنامەی کۆبونەوەکە، ئەویش داوای ناردنی 100 ملیار دیناری دیکەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراق تەنها نیوەی ئەو بڕە پارەیە بنێرێت بۆ هەرێم ئەو کات دابەشکردنی موچە دەستپێدەکات.
ئهمڕۆ دووشەممە 3/18، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستیان ریتچەر، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.سەرۆکی تیمی یونیتاد، سوپاس و پێزانینی خۆی و تیمەکەی بۆ هەماهەنگی و هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی یونیتاد دەربڕی لە سەرخستنی کارەکانی تیمەکە لەبواری کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردن و بەدیجیتەڵکردنی بەڵگەکانی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و کارکردن بۆ دادگاییکردنیان لەسەر تاوانەکانیان.سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش و قەرەبووکردنەوەیان و بەردەوامبوونی پاڵپشتيی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە.سەرۆکی حکومەت هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە تاوانبارانی داعش، لەسەر تاوانەکانیان کە تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتین، دادگایی بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە هاریکاری و هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەوان وەك تیمی پارتی، چاوەرێی فەرمانی سەركردایەتی دەكەن بۆ كشانەوە لە بەغدا. سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: وەك ئەندامێكی تیمی پارتی لە بەغدا چاوڕێی فەرمانی سەركردایەتی دەكەین بۆ كشانەوە لە بەغدا. راشیگەیاند: نەك تەنیا كشانەوە لە بەغدا، بەبێ دوو دڵی پێویستی بە روحیشمان بێت فیدای وڵات و میلـلەت و جەنابی سەرۆك دەكەین. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەم مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر كۆبووەوە و دوای كۆبوونەكەش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بهشداریی ههڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ناكهن كه له سایهی سیستهمێكی سهپێندراودا بهڕێوه بچێت.
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، هاتووە، لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەنە بەردەم بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی حکومەت، “بە پێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا.” هەڵوێستەکەی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە بۆ “رەوایی نەدانە بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و، وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییانەی دەستور کە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت.” دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان: جەماوەری بەڕێزی كوردستان و عێراق،ئاشكرایە پارتی هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، خەباتی كردووە بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و چەسپاندنی دیموكراسییەت، وەك دوو ئامانجی لەیەكدی دانەبڕاو، لەو باوەڕەوە كە تەنها لەڕێگەی بە دیموكراسی كردنی سیستەمی حوكمڕانی عێراقەوە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان دێنە دی. لەو سۆنگەیەشەوە جەنابی سەرۆك بارزانی، لە یەكەمین ڕۆژەكانی ڕاپەڕینی بەهاری 1991دا، بۆ بەرجەستە كردنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پاراستنیان و پیادەكردنیان بەشێوەیەكی دروست، بانگەشەی بۆ کردنی (هەڵبژاردنێكی ئازاد) وەك بنەمای دامەزراندنی حوكمڕانییەكی دیموكراسی لە هەرێمدا كرد؛ هەر بۆیەشە، هەمیشە پارتیمان داكۆكیكار بووە لە فەراهەمكردنی بنەما و پێوەرەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد كە خۆی دەبینێتەوە ، لانی كەم، لە بوونی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە كە گەرەنتی نوێنەرایەتیی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لە پەرلەمان بكات و دەرگای دەنگدان و خۆپاڵاوتن بۆ زۆرترین ژمارەی هاووڵاتیان بكاتەوە و كەمترین دەنگ لەنوێنەرایەتی بەفیڕۆ بچێت و ڕەنگدانەوەی ویست و ئیرادەی كۆمەڵگا بێت؛ ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە سەرپەرشتیی و بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن دەزگایەكی سەربەخۆ و بێلایەن و شارەزا و شەفافەوە لەسەرجەم قۆناغەكانیدا، بە مەرجی سەرەكیی پاك و بێگەردیی پرۆسەكە زانیوە، بەشێوەیەك كە متمانەی دەنگدەر و لایەنە بەشدارەكان بە هەڵبژاردنەكە بپارێزێت و پتەو بكات. لە سۆنگەی هەستكردن بەو ئەرك و بەرپرسیارییەوە بووە كە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كارمان كردووە، تا سەرجەم هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەکی دروست و دەستووری بەڕێوە بچن بە تایبەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا، لەو پێناوەشدا بەشدارێكی جیددی بووین لەسەرجەم گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق، بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و سازان و كۆدەنگیی لەسەر بابەتەكانی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردن. بەڵام