کەشناسێک دەڵێت، رۆژانی جەژنی رەمەزان لە هەرێمی کوردستان تاوەبارانی بەخوڕ و مامناوەند دەبارێت. ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، "لە ئەمشەوەوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکەمان دەگرێتەوە و نمەبارانی کەم و لاواز لە شوێنی جیا دەبارێت و هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت". لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی جەژنی رەمەزانیش، ئاراس جەبار گوتی، "سبەی ئێوارە تاوەبارانی بەخوڕ و مامناوەند لە شارە جیاکان دەبارێت تاوەکو بەرەبەیانی دووشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر کەش ئاسایی دەبێتەوە. بەڵام رۆژی سێشەممە ئێوارەکەی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی ناوبەناو تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و کەشەکە بەهارە دەبێت؛ رۆژی هەینی کەش ئاسایی دەبێتەوە".
بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار کرا، بڕیارە تاوەکو دوو ڕۆژی دیکە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش بکرێت. دوای ڕێککەوتنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەبارەی پرسی مووچە لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژ مووچەکانی مانگی دوو و سێی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت. هەر بەپێی ڕێککەوتنی سەرۆکوەزیران بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێویستە چیتر بابەتی مووچە بە دوور بگیرێت لە هەموو ناکۆکیی و کۆت و بەندەکان، دوای جەژنیش ڕاستەوخۆ دەست بە ئامادەکاری بۆ مووچەی مانگی چوار دەکرێت.
دوای ڕاگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی ئادار لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، ئەمرۆ چەند شوێنێک مووچەی مانگی ئادار وەردەگرن. بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڵاوکردۆتەوە، ئەمرۆ هەریەک لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانە سیاسیەکان، خاوەن پێداویستی تایبەت، خانەنشینی شارستانی و خانەنشینی پێشمەرگە، مووچەی مانگی ئادار وەردەگرن. مووچەی مانگی ئادار، لە ڕۆژی شەممە ٢٠٢٤/٤/٦ دەست بەدابەشکردنی دەکرێت و تا پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبووەوە بۆ دوو هەزار و 330 دۆلار، کە یەکەمجارە لەمێژوودا بگاتە ئاو ئاستە. نرخی ئۆنسەیەك زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بە دوو هەزار و 330 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش یەكەمجارە لە مێژوودا نرخەکەی بەوشێوەیە بەرزبێتەوە و نرخی گرێبەستەکانی ئایندەی زێڕی ئەمریكاش بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە و گەیشتە دوو هەزار و 355 دۆلار. نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان، یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 545 هەزار دینار، یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 480 هەزار دینارە و یەک مسقاڵ زێری عەیارە 18 بە 415 هەزار دینارە.
تا کۆتاییی ساڵ هەزار ئامێری پارەدەر (ATM) لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێن. پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە "هەژماری من" کە سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بەردەوامیی هەیە و تۆمارکردنی فەرمانبەران گەیشتووەتە ٢٦٠ هەزار کەس و ١٥٣ هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان. تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی ١٠٠٠ ئامێری پارەدەر ATM لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندان کە تا ئێستا بریتین لە (BBAC - NBI - RT - Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دان پێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە. ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە. لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە. بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:1- دەستراگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی. ئامێرەکان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.2- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.3- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.4- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.5- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا. فەرمانگەی میدیا و زانیاری
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی رەوشی كەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممەی هەرێمی كوردستانی بڵاو كردەوە. سەبارەت بە كەشەهەوای ئەمڕۆ هەینی، كەشناسی رایگەیاند: ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش بە نزیکەی 1 تــا 2 پلە بەرزتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ پێنجشەم. راشیگەیاند: خێراى با لەسەرخۆ – مامناوەند دەبێت و ئاراستەكەشی باکووری خۆرهەڵات دەبێت . سەبارەت بە كەشوهەوای سبەی شەممەش، رایگەیاند: ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ هەینی. هەروەها رایگەیاند: خێرایى با لەسەرخۆ – مامناوەند دەبێت و ئاراستەكەشی باکوورى خۆرهەڵات دەبێت . پێشبینیش دەكرێت پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەمشێوەی خوارەوە بن:- هەولێر: 28 سلێمانی: 27 دهۆک: 28 زاخۆ: 29 هەڵەبجە: 28 کەرکووک: 31 سۆران: 27 حاجی ئۆمەران: 19 گەرمیان: 32
پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش: ئەمڕۆ ( 33 ) ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت کە لە 1991/4/5 لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ سەر کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بەرەو سنوورەکان هاتە ئاراوە. ئەم بڕیار گرنگ و مێژووییەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەک بۆ دانانی ناوچەی دژە فڕین و لە ئەنجامدا سنوورێکی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمکارییەکانی رژێمی بەعس دانا و کوردستانی لە جینۆسایدێکی دیکە پاراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی کوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.بڕیاری 688 وەرچەرخانێکی مێژووییە لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانیدا. لەم یادەدا، ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەیە، بەتایبەتی پشتیوانی و پشتگیریی خوالێخۆشبووان سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا فرانسۆ میتران و هاوژینەکەی دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد خاتوو دانیێل میتران هەرگیز لە یاد ناکرێت. هەروەها پشتگیری خوالێخۆشبوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش و هەروەها بەرێزان جۆن مەیجەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا و جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی کوردستانە. لە هەمانکاتدا سوپاسی هاوکاری و یارمەتییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاش دەکەین کە سنوورەکانیان بەڕووی سەدان هەزار پەنابەری هەرێمی کوردستان کردەوە.لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688 ، دووپاتی دەکەینەوە کە هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەڵوێستی جیددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2024/4/5
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-04-2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوزیرانی عێراق و ڕەزامەندی تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیکرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی کەمئەندامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، شایستە داراییەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفال، گرێبەستەکان و شایستە داراییەکانی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق دادگای باڵای فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردووەتەوە، "بەوپێیەی تەواوکردنی میکانیزمی خۆجێیکردنی (تەوتینکردن)ـی مووچەکانیان پێویستی بە ماوەیەکی زیاتر هەیە". ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 03-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت". هەر لەدوای ئەوەش، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتی، بەشێکی مووچەی مانگی سێ گەیشتووە و بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەکە دەکرێت.
پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی چل و چوارساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی: بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە. تەنیا تاوانیان پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە. دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدانهەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، تاوان و زوڵمێكی زۆر گەورە بوو، بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە ڕێكخستوانەی كە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە. پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق بە ئەركی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ و ناسنامە و قەربووكردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی جێبەجێ بكات. لەیادی چل و چوار ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەکەیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هیچ كاتێك لەیاد ناكرێت. مسعود بارزانی4ی نیسانی 2024
ئەمرۆ پێنجشەممە 4/4/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 146,900 دینار لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا.
بە گوێرهی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومهتی ههرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشهم 4ی4ی2024، مووچهی هێزی زێرەڤانی، هێزی بەرگری فریاكەوتن، هێزەكانی یەكەی 70 و 80، پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەكان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دابهشدهكرێت. لەم بارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ، دوێنێ چوارشەممە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: “لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت”.
ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکی حکومەتی هەريمی کوردستانەوە دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدرال و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەرێز محەمەد شیاع سوودانی و هەموو ئەو هێز و لایەنانه دەکەم کە هاوکار بوون تاکوو پێکەوە بتوانین بە سەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببین.لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم.لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2024/4/3