Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13726 بابەت
هەواڵ
25-02-2025

سبەی پارتی و یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان کۆدەبنەوە

پارتی و یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆست و وەزارەتەکان دەست بە گفتوگۆ دەکەن، سبەی جارێکی دیکە لەسەر ئاستی باڵا لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە و یەکێتی داوای چەند وەزارەتێک دەکات.سبەی شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە، گفتوگۆکردن لەبارەی دابەشکردنی پۆست و وەزارەتەکان دەستپێدەکات.  مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند:- سبەی لەسەر ئاستی باڵا، پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو نزیکبوونەوەی زۆر دروستبووە لەنێوانمان، لەسەر چەندین پرس و خاڵ ڕێککەوتووین.- لە کۆبوونەوەی سبەیش ئەو خاڵانەی ماون گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، ئومێد دەکەین دوای کۆبوونەوەکە زانیاری باش و دڵخۆشکەر بدەین بە خەڵک و بە زووترین کات کابینەی نوێ پێکبهێنرێت. پێشتر سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاندبوو، ئەگەر لە دابەشکردنی پشک و پۆستەکان شاندی دانوستانکار نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەوا لەسەر ئاستی لووتکەی هەردوو حیزب کۆبوونەوە دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.لەمبارەیەوە مەحموود محەممەد ووتی، ئەو بابەتەش واتە کۆبوونەوەی لووتکە، لە کۆبوونەوەکەی سبەی بڕیاری لەسەر دەدرێت. یەکێتی لە کابینەی 10 چاوی لە وەزارەتەکانی (ناوخۆ، شارەوانی، سامانە سروشتییەکان، دارایی)ـیە، بەڵام دیار نیە لەم وەزارەتە سیادییانە چەندی پێدەدرێ

هەواڵ
25-02-2025

84 هەزار لیتر رۆنی بەكارهاتوو دەستی بەسەردا گیرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەر 84 هەزار لیتر ڕۆنی خۆراكی بەكارهاتوودا گرت.  ئاسایش بڵاوی كردەوە كە لە لایەن تیمەكانیانەوە دەستیان گرت بەسەر كۆگایەكدا كە بڕی  84  هەزار لیتر ڕۆنی بەكار هاتووی خۆراكی تێدا هەڵگیرا بوو كە لە لایەن خاوەنی كۆگاكەوە ڕۆژانە هەڵساون بە كۆكردنەوەی ڕۆنی خۆراكی بەكار هاتووی خواردنگەكانی  شاری هەولێر و لەو شوێنە كۆگایان كردووە و بەشێوەیەكی نا تەندروست دوور بەمەبەستی ئەوەی ئەو ڕۆنی خۆراكە جارێكی تر بەكار بهێنرێتەوەو بخرێتەوە بازاڕ و بدرێتەوە بە هاووڵاتییان. ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە لەسەر ئەم بابەتە بەهەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ڕێكاری یاسای بەرانبەر خاوەنی كۆگاكە گیرایە بەروو كۆگاكەش داخرا. باس لەوەیش كراوە كە ئەم كۆگایە هیچ مۆڵەت و ڕەزامەندی كاركردنی لایەنە پێوەندیدارەكانی نەبوو.

هەواڵ
25-02-2025

لەچەند قوتابخانەیەکی هەولێر سیستەمی ژاپۆنی پەیڕەو دەکرێت

لە ژمارەیەک قوتابخانەی بنەڕەتی شاری هه‌ولێر،  بنه‌ما و ڕێنماییه‌كانی سیسته‌می خوێندنی ژاپۆنی پەیڕەو دەکرێت.  بۆ ئەم مەبەستە شاندێكی ژاپۆنی سه‌ردانی به‌شێك له‌ ناوه‌نده‌كانیان كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوونی سیسته‌مه‌كه‌یان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن بینی، له‌ توانایی مامۆستا ڕاهێنراوه‌كان و قوتابییه‌ فێركراوه‌كانیش د‌ڵنیابوونه‌وه‌. سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، شیلان خەلیل، بەڕێوەبەری پلان لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، لە حەوت قوتابخانەی شاری هەولێر، ئەم سیستەمە بەشێوەی تاقیکردنەوە جێبەجێ کراوە، بۆ ئەمساڵیش پلانمان وایە لە 10قوتابخانەی دیکە جێبەجێی بکەین. هیرۆشی سوزوكی، به‌رپرسی ئۆفیسی ئاژانسی جایكا له‌ عێراق، ڕایگەیاند : ئێستە کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەین و دەمانەوێت لامان ڕوون بێت، کە چۆن ئاستی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان بەرز بکەینەوە، بەتایبەتی لە قۆناغی بنەڕەتیی دا، چونکە لە ژاپۆن سەرەتا گرنگی بە پەروەردەی بنەڕەتی دەدرێت. یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی حكوومه‌ت سوود بینینه‌ له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی ژاپۆن، هه‌ر بۆیه‌ پرۆسه‌كه‌ له‌ چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك جێبه‌جێ كراوه‌ و سه‌رپه‌رشتانی پرۆژه‌كه‌ش له‌ جێبەجێکردنی پرۆسه‌كه‌ گەرم و گوڕن.  

هەواڵ
25-02-2025

مووچەی دوو مانگی مامۆستایان دابەشدەکرێت

مووچەی دوو مانگی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت.  سبەینێ چوارشەممە، 26-02-2025، مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەپێی ڕۆژی دەستبەکاربوونیان دابەش دەکرێت کە تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.         دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی: مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت.           لەسەر بڕیاری بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری، دوای تەواو کردنی سەرجەم ڕێکارەکانی وردبینی و ژمێریاری لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و گەیشتنی لیستەکانیان بۆ گەنجینەکانی وەزارەتی دارایی.                                                 ڕۆژی چوارشەممە (26ی شوباتی 2025) مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەپێی بەرواری دەستبەکاربونیان دابەش دەکرێت کە تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.                                                                            

هەواڵ
25-02-2025

ئەحمەد شەرع: پێویستە هەست بە ئازار و نەهامەتییەکانی سووریاییەکان بکرێت

سەرۆکی کاتیی سووریا ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی دیالۆگی نیشتمانی رایگەیاند هۆشداری بە هەموو ئەوانە دەدەن، کە یەکگرتوویی سووریا دەخەنە مەترسییەوە. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە گوتارەکەیدا لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکە کە ئەمڕۆ لە دیمەشق بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند "پێویستە هەست بە ئازار و نەهامەتییەکانی سووریاییەکان بکرێت و پێویستە هۆکارەکانی هەستانەوەی سووریا رەچاو بکرێن." سەرۆکی کاتیی سووریا جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوان، ژێردەستەیی قبووڵ ناکەن و "سووریاییەکان خۆیان وڵاتەکەیان رزگار کرد". دەشڵێ "پێویستە رێز لە هەموو ئەو قوربانییانە بگیرێت کە گەلی سووریا داویەتی.

هەواڵ
24-02-2025

سەرۆک بارزانی: پاڵپشتی داواکارییەکانی خوشک و برایانی ئاشووری و کلدانی...

لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژووری بازرگانی کلدانی-ئەمریکی و ئاشووری ئەمریکی، سەرۆک مەسعود بارزانی، پاڵپشتی خۆی بۆ داواکاریی ئاشووری و کلدانەکانی دەشتی نەینەوا دەربڕیوە.  ساڵی 2014 کاتێک چەکدارانی ڕێکخراوی داعش پارێزگای موسڵ و بەشێکی دەشتی نەینەوایان داگیر کرد، هەزاران خێزان و هاونیشتمانی مەسیحی ئەو ناوچەیە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و هەزارانی دیکەشیان بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆچییان کرد.بارەگای بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە،- سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مارتن مەننا، سەرۆكی ژووری بازرگانیی كلدانی – ئەمەریكی کردووە. ئەو شاندە لە بەرامبەر پارێزگاریكردن لە پێكهاتەكان و هاندانیان بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە. داوای پاڵپشتی سەرۆک بارزانییان کردووە.- سەرۆک مەسعود بارزانی بە شاندەکەی وتووە، پاڵپشتی داواكانی خوشك و برایانی كریستیان لە پارێزگای نەینەوا و سەرانسەری عێراق دەکەم.

هەواڵ
24-02-2025

هەزار و 320 پارچە زەوی لە هەولێر تاپۆدەکرێن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر  تاپۆکردنی هەزار و 320 پارچە زەوی کارت لە سنووری پارێزگای هەولێر دەربڕی و لە بەیانییەوە هاوڵاتییان دەتوانن مامەڵەکانیان ڕایی بکەن. دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بەفەرمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی لەسەر تاپۆکردنی هەزار و 320 پارچە زەوی کارت، لە کەرتی باغمرە شەهاب داوە. کارزان عەبدولهادی، گوتیشی: تاپۆکردنی ئەم زەویانە لەچوارچێوەی پرۆسەی بە تاپۆکردنی زەوییە کارتەکانە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕاشیگەیاند: لە بەیانییەوە هاوڵاتییان دەتوانن سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بکەن، بۆ ڕایکردنی مامەڵەکانیان. پێشووتر، وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردبوو، تەنیا لە ساڵی 2024، 11هەزار و 791کارتی زەویی کراون بە تاپۆ.

هەواڵ
24-02-2025

پێنج تۆمەتبار دەستگیر کران کە هەڕەشەیان لە ئافرەتان دەکرد

ڕاگەیەنراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆرانەوە: بەشی ناوشاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران (٥) تۆمەتبار دەستگیر دەکات. لەسەر چەند سکاڵایەکی هاووڵاتیان و دوای بەدواداچوون و چاودێری و دەستنیشانکردنی شوێنەکانیان و دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن بەرێز دادوەری لێکۆلینەوەی سۆران،بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران ـ بەشی ناوشار توانیان (٥) پێنج تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە هەڵساون بە ئەنجامدانی چەندین تاوانی جیاجیا بەم شێوەی خوارەوە:١- دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک بەناوی(ش،ر،ص) دانیشتووی سۆران لەڕێکەوتی ٢٦/١/٢٠٢٥، بەپێی ماددەی(٤٣٢/ی س)، هەڵساوە بە هەڕەشە لە ئافرەتێک کە بە بەردەوامی قسەی لەگەل بکات وپارەیەکی زۆری پێبدات، ئەگینا وێنە و ڤیدیۆکانی بڵاو بکاتەوە هەروەها هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە، بۆیە برا و باوکی کچە بڕە پارەیەکی زۆریان داوە بەتۆمەتبار.٢- دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک بەناوی(م،ح،س)، دانیشتووی قەزای ئاکرێ لەرێکەوتی ١٢/٢/٢٠٢٥، بە پێی ماددەی (٢)ی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەڕەشەی کوشتن لە ئافرەتێک و ڕفاندنی مناڵەکانی.٣ـ دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک بەناوی (م،ش،م) دانیشتووی سۆران لە رێکەوتی ٣/٢/٢٠٢٥، کە پەیوەندی خۆشەویستی دروست کردووە لەگەل ئافرەت وکچەکان و تۆمار کردنی ڤیدیۆ و وێنە و دواتر لەڕێگەی دوو ئەکاونتی تیکتۆک بەناوەکانی (Hasan janaza) و (Govand .cts01) هەڕەشەی لە کچ و ئافرەتەکان کردووە ئەگەر لە ڕێگەی fast pay پارەی بۆ نەنێرن وێنەو ڤیدیۆکانیان بلاو دەکاتەوە.٤-دەستگیر کردنی دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ن،ص،ا) و (م،رع) دانیشتووی سۆران، لەرێکەوتی ٢٢/١/٢٠٢٥، کە هەڵساون بە ئەنجامدانی کاری نوشتە و سیحر و جادوو بۆ ئافرەتان وهەرزەکاران لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی زور.پەڕاوی لێکۆلینەوە بۆ تۆمەتبارانەی سەرەوە کراوەتەوە و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و رووبەڕووی دادگا کراون.بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥

هەواڵ
24-02-2025

ئەنجامی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق ڕادەگەیێنرێت

 وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەنجامی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراقی ڕاگەیاند، کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە 46 ملیۆن و 118 هەزار کەسە.  ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەمشێوەیەوە دابەشبووە، ژمارەی دانیشتووانی شارەکان لە عێراق: 70.17% و ژمارەی دانیشتووانی شارەکان لە هەرێمی کوردستان کوردستان: 84.57%ە.  لە ئەنجامی سەرژمێرییەکە دەرکەتووە عێراق خاوەنی کۆمەڵگەیەکی گەنجە، بەو پێیەی ڕێژەی 60.44%ی دانیشتووانەکەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە. هەروەها ئەو کەسانەی لەخوار پێنج ساڵە:  11.16%ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (5-14) ساڵە : 24.74%ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵە: 3.66% ڕێژەی دانیشتووان بە گوێرەی باری خێزانی بەم شێوازەیە: کەسانی تەنیا واتا ئەوانەی هاوسەرگیریان نەکردووە: 41.6%ئەوانە هاوسەرگیریان کردووە: 54.01%ئەوانەی جیابوونەتەوە: 1.28%ئەو کەسانەی کە جیابوونەتەوە: 1.28%ئەو کەسانەی کە هاوسەریان مردووە: 2.8%

هەواڵ
23-02-2025

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی دەکات

گفتوگۆ لەبارەی پێشنیارێکی سەرۆکی حکومەت بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموون و سیستەمی خوێندن و پەروەردەی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کرا، بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی پابەند و بەرپرسیار و بە دیسپلین و بەرهەمهێنەر و داهێنەر. ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 2/23, مەسرور بارزانی سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێکی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی ( JAICA) بە سەرۆکایەتی هێرۆشی سوزوکی بەڕێوەبەری نووسینگەی جایکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەدا , گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوولادا بە تایبەتی لە بواری خوێندن و پەروەردە دا کرا . لەمبارەیەوە بەوردی ، پێشنیارێکی سەرۆکی حکومەت لەبارەی سوودوەرگرتن لە ئەزموون و سیستەمی خوێندن و پەروەردەی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی پابەند و بەرپرسیار و بە دیسپلین و بەرهەمهێنەر و داهێنەر کە ڕێز لە کۆمەڵگە و دایک و باوک و مامۆستاکانی و بەرامبەرەکەی بگرێت و ژینگەپارێز بێت .شاندی جایکا ئاماژەیان بە نموونەیەکی سیستەمی پەروەردەی ژاپۆبی کرد کە ئێستا لە چەند قوتابخانەیەکی کۆماری میسر جێبەجێ دەکرێت. لەم ڕووەوە ، پرۆفیسۆر سوگیتا سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە میسر، کورتەیەکی دەربارەی ئەزموونی پەروەردەی ژاپۆنی لە میسر خستەڕوو.شاندی جایکا خۆشحاڵی خۆیان بە پێشنیاری سەرۆکی حکومەت نیشاندا و ئامادەیی هەموو هاریکاری و پشتیوانیەکیان دەربڕی.

هەواڵ
23-02-2025

نرخی گەشتی عومرە زۆر بەرزبۆووە

لە هەرێمی کوردستان نرخی گەشتی عومرە بۆ نزیکەی دووهێندە بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرە دەڵێت، هۆکاری بەرزبوونەوەکە، مانگی رەمەزانە. لە کاتێکدا مانگی رابردوو نرخی گەشتی عومرە لە رێگەی ئاسمانییەوە 850 دۆلار بوو، ئێستا بۆ 10 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزان بە خزمەتگوزارییەوە هەزار و 600 دۆلارە. لە رێگەی وشکانیش لە 400 دۆلارەوە بۆ 10 رۆژ، بەرزبووەتەوە بۆ 900 دۆلار بۆ 15 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزان. کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (یەکشەممە) رایگەیاند "لە مانگی رەمەزاندا لە هەموو جیهانەوە خەڵک بۆ عومرە دەچنە سعودیە، بۆیە هەموو نرخێک لەو وڵاتە بەرزدەبێتەوە، لە هەرێمی کورستانیش خواستی زۆر لەسەر عومرە لە رەمەزاندا هەیە، ئەوەش هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخە."  بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەندێک کەس نەخۆشن یان هۆکاری دیکەیان هەیە، دەتوانن دوای مانگی رەمەزان گەشتی عومرە بکەن، چونکە ئەو کاتە نرخەکەی ئاسایی دەبێتەوە و دادەبەزێت و قەرەباڵخیش نابێت". کاروان ستوونی داوای لە هاونیشتمانیان کرد، هەرکەسێک هەستی کرد کۆمپانیایەک مافی خواردووە، ئاگاداریان بکاتەوە بۆ ئەوەی مافەکەی بۆ وەرگرنەوە. گوتیشی "هەر لە پەیجەکەمانەوە ئاگادارمان بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ داواکەی دەکەین."  لە دوای نێوەڕاستی ئەم مانگەوە، کۆمپانیاکان ناوی ئەو کەسانە تۆمار دەکەن دەیانەوێت لە رەمەزاندا گەشتی عومرە بکەن، کە بەگوێرەی ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی، بە ئەگەری زۆرەوە 1ـی مانگی داهاتوو، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت.

هەواڵ
23-02-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ڕەوتی غەدی سووریا دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 2/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەلجەربا، سەرۆکی ڕەوتی (الغد)ی سووری کرد. لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتی و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کرایەوە.

1 2 ... 124 125 126 ... 1143 1144