Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13730 بابەت
هەواڵ
09-04-2024

مەسرور بارزانی: سوپاسی پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان دەکەم

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، کەئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە: بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم . هیوادارم جەژن ببێتە مایەی خۆشی و شادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆتاییهاتنی هەموو شەڕ و ناخۆشی و نەهامەتییەک لە جیهان.سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستان دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ڕووبەڕوومان بووەوە. هیوادارم ئەو ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بەردەوام بێت و لەمەودوا، بابەتی مووچە کە مافێکی ڕەوا و دەستووری خەڵکە ، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکانیان وەربگرن.هەروەها ئومێد دەکەین ئەم پێشکەوتن و هەنگاوانە، ببنە دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەش و هەموو ئەو گرفتانەی ماون بە لەیەکتێگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە، چارەسەر ببن. جەژنتان پیرۆز و خوای مەزن كوردستان بپارێزێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
09-04-2024

ره‌وشی كه‌ش وهه‌وای یەکەم رۆژی جه‌ژنی رەمەزان بڵاوكرایەوە‌

كه‌شناسیی ره‌وشی كه‌ش وهه‌وای ئەمرۆ سێشەممە و یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی بڵاوكرده‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسیی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌م 9ی4ی2024، ئاسمانی پارێزگاكان نیمچەهەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە دوای نیوەڕۆ بارانبارین دەست پێ دەكات، هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت و هەموو شاره‌كانی هه‌رێم دەگرێتەوە. لەبارەی سبەی چوارشەممە، یەكەم رۆژی جەژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، سبه‌ی چوارشه‌م 10ی4ی2024، ئاسمانی پارێزگاكان هەوری تەواو دەبێت، سەرەتا بارانبارین و هەورەتریشقە لە ناوچە شاخاوییەكان و پارێزگای سلێمانی دەبێت، پاشان سەرجەم ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە، هەروەها پلەكانی گەرمی نزم دەبێتەوە بە(3 - 5) پلەی سیلیزی بە بەراورد بە تۆماركراوی ئەمڕۆ.

هەواڵ
09-04-2024

پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی دەبێتەوە

شاخەوان عەبدوڵڵا: نزیكین لە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووک و پێشوەچوون لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان هەیە. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، "دوێنێ لەگەڵ پێكهاتەکانی عەرەب و توركمان گفتوگۆمان کرد، زۆر نزیكین لەچارەسەر و یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووک." گوتیشی: دۆخی کەرکووک هەستیارە، هەوڵدەدەین هەموو لایەنەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی بەشداربن، بۆیەش پڕۆسەکە دواکەوتووە. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی گوت. ئەمە لەکاتێکدایە نزیکەی 100 ڕۆژە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ دەنگدان لەسەر پارێزگار، جێگرانی، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرانی نەکراوە.

هەواڵ
08-04-2024

رۆژێک پشووی فەرمی ڕاگەیەنرا

حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەی وەکو پشووی فەرمی ڕاگەیاند. فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سبەی سێشەممە، 9 ی نیسانی 2024، بە بۆنەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئازادکردنی عێراق، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.

هەواڵ
08-04-2024

مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە فوئاد حوسێن دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا بۆ کۆچی دوایی هاوژینی فوئاد حوسێن نووسیویەتی: پرسە و سەرەخۆشی لە جەنابت دەکەم و لە خوای گەورە داواکارم گیانی خوالێخوشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات. دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان برای بەڕێز دکتۆر فوئاد حوسێن؛ هەواڵی کۆچی دوایی هاوژینی بەڕێزتان خەمباری کردم. پرسە و سەرەخۆشی لە جەنابت دەکەم و لە خوای گەورە داواکارم گیانی خوالێخوشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و دڵنەوایی بە ئێوە بدات. هاوبەشی خەمتانم و هیوادارم دوا ناخۆشیتان بێت. براتان مەسرور بارزانی

هەواڵ
08-04-2024

وەزارەتی ئاوقاف یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری دەکات

وابڕیارە ئێوارەی ئەمرۆ وەزارەتی ئاوقاف، چاودێریی بینینی مانگ بکات، بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستا، گوتی: “لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف کۆدەبێتەوە، لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن”. گوتیشی: “لیژنەکە دوای نوێژی ئێوارە چاودێری بینینی مانگ دەکات و ئەگەر هاتوو مانگ بینرا، ئەوا سێشەممە دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن، ئەگەریش نەبینرا ڕاستەوخۆ چوارشەممە دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن.”

هەواڵ
08-04-2024

جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە

بەیانی ئەمرۆ ئاگرێک بەتەواوی دوو کۆڵانی بازاڕی لەنگەی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر 50 دووکان سووتان. کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاگرەکە بە دوو قۆناغ بووە: - سەرەتا کاتژمێر 6:43 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ تیمەکانی ئێمە لە ئاگرەکە ئاگادارکرانەوە و ئەوکات کۆنترۆڵ کرا. - دوای گەڕانەوەی تیمەکان، کاتژمێر 7:47 خولەک دووبارە پەیوەندیمان پێوە کرایەوە کە دووبارە سەریهەڵداوەتەوە. شایەنی باسە لە ماوەی 41 ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە دووەمجارە ئاگر لە بازاڕەکە دەکەوێتەوە، جاری ڕابردوو زیاتر لە 160 دووکان سووتان.

هەواڵ
07-04-2024

بانکی بەغداد بەشداری لە پرۆژەی "ھەژماری من" دەکات

دوای ڕەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق (CBI)، بانکی بەغداد دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی "هەژماری من" دەکات.بەشداریکردنی بانکی بەغداد دەبێتە هۆی فراوانکردنی مەودای خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان کە پێشکەش دەکرێن، ئەمەش ئاسانکاری بۆ خەڵکی کوردستان دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خەرجیی تایبەت. وەک یەکێک لەو بانکانەی کە زۆرترین لقی هەیە؛ بانکی بەغداد ٦ لقی هەیە لە هەرێمی کوردستان.پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییی ئەم مانگەدا، بانکی زیاتر بەشداری بکەن، ئەمەش بژاردەی بانکیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات و خزمەتگوزارییە داراییەکان بە شێوەیەکی گشتی فراوانتر دەکات. هاوبەشییە بەهێزەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرجەم بانکە بەشداربووەکان بووەتە هۆی دروستکردنی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هەژماری بانکی بۆ بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی.پرۆژەکە بەردەوامە و تا کۆتاییی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری حکومەتی هەرێم تۆمار دەکرێن.بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی پرۆژەی "هەژماری من" سەردانی ماڵپەڕە فەرمییەکەی بکە: بکە: www.myaccount.gov.krdفەرمانگەی میدیا و زانیاری

هەواڵ
07-04-2024

وەزارەتی دارایی هەرێم دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران

وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: تەواوی تەمویلی مووچەی مانگی ئازار خرایە هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی. دەقی ڕاگەیەنراوەکە: کەمێک لەمەوبەر دواین گوژمەی مووچەی مانگی ئازار کە بڕەکەی ( ٣٩٠ ) ملیار دینار بوو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی دڵنیا دەکەینەوە کە پێش جەژن سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن بە پێی ئەو خشتەی مووچەیەی لەلایەن وەزارەتمانەوە ڕاگەیەنراوە. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٤/٤/٧

هەواڵ
07-04-2024

بڕە پارەیەكی دیكە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی رەوانەی هەرێم کرا

کەمێک پێش ئیستا، بەغدا زیاتر لە 430 ملیار دیناری بۆ مووچە خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی. وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند: “بڕی ٤٣٠ ملیار دینار تەمویلی مووچەی مانگی ئازار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.” دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی: کەمێک لەمەوبەر بڕی ٤٣٠ ملیار و ١٠٩ ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٤/٤/٧

هەواڵ
07-04-2024

شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی گەنم دەچێتە بەغدا

سەرەتای مانگی پێنج بڕیاری کۆتایی لەبارەی بڕی وەرگرتنی گەنم دەدرێت، پێش ئەم وادەیە هەرێمی کوردستان دەیەوێت پشکی خۆی یەکلا بکاتەوە. وابڕیارە دوای جەژن شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببێتەوە، بە ئامانجی وەرگرتنی سەرجەم گەنمی جووتیاران. د. زێدان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: چوونی شاندەکە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران بارزانییە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ وەرگرتنی سەرجەم گەنمی جووتیاران. بەپێی ڕووپێوی سەتەلایتی، لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم بە گەنم داچێنراوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن بێت. هەربۆیە جووتیاران ترسیان لا دروست بووە حکومەتی عێراق هەموو بەرهەمەکە وەرنەگرێت و لە ناوخۆش ساغنەبێتەوە، بۆیە لە ئێستاوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەم کێشە چاوەڕوانکراوە چارەسەر بکات. شایەنی باسە، ئەمساڵ حکومەتی عێراق دەیەوێت شەش ملیۆن تۆن گەنم وەرگرێت و نرخی هەر تۆنێک 850 هەزار دینارە.

هەواڵ
07-04-2024

نرخی بەنزین دادەبەزێت

نرخی هەردوو جۆری بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن 25 دینار دادەبەزێت. بەهەمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە نرخی بەنزین بۆ هەر سێ جۆرەکەی لیتری25 دینار دادەبەزێت بەجۆرێک نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ دەبێتە 800 دینار و ، موحەسەن بە 1025 دینار و سوپەر دەبێتە 1175 دینار.

1 2 ... 212 213 214 ... 1144 1145