دوای ئەوەی بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بردرایە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی، سەرەڕای ئەوەی كەیسەكە بەبێ پاساو و بێ ڕەچاوكردنی مافە دەستوورییەكانی گەلی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی دامەزراوەیەكی گرنگی وەك پەرلەمان، ماوەیەکی زۆر دواخرا تا دەركردنی بڕیاری كۆتایی ژمارە (83 وموحدتیها 131 و 185/اتحادیة/2023) لە ڕۆژی 21ی شوباتی 2024، بەتایبەتیش دوای دەرچوونی پاشخان (حیثیات)ی بڕیارەکەی دادگا لەسەر یاسای هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کە وردەکاری زیاتری نادەستووریی بەرامبەر هەرێم تێدایە و درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستوریانەیەتی کە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو بەرامبەر هەرێمی کوردستان داویەتی. لەهەمان کاتدا ئەوەی تێبینیمان كرد و لەكاتی خۆیدا ڕای گشتیشمان لێ ئاگادار كردەوە، بریتیە لە پێشێلكاریە زەق و مەترسیدارەکەی دەستور لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیدا بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموكراسی هەرێم، و هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی مەرکەزی، كە دەكرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا ڕوونیان بكەینەوە: 1) دادگای باڵای فیدراڵی بە هەمواركردنەوەی جومگە گرنگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ماددەكانی پەیوەست بە دیاریكردنی سیستەمی بازنەكانی هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان و ژمارەی كورسیەكان و لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە یەكلایی كردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی پێشێلی ماددەكانی (117 و 121)ی دەستووری كردووە كە تایبەتن بە گەرەنتیی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم، لەهەمان كاتدا پێشێلكاریی زەقی ماددەی (6)ی دەستوریشی كردووە كە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی دەستاودەستكردنی دەستەڵات بەشێوازێكی دیموكراسییانە و بەپێی ڕێوشوێنە دەستوورییەكان دەبێت، لەكاتێكدا ئەو هەموارکردنانە دەبێتە هوی شێواندنی سیستەمی دیموکراسی. 2) بە نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەياساى هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێك لە گەرەنتیە سەرەكیەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە لەهەرێمدا پێشێل کرا، چونكە سەرەڕای ئەوەی كە ئەوە پێشێلكردنی ویست و ئیرادەی هاووڵاتیانی هەرێمە لە مامەڵەكردن لەگەڵ بابەتێكی هەستیاری وەك پێكەوە ژیان و یەکتر قەبوڵکردندا، كە بووەتە ناسنامەی سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیی هەرێم، لە لایەكی دیكەشەوە ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی (٤٩/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستور و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق و ماددەكانی (2) و (25) لە پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەكان (ICCPR)، كە عێراق لە ساڵی 1971 پەسندی كردووە و پێوەی پابەندە، كە هەموویان جەخت دەكەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی گەل لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا و بەشداری کردنیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا. 3) دوورخستنەوەی دەستەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستان لە یەكلایی كردنەوەی تانەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، كە لە ماددەی (شەشەم دووبارە/ بڕگەی چوارەمـ)ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دیاری كراوە، و سپاردنی ئەو تایبەتمەندییە بە دەستەیەكی دادوەریی سەر بە (مجلس القضاء الاعلی)ی فیدراڵی، زێدەڕۆییەكی مەترسیدارە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم، چونكە لەلایەك پێشێلكردنی سەربەخۆیی هەرێمەكانە، و لەلایەكی تریشەوە لادانێكی بێ پاساوی ئەوپیادە كردنە ئاساییەیە كە لەمەوپێش لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی فیدراڵییەوە پەیڕەو دەكرا، بەوەی هەمیشە دەستەیەكی دادوەریی لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم تانەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی یەكلایی دەكردەوە. 4) بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای باڵای فێدرالی بوونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، و هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە لە دەستوردا بۆی دیاری نەکراوە. بەتایبەتی ئەو كاتەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007 ی دەركرد، بەپشت بەستن بە ماددەی (110)ی دەستوور، سەرەڕای نەبوونی هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە سامانی نەوتيی لەو ماددەیەدا، لەكاتێكدا لە دەستووردا ماددەی (112) تایبەت كراوە بە سامانی نەوت و گاز، کە بەڕوونی جەخت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو سامانە بەهاوبەشیی لەنێوان حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمەكاندا دەكات. سەرەڕای ئەوەی لە ماددەی (115)دا جەخت لەوە كراوەتەوە كە لەو پرس و بوارانەی دەكەونە چوارچێوەی دەستەڵاتە هاوبەشەكانەوە، هەرێمەكان دەستەڵاتی یاسادانانیان هەیە، لەوەش زیاتر لەكاتی ناكۆكی لەنێوان یاسای فیدراڵی و یاسای هەرێمەكان لەو بوارانەدا، ئەولەوییەت بۆ یاسای هەرێمەكانە.5) جگە لەو پێشلکارییە دەستوورییانەی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدرالی بەرامبەر یاسای هەڵبژاردن کراون، چەند ڕێکارێکی دیکەی ناتەندروست گیراونەتە بەر، کە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیاری جیددیەوە، لەوانە بێبەشکردنی نزیکەی (400) هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان لە دەنگدان، کە دەکاتە 20%ی کۆی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەترییان كردووە، بەبیانوی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان، هەروەها بابەتی نادادپەروەری لە دیارکردنی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجەدا. 6) دوای ڕووخانی رژیمی پێشو دەرکەوت کە عێراقی فرە نەتەوە و فرە ئایین و ئاینزا، بەیەك پێكهاتە بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە ناچیت، بویە (هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی) بوون بە بنەمای ڕێکەوتنی هەموو لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەوەی عێراق بۆ هەمووان بێت و هاووڵاتی هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی وەلانان و دەستێوەردان و برسیکردن و بڕینی بودجە و مووچە و هەروەها سیاسەتی جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستور بەشێوەی ئینتقائی، كۆمەڵێك هەنگاون بۆ بچوککردنەوەی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و بوون بە بنەما بۆ ئیدارەدانی ئەم وڵاتە، سەرەرای ئەمەش پارتیمان لە هەوڵ و کوششی خۆی نەوەستا بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم لادان و شێوازی حوکمڕانییە کە پێچەوانەی ڕۆحی دەستوورە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا پەرۆشییان پیشان نەداوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو لادانە دەستوورییانە. لە بەرەنجامی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە و پێشلکردنی بەشێک لەماددەکانی دەستوور و بەڕەچاوكردنی ئەوەی كە خودی پێكهاتەی ئێستای دادگای باڵای فیدراڵی نادەستورییە و بەردەوام لە بڕیارەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، پێشێلیی مافە دەستوورییەكانی كردووە و دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستووری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە. هاووڵاتیانی بەرێز؛لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی ڕێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا.هەروەها بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی عێراقی و نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنین، سەرەڕای متمانە بەخۆبونمان و بە پشتیوانیی گەڵی کوردستان بەوەی کە چۆن لە ساڵی 1992 تا ئێستا لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی خەلکی کوردستان متمانەیان بەپارتیمان بەخشیووە، ئێستاش بڕوامان بەخۆمان و گەلەکەمان هەیە کە هێزی یەکەمی کوردستانین، بەڵام لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتیی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵیی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت بە گشتی و سەپاندنی هەموارە نادەستوورییەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە تایبەتی، بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەلبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت. مەکتەبی سیاسیپارتی دیموکراتی کوردستان18-3-2024
کێشەی پەنجەمۆر نیگهرانی بۆ سەدان هەزار دهنگدهر دروست کردووە، ئەگەر ئەم گرفتە چارەسەر نەکرێت ٪40ی دەنگدەران ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن. نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە 20%ی ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە کە دەکاتە 650 هەزار دەنگدەر کێشەی پەنجەمۆریان هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە 839 هەزار دەنگدەر کە دەکاتە 25%ـی دەنگدەران بەهۆی ئەوەی کارتی بایۆمەترییان نوێنەکردووەتەوە ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بکەن. نێچیرڤان بارزانی لە نووسراوەکەدا کە ڕۆژی 11-3-2024 ئاراستەی کۆمیسیۆنی کردووە، چەند تیبینی و داواکارییەکی خستووەتەڕوو: - ههڵه و كێشهی تهكنیكی پهنجهمۆری دهنگدهران چارەسەر بكرێت.- پێویسته كورسییهكانی پارێزگای ههڵهبجه زیادبكرێن.- پرۆسهی ههڵبژاردن بهتهواوهتی له بارهگای دهستهی كۆمیسیۆن له ههرێمی كوردستان بكرێت.- نوێنهری ههرێمی كوردستان له بواری تهكنهلۆژیا له سهنتهری تهكنیكی كۆمیسیۆن ئامادەبێت.- ئهنجامی بەرایی دەنگدان له سهرجهم وێستگهكان ڕاستەوخۆ لهسهر ماڵپهڕی كۆمیسیۆن بڵاوبكرێتهوه. لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 950 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە.
