بۆ تاوتوێکردن و خستنەڕووی وردەکاریی پڕۆژەی "هەژماری من"، شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن". مەروان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان, ڕایگەیاند: "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-03-2024، شاندێکی پڕۆژەی "هەژماری من" بچێتە بەغدا و، سبەی دووشەممە لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی بانکی ناوەندی کۆببێتەوە". مەروان ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، مەبەست لە چوونی شاندەکە بۆ بەغدا "بۆ تاوتوێکردن و خستنەڕووی وردەکاریی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ حکوومەت و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق".
وابڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پارێزگاری هەولێرەوە لە کرێی شەش مانگی دووکانەکانی بازاڕی لەنگە خۆش دەبێت. بەرپرسێکی باڵا لە حکومەت رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئادار گوتی، "نووسراوی ئەنجوومەنی شارەوانی گەیشتووەتە پارێزگای هەولێر و ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر واژۆی دەکات و بە فەرمی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە." بەگوێرەی نوسراوەکە، ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی لێخۆشبوونی کرێی شەش مانگی دووکانەکان و کرێی کۆکردنەوەی زبڵی بازاڕی لەنگەی هەولێری تەواو کردووە. ئەوەی ماوە دەبێت پارێزگاری هەولێر نووسراوەکە واژۆ بکات. ئەمەش دوای ئەوەدێت، 27/2/2024 ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە. دوای رووداوەکە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە 166 دووکان سووتاون و 90 کەسیش لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی، کاسبکاران و هاونیشتمانییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە.
ژمارەی كوژراوانی هێرشەكەی مۆسكۆ بۆ 93 كەس بەرزبووەتەوە و چاوەڕێ دەكرێت زیاتریش بەرز ببێتەوە. لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كۆنسێرتەكەی مۆسكۆ ڕایگەیاند: لەم ساتەدا، ئەو زانیارییە هەیە كە 93 كەس كوژراون. ئەوە چاوەڕوانكراوە كە ژمارەی كوژراوان بەرزتر ببێتەوە. ئاژانسی ئینتەرفاكسی ڕووسیا بڵاویكردەوە: دەزگای هەواڵگری ڕووسیا 11 كەسیان دەستگیركردووە كە گومان دەكرێت پەیوەندییان بە هێرشەكەوە هەبێت. داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت و هێرشەكەش لە سەر ئاستی نێودوڵەتی بە شێوەیەكی بەرفراوان سەركۆنە كرا.
ئەمرۆ شەممە، 23/3/2024 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستیەکەی پایتەختی روسیا دەکات. دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی: بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردووی مۆسکۆ دەکەم. هاوخەمم لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان و بریندارەکان و خەڵک و حکومەتی ڕووسیا لەم ساتە سەختەدا.
رۆژی شەممە 23ی ئاداری 2024، سەرۆک مەسعوک بارزانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی ئێکس بۆ ئیدانەی پەلامارە تیرۆریستیەکەی شەوی ڕابردووی شاری مۆسکۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی؛ زۆر بە توندی ئیدانەی پەلامارە تیرۆریستیەکەی شەوی ڕابردووی شاری مۆسکۆ دەکەین کە تێیدا هاووڵاتیانی مەدەنی و بێتاوان کرانە ئامانج.سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە دەکەم و خۆمان بە هاوبەشی خەمی گەل و حکوومەتی ڕووسیا دەزانین.
گوتەبێژی بەرگريی شارستانی دهۆک دەڵێت، زیان بەر 200 ئۆتۆمبێلیش کەوتووە کە 50 ئۆتۆمبێلیان دیار نەماون. بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگريی شارستانی دهۆک ڕایگەیاند: زیاتر لە هەزار خانوو بە هۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەتووە، 200 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە و 50 لەو ئۆتۆمبێلانە دیار نەماون. هەروەها، بەهۆی لافاوەکە سێ گیانیان لە دەستدا و تەرمی دوو کەسیشیان بێسەروشوێنە بەرگری شارستانی دهۆک لە گەڕان بەدوای تەرمەکاندا بەردەوامن. لە 19ی ئەم مانگە، لافاوێک دهۆکی گرتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان ئاو چووە ماڵەکانیان و زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان کەوت.
به بۆنەی كۆچی دوایی کەسایەتیی و سهرمایهداری ناسراوی ههڵهبجه، خوالێخۆشبوو حاجی محەممەد بامۆکی؛ سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی پرسهنامهیهكی بڵاوكردهوه، كه ئهمه دهقهكهیهتی: پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کەسایەتیی ناسراو خوالێخۆشبوو حاجی محەممەد بامۆکی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم . خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو ببەخشێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
شارەزایەكی كەشوهەوا رایدەگەیەنێت كە شەپۆڵێكی تری بارانبارین سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ سبەی شەممە بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەئەنجامی دۆخی ناجێگیری بەرگەھەوا ئاسمانی ھەرێمی کوردستان زۆربەی کاتەکان نیمچە ھەور و ھەندێک کات دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو لەگەڵ چالاکبون و گەشەکردنی کەڵەکە ھەوری بە بروسکە و تاوە بارانی بەخوڕ لەکات و شوێنی جیاجیادا وە بارینی تەرزە لەھەندێ شوێندا بەتایبەت لەکاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە تاوە بارانەکان چالاکتر دەبن. دەشڵێت، سروشتی بارانی بەهار وایە مەرج نییە لە هەمو شوێنێک باران ببارێت، لە هەولێر یان سلێمانی ریژەیەکی زۆر باران ببارێت و لە شونێکی نزیکی ئەو ناوچانە باران نەبارێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرما دەڵێت: پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێنێتەوە و خێرایی با لەسەرخۆ و هەندێک کات مام ناوەند دەبێت.
بە بڕیاری سەرۆک بارزانی 117 یەکەی نیشتەجێبوون "شووقە" پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دەکرێت. دوای لافاوەکەی چهند ڕۆژی ڕابردووی پارێزگای دهۆک، کە زیانێکی زۆری بە هاووڵاتیانی نزیک ڕووباری هیشکەڕوی سنوورهكه گەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی بڕیارییدا قەرەبووبكرێنهوه بەیەکەی نیشتەجێبوون کە 117 شوقە لە خۆدەگرێت. رۆژی چوارشەممەی ڕابردووش مەسرور بارزانی لەبارەی لافاوەکەی دهۆکەوە گوتی: "زیان بە ماڵ و موڵکی زۆر كەس کەوت، حەز دەكەم پێیان بڵێم ئینشاڵڵا خوا دەرفەت بدات قەرەبوویان دەكەینەوە".
کەشناسی هەرێم: کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی ڕاگەیاند. بهڕێوهبهرایهتی گشتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ پێنجشهم 21ی3ی2024، ئاسمانی پارێزگاكان ههوری تهواو دهبێت، له ناوچه شاخاوییهكان نمه باران دهبارێت، له كاتی پاش نیوهڕۆ ئهگهری گۆڕینی بۆ شێوهی تاوه باران و بروسكه ههیه له شارهكانی ههولێر و دهۆك. بهرێوهبهرایهتییهكه ئاماژهی بهوهش داوه، سبهی ههینی 22ی3ی2024، ئاسمان ههوری تهواو دهبێت، له كاتهكانی بهیانی باران بارین به شێوهی نمه باران دهستپێدهكات له ناوچهكانی رۆژئاوای ههرێم پاشن كاریگهری درێژدهبێتهوه بۆ تهواوی ناوچهكه، له ناوچه شاخاوییهكانیش ئهگهری بهفرێكی كهم ههیه، پێشبینیی لێزمه بارانیش له سهنتهری شاری ههولێر و دهوروبهری و له گهرمیان دهكرێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:هەولێر : 13 سلێمانی :11دهۆک : 10زاخۆ : 11هەڵەبجە : 14کەرکوک : 15سۆران : 8حاجی ئۆمەران : 2گەرمیان : 16
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، ڕایگەیاند: گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستە گەلی کوردی ئازیز لە هەرێمی کوردستان و سەرجەم خەڵکی عێراق دەکەم. محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێ: گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستە گەلی کوردی ئازیز لە هەرێمی کوردستان و سەرجەم خەڵکی عێراق دەکەم، بەو ئومێدەی ئەم بۆنە مەزنە ببێتە بەدیهێنەری داهاتووێکی گەش. سوودانی هەر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی داوە، ئەم بۆنەیە بیرمان دەخاتەوە هیچ جێگرەوەیەک نییە بۆ کاری پێکەوەیی و بەرز ڕاگرتنی بەها هاوبەشەکان و یەکچارەنووسیی و ئەو داهاتووەی پێکەوە دەینەخشێنین لە سەرانسەری عێراقدا. هەروەها دەڵێت: نەورۆز جارێکی هەموو پارچەکانی وڵاتەکەمان بە سەر دەکاتەوە ڕۆڵەکانی ئێمەش بەردەوامن لە کارکردن و بونیاتنان و پتەوکردنی هەنگاوەکان بۆ بەدیهێنانی خواست و ئامانجە هاوبەشکانی گەلی عێراق. محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی گەلانی ناوچەکە دەکات کە ئەم جەژنە دەکەنەوە و دەڵێت: بەو ئومێدەم خوا سەقامگیریمان بۆ بگێڕێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 20ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕومەنسکی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا پیرۆزبایی نەورۆزی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دواپێشهاتەكان، نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسیەكان دەربڕی و داواشی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینیەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم چارەسەر بكەن. لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە هۆكارەكانی دەرچوونی بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوونکردەوە كە هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەددەی ڕابردوو پارتی دەستپێشخەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە و خۆی لە ساڵی 1991 داوای كردووە كە پێویستە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی دەستووری و هەڵبژاردن بكرێ. پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە ترسی لە هەڵبژاردن نیە بەڵكو تێبینی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و مەترسیی تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و نەهێشتنی بەشداریی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیدا هەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە بە بیانووی جۆراوجۆر دووساڵ هەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەكی خرانە ناو ئەو بابەتە و لە بەها و پێگەی هەرێمیان كەم كردەوە. هەروەها بە شێوەیەکی نا دەستوری و نا یاسایی بڕیار و یاساکانی هەرێمی کوردستانیان گوڕی و ستەمێکی گەورەیان لە پێكهاتەكان و تێكڕای خەڵكی كوردستان كرد. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە كە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها نەكرێت و یاساکانی هەرێم پێشێل نەکرێن. لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دا وە ئەوەی خستەڕوو كە ڕێككەوتنێكی ڕوون و هەمەلایەنە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر ناوی ئیئتیلافی دەوڵەت هەیە كە بەداخەوە هیچ یەك لە خاڵە گرنگەكانی ئەو ڕێككەوتنامەیە جێبەجێ نەكراوە. ڕێككەوتنەكە لەپێناو ئەوە بوو كە سەقامگیری بێتە دی و خەڵك بگاتە خوشگوزەرانی و بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پیادە ببن، بەڵام هیچ یەك لەمانە نەكران. سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە كە لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی نیگەرانییەكان.