سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: حیزبوڵڵای لوبنانی بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو و سێ موشەک هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی حانیتای باکووری ئیسرائیل. لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای ئیسرائیلیش دەستی بە بۆردومانی چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان کردووە.
وابڕیارە بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بکرێتەوە. ڕۆژی چوارشەممه 17ی نیسان، بە ئامادەبوونی سەرۆك مسعود بارزانی 16مین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب دەكرێتەوە و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
ترامپ: سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، جۆو بایدن نزیکە وڵات بخاتە نێو جەنگێکی جیهانیی و جەنگی سێیەمیی جیهانیش لە ئان و سات دایە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی ئێستەی کۆمارییەکان بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیان دەڵێ: پێشتر چەندین جار دووبارەم کردووەتەوە، ئەگەر من سەرۆک بوومایە، ئێران بوێریی هێرش کردنە سەر ئیسرائیلی نەدەبوو، ئەو سەروەت و سامانەی ئێستاشی نەدەبوو، بەڵکو نابووت و مایە پووچ دەبوو، بەڵام بە داخەوە بایدن کەسایەتییەکی لێهاتووی نییە و ئێران 221 ملیار دۆلاری کۆکردووەتەوە بۆ پشێویی و ئاڵۆزینانەوە نەک هەر بە تەنیا لە عێراق، بەڵکوو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش جێی نیگەرانییە. دەشلێت: ئەوەی لە ئیسرائیل ڕوو دەدات بە جەنگیی جیهانی کۆتایی دێت و بایدن نازانێت چی بکات. ترەمپ بە دووریشی نازانێت ئەو گرفت و ئاڵۆزییانەی بە رۆکی جیهانی گرتووەتەوە، لە کۆنترۆڵ دەربچێت و دەڵێ: ئەگەر هەیە جەنگیی ڕووسیا و ئۆکرانیاش بە جەنگیی جیهانی کۆتایی بێت. ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکە کە دۆخی سیاسیی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەڕەشەکانی تۆڵە سەندنەوەی ئێران لە ئیسرائیل بەتەواوی ئاڵۆزبووە، بەتایبەتی لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی سەرەتای ئەم مانگە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کردیانە سەر باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێران لە تەنیشت باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە دیمەشقی پایەختی سووریا کە بە هۆیەوە ژمارەیەک لە فەرماندەی سوپای پاسداران تیایدا کوژران و لە نێویاندا بەرپرسی فەیلەقی قودسی پاسداران لە سووریا، لوبنان و فەڵەستن هەبوو.
وابڕیارە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، سبەی یەکشەممە لیستی مووچە ئامادە بکات و دواتر بۆ بەغد بنێرێت. مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان گوتی: لەم هەفتەیە و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگاگان لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت، هەر لەم هەفتەیە لیستەکە دەنێردرێتە بەغدا. بڕیاروایە وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو 25 ئەم مانگە مووچەی مانگی چواری سەرجەم مووچەی خۆران بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە مەسرور بارزانی و سوودانی وارێککەوتوون لەمەودوا مووچە لە سەرجەم کێشەکان جیابکرێتەوە و مانگانە لە کاتی خۆیدا بنێردرێت.
بەشی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە راگەیەندراوێکدا کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، کەشی ئەمڕۆ هەیینی، 12-04-2024، "ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لە هەندێک ناوچە نیمچە هەور دەبێت". پلەکانی گەرماش، بە نزیکەی 1 تــــا 2 پلە بەرزتر دەبێت بە بەراورد تۆمارکراوەکانی دوێنێ. لەبارەی کەشی سبەی شەممەش، 13-04-2024، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ". پلەکانی گەرماش، بە نزیکەی 1 تــــا 3 پلە بەرزتر دەبێت بە بەراورد تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، نامەیەکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە نیکۆل پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستانەوە پێگەیشت. لە نامەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستاندا هاتووە؛ ” بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای کامەرانی و تەندروستی بۆ بەڕێزتان دەخوازم”. سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا هەروەها دەڵێت “ هیوای بەردەوامبوونی ئاشتیی و خۆشگوزەرانی بۆ دۆستانمان، خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەخوازین”.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ باران بەشێوەی پچڕ پچڕ لە زۆربەی ناوچەکان ببارێت و لە هەندێک شوێن ئەگەری بارانی بەلێزمەش هەیە. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی خۆی بۆ کەشی ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی نیسان و دووەم رۆژی جەژنی رەمەزان، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و هەندێک کات بۆ هەورى تەواو دەگۆرێت، لەگەڵ بارینی باران بە شێوەى پچڕپچڕ لەدواى نیوەڕۆ لە زۆرینەی ناوچەکاندا، لە هەندێک کاتدا ئەگەرى بارانی بە لێزمە و هەورە تریشقە دەبێت، بە تایبەتى لە ناوچە شاخاوییەکاندا. لەبارەی کەشوهەوای رۆژی هەینی، 12ـی نیسان، کەشناسی رایگەیاندووە، "ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت."
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگەی فیدراڵی عێراقەوە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیارەکە بە نادەستووری و سیاسی دادەنرێت. عەدنان موفتی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، گوتی: "بەپێی ماددە 141ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەموو یاساکان و بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی پێشوودا دەرکراون بەوانەشی کە هەموارکراونەتەوە، یاسایی و پارێزراو و قبووڵکراون. کورسی کۆتاکانیش لە ساڵی 1992وە لە پەرلەمان پەسند کراوە". گوتیشی: “دادگەی فیدراڵی تەنیا لە هەرێمی کوردستان کورسی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەگەر بابەتی ڕەتکردنەوەی کۆتاکان سیاسی نەبووایە، بۆ لە مووسڵ و کەرکووک و بەغدا ماوە؟” عەدنان موفتی پێیوایە د. عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق "دەیتوانی شتێک بکات، بەڵام ئێستا کێشەکان جگە لە دیالۆگ نەبێت چارەسەر ناکرێن". ژێدەر ئاڤا
رۆژی چوارشهممه ١٠ی ئاداری ٢٠٢٤, مهسرور بارزانی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان, بهبۆنهی جهژنی رهمهزانی پیرۆزهوه, نامەیەکی لهلایهن ناریندا مودی سهرۆك وهزیرانی هیندستانهوه پێگهیشت. سهرۆك وهزیرانی هیندستان له ناوهرۆكی نامهكهیدا، به ناوی خهلك و حكومهتی هیندستانهوه، پیرۆزبایی جهژن له مهسرو بارزانی و خهلكی كوردستان دهكات، ههروهها جهخت لهوه دهكاتهوه "جهژنی رهمهزان ههوێنی برایهتی و پێكهوه ژیان و ئاشتی به بیر كۆمهڵانی خهلك دههێنێتهوه له سهرتاسهری جیهاندا". له درێژهی پهیامهكهیدا ئاماژهی بهوهش كرد، هیوا دهخوازێت پهیوهندیهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و وڵاتی هیندستان بههێزتر بێت.
چەند رۆژی داهاتوودا لینکی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێت. بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پهیوهندییهكان و بهدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا لینکی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دانیشتووانی پارێزگاكانی رێكنهخراو له ههرێمی کوردستان کارا دەکرێت و دەرچووانی بەشە تهندروستی و پزیشکییەکان دەتوانن لە رێگەی ئەلکترۆنییەوە ناوەکانیان پێشکەش بکەن و دابمەزرێن. بەختیار حاجی گوتیشی، لیستی ناوهكانیان لە وهزارهتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدەست گەیشتووە و رەوانەی وەزارەتی تەندروستی عێراقیان کردووە کە ژمارەیان 2529 کەسە و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن و پارێزگاكانی رێكنهخراو له ههرێم و لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دادەمهزرێن.
وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: ئەگەر ئێران زاتی هەر هێرشێكی بۆ سەر ئێمە هەبێت، ئەوا ئێمە لەناو تەهران وەڵاممان بۆیان دەبێت. ئەم هەڕەشەی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل دوای لێدوانێكی عەلی خامەنەیی رابەری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران هات كە رایگەیاندبوو وەڵامی توندیان بۆ بۆردومانەكەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە سووریا دەبێت. ئێوارەی رۆژی دووشەمی هەفتەی رابردوو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆردومان كرا. لە بۆردومانەكەدا 7 فەرماندە و بەرپرسی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كوژران كە لە كاتی بۆردومانەكەدا لەنێو باڵەخانەدا بوون. لەبارەی ژمارەی كوژراوەكان، سوپای پاسدارانی ئێران بەفەرمی رایگەیاندبوو كە دوو عەمیدی سەربازی و 5 ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لە بۆردومانەكەدا كوژراون. یەكێك لە كوژراوەكان محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنان بوو لەگەڵ راوێژكار و بەڕێوەبەری نووسینگەكەی بەناوی محەمەد حاجی رەحیمی. لای خۆشییەوە روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندبوو كە لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا بەشێوەیەكی گشتی 16 كەس كوژران.
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە هەموو موسڵمانانی جیهان و عێراق و كوردستان دەكەم. جەژنە پیرۆزە لە یەكە بە یەكەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم. لەو بۆنە پیرۆزەدا لە خودای گەورە داواكارم ڕۆژوو و عیبادەتی هەموو موسڵمانانی قبووڵ بكات. هیوادارم ئەو جەژنە ببێتە مایەی ئارامی و ئاشتی بۆ هەموو جیهان و ناوچەكەمان و، بەختەوەری و ئاسوودەیش بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان بێتە دی. جەژنتان پیرۆز و لە خۆشیدا بن. مسعود بارزانی ۳٠ی ڕەمەزانی ۱٤٤٥ی کۆچی۹ـی نیسانی ۲٠۲٤