ئەمرۆ دووشەممە 18/3/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 149,550 دینار لەبازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو نرخی 100 دۆلار بەرامبەربوو بەزیاتر لە 151,000 دینار.
“ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازیمان لە شاندێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بغداد ( مصرف بغداد) و بانکی ئوردنی کوەیتی ( البنك الأردني الكويتي) کرد بە سەرۆکایەتی بەڕێز ماجید ئەلساعدی سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد” لە کۆبوونەوەکەدا کە عەبدولکەریم ئەلکەباریتی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئوردن و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد بەشداربوو، گفتوگۆمان لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە پێناو پێشخستنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان. “تیشکمان خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی . هەروەها باسمان لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ( هەژماری من) کرد و ئاماژەمان بەوە دا کە لەپەیوەندیداین لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق” شاندەکە سەرسامی خۆیان بەرامبەر ئاست و پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگامان لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشخستنی سیستەمی بانکی نیشاندا . هەردوولا هاوڕابووین لە سەر گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی بانکیدا. بانکی بەغداد،یەکێکە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانی عێراق و یەکەمین بانکە لە عێراقدا کە لە ساڵی1992 لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدرا. بانکی ئوردنی کوەیتی ، بانکێکی ئوردنییە و لە چەندین وڵاتی عەڕەبی لقی هەیە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ڕێژەی لێخۆشبوون لە کرێى خوێندنى پارالێل لە 45%ـەوە بکاتە 65%. ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-03-2024، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕاى لێخۆشبونى (45%)ى کرێى خوێندنى پارالێل، لەهەوڵێکی تردا بڕیاریدا بە لێخۆشبونى (20%) دیکەى کرێى خوێندنى پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان. واتا دبلۆم و بەکالۆریۆس و دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکان دەگرێتەوە. واتا پێشتر 45% داشکاندنی کراوە ئێستا دوای داشکاندنی ئەو سەدا 45 جارێکی دیکە سەدا 20ـی دیکە داشکاندن لە کرێی خوێندن دەکرێت کە خوێندنی بەرایی و باڵا دەگرێتەوە لە زانکۆ حکومیەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئەمرۆ یەکشەممە 17/3/2024 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا. دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەگەڵ کردنەوەی هەژماری بانکی و بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە دەستپێبکاتەوە. لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاگرت.
ئەمرۆ یەکشەممە 17/3/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 149,950 دینار لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لەکاتێکدایە لە هەفتەی ڕابردوودا، 100 دۆلار بەرامبەر 150,300 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.
بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە شاندێكی حكومهتی ههرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغدا. وابڕیارە ئەم هەفتەیە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە، کە ئامانجی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و دادگای فیدراڵی کۆدەبێتەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بە بەردەوامی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی كوردستان لەسەر هێڵە.
وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بڕیاری کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجەی دەرکرد. بەبۆنەی 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجەی دەرکرد. لەئیستاشدا کۆلێژەکە تەنیا بەشی پزیشکی گشتی دەبێت و لە ساڵانی داهاتوودا بەشی دیکەی تێدا دەکرێتەوە. شایەنی باسە، لە دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە، چەند بڕیار و پڕۆژەیەکی بۆ پارێزگاکە ڕاگەیاند و کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە.