ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی 02ی 2025 دوای پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست ڕێک کەوتین.بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بە مەبەستی پشکنینی بۆڕییەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولادا پێک هێنراوە.لەم ڕووەوە پابەندبوونی خۆمان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
ئەمڕۆ یەکشەممە 2/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد . لە کۆبوونەوەدا،کە ئەندرۆ بیزلی کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و فیدراڵیی هەرێم تاوتوێ کرا .سەرۆکی حکومەت، سوپاسی باڵیۆزی کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست. تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان . هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی سەرما و سۆڵەوە سبەینێ لە ناوچەی تەوێڵە و بیارە و چواردەوری پشوو دەبێت. ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥، بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرما و بەفربارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، بڕیاریدا سبەینێ لە تەوێڵە و بیارە و سەرجەم گوندەکانی بکاتە پشووی فەرمی. ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت و قوتابخانە و باخچەکانی سنوری ناوچەکان. باسی لەوەشکرد، پشووەکە ئەو خوێندکارانە ناگرێتەوە کە تاقیکردنەوەی بەرایی قۆناغی ١٢ یان هەیە و لە دەرەوەی ناوچەکە ئەنجامیدەدەن.
گوتەبێژی پارتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی "کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ دەدرێن." شەممە، 22-02-2025، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دایەوە. ئەمڕۆ لە سلێمانی هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. مەحموود محەممەد لەوبارەوە گوتی: "لەم کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک بابەتی گرنگ دەکرێت. هاوکات ئەو ڕەشنووسەش تاوتوێ دەکرێت کە لیژنە تەکنیکییە هاوبەشەکەی هەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون، تاوەکوو پەسەند بکرێت." هەر لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، گوتەبێژەکەی پارتی ئاماژەی بەوە دا: "پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ بدرێن." پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت چەند دەخایەنێت؟ گوتەبێژی پارتی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا گوتی: "ئێمە چاوەڕێ دەکەین کە بەم نزیکانە بێت." مەحموود محەممەد کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییە، باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ڕابردوودا "کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی کراون. ئەو بابەتە تەکنیکی و سیاسییانەی دەبووایە باسی لێ بکرێت، باسی لێ کراوە و لەسەر زۆرینەی (بابەتەکان) ڕێککەوتوون."
پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا خالید مەلەکی ئەندامی سەرکردایەتیی و بەرپرسی لقی سۆرانی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم.خوالێخۆشبوو زانایەکی ئایینی ناسراو و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو. خواى مهزن گيانی بە بەهەشت شاد بكات و ئارامى و دڵنهوايیش بە بنەماڵەکەی ببەخشێت. مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى کوردستان
ئەمڕۆ شەممە 2/22 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەدریان ئایسلستین کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی بۆ دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا.کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاریکاریی و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵدا دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 2/22 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازیی لە نیکیهیرۆ ئاراکاوا، بەرپرسی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.سەرۆکی حکومەت، سوپاسی بەرپرسی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆنی کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.بەرپرسی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر، پێزانینی خۆی بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان دا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و بەشداریی کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکات. رۆژی شەممە، 22ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا. بەگوێرەی زانیارییەکان ، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. رۆژی شەممە چالاکییەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی (گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا) بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد. بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای عێراق لە کۆنفرانسەکە گوتار پێشکێش بکەن. ناونیشانی کۆفرانسەکە (پەیوەندی بۆ گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی)ـیە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. لە کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک دۆسییەی گرنگ تاوتوێ دەکرێت کە پەیوەندیدارن بە بابەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی. لە رۆژی یەکەم دا پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و، رۆڵی لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و ئاستەنگەکانی بەردەمی باس دەکرێ.
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان و شوفێران دەکات، ئۆتۆمبێلەکانیان نەبەنە ئەو شوێنانەی ڕێگاکان بەهۆی بەفرەوە گیراوە یان ئەگەری هەیە لە شەودا بەهۆی ساردی کەش و هەوا ڕێگاکان بیبەستێ. هەینی 21ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند: لەم چەند ڕۆژانەی دوایدا لە ناوچە شاخاوییەکانی دەورووربەری هەولێر بەفر باریوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئۆتۆمبێلەکانیان نەبەنە ئەو شوێنانەی ڕێگاکان بەهۆی بەفرەوە گیراوە یان ئەگەری هەیە لە شەودا بەهۆی ساردی کەش و هەوا ڕێگاکان بیبەستێت لەپێناو ئەوەی بەهۆی گیرانی ڕێگاکانەوە ئۆتۆمبێلەکانیان گیر نەخوات یاخوود دووچاری خلیسکان و ڕووداوی هاتووچۆ نەبنەوە. هاتوچۆی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان و شوفێران دەکات، ڕێنمانی لە مەفرەزەکانی هاتووچۆ وەربگرن گوێڕایەڵیان بکەن کە لەسەرەتای هەموو ڕێگاکانی ئەو ناوچانەی بەفریان لێباریووە لەئەرکدان. داواشی لەشوفێران کردووە، پابەندی ڕێنمایی لێخوڕین بن لەکاتی بەفر بارین بۆ ئەوەی دووربن لە ڕووداوی هاتووچۆ.
مەسرور بارزانی لە ڕۆژی زمانی دایکدا دەڵێ: ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە سەرجەم کوردستانیان پیرۆز دەکەم. زمانی کوردی زمانی سەرەکی و فەرمی هەرێمی کوردستانە. لە پەیامێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایک بڵاو کردووەتەوە و نووسیوویەتی : ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە سەرجەم کوردستانیان پیرۆز دەکەم، زمانی کوردی زمانی سەرەکی و فەرمی هەرێمی کوردستانە و بە پێی دەستووری عێراقیش، یەکێک لە دوو زمانە فەرمییەکەی عێراقە. سەرۆکی حکومەت دەشڵێت: بۆیە پەرەپێدانی زمانی کوردی ئەرکی هەموو کوردستانییەکە ، بە تایبەتی پێویستە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا رۆشنبیریی و زانستیی و ئەكادیمییەکانمان، گرنگیی و بایەخێکی زۆر بە زمانی کوردی بدەن، چونکە زمانەکەمان ، بنەمایەکی گرنگ و سەرەکی بوون و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیمانە مەسرور بارزانی دەشڵێت : لەم بۆنەیەدا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە گرنگیدان بە زمانی هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستانیش دووپات دەکاتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریی هەرێم رایگەیاند، پرۆسهی دابهشكردنی زهوی بهسهر فهرمانبهران بهردهوامه. دەشلێت، شوێنی زەوییەکانیش زۆر باشە و هیوادارە فەرمانبەران هەرزانفرۆشی نەکەن. ئەمڕۆ ٢١ـی شوباتـی ٢٠٢٥، ساسان عهونی، وهزیری شارهوانی و گەشتوگوزاریی هەرێم رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە و نەوەستاوە، تاوەکو ئێستا فەرمانی دابەشکردنی زەوی بۆ ٢٤٠ هەزار و ١١١ دەرچووە. ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنی زەوییەکان زۆر باشە و هیوادارن فەرمانبەران زەوییەکان هەرزانفرۆش نەکەن. ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا ناوی ٣٥ هەزار فەرمانبەری دیکە بۆ وەرگرتنی زەوی ئامادەیە و لە هەفتەی داهاتوودا بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران. باسی لەوەشکرد، له ماوهیهكی نزیكدا ناوی ههموو ئهو فهرمانبهرانهش دهردهچێت، كه ئهو مافه دهیانگرێتهوه، هەروەها رێگە نادەن هیچ کێشەیەک ببێتە بەربەست لە بەردەم راگرتنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی.
پۆندی زانکۆ لە قۆناغی کۆتایی دروستکردنی دایە، پۆندەکە نزیکی سەیرانگەی دڵۆپەیە لە دەوروبەری شاری هەولێر، ئەو شوێنەی پۆندەکەی لێ دروستکراوە پێشتر سەرچاوەی دروستبوونی لافاو بوو بۆ ناو هەولێر، تەواوبوونی پرۆژەکەش کاریگەریەکی گەورەی دەبێت لە کەمکردنەوەی لافاو لەسەر شاری هەولێر. سەلام عەزیز، شارەزا و ڕاوێژکاری بواری ئەندازیاری شارستانی، ڕایگەیاند: ئەم پۆندە بە سێ ئامانج دروست کراوە، سوودی یەکەمی زیادکردنی ئاوی ژێرزەوییە، هەروەها کاریگەری لافاو لەسەر شاری هەولێر ناهێڵێت، کۆتا سوودیشی نزیکی پۆندەکە دەکرێتە شوێنێکی گەشتیاری. ئەم پۆندە بە بە بەرزایی 17 مەتر ئەو ئاوەی کۆی دەکاتەوە، کاریگەریی هەیە لەسەر گەشەپێدان و سروشت و کەشوهەوا و کەمکردنەوەی لافاو، چونکە لە ڕابردوودا ئەم شوێنە یەکێک بووە لە دەروازەکانی هاتنە ناوەوەی ئاوی بەخوڕ بۆ شاری هەولێر. لە هەرێمی کوردستان 8 پۆندی نوێ لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا دروست کراون، 43 پۆندی دیکە لە بواری جێبەجێکردندان، کە سەرجەمیان مەترسییەکانی لافاو کەم دەکەنەوە.